كوردێك بیرۆكەی پاشەكەوتی موچە دەخاتە بەردەم حكومەتی عێراق

Draw Media

2020-04-18 18:38:03



درەو:
بڕیارە سبەینێ وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی بودجەو نەوتی هەرێم سەردانی بەغداد بكات و وەزیری دارایی عێراقیش بیرۆكەی پاشەكەوتی موچە دەخاتە بەردەم بەرپرسانی عێراق.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند: سبەینێ وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات وەفدەكە پێكهاتووە لە:
خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیەوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد سەرۆكی وەفد
 ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی
د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
د. ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
بەپێی راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ روبەربونەوەی قەیرانی دارایی كە خراوەتە بەردەم سەرۆك وەزیران و كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، لە یەكێك لە پێشنیازەكاندا هاتووە" بەزوترین كات وەفدی هەرێم رابسپێردریت لەگەڵ بەغداد قسە بكرێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بۆ بابەتی نەوت و بودجەی هەرێمی كوردستان".
هەربۆیە بڕیارە سبەی وەفدەكەی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد پرسی بودجەو نەوتی هەرێم تاووتوێ بكات،  ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری بە سبەی راگەیاند: لەگەڵ بەغدا رێككەوتوین رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكەین، بەمەرجی ناردنی سەرجەم شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە".
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداوە بە (درەو)ی راگەیاند: دۆخی دارایی عێراقیش هاوشێوەی هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی خەرجیەكانەوە، روبەرووی قەیرانی دارایی دەبێت و بۆ چارەسەری پرسی موچەی موچەخۆرانیش (د. فوئاد حسین) وەزیری دارایی عێراق چەند بیرۆكەو ئۆپشنێكی ئامادەكردووە بۆ بەردەم بەرپرسانی عێراق، ئەویش (پاشەكەوتی موچە یان بڕینی دەرماڵەی موچەخۆرانی عێراق)ە، چونكە عێراق توانای پێدانی موچەی نابێت چونكە بۆ موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی  عێراق (4 ترلیۆن و 400 ملیار) دینار پێویستە، بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە داهاتی نەوتی عێراق مانگانە دەگاتە نزیكەی ( 2 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلار، لە كاتێكدا لە مانگی شوباتی رابردوودا داهاتی نەوتی عێراق ( 5 ملیار) دۆلار بووە، واتا حكومەتی عێراق بە زیاتر لە ( ملیارێك) دۆلار كورتهێنانی موچەی دەبێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand