عێراق دارایی پێنج رێكخراو بلۆك دەكات

Draw Media

2020-05-14 14:26:20



(درەو):
لیژنەی بلۆككردنی دارایی تیرۆرستان لە عێراق، دارایی پێنج رێكخراوی بلۆككرد، یەكێك لە رێكخراوەكان بارەگاكەی لە سلێمانییە‌و خاوەنەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی بۆردی زانكۆی ئەمریكییە لە سلێمانی بووە.
بەپێی نوسراوێكی (لیژنەی بلۆككردنی دارایی تیرۆرستان)ی سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دارایی ژمارەیەك رێكخراوە‌و خاوەنەكانیان بلۆك دەكرێت.
نوسراوەكە رۆژی 16ی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە، تێیدا بەپشتبەستن بە حوكمەكانی یاسای روبەڕوبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە‌و پارەداركردنی تیرۆرستان، لیژنەی بلۆككردنی دارایی تیرۆرستان ناوی پێنج رێكخراو و كەسی خستوەتە لیستی ئەوانەوە كە داراییەكانیان بلۆك دەكرێت.
یەكێك لەوانەی كە لەناوی لە لیستەكەدایە (عەزام جەواد مەهدی عەلوش) دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری رێكخراوی (سروشتی عێراق)ە.
عەزام عەلوش یەكێكە لە دامەزرێنەرانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی و ئێستا سەرۆكی بۆردی زانكۆكەیە بووە، رێكخراوەكەشی (سروشتی عێراق) بارەگاكەی لە سلێمانییە لە شوقەكانی پاك سیتی لە نزیك سیتی سەنتەر.
عەلوش یەكێكە لەو كەسانەی كە خۆی وەكو چالاكوان‌و شارەزایەكی بواری ژینگە دەناسێنێت، ئەو لە ساڵی 2003وە بە سپۆنسەری رێكخراوە كۆمەكبەخشە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتیش رێكخراوە ئەمریكییەكان، سەرۆكایەتی هەڵمەتێك دەكات بەناوی "بوژاندنەوەی هۆڕەكانی باشوری عێراق). 
بەپێی بڕیارەكە جگە لە دارایی، هەموو سەروەت‌و سامانی گوازراوە‌و نەگوازراوەی ئەم كەسانە بلۆك دەكرێت، كە نوسراوەكە وەكو كەسانی "گومانلێكراو" ناوی بردوون:
•    رێكخراوی (شەمس رافیدەینی خێرخوازیی) كە سەرۆكی رێكخراوەكە ژنێكە بەناوی (فاتمە حەسەن جاسم قەیسی).
•    رێكخراوی (سروشتی عێراق) كە سەرۆكەكەی (عەزام جەواد مەهدی عەلوش)ە.
•    دامەزراوەی (لاوانی جیهان بۆ راهێنان‌و گەشەپێدان) كە سەرۆكەكەی (ئەبان ئیدریس داود)ە.
•    كۆمەڵەی (پەروەردەی ئیسلامی) كە سەرۆكەكەی (زیا بەدری حەمودی)یە.
•    رێكخراوی (دەستپێشخەران بۆ فریاگوزاری‌و گەشەپێدان) كە سەرۆكەكەی (عەباس حسێن جبوری)یە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand