ئێران چووەتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی خاوەنی مووشەكی كیشوەر بڕن

Draw Media

2020-04-28 21:12:13



(درەو):
هێشتا دەنگدانەوەی هەڵدانی مانگە دەستكردە سەربازییەكەی ئێران كە ناوی "نور_1"ی هەڵگرتووە، لەنێوەندە ئەمریكییەكان دەبیسترێت، واشنتۆن‌و ئیدارەی ترەمب لەزیاد لەبۆنەیەكدا بێزاری خۆیان لەو هەنگاوە پیشانداوە.
ئێران ڕایگەیاند، ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە"نور_1" لەڕێی موشەكێكی جۆری "قاسد" بەدوو قۆناغی هەڵدراوە، توانیویەتی بچێتە ناو بۆشایی ئاسمان‌و لەخولگەی خۆی سەقامیگربێت بەدووری 425 كلم لەرڕووی زەوییەوە.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ویلایەتەیە كگرتووەكانی ئەمریكا لێپرسینەوە لەئێران دەكات لەسەر هەڵدانی ئەو مووشەكە كە مانگێكی دەستكردنی سەربازی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە.

مانگە ئێرانییەكە
سوپای پاسدارنی ئێران ڕایگەیاند، یەكەم مانگی دەستكردی سەربازی وڵاتەكەیان بەسەركەوتوویی هەڵداوە بۆ خولگەكەی، ئەوەش لەكاتێكدا پەیوەندی تاران‌و واشنتۆن لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی‌و مووشەكییەكەی.
سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەكدا كە لەسەر پێگەی ئەلەكترۆنی خۆی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: مانگی دەستكردی (نور) لەخولگەكەی دەسوڕێتەوە كە 425 كیلۆمەتر لەڕووی زەوییەوە دوورە.
ئاماژە بەوەشدەكات: مووشەكی (قاسد)ی بەكارهێناوە بۆ هەڵدانی مانگە دەستكردەكە، بەڵام نەچووەتە وردەكاری تر لەبارەی ئەو تەكنەلۆجیایەی بەكارهاتووە.
ڕاشیگەیاندووە: مووشەكە تێكەڵەیەك لە سوتەمەنی شڵ‌و ڕەق بەكاردەهێنێت.
بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن، ترسیان هەیە لەوەی تەكنەلۆجیای بالیستی دوور مەودای بەكارهاتوو لە ناردنی مانگە دەستكردەكە بۆ خولگەكەی، بەكاربهێنرێت لە هاویشتنی مووشەكی هەڵگری كڵاوی جەنگی ئەتۆمی. لەبەرامبەردا ئێران ئەم بۆچوونەی ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕەتدەكاتەوە بەوەی ئەو چالاكییە ڕوپۆشێك بێت بۆ پێشختنی مووشەكە بالیستییەكانی‌و، ڕایدەگەیەنێت، هەرگیز هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نەداوە.

نامەكانی ئێران
محەمەد غروری، شرۆڤەكاری سیاسی ئێران دەڵێت: "ئەمریكا دەیەوێت بەم قسانە لەبارەی مانگە دەستكردەكەی ئێران تەمومژ بۆ ئەم پرسە دروستبكات، بەجۆرێك بتوانێت هەندێك دەستكەوتی سیاسی بچنێتەوە، لەسایەی ئەو دۆخەی واشنتۆن تێیدا دەژی لەسەر ئاستی سیاسی، یاخود قەیرانی تەندروستی بەهۆی كۆرۆنا".
ئەو شرۆڤەكارە ئێرانییە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی سپۆتنینگ دەشڵێت: "ترەمپ بەدوای دەرچەیەكی دەرەكیدا دەگەڕێت دەرفەتی قسەكردنی بداتێ‌ لەبارەی پرسە نێودەوڵەتییەكان، فشارەكان لەسەر ئیدارەی ئەمریكا خاو بكاتەوەو، لەو گێژاوە دەربازی بێت كە خۆی تێخستووە". 
ئاماژە بەوەشدەكات: "مووشەكەكەی ئێران كۆمەڵێك پەیام لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان ئەوەیە ئەمریكا وێڕایی فشارە بەهێزەكانی لەڕێی سزا توندەكانییەوە، نەیتوانیوە چۆك بەگەلی ئێران دابدات لەڕووی سیاسییەوە‌و، سەركردایەتییەكەی ناچار بكات بۆ گەڕانەوە بۆسەر مێژزی گفتوگۆ، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت  سزاكان كاریگەریان لەسەر بڕیاری سیاسی ئێران نەبووە".
جەختیشدەكات:"مووشەكەی ئێران لەكاتێكدا هەڵدرا ئەمریكا بەدەست سەرلێشواییەكی زۆرەوە دەناڵێنێت، هەروەها لەڕێی سوپای پاسدارنەوە هەڵدراوە، كە ئەمریكا لەچوارچێوەی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكاندا پۆلێنی كردووە، ئەوەش بایەخی واشنتۆنی بۆ مووشەكەكە زیاتر كردووە. وێڕای ئەوەش مووشەك‌و مانگە دەستكردەكە دروستكراوی تەواوەتی ئێران خۆیەتی، هەڵدانیشی بۆ مەبەستی سەربازی بەرگرییە، نەك مرۆیی، ئەوەش جێگەی مەترسی ئەمریكایە". 
لەدرێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاندووە"هەڵدانی ئەو مووشەكە ئێران دەخاتەڕیزی ئەو وڵاتانەی خاوەنی مووشەكی كیشوەر بڕن، دەتوانێت هەر ئامانجێك بپێكێت لەهەر خاڵێكی جیهاندابێت، ئەوەش خۆی لەخۆیدا ئەو پەیامە دەگەیەنێت كە ئێران چۆكی دانەداوە بۆ ئەمریكا".

ئاڵۆزییەكی ئامادە
لای خۆیەوە، عیماد ئەبشناس شرۆڤەكاری سیاسی ئێران دەڵێت:" ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە ئێرانییە كە سوپای پاسداران‌و وەزارەتی بەرگری هەڵیانداوە، دەتوانێت ڕووپێوی خاكی ئیسرائیل‌و ئەمریكا بكات، لەڕێی وێنەگرتن‌و چاودێریكردنی هەواڵگری ئەلەكترۆنی".
ڕاشیگەیاندووە:"ئەو كارە بووەتە هۆی توڕەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئێران بە ئەنقەست ئەو كارەی كرد بەڕاگەیاندنی بەشێوەیەكی فەرمی هەڵدانی ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، بەتایبەت لەسایەی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كە لەنێوان هەردوولادایە".

توڕەیی ئەمریكا
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: وڵاتەكەی لێپرسینەوە لەئێران دەكات لەسەر هەڵدانی ئەو مووشەكەی كە مانگی دەستكردی سەربازیی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە.
پۆمپیۆ وتویەتی:" پێویستە لەسەر جیهان لێپرسینەوە لەئێران بكات لەسەر پێشێلكارییە جیاوازەكانی‌و، واشنتۆن سەرجەم ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەربازو دبلۆماتكارەكانی لەناوچە جیاوازەكانی جیهان".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردوە:"هەڵدانی مووشەك لەلایەن ئێرانەوە كە هەڵگری مانگی دەستكردی سەربازیی بووە بۆ ئاسمانی دەرەكی، پێشێلكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەو، دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوە لەئەستۆ بگرن".
دوای ڕاگەیاندنی هەڵدانی مانگی دەستكردی سەربازی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ترەمپ لەتویتەر نوسی" فەرمانم داوە بەهێزی دەریایی ئەمریكا بەتێكشكاندنی هەر بەلەمێكی سەربازی ئێرانی ئەگەر پەڵپ بە كەشتییەكانمان بگرێت لەناو دەریا".
ئێران لەم ماوەیەی دواییدا بەدەست شكستهێنانی هەڵدانی مانگی دەستكردەوە دەیناڵاند، دواین تاقیكردنەوەی شكستخواردوو لەمانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا بوو، كە بەهۆی تەقینەوەی مووشەكەكە لەسەر سەكۆی هەڵدانی لەسەنتەری ئیمام خومەینی ئاسمانیی لەباكوری ئێران پێش هەڵدانی، سەركەتوو نەبوو.  
 سەرچاوە: سپۆتینگ


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand