6 وەزارەت‌و دەزگا ئەمنییە گرنگەكان ناكۆكی توندیان لەسەرە

Draw Media

2020-04-24 17:20:46



درەو: 

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق سەرقاڵی گەڕێكی تری دانوستانە لەگەڵ هێزە شیعییەكان، ئەمجارە بە لیستێكی جیاواز لەناوی ئەو كاندیدانەی لەدوو ڕۆژی ڕابردوو بڵاوكرانەوە، لەگەڵیان دادەنیشێت.
 ئەم هەنگاوانەی كازمی دوای ئەوە دێت، زۆرینەی ئەو ناوانەی كاندیدی كردبوون بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان لەلایەن هێزە شیعییەكانەوە ڕەتكرانەوە، هاوكات هەندێك لەهێزو لایەنە سونییەكانیش دابەشكردن‌و ئەنجامدانی گۆڕانكاریان لە هەندێك لە وەزارەتەكان ڕەتكردەوە، بەوپێیەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەپشكی خۆیان بووە.

بۆی دیاركراوە
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، لایەنە شیعییەكان بەكازمی_یان ڕاگەیاندووە: پێویستە كاندیدەكانی كابینەكەی لەو ناوانە هەڵبژێرێت كە بۆیان پێشنیاز كردووە، نەك لەدەرەوەی ئەو لیستەو بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ بڕیارو پرس ‌و ڕاوێژی ئەوان.
بەشێك لەهێزە سیاسییەكان ڕەخنەی ئەوە لەكازمی دەگرن، زۆرینەی ئەو ناوانەی كاندیدی كردووە بۆ وەزارەتەكان لاوازن‌و هەندێكیشیان دووبارەن‌و چانسیان زۆر كەمە لەپەرلەمان تێبپەڕن، ئەوەش ڕەنگە وابكات كازمی فریای ئەوە نەكەوێت جارێكی تر كۆمەڵێك ناوی تر پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بەتایبەت كە نیوەی ئەو ماوە دەستورییەی لەبەردەمیدایە بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بەرەو تەواوبوون دەچێت.
ڕەتكردنەوەی زۆرێك لەناوی كاندیدەكان‌و بەردەوامی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر هەندێك لەوەزارەتەكان،   ئەركی كازمی هێندەی تر ئاڵۆزكردووە، بەجۆرێك هەندێك بەدووری نازانن هەمان چارەنوسی (محەمەد عەلاوی)هەبێت، ئەوە لەكاتێكدایە تائەم ساتەش لایەنە شیعییەكان پشتیوانی دەكەن بۆ تێپەڕاندنی حكومەتەكەی لەپەرلەمان. 

ناكۆكییەكە توندە
لەدیارترین ئەو وەزارەتانەی ناكۆكییان لەسەرە، (نەوت‌و دەرەوەو كارەباو دارایی‌و بەرگری‌و ناوخۆو پیشەسازی)ن. كازمی بەنیازبووە كەسانی سەربەخۆ بۆ وەزارەتەكانی بەرگری‌و ناوخۆ دەستنیشابكات، بەڵام فشاری لایەنە شیعی و سونییەكان ناچاری كردووە پاشگەزبێتەوە لەو بیرۆكەیە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی‌و هەواڵگری‌و دەزگا ئەمنیی‌و سەربازییەكانی تریش ناكۆكی توندیان لەسەرە، حزبە سیاسییەكان بەهەموو شێوەیەك ڕەتیدەكەنەوە ئەو پۆستانە بدرێت بە كەسانێك كە ئەوان دیارییان نەكەن.    
میدیا عێراقییەكان باس لەكۆبونەوەیەكی چاوەڕوانكراودەكەن كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت‌و تێدا كازمی لیستی كابینە نوێیەكەی پێشكەش بە هێزە سیاسییەكان بكات، یەكێك لەو سیناریۆیانەشی قسەی لەبارەوە دەكرێت، پێشكەشكردنی كابینەكەیەتی بە پەرلەمان بەبێ‌ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كە ململانێی توندی لەسەرە، بەتایبەت وەزارەتەكانی بەرگری‌و ناوخۆو پیشەسازی‌و، كازمی خۆی بەوەكالەت بەڕێوەیان بەرێت، هاوشێوەی نوری مالیكی لەویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی وەزیراندا.  

كازمی وەزعی خراپە
بەدر زیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون دەڵێت، تائەم ساتە كازمی لەدۆخێكی سەختدایە، پێویستبوو ناوبراو سود لەئەزموونی ئەوانەی پێشخۆی وەربگرێت‌و، پێشتر لەسەر میكانیزمێك ڕێك بكەوتایە پێش ئەوەی ناوی كاندیدەكان دەستنیشانبكات.  
زیادی بە "سۆمەرییە نیوز"ی راگەیاندووە: ئەو فشارانەی لە ڕاسپێردراوانی پێشوو كران، هەمان ئەو فشارانە ڕووبەڕووی كازمی بووەتەوە، بەتایبەت لەلایەن كوردو سوننەوە لەوەی پەیوەستە بە كاندیدە دیاركراوەكانیان بۆ وەزارەتەكان.   
ڕاشیگەیاندووە: كازمی میكانیزمی كاركردنی لەدەستداوە، دۆخەكە ناڕەحەت بووە، بەیانی ناوەكان دادەنرێن‌و ئێواران دەگۆڕێن، ئەمەش دۆخی كازمی زۆر ئاڵۆزكردووە تا ئەم ساتە.

بەدڵی حزبەكان نەبێت تێناپەڕێت
لەبەرامبەردا "دەوڵەتی یاسا" پێیوایە، دەبێت سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ئەو بڕوایەی لابچەسپێت ئەگەر ڕەزامەندی هێزە سیاسییەكان بەدەستنەهێنێت،  ناتوانێت پێكهاتەی حكومەتەكەی تێپەڕێنێت.
 خالد ئەسەدی سەركردە لە ئیئتیلافی "دەوڵەتی یاسا" لەچاوپێكەوتنێكدا كە ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" وردەكارییەكەی بڵاوكردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆزە. كازمی ڕووبەڕووی سەختی‌و فشاری جۆراوجۆر دەبێتەوە، هەندێكیان پەیوەستن بە بنەڕەتی پێكهاتەی حكومەت‌و، هەندێكی تریشیان پەیوەستن بەو كەسایەتییانەی پێشنیازكراون بۆ وەزارەتەكان.   
بەپێویستیشی زانیووە كازمی ئەو دەرفەتەی لەبەردەمیدایە لەدەستی نەدات‌و، ناتوانێت كابینەكەی تێبەپەڕێنێت بەبێ‌ ڕازیكردنی هێزە سیاسییەكان. ئاماژەی بەوەشداوە: دەوڵەتی یاسا لەبنەڕەتەوە تێبینی هەبووە لەسەر ڕاسپاردنی كازمی، بەڵام بەهۆی ڕەزامەندی زۆرینەی شیعەوە پەسەندی كردووە.
تەئكیدیشی كردووە:  بەردەوامیی دەستوەردانی دەرەكی وڵاتانی كاریگەر لەعێراق ڕۆڵی دیاری هەیە لەپێكهێنانی حكومەت، بەدیاركراوی دەستوەردانی  ئێران‌و ئەمریكا.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand