هاوپەیمانی فەتح: كازمی پابەندنەبێت وەك زورفی لێدەكەین

Draw Media

2020-04-22 16:03:33



 راپۆرتی: درەو
ئەو بەڵێنانەی هێزە سیاسییەكان بە مستەقا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویاندا لەساوەختی ڕاسپاردنیدا بە سەرپشككردنی لەدیاریكردنی وەزیرەكانی حكومەتەكەی تاسەر نەبوو، لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكاندا،  سەرجەم هێزە سەرەكییەكان پێداگریان لەسەر پشكی خۆیان‌و ئیستحقاقی هەڵبژاردن كرد. لەوەش زیاتر، ململانێكە لەسەر دوو ئاست قوڵبووتەوە:
•    ئاستێكیان، ناكۆكی كوتلە سیاسییەكانە لەسەر پشكی پێكهاتەكانیان لە وەزارەتەكان، بەتایبەت وەزارەتە سیادیییەكان.
•     ئاستی دووەمیشیان، ناكۆكی نێوان هێزەكانی ناو خودی پێكهاتەكانە، بەجۆرێك هەر لایەنەو چاوی لەسەر وەزارەتێكی دیاریكراو یان زیاترە بۆ خۆی بەرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی هەندێك لەمیدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، لەدانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتەدا:
•     دەوڵەتی یاسا داوای وەزارەتی ناوخۆی كردووە، وەگرتنی ئەو وەزارەتەی كردووەتە مەرج بۆ پاڵپشتیكردنی كازمی.
•     پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری  لەسەر هێشتنەوەی فوئاد حسێن وەزری دارایی دەكات لەكابینەكەی كازمی_دا.
•     ڕەوتی حیكمەو سائیرون هەردووكیان داوای وەزارەتی نەوت دەكەن.
•     سوننەكان داوای هێشتنەوەی چەند وەزیرێك‌و ئاڵوگۆڕی یەك دوو وەزارەت دەكەن.

عەقیل ئەلردەینی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسر" لە لێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە: كوتلە سیاسییەكان تەنها داوای وەزارەت ناكەن لەكازمی، بەڵكو دەیانەوێت كاندیدی دیاریكراویشی بەسەردا بسەپێنن.
جەختیشی كردووە: قسەی هەندێك هێزی سیاسی لەبارەی سازشكردنی لە پۆستی وزاری‌و، سەرپشككردنی كازمی، تەنها دروشم و بانگەشەیە.

هیچ نەماوە بیدزن
عەدنان زورفی ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەتویتێكدا لەبارەی ململانێی هێزە سیاسییەكانی عێراق سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكان دەەڵێت: "وڵات هیچی تیانەماوە بەكەڵكی دزی بێت، حكومەت پێكبهێنن باخەڵك بحەوێتەوە".
لای خۆیەوە، مەنسور بعێجی پەرلەمانتاری "دەوڵەتی یاسا" لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕاگەیاند: پشكێنەی حزبی ڕێگرە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت، پێویستە لەسەر كازمی ئەو ڕێككەوتنە لەبەرچاو بگرێت كە لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان ئەنجامیداوە، بە تایبەت لەگەڵ كوتلە شیعییەكان كە كاندیدیان كردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، كوتلە شیعییەكان لەسەرەتادا كازمی_یان سەرپشككرد، بەڵام كاتێك لەگەڵ كوتلە كوردییەكان كەوتە دانوستان مەرجی خۆیان بەسەردا سەپاند، هەروەك چۆن سوننەكانیش هەندێك مەرجیان هەبوو بۆی، ئەوەش وایكرد كوتلە شیعییەكان لە سەرپشككردنەكە پاشگەزببنەوە.
جەختیشی كرد: لەئێستادا هیچكام لەهێزەكان سازش لەسەر پشكی خۆیان ناكەن‌و، حكومەت لەڕێی پشكێنەی حزبییەوە نەبێت تێناپەڕێت. 
ئەوە لەكاتێكدایە، زیاتر لە سێ‌ یەكی ئەو ماوە دەستورییەی لەبەردەم كازمی_دایە  بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بە پەرلەمان كۆتایهاتووە، پێشتر هێزە سیاسییەكان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، حكومەتەكەی كازمی لەپەرلەمان تێدەپەڕێت.   
كازمی ئاگاداردەكەنەوە 
بڵاوبونەوەی دەنگۆی ڕەتكردنەوەی كاندیدی هێزە سیاسییەكان بۆ وەزارەتەكان‌و دانانەوەی هەندێك لە وەزیرەكانی حكومەتی ئێستای عێراق لەكابینەی داهاتوودا، لەلایەن مستەفا كازمی_یەوە، هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی توڕەكردووەو، ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی هەمان چارەنوسی (زورفی) لێدەكەن، ئەگەر پابەندنەبێت بە ڕێككەوتنی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان. 
محەمەد غەبان سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی "فەتح" لەپەرلەمانی عێراق لەتویتێكدا ڕایگەیاندووە: زروفی_یان ڕەتكردەوە لەبەر ئەوەی بەمیكانیزمێكی پێچەوانەی دەستورو عورفی سیاسی ڕاسپێردرا، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی ئێستاش لەڕێی تەوافوقی كوتلە سیاسییەكانەوە هاتووە، نەك لەبەر ئەوەی باشترینە، یان لەهەڵبژاردنەكاندا سەركەوتووبوبێت، بەڵكو وەك دەرچەیەك‌و چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە دیاریكراوە، بۆیە پێویستە لەسەری پابەندی ئەو پرنسیپانەبێت كە كوتلە سیاسییەكان لەسەری ڕێككەوتوون لەگەڵی. 


دەنگ‌و جوڵەكان لەفراوانبوندان
توندبوونەوەی ململانێی هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ‌،  هاوكاتە لەگەڵ فراوانبوونی ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی  لەناو هێزو لایەنە شیعییەكاندا دژ بە هەرێمی كوردستان قسەدەكەن.
فالح خەزعەلی پەرلەمانتاری كوتلەی "سەنەدی نیشتمانی" كە سەربە گروپەكانی حەشدی شەعبی_یە لەپەیامێكدا كە ئاراستەی مستەفا كازمی كردووە، دەڵێت: ناكرێت پەراوێزخستنی پارێزگاكانی ناوەڕاست‌و باشور بەردەوامبێت، پێویستە پرۆگرامی حكومەتی داهاتوو دادپەروەربێت‌و ڕوونبێت لەدابەشكردنی سامانی وڵات.
خەزعەلی، كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت بە داواكارییەكی گرنگ دەزانێت، داواش لەكازمی دەكات، داهاتی خاڵە سنورییەكان‌و نەوت‌و فرۆكەخانەو باج بگێڕێتەوە بۆ ژێر دەستی دەوڵەت. 
دەشڵێت: ڕێگەنادەن بە دووبارە بوونەوەی ئەزمونی حكومەتەكانی ڕابردوو، هانی پەرلەمانتارەكانی ناوەڕاست‌و باشوریش دەدات بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر حەسەن سالم پەرلەمانتاری كوتلەی "سادقون" ی سەر بە گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق لەبەیاننامەیەكدا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی تۆمەتباركرد بە دەستبەسەراگرتنی سامانی دەوڵەتی عێراق‌و، داوای لەهێزە شیعییەكان كرد، سنورێك بۆ بردنی داهاتی عێراق دابینێنن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، بە تایبەت كە عێراق مانگانە بودجە ڕەوانەی هەرێم دەكات، بەڵام تائێستا هەرێم ئامادەنییە نەوتەكەی ڕادەستی بەغداد بكات.
هەر لەوچوارچێەیەدا، دوێنێ‌ لەمیدیاكاندا نوسراوێكی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوبووەوە كە ئاراستەی نوسینگەی وەزیری دارایی عێراق كراوە، تێیدا داوای ڕاگرتنی پشكی هەرێم دەكات لەبودجەی عێراق،  بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لەسەری پێویستە ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆی بكات.
پێشتریش محەمەد غەبان سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی "فەتح" لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق، كە میدیایەكی نیمچە ڕەسمی حكومەتی عێراقە، داوایكرد پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت، چەكی پێشمەرگەش بگرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand