زورفی لەبەردەم بەرژەوەندی سیاسیەكان و شەقامی ناڕازی و پەتای كۆرۆنادا

Draw Media

2020-03-17 09:17:06



درەو:

عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپێردرا، كابینەیەك لەبەردەم بەرژەوەندی سیاسیەكان و توڕەیی شەقام و پەتای كۆرۆنادایە، ئەوانەی پشتیوانی دەكەن بەكەسێكی گونجاوی دەزانن بۆ ئەم قۆناغەو  نەیارەكانیشی بە بازرگانی سیاسییە ناوی دەبەن.

بەرهەم ساڵح  سەرۆك كۆماری عێراق بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو كەسایەتییەكی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ڕاسپارد كە تەنها چەند كاتژمێرێكە ناوی هاتوەتە ناو ڕاگەیاندنەكانەوەو، پێشتر هیچ ئاماژەیەك نەبووە بەكاندیدكردنی، تەنانەت لەدواین دانوستانەكانی لیژنە حەوت قۆڵییەكەشدا وەك یەكێك لەكاندیدەكان ناوی نەهاتووە. بەڵام سەرباری ئەوەش، پێناچێت بەرهەم ساڵح بەبێ‌ پرس‌و ڕاو ئاگاداری هێزە شیعییەكان (عەدنان ئەلزورفی) ئەمینداری بزوتنەوەی وەفائی عێراقی‌و پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسرو پارێزگاری پێشووی نەجەفی بۆ ئەو پۆستە ڕاسپاردبێت.
(عەدنان ) گەرچی كەسێكە جێی مشتومڕەو پێشتر چەندین پۆستی ئیداری باڵای لەحكومەتی عێراق وەرگرتووە، بەڵام ئەوانەی پشتیوانی دەكەن بەكەسێكی بەهێزو لێزان‌و گونجاوی دەزانن بۆ ئەم قۆناغە، نەیارەكانیشی دەڵێن، بازرگانێكی سیاسییەو ناوی پەیوەستە بەچەندین دۆسیەی گەندەڵی گەورە بەتایبەت ئەوكاتەی پارێزگاری شاری نەجەف بووە. 
راسپاردنی عەدنان زورفی لە كاتێكدایە:
-     عێراق لەبەردەم پەتایەكی كوشندەی كۆرۆنادایە
-    ناڕەزایی شەقام بەردەوامە
-    ململانێی هێزە سیاسیەكانی عێراق لەوپەڕی شێواویان هەیە
-    عێراق لە چاوەڕەوانی قەیرانێكی دارایی گەورەدایە
-    گرژیەكانی ئەمریكا و لایەنگرانی ئێران لەسەر گۆڕەپانی عێراق لە لوتكەدایە.
-    

عەدنان ئەلزورفی كێیە؟
+  عەدنان عەبد خزەییر عەباس ئەلزورفی ساڵی 1966 لەنەجەف لەدایكبووە.
+هەڵگری بڕوانامەی ماجستێرە  
+ ساڵی 1983 پەیوەندیكردووە بەحزبی دەعوەی ئیسلامی
+ساڵی 1988 دەستگیراكراوەو حكومی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە
+ساڵی 1991 لەزیندانی ئەبوغرێب هەڵهاتووەو بەشداری لەڕاپەڕینی شەعبانییە كردووە
+ساڵی 2004 بزوتنەوەی وەفائی عێراقی دامەزراندووە
+ساڵی 1991_1994 لە خێوەتگەی ڕەفحا لە عەرەبەستانی سعودییە پەنابەر بووە
+ساڵی 1994_2003 لەویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا نیشەجێبووە
+ساڵی 2003_2004 ئەندامی تیمی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بووە
+ساڵی 2004_2005 پارێزگاری نەجەف بووە
+ساڵی 2006_2009 بریكاری كاروباری هەواڵگری بووە لەوەزارەتی ناوخۆ
+ساڵی 2009_2015 پارێزگاری نەجەف بووەو دواتر لەكارخراوە.
+پەرلەمانتارە لەهاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی لەسەر پارێزگای نەجەف.
+ ناوی لە زۆرێك لەو دۆسیانەی پارێزگای نەجەفدا دێت كەگومانی گەندەڵی گەورەی تێدایە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand