كازمی هەموو نەیارەكانی لەسەر سفرەیەك كۆكردەوە

Draw Media

2020-04-11 18:23:21



راپۆرتی : درەو  
سەر بە هیچ حزب‌و لایەنێكی سیاسی نییە، تەنانەت كەسایەتییەكی دیارو ناسراوی ناو پرۆسەی سیاسی عێراقیش نییە، بەڵام لەڕێوڕەسمی ڕاسپاردنیدا زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ئامادەبوون، وەك دەوترێت عێراق لەمێژە ئاهەنگی سیاسی لەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە. ڕەنگە ئەمە یەكێك بێت لەخاڵە سەرەنج ڕاكێشەكان لەپرۆسەی ڕاسپاردنی مستەفا كازمی_دا.
كازمی، لەیەكێك لەهەرە قۆناغە هەستیارەكانی كە عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، تەنها بۆ هێزە شیعییە ناكۆكەكان نەبووە خاڵی بەیەكگەیشتن‌و ڕێككەوتن، بەڵكو وێڕایی دروستكردنی كۆدەنگییەكی سیاسی كەموێنە لەسەر ئاستی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی عێراق، هەڵوێستی ئێران‌و ئەمریكاشی یەكخست.

دۆستی نەیارەكانە
واشنتۆن‌و تاران كە ماوەیەكی زۆرە لەسەر هیچ پرسێكی عێراق نەك هەر هاوڕانین، بگرە لەناكۆكییەكی توندو ڕووبەڕووبونەوەیەكی بەوەكالەت‌و ڕانەگەیەندراودان، بۆ یەكەمجارە لەسەر ڕاسپاردنی كازمی جۆرێك لە هاوڕایی‌و مورتاحییان پێوە دیارە.
هەردوو وڵات پێشوازییان لەڕاسپارنی كازمی كرد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق‌و ئامادەییان دەربڕی بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ حكومەتی نوێ بۆ سەركەوتن بەسەر كێشەكانیدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی پێشوازی لە ڕاسپاردنی كازمی كرد، هاوكات حسێن ئەمیر عەبدولاهیان یاریدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: ڕاسپاردنی كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بڕیارێكی تەواو عێراقییەو هیچ لایەنێكی بیانی دەستوردانی تێدا نەكردووە.
لەتازەترین هەڵوێستی واشنتۆن_یشدا، دیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی نزیك لەلێدوانێكدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندووە: ئەگەر كازمی عێراقییەكی پابەندبێت لە بەدیهێنانی سەروەری عێراق‌و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، كارێكی زۆر گەورە دەبێت، پێشمانوایە زۆرباش دەبێت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكانمان. ڕونیشكردووەتەوە، بەغداد پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوە ئەگەر دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بەهێزبكات.

هاوسەنگی دەپارێزێت  
كازمی لەیەكەم لێدوانی تەلەفیزیۆنیدا دوای ڕاسپاردنی هیچ ئاماژەیەكی بە ناكۆكییەكانی واشنتۆن‌و تاران لەسەر خاكی عێراق نەكرد، تەنها ئەوە نەبێت  خواستی حكومەتەكەی پیشاندا بۆ پاراستنی جۆرێك لە هاوسەنگی لەگەڵ دۆست‌و دراوسێكان. 
ئەوەش هیوای ئەوەی زیاتر كردووە، كازمی بتوانێت عێراق بگێڕێتەوە بۆ ناوچەی خۆڵەمێشی لەنێوان واشنتۆن‌و تاران، كە لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی_دا بەتەواوی جێیهێشتبوو و، بەشێوەیەكی ئاشكرا لایەنداریی سەربازگەی ئێرانی دەكرد.
یەكێك لەو خاڵانەی كە لەبەرژوەندی كازمی_یە، نزیكییەتی لە ئەمریكییەكان، پێش ئەوەی پەیوەندییەكانی خۆی لەم ماوەیەی دواییدا لەگەڵ تاران ڕێكبخاتەوە.
كازمی بەوپێیەی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە، پەیوەندییەكی فراوان ناوخۆیی‌و دەرەكی‌و زانیاری لەسەر تەواوی هێزە سیاسییەكان‌و گروپە چەكدارەكان هەیە، هەموو ئەوانەش لەبەرژوەندی ئەو بوو بۆ ڕاسپاردنی.
ئەسعەد جەنابی شڕۆڤەكاری سیاسی بە سایتی (حوڕە)ی ڕاگەیاندووە: كازمی بەهێزترین دەزگای ئەمنیی لە عێراق بەڕێوە بەرێوەبردووەو، ڕەزامەندییەكی فراوانیشی لەسەر بووە لە ئیدارەدانی ئەو دەزگایە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.


تارانی دڵنیاكردووە
بەگوێرەی سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبوڵای لوبنانی كە بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" قسەیكردووە: كازمی بەمدواییە سەردانی بەیروت_ی كردووە، بەوەش توانیویەتی ئەو تۆمەتانەی كە لەلایەن گروپەكانی نزیك لە ئێرانەوە ڕووبەڕووی دەكرێنەوە، بیڕەوێنێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرچاوە ئاگادارەكانی عێراق ئاشكرایان كرد: كازمی هەردوو گەورە بەرپرسی ئێرانی (عەلی شەمخانی)و(ئیسماعیل قائانی) بینیوە، كە بەم دواییانە سەردانی عێراقیان كرد.

تاقیكراوەی سیاسی نییە 
ئەو پێشهاتە تازانەشی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق لەم چەند مانگەی دوایدا هاتونەتەگۆڕێ‌، بەتایبەت گۆڕانی هاوكێشەی سیاسی دوای خۆپیشاندانەكان، ڕۆڵیان هەبووە لە دیاریكردنی كازمی‌و، هێزە سیاسییەكان ناچار بوون كەسایەتییەك ڕابسپێرن بۆ پێكهێنانی حكومەت كە بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشێك لەخواستی شەقامی تێدابێت‌و، لەو دەمووچاوە تاقیكراوانە نەبێت كە خەڵكی عێراق لێی بێزاربوون‌و بەسەرچاوەی نەهامەتییەكانی خۆیانی دەزانن. 
ئاژانسی"فرانس پرێس"  لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی باڵای عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە: ئێران دەخوازێت جۆرێك لە هێوركردنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی‌و ئەمنیی عێراق بێتەكایەوە لەچوارچێوەی پرۆسەیەكی چارەسەری فراوانتر كە لەناوچەكە هاتووەتەگۆڕێ‌‌و، كازمی_یش بۆ ئەم قۆناغە یەكێك لەڕوخسارەكانی ئەو پرۆسەیەیە. 
ئەو سەرچاوەیە جەختیكردووە: ڕاسپاردنی كازمی بەدەستكەوت بۆ عێراق دادەنرێت، بە تایبەت لەم قۆناغە ئابورییە سەختەدا‌و، بۆ زامنكردنی تازەكردنەوەی ئەو لێخۆشبوونەی كە ئەمریكا بۆ بەغدادی كردووە لەسزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران.
لای خۆیەوە، محەمەد كەریم پەرلەمانتاری عێراق بە ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی" ڕاگەیاندووە: كازمی پەیوەندییەكی هاوسەنگی هەیە لەگەڵ ئەمریكاو ئێران‌و، پێشتریش دانوستكارێكی سەركەوتوو بووە لەنێوان عێراق‌و وڵاتانی ترو، توانایەكی باشی هەیە لەچارەسەری كێشەو قەیرانەكان.

هەموویان بەدڵیانبووە
عیزەت شابەندەر پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە توتیتێكدا ڕایگەیاندووە: حكومەتەكەی كازمی بەرهەمی سازانێكی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییەو دەڵێت:"دوای چەند مانگێك لەسەر لێشوای‌و نائومێدی، جارێكی تر سازانی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی باڵیكێشا بەسەر دۆخی سیاسی لەعێراق". 
ئەوەی وایكردووە، لێكدانەوەی سازانی ئیقیلمی‌و نێودەوڵەتی نزیكترین ئەگەربێت:
یەكەم: پتەوی پەیوەندی كازمی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەماهەنگی نێوان دەزگای هەواڵگری عێراق‌و ئەمریكییەكان لەشەڕی داعش ئەم پەیوەندییەی توندوڵتر كردووە.
دووەم: ئێرانییەكان هیوایان لەسەر هەڵچینوە بتوانێت جۆرێك لەهاوسەنگی ڕابگرێت.
+ لەسەر ئاستی ئەمنیی، بە حوكمی نزیكی لە ئەمریكییەكان سنورێك بۆ هەڕەشەو هێرشەكان دابنێ‌‌و ناوچەكە لەئەگەری بەریەككەوتنێكی نوێ‌ دووربخاتەوە.
 + لەسەر ئاستی ئابوریش، لێخۆشبوون بۆ بازگانیكردنی بەغداد لەگەڵ تاران درێژ بكاتەوە، كە ئێران سودی دارایی زۆری لێدەبینێت لەم قۆناغە سەختەدا.  
سێیەم: بوونی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ سعودییە، كە بەوتەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، مستەفا كازمی دۆستێكی نزیكی محەمەد بن سەلمان جێنیشنی پادشای سعودیەیە. 


ئایندەی پەیویەندییەكان یەكلادەكاتەوە 
مایكل نایتس نوسەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی نزیك لەتویتێكدا دەڵێت: كازمی پیاوێكی هۆشیارەو باش بیردەكاتەوە، دەتوانێت هاوسەنگی بدۆزێتەوە لەوەی پەیوەستە بەهەوڵەكانی ئێران دژی بەرژوەندییەكانی عێراق.
پێشیوایە: ئەگەر حكومەتەكەی كازمی تێپەڕێت، عێراق دەرفەتێكی زۆر زیاتری دەستدەكەوێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكان سەبارەت بە هاوكارییە ئابورییەكان‌و، لێخۆشبوون لە سزاكان‌و، پشتیوانی سەربازی.   
ئەمركییەكان كە خۆیان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی ستراتیجی لەگەڵ حكومەتی داهاتووی عێراق ئامادەكردووەو، بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەستی پێبكەن، دانانی كەسێكی گونجاو لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی پرسێكی هێجگار گرنگ بوو بەلایانەوە.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو گەورە بەرپرسانی تری وەزارەتەكەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوەدا، بەنیازن لەدانوستانەكانی ئایندەدا كۆی پرسە گرنگەكان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ عێراقییەكان بە ئایندەی بوونی سوپای ئەمریكاش لە عێراق. 
بۆیە ڕاسپاردنی مستەفا كازمی كە پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵیان لەقۆناغی شەڕ دژی ڕێكخراوی داعش تا دەگاتە پرۆسەی لەناوبردنی ئەبوبەكری بەغدادی پێشهاتێكە جێگەی ڕەزامەندییانەو، پێشبینی دەكرێت ئەم كۆدەنگییە لەئایندەی سیاسی نزیكی عێراقدا ڕەنگبداتەوەو، بەلای كەمەوە جۆرێك لەسەقامگیری ئەمنی بهێنێتەدی‌و ڕێگری لەئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە بكات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand