لەبەردەم کۆشکی سپیدا ئاڵای ئەمریکایان سوتاند

Draw Media

2020-05-30 10:39:28



(درەو):
هاوسەری ئەو پۆلیسەی کە لە شاری  مینیاپۆلیس-ی ئەمریکا پیاوێکی رەشپێستی کوشت، بەنیازە لە پیاوەکەی جیاببێتەوە.
دیمەنی کوشتنی پیاوێکی بەڕەگەز ئەفریقی بەناوی (جۆرج فلۆید)، چەند رۆژێکە رایگشتی لە ئەمریکاو لەسەر ئاستی جیهانیش وروژاندووە.
لە چەند شارێکی ئەمریکا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو، پێکدادان لەنێوان پۆلیس و خەڵکدا رویداو تائێستا کەسێک لە خۆپیشاندەران کوژراوە.
(دیریک شاوفین) کە ئەفسەرێکی پۆلیس بوو لە شاری مینیاپۆلیس-ی سەربە ویلایەتی مینیسوتا، هەفتەی رابردوو لەکاتی دەستگیرکردنی پیاوێکی رەشپێستدا، بۆ ماوەی (٨ خولەک) ئەژنۆی لەسەر گەردنی پیاوکە دانا تاوەکو گیانی لەدەستدا، دیمەنی ئەم روداوە لەلایەن هەندێک خەڵکەوە لەو شوێنە تۆمارکرا، دوای بڵاوبونەوەی لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموو جیهانی وروژاند.
خەڵکێکی زۆر کوشتنی ئەو پیاوە رەشپێستە بەو شێوەیە، وەکو جیاکاری رەگەزیی لە ئەمریکا وێنا دەکەن، بەتایبەتیش کە جیاکاری لە ئەمریکا مێژوویەکی هەیەو کوشتنی رەشپێستەکان لەسەر دەستی پۆلیس دوبارە دەبێتەوە.
ئەو کاردانەوە بەهێزەی کە لەسەر کوشتنی پیاوە رەشپێستەکە دروستبووە، تەنانەت گەیشتووەتە ناو خانەوادەی پۆلیسەکەش.
کیلی شاوفین هاوسەری دیریک شاوفینی ئەفسەری پۆلیس کە وەکو بکوژی سەرەکی پیاوە رەشپێستەکە تۆمەتبارکراوە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەنیازە داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بکات.
کیلی دەڵێ: کوژرانی فلۆید لەسەر دەستی هاوسەرەکەم، شتێکی وێرانکەر بوو بۆ من، هاوسۆزی تەواوەتی خۆم بۆ فلۆیدو هەموو خۆشەویستان و ئەوانەی خەمباربوون بەم کارەساتە، رادەگەیەنم.
کیلی هەر لەو بەیاننامەیەدا داوای کرد، لەم ساتە ناخۆشەدا، تایبەتمەندی و پارێزگاری بە خانەوادەکەی بدرێت.
دیریک شاوفین ئێستا لەلایەن دادگاوە روبەڕووی تۆمەتی کوشتنی "پلە سێ" کراوەتەوە، ئەو ئەفسەرانەی تریش کە لەکاتی روداوەکەدا ئامادەبوون، لە ریزەکانی پۆلیس دورخراونەتەوە، بەڵام ئەمە توڕەیی خەڵکی هێورنەکردوەتەوە.
دەسەڵاتداران بۆ کۆنترۆلکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە شاری مینیاپۆلیس قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند. ناڕەزایەتییەکان گەیشتە شاری واشنتۆنی پایتەختیش، لە واشنتۆن خۆپیشاندەران دروشمی " دادپەروەری.. ئەگەرنا ئارامی نامێنێت" وتەوە، واتا تا ساتی بەسزاگەیاندنی بکوژانی ئەو پیاوە رەشپێستە بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی و کۆڵ نادەن، هەندێک دروشمی تر بەرزکرانەوە لەوانە "دادپەروەری خێرا"و "دادپەروەری لەپێناو فلۆیددا" هەروەها دروشمی "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە"، "کوشتنی رەشپێستەکان لەسەردەستی پۆلیس رابگرن".
هەر لە واشنتۆن خۆپیشاندانێک بە ئاڕاستەی کۆشکی سپی رێکخرا، هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خۆپیشاندەران کرد بگەنە ناو بینای کۆشکی سپی، خۆپیشاندەران لەبەردەم کۆشکی سپیدا ئاڵای وڵاتەکەیان سوتاند.
لە نیویۆرک و ئەتلەنتاو دیترۆیت خۆپیشاندان کرا، لە ئەتلەنتا خۆپیشاندەران پەلاماری بارەگای کەناڵی CNN یان دا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand