ڕەتكردنەوەی زورفی زەنگی قەیرانێكی نوێیە لەعێراق

Draw Media

2020-03-18 19:10:42



درەو: 
غیابی قاسم سولەیمانی بە تەواوی بەناوماڵی شیعەوە دیارە، دوای نزیكەی چوار مانگ لەدەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی نەیانتوانیوە كۆدەنگی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دروستبكەن، پێدەچێت ڕاسپاردنی زروفی_یش لەبری حكومەتێكی نوێ‌، كۆمەڵێك كێشەی نوێ‌ بخاتە سەر خەرمانی كێشەكانی عێراق.
هێزە شیعییەكانی نزیك لەئێران لەكۆبونەوەی ئێوارەی دوێنێ‌ سێشەممەدا، ڕێككەوتن لەسەر ڕەتكردنەوەی هەنگاوەكەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەڕاسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

دابەشبوونی ناوماڵی شیعە
لەدیارترین كوتلە سیاسییەكانی ئەو سەربازگەیەی زورفی ڕەتدەكەنەوە:" دەوڵەتی یاسا" بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، "هاوپەیمانی فەتح" بەسەرۆكایەتی هادی عامری‌و، "سادقون" بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی، هاوكات "ڕەوتی حیكمە"ش بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوەو، تێیدا شێوازی ڕاسپاردنەكەی ڕەتكردووەتەوە. 
بەوتەی شارەزایانی كاروباری عێراق، هەڵوێستی ئەو هێزانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە (بەرهەم ساڵح) پەراوێزی خستوون‌و پرس‌و ڕای پێنەكردوون، لەكاتێكدا ئەوان تێبینیان هەیە لەسەر (زروفی)و بەنزیك لە جەمسەری ئەمریكی دەزانن‌و هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریكیشە. هەڵوێستی نەرێنیشی هەیە لەسەر گروپە چەكدارەكان‌و داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەكات. وێڕای ئەوەی كە بژاردەیەكی ئێرانی نییە ئەوەش هۆكارێكی كافییە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو هێزانە ڕەتیبكەنەوە.
لەبەرامبەردا، (عەدنان زورفی) لەلایەن هەندێك هێزی گرنگی وەك "هاوپەیمانی سائیرون" بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، "هاوپەیمانی نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، وێڕایی هەندێك لەهێزە سوننی‌و كوردی‌و كەمینەكان. 

نەریتی سیاسی شكاند
دەرەنگانێكی شەوی ڕابردوو، چوار كوتلەی دیاری پەرلەمانی عێراق كە ئەوانیش:"هاوپەیمانی فەتح، دەوڵەتی یاسا، كوتلەی نەهجی نیشتمانی، كوتلەی گرێبەستی نیشتمانی" بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تێدا راسپاردنی(زورفی)یان لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ڕەتكردەوەو، ڕایانگەیاند: ئەم ڕاسپاردنە پێشێلی تەواوی سیاقە دەستوری‌و نەریتە سیاسییەكانی كردووە، ئەوەش لەڕێی ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلەو، دواتر ڕاسپاردنی كاندیدێكی تر بێئەوەی زۆرینەی هێزە پەیوەندیدارەكان ڕەزامەندییان لەسەربێت.  
بەپێی نەریتی باوی سیاسی لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە لەساڵی 2005دا ئەنجامدرا، هێزە شیعییە سەرەكییەكان كاندیدەكەیان پێشكەش بەسەرۆك كۆمار دەكەن‌و ئەویش لای خۆیەوە ڕایدەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام بەرهەم ساڵح لەم نەریتە لایداو، پاڵپشت بەدەستور كە مافی كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی دەداتێ‌، ئەگەر گەورەترین كوتلەی پەرلەمان شكستیهێنا لەدیاریكردنی، لەوەشدا دادگای فیدراڵی باڵای عێراق پشتیوانی هەنگاوەكەی سەرۆك كۆماری كرد.

نیساب تەواو نەبووە
پەرلەمانتارەكانی "هاوپەیمانی فەتح" تانەیان لەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی داوەو بە ناشەرعی دەزانن. نەعیم عەبودی پەرلەمانتاری كوتلەی سادقون لەتویتێكدا دەڵێت: "بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەپێدانی دەسەڵات بەسەرۆكی كۆمار بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیران بەتاڵە‌و بڕیارێكی نایاساییە، چونكە بە بەشداری (محەمەد ڕەجەب كوبەیسی) وەك ئەندام بڕیارەكە دەكراوە، لەكاتێكدا دادگا ئەندامبوونی ناوبراوی هەڵوەشاندووەتەوە، بەوەش نیسابی دادگا بووە بە 8  ئەندام‌و نیساب تەواونەبوە، هەر بڕیارێكیش لێوەی دەربچێت بەهەند وەرناگیرێت ".  
لای خۆیەوە، ڕیاز مەسعودی پەرلەمانتاری "هاوپەیمانی سائیرون"  لەدیدارێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاندووە: سەرۆك كۆمار پشتیبەستووە بە مادەی 76 لەدەستوری عێراق كاتێك زورفی ڕاسپاردووە. وتیشی: پشتیوانی هاوپەیمانێتییەكەی بۆ زورفی لەپێناو بەدیهێنانی داواكارییەكانی هاوڵاتیانە كە كەسێكی بەتوانای پێویستە بۆ دەستەبەركردنی لەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
زورفی لەیەكەم لێدوانیدا بە بۆنەی ڕاسپاردنییەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بەڵێنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی دا  لەماوەی ساڵێكدا لەكاتی پێكهێنانی حكومەتەكەیەوە. 

دانوستان دەستپێدەكات
سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لە (زورفی)بە ڕۆژنامەی ئەلعەربی جەدید_ی ڕاگەیاندووە: ڕۆژی پێنج شەممە زورفی بەچڕی دەست بە گفتوگۆكانی دەكات‌و، لەو هێزانەوە دەستپێدەكات كە ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە. ڕەنیشكردووەتەوە، كاردەكات بۆ زامنكردنی زۆرینەیەكی مسۆگەر لەپەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی حكومەتەكەی، بۆ ئەوەی ئەو شكستە دووبارە نەكاتەوە كە بووە هۆی شكستهێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی حكومەت. 
بەوتەی سەرچاوەكە: ئەركەكەی زورفی ئاسان نابێت، بەهۆی بوونی هێزی كاریگەر كەخاوەن پێگەی گەورەن لەپەرلەمان‌و ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە. هەروەك سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سوننی‌و كوردییەكانیش ئەنجامدەدات بە ئامانجی قەناعەت پێكردنیان بە پرۆگرامی حكومەتەكەی. 
بە بڕوانی بەشێك لەچاودێران، لێكەوتەكانی غیابی قاسم سولەیمانی لەم دۆخە هەستیارەدا بە تەواوی لەناوماڵی شیعەدا ڕەنگیداوەتەوە، دوای نزیكەی چوار مانگ لەدەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی نەیانتوانیوە كۆدەنگی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دروستبكەن، لەكاتێكدا خۆپیشاندانەكانی خەڵكی عێراق لەمانگی شەشەمی نزیكدەبێتەوە‌و، چەندین كێشەی نوێش عێراقی لەلێواری داڕمانی یەكجاری نزیكردووەتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand