تارمایی كودەتا بەرۆكی عێراق بەرنادات

Draw Media

2020-04-01 11:46:40



راپۆرتی: درەو
زیاد لەهۆكارێك وادەكەن ترس لەڕوودانی كودەتای سەربازی لەعێراق گریمانەیەكی واقیعی‌و چاوەڕوانكراو بێت نیگەرانیی بەردەوامی ئەمریكا لەهەژموونی ئێران لەعێراق و ئەو جەنگە كراوەیەی واشنتۆن لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی شیعە لەعێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێكردووە، چۆڵكردنی چەند بنكەیەكی سەربازی‌و، كۆكردنەوەی هێزەكانی لەدوو بنكەی سەربازی(حەریرو عەین ئەسەد)و بەهێزكردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەكان‌و دانانی سیستمی بەرگری پاتریۆت لێیان،  گیرۆدەبوونی تاران بە پەتای كۆرۆنا، ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ لەعێراق لەدەرەوەی خواستی هێزەكانی نزیك لەتاران، كۆمەڵە ئاماژەیەكن بۆ ئەگەری رودانی كودەتا لە عێراقدا. 
 كودەتای سەربازی یەكێك بوو لەو كارتە بەهێزانەی ئەمریكا لەسەروبەندی هەوڵەكانی بۆ ڕووخاندنی رژێمی پێشوو كاری لەسەر دەكرد، ئامانجی واشنتۆن لەوكاتەدا هاندانی فەرماندەكانی سوپای عێراق بوو بۆ ئەنجامدانی كودەتا بەسەر رژێمی (سەدام حسێن)دا، بەڵام هەوڵەكانی شكستهێناو، سەرەنجام لەڕێی هێزەوە ئەوكارەی كرد.
لێروە بەدواوە، بڕوای باو كودەتای وەك زۆرێك لەڕووداوە خوێناوییەكانی تری لەعێراق كرد بە بەشێك لەمێژوو. دیموكراسی‌و بەشداری پێكهاتە جیاوازەكان لەناوەندی بڕیاری سیاسی، كۆتایهاتنی سەردەمی تاكحزبی‌و دابەشبوونی هێز بەسەر كۆمەڵێك ناوەندی جیاواز، ئەو قەناعەتەی  تۆخكردەوە كە عێراق سەردەمی كوەدەتای تێپەڕاند. 
بەڵام زۆری پێنەچوو ترس لەكودەتا هاتەوە ناو فەرهەنگی سیاسی‌و، ئەمریكاو سیاسییەكانی عێراق چی وەك ترسێكی جدی‌و، هەمیش وەك كارتی سیاسی بەكاریانهێنا. 

كودەتا وەك كارتی فشار
لەسەردەمی (نوری مالیكی)داو، بە دیاریكراوی ساڵی 2008 ترس لەئەگەری ڕوودانی كودەتا لەعێراق وەك مەترسییەكی جدی هاتەوە بەرباس، ژمارەیەك لەسەركردە عێراقییەكان لەوانە(عادل عەبدولمەهدی، مەسعود بارزانی، ئەحمەد چەلەبی) وەك ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو ئاماژەیان پێدا.
ئەمریكییەكان لەو سەردەمەدا ڕۆڵی دیاریان گێڕا لەگەورەكردنی مەترسی ڕوودانی كودەتا لەعێراق،  ئەوەش زیاتر بۆ دروستكردنی فشار بوو لەسەر حكومەتی (نوری مالیكی) بۆ ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی ئەمنیی لەگەڵ واشنتۆن بەو مەرجانەی خوازیاریبوون.
ململانێكانی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەش لەوكاتەدا ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ قسەكردن لەئەگەری ڕوودانی كودەتا، بەپاساوی شكستهێنانی دەسەڵات لەعێراق‌و، بەبنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسی. هەرێمی كوردستانیش لەوكاتەدا لەگەڵ حكومەتەكەی (نوری مالیكی) لەكێشمەكێشدا بوون‌و، سوپای عێراق پرۆسەی سەربازی (هەڵمەتی سوارچاكان)ی ، لەناوچەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق دەستپێكردبوو، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەش ڕووبەڕوو وەستابوون، بۆیە وروژاندنی ئەو پرسە لەوكاتەدا بایەخی خۆی هەبوو.
دوای ڕەوینەوەی دۆخەكە، باسكردن لە كودەتا لەعێراق وەك سیناریۆیەك لێكدرایەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی، ئەمریكا ئەوەی ویستی بەدەستیهێناو ڕێككەوتنەكەی بەمەرجەكانی خۆی تێپەڕاند. سیاسییەكانی عێراقیش هەریەكەو بەجۆرێك توانیان پێگەی خۆیان‌و ئاراستە سیاسییەكان لەململانێكاندا بەهێزبكەن، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع لەئارادا نەبوو، یان دواتر دەنگی نەما، ئەگەری ڕوودانی كودەتا بوو لەعێراق!.

تاران وروژاندویەتی
ئێستا جارێكی تر ئەم مەسەلەیە هاتووتەوە بەرباس، بەڵام ئەوەی ئەمجارە پركەسەی وروژاندووە نە ئەمریكایەو نە سیاسییەكانی عێراقن، بەڵكو دەزگا هەواڵگری‌و ئەمنییەكانی ئێرانن، كە بەوتەی خۆیان زانیاری وردیان لەسەر جموجۆڵەكانی واشنتۆن لەعێراق دەستكەوتوەو، كودەتای سەربازی وەك ئەگەرێكی نزیك‌و چاوەڕوانكراو بۆ هەڵگێڕانەوەی سیستمی حوكم لەعێراق لەئارادایە.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، واشنتۆن سەرقاڵیی تارانی بە پەتای كۆرۆنا قۆستوەتەوەو دەیەوێت دەسەڵات لەبەرژوەندی خۆی بگۆڕێت لەعێراق. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌  لەعێراق كەهێزەكانی نزیك لە ئێران بەچاوی ترس‌و گومانەوە لێیدەڕوانن. 
ڕۆژنامەی "ئەلجەریدە"ی كوەیتی ڕۆژی 22 مانگی ئازاری ڕابردوو لەزاری سەرچاوەیەك لە(فەیلەقی قودسی) ئێرانییەوە بڵاویكردەوە: سوپای پاسدارانی ئێران‌و گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی لەحاڵەتی ئامادەباشیدان‌و، پێشبینی دەكەن كودەتا سەربازی بە پشتیوانی ئەمریكا لەبەغداد ڕووبدات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات. 
بەوتەی سەرچاوەكەی سوپای قودس، واشنتۆن سەرقاڵیی تارانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا قۆستوەتەوەو هەوڵی جێبەجێكردنی پلانی كودەتا دەدات لەعێراق، وتوشیەتی: بەرپرسانی ئێران بەچڕی لەگەڵ كوردو سوننە كەوتونەتە گفتوگۆ بە ئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پلانە نوێكەی ئەمریكا.
وروژاندنی پرسی كودەتا لەعێراق لەلایەن ئێرانەوە، هاوكاتە لەگەڵ هاتنە پێشەوەی  ناوی (عەدنان زورفی) پارێزگاری پێشوی نەجەف‌و سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نەسر، كە ڕۆژی 17 مانگی ئازاری ڕابردوو لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، هێزەكانی نزیك لەئێران بەتوندی دژی وەستاونەتەوەو ڕاسپاردنەكە بە پلانێكی ئەمریكی دەزانن بۆ لێدانی بەرەی"مقاومە" وەك خۆیان دەڵێن. بەتایبەت لەم كاتەدا كە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق لەشەڕێكی دەستەویەخەدان. 


"درۆی كودەتا"
(ماجید سامەرائی)نوسەرو ڕاگەیەندكاری عێراقی لەوتارێكدا لەژێر ناونیشانی "درۆی سیناریۆی كودەتای سەربازی لەعێراق" دەڵێت: لەكاتێكدا جیهان‌و عێراق سەرقاڵی دابینكردنی توانای پێویستن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كارەساتی پەتای كۆرۆنا، رژێمی تاران بایەخ نادات بەمردنی ملیۆنان كەس لەوڵاتەكەی یان لەعێراق، بەڵكو ئەو سەرقاڵی ڕووبەڕووبونەوەی كێشەكانی هەژمونیەتی لەعێراق.
دەشڵێت: حزبە میلیشاكانی ئێران نیگەرانن لەڕاسپاردنی (عەدنان زورفی)و هەموو توانا سیاسی‌و ئیعلامییەكانیان خستووەتەكار بۆ شكستپێهێنانی، بە وروژاندنی مەسەلەی پیلانگێڕی.
(سامەڕائی) لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات: كودەتای سەربازی لەعێراق درۆیەكی ئێرانی ناشرینە، ئەمڕۆ دووبارە دەبێتەوە، بیرمانە پێش چەند مانگێگ چۆن بانگەشە بۆ ئەو چیرۆكە كرا بەهەواڵێك گوایە (تاڵیب شغاتی) سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق هەوڵی كودەتای داوە، دواتر لەلایەن خۆیەوە بەدرۆخرایەوەو ئاماژەی بەوەكرد كە پێگەی دەزگاكە هاككراوە. 

شیعەكان لەوەشدا ناكۆكن
سیاسییەكانی شیعە ڕای جیاوازیان هەیە، باقر جەبر زوبەیدی یەكێك لەسەركردە دیارەكانی شیعە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: ئەوانەی گرەو لەسەر كودەتایەكی چاوەڕوانكراو دەكەن، یان وەك داهۆڵ لەسەر دوو ئاست بەكاریدەهێنن( كەرەستەو ناكۆكی) بەتایبەت ناكۆكییە شیعییەكان كە سنوری لۆژیكی تێپەڕاندووەو بووەتە ناكۆكی شەخسی.
كەرەستەكانیش گرنگترینیان  بوونی سوپای ئەمریكایە لە(بەلەدو تاجی‌و شەرقات‌و كەركوك)، كە بڵاوەیان پێكراوە لە هەردوو بنكەی (حەریر) لەهەولێرو (عەین ئەسەد) لە ئەنبار جێگیركراون بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەهێرشی مووشەكی.
زوبەیدی لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا دەڵێت: ئەم هەنگاوە هاوكات لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی بەمدواییە لەوەزارەتی بەرگری‌و فەرماندە سەربازییەكان ڕوویداوە، بە تایبەت لە فەرماندەی دەزگا گرنگ‌و هەستیارەكان كە لەسەر ئەمریكا حساب دەكرێن، كە بە نوكی ڕەمەكە دادەنرێن لەهەر جوڵەیەك بۆ ئەنجامدانی كودەتای سەربازی، وێڕای هەندێك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و هێزە نەرمەكانی تر. 
لای خۆیەوە، (حەسەن فەدعەم) پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمە، لەتویتێكدا دەڵێت: ئەوەی باسی كودەتای سەربازی یان پیلانگێڕی دەكات بۆ ڕووخاندنی سیستمی سیاسی لەعێراق، نەزانە یان لەڕیزی دوژمنە. دەشڵیت: عێراق لەوە بەهێزترو هۆشیار ترە كەهەندێك پێشبینی دەكەن، هەر پیلانگێڕییەك لەئارادبێت شكست دێنێت وەك چۆن پیلانگێڕی داعش شكستیهێنا.

جوڵەكان ئاسایی نین
بەڕای شارەزایان، كۆمەڵێك ئاماژەی جدی بونیان هەیە كە هۆكاری واقیعین بۆ ئەوەی خوێندنەوەی  جوڵەیەكی نائاسایی بۆ بكرێت. بەرپرسانی ئەمریكا لەزیاد بۆنەیەكدا نەیانشاردووەتەوە پلانی پەلوپۆكردنی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیان هەیە كە بەسەرچاوەی هەڕەشەی دەزانن بۆ سەربەرژوەندییەكانی واشنتۆن‌و ژیانی سەربازانیان لەعێراق.    
ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆ بە هێزانەی كە ئاماژە بەوەدەكەن بەرپرسانی واشنتۆن لەچەندین كەناڵی جیاوازەوە نیگەرانی خۆیان لە هەژموونی ئێران بە بەرپرسانی عێراق گەیاندووە‌و، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان لێكردوون ئەگەر سنورێك بۆ دەستوردانی ئێران دانەنێن، هەمان مامەڵەی تاران_یان لەگەڵ دەكەن‌و دەستبەرداریان دەبن خۆیان بەتەنها ڕووبەڕووی قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكان ببنەوە.  
لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ سەرچاوەیەكی سیاسی، تەنانەت میدیاكانی ئەمریكاش باسیان لەئەگەری ڕوودانی كودەتا لە عێراق نەكردووە، بەڵام ڕۆژنامەكانی ئەمریكا بەڕوونی باس لەئامادەكارییەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لەگروپە چەكدارەكان، ڕێكسختنەوەی هێزەكان‌و دانانی سیستمی مووشەكی پاتریۆت_یش لەهەردوو بنكەی سەربازی (حەیرو عەین ئەسەد) لەهەولێرو خۆرئاوای عێراق كە لەئێستادا ئەمریكا سەرقاڵیەتی، بەڕای بەشێك لەچاودێران لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ قۆناغێكی سەختر.
زۆرێك لە ئاگایان‌و زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش خوێندنەوەیەكی دوورتر بۆ ئەو جوڵە سەربازییانە ئەمریكاو  كشانەوەی هێزەكانی دەكەن لەبنكە سەربازییەكانی (كەی وەن‌و قائیم‌و گەیارە). پێیانوایە مەسەلەكە تەنها وەشاندنی گورزی سەربازی نییە لە گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەڵكو لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكی فراوانتردایە كە ئامانجی سەرەكی كۆتایهێنانە بەپرۆسەی سیاسی لەعێراق‌و دورخستنەوەی نوخبەی سیاسی ئێستایە لەدەسەڵات، كە واشنتۆن پێیوایە زۆرێك لەهێزە بڕیار بەدەستەكانی وەلائیان بۆ ئێرانە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand