قەیرانی دارایی هەرێم بەبێ بودجەكەی لە بەغداد

Draw Media

2020-04-27 18:54:39



درەو: 
دوای شەش ساڵ لە ئابوری سەربەخۆ حكومەتی هەرێم ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری زێڕینی پێش ئابوری سەربەخۆ و تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.

2013 حكومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد، بەڵام بودجەكەی لە بەغداوە نێردرا، 2014 هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد و بەشە بودجەی لەبەغداد بڕدرا، 2018 هەرێم نەوتی نەنارد بەڵام ( 317 ملیار) دیناری مانگانەی لە بەغداوە بۆ نێردرا، 2019 هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد بەڵام مانگانە ( 453 ملیار)ی بۆ نێردرا.
پێش راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ مانگانە (ترلیۆنێك و 200ملیار) دینار لە بەغداوە دەهات بۆ هەرێم كە (850 ملیار) دیناری بۆ موچەو (350 ملیار) دیناریشی بۆ خەرجی و وەبەرهێنانبوو، بەڵام لەدوای ناردنەدەرەوەی نەوت بەسەربەخۆیی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە 2014، هەرێمی كوردستانی بە بەردەوامی لەناو قەیرانی دارایی و كێشەی دابینكردنی موچەی فەرمانبەراندا بووە:
🔹لە پرۆژە  یاسای بودجەی ساڵی 2013ی عێراقدا،  حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری مالكی  داوایان لە هەرێم كرد كە رۆژانە (200 هەزار ) بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، لەبەرامبەردا بەغداد بودجەكەی  تەواوەتی دەنێرێت كە مانگانە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار بوو، هەرێم نەوتەكەی نەناردو بەو بڕیارە رازی نەبوو بەڵام بەغداد مانگانە پارەكەی بەربەردەوامی دەنارد.
🔹لە پرۆژە  یاسای بودجەی ساڵی 2014ی عێراقدا(كە دواتر پەسەند نەكراو نەبوو بە یاسا)،  حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری مالكی  داوایان لە هەرێم كرد كە رۆژانە (400 هەزار ) بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، ( لەو كاتەدا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان رایگەیاندبوو كە دەتوانن رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبكەن)،حكومەتی  هەرێم بە پێشنیازەكەی بەغداد رازی نەبوو، وتی نەوت بە سەربەخۆ دەفرۆشین و پێویستمان بە بەغداد نیە، بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی و هەرێم كەوتە ناو قەیرانێكی قوڵی داراییەوە. 
🔹ساڵی 2018 بەبێ پشت بەستن بە هیچ یاسایەكی بودجە  حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی مانگانە ( 317 ملیار) دیناری رەوانەی هەرێم كرد.
🔹لە  بودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا،  حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی  داوایان لە هەرێم كرد كە رۆژانە (250 هەزار ) بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات تەواوی بەشە بودجەی هەرێم دەنێرن كە مانگانە نزیكەی (900 ملیار) دینارە، هەرێم ئامادە نەبوو هیچ بڕە نەوتێك رادەستی سۆمۆ بكات، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی (15) مانگ  بڕی (453 ملیار) دیناری رەوانەی هەرێم كرد. 
🔹 ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای (6 ) ساڵ لە بڕینی بەشە بودجەكەی لە عێراق و فرۆشتنی نەوتەكەی لەرێگەی بۆریەوە،  ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەر شاییستە داراییەكانی، بەڵام حكومەتی عێراق رازی نیە و پێی وایە نەوت بەهاكەی لەدەستداوە بۆیە هەرێم نەوتەكەی رادەست دەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand