كوردو سوننە پێش شیعە موبارەكەی دانانی كازمییان كرد 

Draw Media

2020-04-09 15:26:27



راپۆرتی: درەو
لەكۆتایدا بەرەی ئێران سەركەوت، هەرچەندە گروپە شیعییەكانی سەر بەو سەربازگەیە لەم كاندیدە تازەیەش(مستەفا كازمی) دردۆنگن‌و تۆمەتی ئەمریكبوونی دەدەنە پاڵ، بەڵام بەلایانەوە گرنگە سەرۆك كۆمار نەیتوانی عورفی سیاسی باو لەعێراق بشكێنێ‌و، بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ڕای هێزە سیاسییەكان كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاریبكات.
 لەگەڵ ئەوەی ڕاسپاردنی كازمی بۆ پۆستی سەرۆك یەكێك لە قەیرانە سیاسییە ئاڵۆزەكانی عێراقی كۆتایپێهێنا، بەڵام ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە، كە هێزە سیاسیەكانی عێراق بەكوردو سوننەو شیعەوە نایانەوێت بنەمای پشكێنەی حزبی‌و تائیفی تێپەڕنن‌و، هیچ دەستكارییەكی هاوكێشەی سیاسی بكرێت.   
ئەوەش بەومانایەی خۆپیشاندانەكانی  چەند مانگی ڕابردوو لەعێراق هیچی لەواقیعی سیاسی نەگۆڕیوە، خواستی دەستگرتن بەدەسەڵاتی لەلایەن حزبەكانەوە نەهەژاندووەو، هیچ گۆڕانێك لەعێراقی پێش‌و دوای خۆپیشاندانەكان ڕووینەداوە.

كازمی لەجێی زورفی
ئەمڕۆ (مستەفا كازمی) 53 ساڵ لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بەوەش دەبێتە گەنجترین سەرۆك وەزیر لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە. ڕاسپاردنی كازمی دوای ئەوەهات هەر ئەمڕۆ عەدنان زورفی بە فەرمی پاشكەشێی كرد لە ڕاسپاردنی، بەوەش دۆسیەی كەسایەتی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق یەكلابوەوەو، عێراقیش لە یەكێك لە هەرە قۆناغە سەختەكانی قەیرانی سیاسی پەڕییەوە. 
ئەم هەنگاوە دوای ڕێككەوتنی ئەو هێزە شیعییانە هات كە بە سەربازگەی ئێران ناودەبرێن، كازمی بوو بە خاڵی بەیەك گەیشتنی دوو سەربازگە ناكۆكەكەی شیعە، كە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوەوەوە لە ململانێیەكی سیاسی توندابوون لەسەر دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

كوردو سوننە پێش شیعە كەوتن
موبارەكەی هێزە كوردییەكان بۆ ڕاسپاردنی (مستەفا كازمی)و، دواتریش پشتیوانی سوننەكان بۆ ناوبراو تەنانەت پێشئەوەی هێزە شیعییەكان بەفەرمی ڕاسپاردنی ڕابگەیەنن، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ بوونی ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری سیاسی لەنێوان زۆرینەی هێزە شیعی‌و كوردی‌و سونییەكان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا.
وەك دەوترێت ڕێككەوتن‌و پشتیوانی هێزەكان بەجۆرێك گەرموگۆڕی پێوەدیارە، پێش دەستپێكردنی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت، كابینەكەی (كازمی) زەمانەتی تێپەڕاندنی لەپەرمان كراوە.
بەڕای ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق، ئەوەی وایكرد (كازمی) ئەو پشتیوانییە بەرفراوانە بەدەستبهێنێت‌و(عەدنان زورفی) نەتوانێت بەدەستی بهێنێت، زورفی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق‌و هەندێك لەهێزە شیعییەكان بوو، هەرچەندە كوردو سوننە دژی نەبوون، بەڵام نەیانوسیت ببنە بەشێك لەكێشەكانی ناوماڵی شیعەو ناكۆكییەكانی نێوان لە بەرخاتری زورفی قوڵبكەنەوە، بەتایبەت ئەو بنەمایە لەعێراق  یەكلابووەتەوە كە سەرۆك وەزیران كەسایەتییەكی شیعەیە. 
هاوكات نەشیانویست بڕیاری دیاریكردنی سەرۆك وەزیران لەدەست هێزە سیاسییەكانەوە بگوزارێتەوە بۆ دەستێكی تر، چونكە كوردو سوننەش لەئایندەدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دورنییە ڕووبەڕووی هەمان شەڕ نەبنەوە، ئەوكات شیعەكانیش هەڵوێستێكی بێلایەنانەیان دەبێ‌و ئەم "چاكەیە"ی ئێستایان دەدەنەوە، بەوەی نەبنە بەشێك لە كێشە ناوخۆییەكانن.

پشكی هەرێم ئەولەویەتە
بۆ كورد پرسی جەوهەری مەسەلەی نادردنی بودجەو پشكی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەوەش بەردەوام پێویستی بەپشتیوانی ناوماڵی شیعەو ڕەزامەندی هێزە شیعییەكانە، بۆیە لەپێناو شەخسێك  سەركێشی بە مەسەلەیەوە ناكات. 
لەپرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا، پشكی خۆی لەوەزارەتەكان‌و دیاركردنی وەزیرەكان دوو داواكاری ترن، كە ئەگەری بەهێز ئەوەیە لەرێككەوتنە سیاسییە نهێنییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەش یەكلاكرابێتەوە، بۆیە پشتیوانییەكە بێنرخ نییە.
  سوننەكانیش بەهەمان شێوەیە، كۆمەڵێك بەرژوەندی‌و داواكاری تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوەش لەڕێی گفتوگۆ ‌و پشتیوانیكردنی كاندیدی زۆرینەی ناوماڵی شیعەوە دەتوانن بەدەستیبهێنن، بۆیە بۆ ئەوانیش شەخس بەلایانەوە گرنگ نییە،  هێندەی ئەوەی چیان دەستدەكەوێت لەپشتیوانیكردنیدا.  

زورفی گرەوێكی دۆڕاو بوو
هەروەك چاوەڕواندەكرا (عەدنان زورفی) ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەژێر فشاری هێزو گروپە شیعییەكانی نزیك لەئێران داوای لێبوردنی كردو لەراسپادنی بۆ پێكهێنانی حكومەت كشایەوە. زورفی لەڕۆژی 17ی ئازاری ئەمساڵ  لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی خواستی هێزە شیعییەكانی نزیك لەئێران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ڕاسپێردرا، ئەوەش هێندەی تر كێشە سیاسییەكانی عێراقی ئاڵۆزتر كرد.
لەگەڵ ئەوەی زورفی توانی ماوەیەك سەرسەخستانە بەرگەی فشارەكان بگرێت، بەڵام لەكۆتایدا نەگەیشتە ئەوەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمان‌و، وەزیرەكانی ڕووناكی ببینن، هەرچەند مۆڵەتە دەستورییەكەی بەردەمی زیاتر لە هەفتەیەكی مابوو. 
بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە، ئەوەی وایكرد پرۆسەكە بەو خێراییە كۆتایبێت، هێزە سیاسییە شیعییەكان بەڵێنی پۆستێكی باڵایان بەزورفی داوە لەحكومەتی داهاتوو لەبەرامبەر كشانەوەی‌و پێداگری نەكردنی لەسەر پێكشەكردنی حكومەتەكەی بە پەرلەمان.

كێشەیان لەگەڵ سەرۆك كۆمار هەبوو
هێزو لایەنە شیعییەكانی نزیك لەئێران لە دیاریكردنی زورفی_دا، كێشەی سەرەكییان لەگەڵ سەرۆك كۆمار بوو زیاتر لەوەی لەگەڵ زورفی بێت. ڕاسپاردنی زورفی_یان بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ڕای ئەوان بە پێشهاتێكی تازەو مەترسیدار دەزانی، وەك جۆرێك لە قوڵبادان‌و شكاندنی ئیرادەی سیاسییان لێكدەدایەوە. پێیانوابوو ئەو هەنگاوەی سەرۆك كۆمار تەواوكەری هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكایە بۆ سەر هێزە چەكدارەكانیان‌و هەردووكیان یەك ئامانجیان هەیە  ئەویش لاوازكردنی پێگەو ڕۆڵی هێزەكانی سەر بە ئێرانە لە عێراق، بۆیە بێدەنگیان بە جۆرێك لە خۆكوژی ‌و لاوازبوونی  ڕۆڵیان دەزانی لەگۆڕەپانی سیاسی‌و ئەمنیی عێراق‌و، بەهەر نرخێك بوبێت ئامادەنەبوون قبوڵی بكەن.

"كازمی باشی خراپەكانە"  
بەڕای بەشێك لە ئاگایانی دۆخی عێراق، مستەفا كازمی بەلای هێزو گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ عەدنان زورفی، یان بەپێوەری ئەوان ئەو كەسە نییە  متمانەی تەواوی پێبكەن. پێش ئەوەی ناوی (محەمەد عەلاوی‌و عەدنان زورفی) وەك بەربژێری پۆستی سەرۆك وەزیران بچنە سەر مێزی گفتوگۆی شیعەكان، كازمی كاندیدێكی بەهێزبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام گروپە شیعییەكان لەنێویاندا كەتائیبی حزبوڵا چەندین تۆمەتیان دایە پاڵ كازمی‌و بانگەشەی ئەوەیان كرد كە دەستی هەبووە لەكوشتنی قاسم سولەیمانی_دا، بەڵام ئەوەی وایلێكردوون كازمی قبوڵبكەن‌و زورفی ڕەتبكەنەوە:
یەكەم: ڕەتكردنەوەی زورفی‌و دانانی كازمی، مانای سەپاندنی بڕیاری خۆیان‌و ڕەتكردنەوەی بڕیاری سەرۆك كۆمار، كە بەجۆرێك لەشەری ئیرادەی دەزانن.
دووەم: هێشتنەوەی بڕیاری دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی لەدەستی خۆیان‌و پیشاندانی ئەو وێنە بەناوەو دەرەوەش كە هێشتا ئەوان خاوەن بڕیاری كۆتاین.
سێیەم: ڕێگەنەدان بە دەستبردن بۆ عورفی سیاسی لەعێراق‌و، گەیاندنی ئەو پەیامەش بەسەرۆك كۆمارەكانی داهاتوو كە دەسەڵاتی ئەوان تەنها ڕاسپاردنە، نەك دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران. 
چوارەم: ترسی جدیان هەبوو زورفی بەشێك بێت لەپرۆژەیەكی ئەمریكی بۆ لاوازكردنی گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەڵام ئەو ترسەیان لەكازمی نییە، چونكە هەر لەسەرتاوە خۆیان ناویان هێناوەتە پێشەوە.
پێنجەم: زورفی لەدەرەوەی خواستی ئەوان دیاریكرابوو، بەڵام كازمی لەسەر پێشنیازی ئەوان دیاردەكرێت‌و لەژێر فەرمانی ئەواندا دەبێ‌و دەتوانن بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵ بكەن.
شەشەم: لەدواین سەردانی بۆ عێراق، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران چاوی بە مستەفا كازمی كەوتبوو، ئەوەش جۆرێك لەدڵنیایدا بە گروپە شیعییەكان‌و لەدوای ئەوەوە جارێكی ناوی كازمی هاتەوە پێشەوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand