ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری کۆرۆنای نوێ بەکاردەهێنرێن 

Draw Media

2020-03-23 18:30:42



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە کە بە "کۆڤید-۱۹" ناسراوە، زانایان لەسەرتاسەری جیهان لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیەکەدان.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی هەواڵی (BBC)، لەسەر ئاستی جیهان (۸) تیمی پزیشکی سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرن، بەڵام تائێستا چارەسەر نەدۆزراوەتەوەو ئەوەی باسدەکرێت چارەسەر نییە، بەڵکو هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرە لەڕێگەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکان و زانینی ئاستی کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسە نوێیەکە.
پسپۆڕان دەڵین چارەسەرەکانی نەخۆشی ئەنفلۆنزاو مەلاریاو هەوکردنی جومگەکان و ڤایرۆسی کەمی بەرگریی لەش لەو چارەسەرانەن کە دەرکەوتووە ئومێدیان لێ دەکرێت بۆ چارەسەری "کۆڤید-۱۹".
سایتی (زە سەن) لە راپۆرتێکدا باسی هەندێک لەو هەوڵانەی کردووە کە خراونەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

🔹 هیدروكسی كلوروكوین (Hydroxychloroquine)
ئەم چارەسەرە کە بۆ نەخۆشی مەلاریا بەکاردەهێنرێت، یەکەمین چارەسەرە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دراوە بۆ چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.
بەپێی راپۆرتەکان، بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و چارەسەرەکان لە ئەمریکا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بەکارهێنانی (هیدروكسی كلوروكوین)و دەکرێت وەکو چارەسەرێکی پزیشکی خێرا ناوببرێت.
ئەم دەرمانە کە لەژێر ناونیشانی بازرگانی (Plaquenil) دەفرۆشرێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە کە بە (NHS) ناسراوە، وەکو چارەسەر بۆ هەوکردنی جومگەکان و مەلاریا ناسێندراوە.
بەپێی راپۆرتی (سکای نیوز)، کاریگەری ئەم دەرمانە لەسەر نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیاش خەمڵاندنی بۆ دەکرێت.

🔹 فافیبیرافیر (Favipiravir)
بەرپرسانی تەندروستی لە چین دەڵێن یەکێک لە پێکهاتە کاراکانی دەرمانی ئەنفلۆنزا (Avigan) کە بە "فافیبیرافیر" ناسراوە، ئەنجامی باشی هەبووە لەسەر ئەو کەسانەی کە دوچاری "کۆڤید-۱۹" بوون.
چانگ شین مین بەرپرس لە وەزارەتی زانست و تەکنەلۆژیای چین دەڵێ:" دەرمانەکە دراوە بە ۳٤۰ نەخۆش لە وۆهان و شنچن".
چانگ شێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: فافیبیرافیر یارمەتی چاکبونەوەی ئەو نەخۆشانەی داوە، بەبێ دروستبوونی هیچ لێکەوتێکی لابەلای روون لەسەر تەندروستییان.
دەوترێت رەگەزی کارای ناو ئەو دەرمانە رێگری دەکات لە زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو جەستەی کەسانی توشبوودا.
ئەم دەرمانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە بەکارناهێنرێت و لەلایەن کۆمپانیایەکی سەربە (Fujifilm) لە ژاپۆن بەرهەمدەهێنرێت.

🔹 ئیبوبروفین
پسپۆڕانی پزیشکی ئاشکرایان کردووە کە (ئیبوبروفین) پشتی پێنابەسترێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لە دانیشتنیکی راوێژکاری لیژنەی (Health Select)دا، پاتریک فالانس گەورە راوێژکارانی زانستی وتی:" نمونەی ئیبوبروفین، دەکرێت راست بێت یان نا، نازانم، بەڵام ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە ئەو دەرمانە لە ئێستادا وەرنەگیرێت، چارەسەرێکی تر بەکاربهێنرێت لە نمونەی پاراسیتامۆڵ".
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا دەڵێ:" لەکاتێکدا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بەهێز نییە لەبارەی ئەوەی ئیبوبروفین دەکرێت ڤایرۆسی کۆڤید-۱۹ خراپتر بکات، تا ئەوکاتەی زانیاری زیاترمان دەستدەکەوێت، با پاراسیتامۆڵ بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری نیشانەکانی کۆرۆنا، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر پزیشک ئاگادارت نەکات لەوەی کە بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ بۆ تۆ گونجاو نییە.
دەکرێت هەریەکە لە پاراسیتامۆڵ و ئیبوبروفین پلەی گەرمی (تا) داببەزێنن و چارەسەری ئەو نیشانانە بکەن کە هاوشێوەی ئەنفلۆنزان.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئیبوبروفین و دەرمانەکانی تری دژە هەوکردن، جگە لە ستیرویدی (NSAIDs) گونجاو نین بۆ هەموو کەسێک، رەنگە لێکەوتی تریان هەبێت لەسەر تەندروستی، بەتایبەتیش لەسەر ئەو کەسانەی کە نەخۆشی رەبۆ و دڵ و کێشەی سوڕی خوێنیان هەیە.
هەندێک بەڵگە هەن کە ئیبوبروفین دەبەستنەوە بە نەخۆشییەکی زۆر مەترسیدارەوە کە پەیوەندیدارە بە هەوکردنی کۆئەندامەکانی تری هەناسەوە.

🔹 دەرمانی هەوکردنی جومگەکان
دەرمانی چارەسەری هەوکردنی جومگەکان (rheumatoid) کەناوی (Sarilumab)ەو بەناوی (Kevzara) دەخرێتە بازاڕەوە، بەپێی راپۆرتەکان، تاقیدەکرێتەوە لەسەر نەخۆشیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەم دەرمانە کە لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاش هەیە، لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دەرمان (Sanofi)و (Regeneron) دەدرێت بەو کەسانەی کە بەدەست "کۆڤید-۱۹"وە دەناڵێنن، بەمەبەستی زانینی کاریگەری دەرمانەکە لەسەر وەڵامدانەوەی توانای بەرگری لەش بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە.
دەرمانەکە کاردەکات لەسەر بەستنی بەشێک لە سیستمی بەرگری، کە رەنگە ببێتەهۆی هەوکردن، ئەمەش شتێکی باوە لای ئەو کەسانەی کە هەوکردنی جومگە (rheumatoid)یان هەیە.

🔹لوبینافیر/ ریتونافیر
ئەم دەرمانە کە لەژێر ناوەکانی (Kaletra)و (Aluvia) دەفرۆشرێت، بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە کێشەی کەمی بەرگریی لەشیان هەیە، بۆ رێگریکرن لەوەی حاڵەتەکەیان،سەربکێشێت بۆ ئایدز.
زانایان دەڵێن ئەم دەرمانە لە بواری روبەڕووبونەوەی کۆڤید-۱۹دا کاریگەری دەرکەوتووە، دەکرێت ببێت بەرێگر لەبەردەم خۆنوێکردنەوەی ڤایرۆسەکەو بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاکە.
چین بەکارهێنانی ئەم دەرمانەی بۆ چارەسەری کۆرۆنا راگەیاندووە، بەڵام بەشێوەیەکی زانستیانە سەلمێندراوە.
🔸 سەرچاوەی زانیارییەکان: زە سەن- بی بی سی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand