سەردانی نهێنی قائانی بۆ عێراق

Draw Media

2021-10-13 08:21:02



 (درەو): 
سەرباری ئەوەی دەنگدەرانی عێراق لەرێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە هاوپەیمانەكانی ئێرانیان رەتكردەوە، بەڵام هێشتا تاران شەڕ لەسەر هەژمونی خۆی دەكات لە عێراقدا، ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) وای نوسیوە.
ئاژانسەكە لە راپۆرتێكی شیكاریدا باس لەوە دەكات" دەنگدەرانی عێراقی هۆشدارییەكی بەهێزیان بە هاوپەیمانەكانی ئێران داوە لە هەڵبژاردندا، بەڵام سوككردنی چەپۆكی میلیشیا شیعەكان بەسەر دەوڵەتەوە، ئامانجێكی هەستیاری سیاسییە‌و بەردەوام هەڕەشەی توندوتیژی دروست دەكات لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە". 
راپۆرتە شیكارییەكە دەڵێ" موقتەدا سەدر كە رێبەرێكی شیعە‌و هەڵمەتی دژی هەژمونی ئێران كردووە لە عێراقدا، زۆرترین كورسی پەرلەمانی بردوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا ئاماژە هەن بۆ بەردەوامبوونی هەژمونی گەورەی ئێران لە عێراقدا، چونكە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتر كە هاوڕێی تارانە، ئەویش دەستكەوتێكی پێشبینی نەكراوی گەورەی چنیوەتەوە‌و پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە".

قائانی لە بەغداد بووە 
دیپلۆماتكارێكی خۆرئاوایی بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە" ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردندا، لە بەغداد بووە‌و هێشتا هەوڵی ئەوە دەدات رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانەكانی تاران لەسەر دەسەڵات لە عێراق بهێڵێتەوە". 
"بەگوێرەی زانیارییەكانمان، قائانی بەشداربووە لە كۆبونەوەیەك لەگەڵ لایەنە شیعەكاندا كە رۆژی دوو شەممە بەڕێوەچووە، ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیكەن بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلە، هەرچەند ئەم كارە لەگەڵ دەسەڵاتی موقتەدا سەدردا زۆر سەختە" دیپلۆماتكارەكە وای وتووە. 
بەغدادو تارانی هەردووكیان رەتیدەكەنەوە ئیسماعیل قائانی لە عێراق بوبێت، بەڵام دوو سەرچاوەی ئێرانیی كە (رۆیتەرز) پەیوەندی پێوەكردوون پشتڕاستی دەكەنەوە. 

بە مالیكی شەڕی سەدر دەكەن
فەرماندەی یەكێك لە گروپەكانی سەربە حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران، هەڕەشەی پەنابردن بۆ توندوتیژی دەكات ئەگەر پێویست بكات، ئەمە بەوتەی خۆی بۆ ئەوەیە، حەشد هەژمونی خۆی لە "هەڵبژاردنێكی ساختە"دا لەدەست نەدات.
ئەو فەرماندەیە وتویەتی" لە ئێستادا پەنا بۆ یاسا دەبەن، ئەگەر سەركەوتوو نەبوو، پەنا بۆ شەقام دەبەین‌و هەمان ئەو شتە دەكەین كە لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا كرا، كە ئەوەش سوتاندنی بارەگای حزبەكانە بەتایبەتیش سەدرییەكان".
حەمدی مالیك كە شارەزای كاروباری میلیشیا شیعەكانی عێراقە لە پەیمانگای واشنتۆن بە (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە، مالیكی پارەیەكی زۆری لە بانگەشەەی هەڵبژاردندا خەرجكردووە، دەیەوێت هێزە چەكدارەكانی بەلای خۆیدا رابكێشێت‌و وێنەی خۆی وەكو سەركردەیەكی بەهێز نیشان بدات.
بەرپرسێكی رێكخراوی بەدر كە بۆ ماوەیەكی زۆر ئەم رێكخراوە یەكێك لە گروپە سەرەكییەكانی سەربە ئێران بوو دەڵێ" یەكێك لە هۆكارەكانی پاشەكشێی هاوپەیمانی فەتح كە باڵی سیاسی رێكخراوی بەدرە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لایەنگرەكانی دەنگیان بە مالیكی داوە، چونكە پێیان وایە مالیكی چالاكترە لەدژی موقتەدا سەدر، لەڕاستیشدا مالیكی بە كردەوە ئەوەی نیشان داوە دەتوانێت بەڕووی سەدردا بوەستێتەوە".
پێشتر رۆژنامەەی (وۆڵ ستریت ژۆرناڵ) نوسیبووی" سەدر روبەڕووی ركابەرێتییەكی توندی توندڕەوەكانی سەربە ئێران دەبێتەوە، كە دەیانەوێت عێراق جارێكی تر ببەنەوە بۆ ناو فەلەكەكەی ئێران". 
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاماژە بە سەركەوتنی رەوتی سەدر دەكات، ئەم رەوتە لەكۆی (329) كورسی پەرلەمان (73) كورسی بردوەتەوە، بەمەش سەدر بە جیاوازییەكی گەورە بەسەر نوری مالیكی ركابەری مێژوویدا سەركەوتووە، لەم نێوەندەدا پێگەی میلیشیا شیعەكان كە خۆی لە (هاوپەیمانی فەتح)دا بەیان كردووە بە سەرۆكایەتی هادی عامری، بەتەواوەتی لاواز بووە، هاوپەیمانی "هێزەكانی دەوڵەت" كە هاوپەیمانێتی نێوان حەیدەر عەبادی‌و رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمە، ئەوانیش دەنگەكانیان پاشەكشێی كردووە، ئەم ئەنجامانە وادەكات لە پرسی دانانی پۆستی سەرۆك وەزیراندا موقتەدا سەدر دەستی كراوە تر بێت. 
لە خولی ماوەتەواوبووی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری لەڕووی ژمارەی كورسییەوە دووەم هێز بوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هاوپەیمانی "پێشكەوتن"ی سوننەكانی كرد بە هێزی دووەم لە پەرلەماندا، ئەم هاوپەیمانێتییە محەمەج حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی ماوە تەواوبوو سەرۆكایەتی دەكات‌و (38) كورسی بردوەتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand