عەدنان زورفی چۆن لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت؟

Draw Media

2020-03-18 17:19:24



راپۆرتی: درەو 
ئەو پیاوەی كە لە دوێنێوە راسپێردراوە بەپێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق، لەبارەی هەرێمی كوردستان بۆچی تایبەتی خۆی هەیەو پێشتر و بەرلە وەرگرتنی ئەم ئەركە نوێیە گوزارشتی لە بۆچونەكانی كردووە، ئەو گرتنی شاری كەركوك لە16 ئۆكتۆبەردا لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبیەوە بە هەنگاوێكی نیشتمانی ناودەبات، دژی رێكەوتنی نهێنی عادل عەبدولمەهدی بووە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
هەندێك لە لایەنە شیعەكان عەدنان زورفی بەدواین حەلقەی ئەو زنجیرە سیناریۆیەی ئەمریكا ناودەبەن كە لە عێراقدا پیادەی دەكات پێیان وایە سەرۆك كۆمار دەستوری پێشێلكردووە لە راسپاردنیدا . 
 

لەسەر نەوت‌و بودجە چی دەڵێت؟
(زورفی) لەمانگی شوباتی ڕابردوودا كۆمەڵێك دیداری تەلەفیزیونی لەگەڵ میدیا عێراقییەكان ئەنجامداوەو، بەشێكی بەدیاریكراوی تایبەت بووە بە قسەكردن لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم_بەغدادو، بودجەو نەوتی هەرێمی كوردستان. 
(زورفی) لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەو ئامانجانەی هەوڵی بەدیهێنانی دەدات لەو حكومەتەكەی بڕیارە پێكیبهێنێت، باسی لەهەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە. 
لەگەڵ ئەوەی هەندێك لەپەرلەمانتارە كوردەكانیش لەپەرلەمانی عێراق (زورقی) بەكەسێكی هاوسەنگ‌و واقیعی دەزانن‌و دەڵێن دژی وابەستەكردنی پرسی بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستان بووە لەململانێكانی نێوان هەرێم‌و ناوەند، بەڵام لەكۆتایدا ئەو كەسێكی نزیكە لە حەیدەر عەبادی‌و، دوورنییە ناوبراو كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی دروستنەكات، بەتایبەت كە عەبادی مێژوویەكی هەیە لەململانێكردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، خەڵكی كوردستانیش بەقورسی باجەكەیانداوە.
(زورفی) لەمانگی شوباتی ڕابردوودا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلە، بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی بۆ جوڵاندنی هێزو گرتنەوەی شاری كەركوك لە16 ئۆكتۆبەر بەبڕیارێكی نیشتمانی وەسفدەكات، دەشڵێت: عەبادی هیچ بەرژوەندییەكی شەخسی نەبووە لەكەركوك‌و پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیرانی ئێستا هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی پێشخۆی جێبەجێبكات. 
هەر لەو چاوپێكەوتندا ئاماژەی بەتەواوی ئەو بەدواداچونانەش دەكات كە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر وردەكاری ڕێككەوتنی نەوتی هەرێم‌و بەغداو بڕی بەرهەهەمێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستان كردویەتی‌و تەئكیددەكات، هەر ڕێككەوتنێكی نهێنی لەنێوان هەرێم‌و بەغداد لەو بوارەدا بوونی هەبێت قبوڵی ناكەن‌و لێپێچینەوە لەحكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكەن. 
لەچاوپێكەوتنێكی تریشدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیە (زورفی) دەڵێت: لە دەسەڵاتێكی ناوەندیی بەهێز دەڕوانین لە چارەسەركردنی پرسەكانی ئاسایش‌و نەوتدا‌و، هەر ڕێككەوتنێكیش حكومەتی ناوەند لەگەڵ هەرێم ئەنجامی بدات لەدەرەوەی چوارچێوە فەرمییەكان پێشێلكردنی دابەشكردنی سامانی وڵاتەو لەحكومەت دەپێیچینەوە.

زورفی و ئەمریكا؟
هەندێك لە لایەنی شیعەكانی عێراق عەدنان زورفی بە دوایین حەلقەی ئەو زنجیرە سیناریۆیانەی ئەمریكا ناو دەبەن لە عێراق و ناوچەكەدا، كە بە پشتیوانی خۆپیشاندان دژ بە عادل عەبدولمەهدی دەستی پێكردو  دواتر بە هەوڵی پەرتكردنی لایەنە شیعەكان و رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێك، كە دواجار لە رێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆكی كۆماری عێراقەوە، ئەمریكا كاندیدی خۆی دیاریكرد، بەڵام دوا ئاستەنگی بەردەم ئەمریكا پەرلەمانی عێراقە كە لایەنە شیعەكان تیایدا باڵادەستن و ئەگەر بیانەوێت، نایەڵن لەسەر كورسی ئەنجومەنی وەزیران دابنیشێت. 
 لە دوایین پەیامیدا "قەیس خەزعەلی" ئەمینداری گشتی عەسایبی ئەهلی حەق كە ئاراستەی (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراقی كردووە دەڵێت كەسێكی كاندیدكردووە (عەدنان زورفی) تۆمەتبارە بە گەندەڵی و لەپۆستی پارێزگاری نەجەف لەكارخراوە بەهۆی بەهەدەردانی ماڵی گشتی و قۆرغكردنی پۆستەكەی و خاوەنی دۆسیەیەكی تەواوە لە دەستەی نەزاهە"
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن (هادی عامری)یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار دەكەن كە هەنگاوی نایاسایی و نادەستوری ناوەو رەتی دەكەنەوە، هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەكردووە: سەرۆك كۆمار لەلایەك پێشێلی دەستوری كردووەو لەلایەكیش پابەندنەبووە بە سازانی نێوان هێزە سیاسییەكان، بۆیە بەپرسیارێتی تەواوی ئەم هەنگاوە ئیستفزازییە دەخەینە ئەستۆی سەرۆك كۆمارو، هەموو ڕێوشوێنێكیش دەگرینەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەو سوكایەتییە بە دەستورو یاسا.

زیاد لە پەیامێكی ناردووە
 وەك دەوترێت دواجار بازەكە لەسەر شانی (عەدنان زورفی) سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نەسر لەپەرلەمانی عێراق نیشتەوە، بەڵام هێشتا دیارنییە بەشانییەوە دەمێنێتەوە یان هاوشێوەی بازەكەی سەرشانی محەمەد عەلاوی دەفڕێت.
(زورفی)لەگەڵ ئەوەی لە دوای 2003وە چەندین پۆستی لەحكومەتە یەك لەداوی یەكەكانی عێراقدا وەرگرتووە بەڵام ناوێكی زۆر دیارنەبووە، پێشبینی ئەوەش نەكراوە ڕۆژێك لەڕۆژان ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت عێراق لە دۆخێكی هەستیاری وەك ئێستادا كە كێشە بەكێشە ئەڵێت بڕۆ ئەولاوە. ئەمە وێنە گشتییەكە لەناوەندە سیاسی و تەنانەت شەقامی عێراقیش،  بەڵام پێدەچێت ئەم بۆچوونە بەنیسەبەت (زورفی) خۆیەوە دروست نەبێت‌و ئەو لەمێژبێت چاوەڕوانی ئەوەی كردبێت بۆ ئەركە ڕابسپێرێت.
(زورفی) لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2019داو، لەلاپەرەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك داوای لەسەرۆك كۆماری عێراق كردووە دەرفەت بداتە كاندیدێك لەدەرەوەی ئەو هێزانەی حكومەتی پێشویان پێكهێناوە رابسپێریت، نوسویەتی:" هەموو ئەو كوتلانەی لەپێكهێنانی حكومەتی پێشوودا بەشدارییان كردووە، مافیان نییە لەكاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووو، پێویستە لەسەر سەرۆك كۆمار ڕۆڵی هەبێ‌‌و دەرفەت بدات بەكاندیدكردنی كەسێكی سەربەخۆ لەو كوتلەیەی كە پاڵشتی شەقامی توڕە دەكات‌و، نەبووە بە بەشێك لەو هاوپەیمانێتیەی عەبدولمەهدی هەڵبژارد".
لەكۆتا ڕۆژی ساڵی 2019شدا، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە داوایەكی ڕاستەوخۆی ئاراستەی سەرۆك كۆمار كردووەو، داوای لێكردووە كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێرێت كە هاوشانی داواكاری‌و لەئاستی قوربانی لاوان‌و خۆپیشاندەراندا بێت.     
‏(عەدنان زورفی) یەكێكە لەسیاسییە چالاكەكان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و لەسەر زۆرێك لەپرس‌و پێشهاتەكانی عێراق ڕاشكاوانە بۆچوونی خۆی دەربڕیوە، بەردەوام خۆشی وەك كەسێكی نزیك لە خۆپیشاندەران پیشانداوەو سەرسەختانە بەگری لێكردوون.

دژی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بووە
(عەدنان زورفی) لەگەڵ ئەوەی بەوە ناسراوە بەردەوام پشتیوانی خۆپیشاندەرانی كردووەو هێرشی توندی كردووەتە سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیزرانی عێراق‌و، بەحكومەتی پیاوە خەڵەفاوەكە وەسفیكردووە، بەڵام دژی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بوو لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكاو لەپۆستێكدا نوسیوتی" پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق كارێكە گوزراشت لە لێزانی سیاسی ناكات‌و بەكارێكی نامەدروس دادەنرێت كەعێراق دەخاتە ناو دابڕانێكی نێودەوڵەتی‌و دووچاری سزای دەكات، بەتایبەت دوای ئەوەی  وێنەی هەندێك لەسەركردەكانی دەوڵەت دەركەوتن لەو كارەدا".     
ئەوەی جێی سەرنجە، (زورفی) لەكاتی ڕاگەیاندنی ئامانجەكانی حكومەتەكەشیدا هیچ ئاماژەیەكی بەكردنە دەرەوەی هیزەكانی ئەمریكا نەكرد، كە هێزە شیعییەكانی نزیك لە ئێران بە بڕیارێكی گرنگ و چارەنوسازی دەزانن‌و مەرجی یەكەمی دەربڕینی ڕەزامەندییان بۆ  ڕاسپاردنی "محەمەد عەلاوی". تەنیا یەكجاریش ناوی حەشدی شەعبی هێنابوو، ئەویش لەگەڵ باسكردنی هێزی پێشمەرگەدا وەك دوو هێز لەچوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراقدا.  
لەپۆستێكی پێشوتریشداو، لەسەروبەندی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق(عەدنان زورفی) لەپۆستێكدا نوسیویوتی: دۆسییەی كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا پەیوەستە بە حكومەت، ئەو قەبارەی ئەو مەترسیانە دەخەمڵێنێت كە هەڕەشەن لەسەر وڵات‌و توانا سەربازی‌و ئەمنیی‌و لۆجستییەكان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand