نرخی نەوتی برێنت 26 دۆلار و نەوتی خاو 21 دۆلار راوەستا 

Draw Media

2020-04-20 19:54:42



(درەو):
نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تاكساس بۆ خوار سفر دابەزی، بەڵام نرخی نەوتی خاو (21 )دۆلار و برێنت (26) دۆلار راوەستاوە، دابەزینی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی تایبەتە بە بازاڕی نرخی نەوتی ئەمریكاوە بەڵام بێكاریگەری نابێت لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان.
كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جهانیدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تێكساس بۆ كەمتر لە سفر دابەزاند، ئەمە دابەزینێكی مێژوویی بوو لە نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی هاوكات لەگەڵ پڕبوونی ئەمبارەكانی نەوتدا.
چاودێرانی بازاڕی نەوت دەڵێن، ئەوەی رویداوە حاڵەتێكی تایبەتە بە بازاڕی نەوتی ئەمریكی و بەهای نەوتی برێنت لە شوێنی خۆیدایەو ئەمڕۆ گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
هۆكاری دابەزینی نرخی نەوتی تاكساس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمبارەكانی نەوت لە ئەمریكا پڕبوون، خەرجی ئەمباركردن زیاتربووە، فرۆشیارەكان دەیانەوێت بەشێوەیەكی خێرا خۆیان لە نەوتی ئەمباركراوی مانگی ئازار رزگاربكەن، بۆیە نرخی نەوتیان توشی داڕمان كرد.
دابەزینە مێژوییەكەی ئەمڕۆی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكیی، بەڕای هەندێك لە چاودێران دەریخست ئەو رێككەوتنەی كە سەرەتای ئەم مانگە رێكخراوی "ئۆپێك پڵەس" كردی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی جێگیركردنی نرخ لە بازاڕدا، هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییەو ناتوانێت لەم كاتەدا كە جیهان بەدەست قەیرانی كۆرۆناوە دەناڵێنێت نرخی نەوت سەقامگیر بكات.
لە ساڵی ١٩٨٣وە كە دەستكراوە بە فرۆشتنی نەوتی خاوی ئەمریكی بەشێوەی گرێبەست، ئەمە نزمترین ئاستی نرخ بوو كە ئەمڕۆ نەوتی خاوی ئەمریكیی تۆماریكرد.
🔸ئەمریكا رۆژانە (15 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
🔸سعودیە رۆژانە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
🔸روسیا رۆژانە (10 ملیۆن و 800 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
🔸عێراق رۆژانە (4 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.


لەبارەی نەوتی خاوی (تاكساس) ئەمریكیەوە
🔹نەوتی خاوی ئەمریكی كە بە نەوتی خۆرئاوای تاكساس ناسراوە، خراپترین جۆری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەرووی كوالێتیەوە كە نەوتێكی سوكەو كەمترین چڕی هەیە، نرخەكەی هەمیشە لە نەوتی خاوو برێنت كەمترە لە بازاڕەكانی جیهان، نەوتی خاوی تەكساس بریتیە لەو نەوتە سوكەی لە (تاكساس و لویزیانا و باكوری داكۆتا)ی ئەمریكا بەرهەمدەهێنرێت. 
🔹 نەوتی برێنت كە لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخەكەی ئێستا (26) دۆلارەو بەشێوەیەكی كەم نرخەكەی دابەزی، ئەو نەوتەیە كە لە (دەریای باكور لە نێوان دوورگەكانی شێتلاندی بەریتانیا و وڵاتی نەرویج) بەرهەم دەهێنرێت.
🔹نەوتی خاوی ئۆپێك كە ئێستا نرخەكەی (21) دۆلارە ئەو نەوتەیە كە لە وڵاتەكانی (عێراق، ئێران، سعودیە، كوەیت ، بەحرەین ، ئیمارات، عومان، نەیجیریا، لیبیا، جەزائیر، ئەنگۆلا، كۆنگۆ، كۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، گینیای ئیستیوائی و گابۆن)، بەرهەمدەهێنرێت و زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدێنێت.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand