"ئەگەر ویستت مەعدەنی كەسێك تاقیبكەیتەوە، دەسەڵاتی بدەرێ‌" 

Draw Media

2020-03-12 18:45:23



 درەو:
راپۆرتی: BBC

 (ڤلادیمێر پۆتن) سەرۆكی ڕوسیا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا وتی، پشتیوانی دەركردنی یاسایەك دەكات ڕێگەی بدات خۆی بۆ دوو خولی تری سەرۆكایەتی كاندیدبكات، كارێك كە دەستوری ڕوسیا تائێستا قەدەغەی كردووە، بەوەش سەرۆكی ڕوسیا دەبێتە تازەترین لەو زنجیرە درێژەی دەسەڵاتدارانی وڵاتان، كە نەیانویستووە دەسەڵات بەجێبهێڵن.
چی وا لەكەسەكان دەكات دەسەت بەدەسەڵاتەوە بگرن تا ئاستی ئەنجامدانی گۆڕانكاركاری، تەنانەت پێشێلكردنی ڕێساكانیش لەپێناو مانەوە لەدەسەڵاتدا؟.

سامان؟
(نیك چیسمان) نوسەری بەشدار لە كتێبی(چۆن هەڵبژاردنەكان ساختەدەكەیت) دەڵێت: "وەڵامەكە ئاسانە ئەویش گەندەڵییە، دەتوانن پارەیەكی زیاتر بەدەستبهێنن‌و، بمێننەوە بۆ پارێزگاریكردن لە سامانەكەیان، بەڵام واقیع ئاماژە بە كۆمەڵێك شتی ئاڵۆزتر دەكات ".  
بەوتەی چیسمان، ئەوەی دەسەڵاتداران لە لەدەستدانی سامانەكەیان زیاتر لێدەترسن، دادگایكردنیانە دوای وازهێنایان لەدەسەڵات، هۆكارگەلێكی لۆژیكیشیان هەیە وایان لێبكات بترسن. 
 بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەی كە چیسمان لەكتێبەكەیدا بڵاویكردووەتەوە، 43% لەو سەركردەكانی ئەفریكا كە وازیان لەدەسەڵات هێناوە دادگایكراون، نەفیكراون یان لەسێدارەدراون، لەنێوان ساڵانی 1960بۆ 2010.
ئەمە مەترسییەكی گەورەیە بەڵام هەموو مەسەلەكە نییە.

كەسە نزیكەكان
سەركردەكان هەست بە فشاری ئەوانە دەكەن كە لەدەوروبەریانن، لەنمونەی خانەوادەكانیان‌و هاوپەیمانە سیاسییەكانیان تەنانەت فەرماندەكانی پۆلیس‌و سوپاش. ئەمانە كە هاوكارییان پێشكەش بەسەركردەكان كردووە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات.
چیسمان دەڵێت:"تەنانەت كاتێك كە پێتوایە كاتی بڕیاردان هاتووە، كۆمەڵێك كەس دەبینیت لە دەرگاكەت دەدەن ‌و پێت دەڵێن(نەكەی) ئەمە لەبەرخاتری تۆنییە، پرسەكە پەیوەستەبەهەزاران كەس، ئەوانەی كاریانكردووەلەپێناوت‌و قوربانیان داوە بۆت".
چیسمان گەیشتووتە بە بەڵگەیەك كە ئاماژە بەوە دەكات ئەو كەسانەی كە لەدەوری ڕۆبەرت مۆگابی سەرۆكی پێشوی زیمبابۆی بوون لەم ساڵانەی دوایدا، لەوانەبوون كە كاریگەرییان هەبوو لەدەستگرتنی بەدەسەڵاتەوە.
بەڵام پێدەچێت پرسێك هەبێت لەو یارییە قوڵتربێت، یان شتێك كە پەیوەستە بەهەژموون، كە دەسەڵات خۆی لەخۆیدا هەیەتی.  

خێوی دەسەڵات
نوسەر (داتشەر كیلتنر) زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر لەكتێبەكەی بە ناونیشانی ( موفارەقەی دەسەڵات) لەسەر ئەمە قسەی كردووە.
دوو بارییەكە لەوەدایە ئەو كەسانەی دەگەنە سەر كورسی دەسەڵات كەسانی كۆمەڵایەتی‌و خۆشەویستن، متمنانەی چواردەوریان بەدەستدەهێنن، ئەگەر سەرۆكی یانەیەكی تێنسی لۆكاڵی بێت، بۆ نمونە، یان كۆمپانیایەك، یاخود سەرۆكی دەوڵەتێك بێت.
 بەڵام كاتێك ئەمانە دەسەڵات دەگرنە دەست، بەتەواوی دەبنە خێوێكی تر.
 كۆمەڵێك لێكۆڵینەوە لەوباریەوە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی پێدانی دەسەڵات بە كەسەكان، تەنانەت ئەگەر بەهەڕەمەكیش دیاریبكرێن‌و بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت، دەبێتە هۆی گۆڕینی هەڵسوكەوتیان، بەجۆرێك مامەڵە دەكەن كەسوودی لێببینن، سۆزیان بەرامبەر ئەوانی تر لەدەستدەدەن، وێڕای ئەوەی زۆرربەی جار وا هەستدەكەن ئەوان لەسەر هەقن.
 دەبنە كەسانی قێزەون‌و هەڵپەكار، ڕەنگە بایكۆتی ئەوانی تر بكەن، یاخود خۆیان بەدوور بگرن لەتەماشاكردنی ئەو كەسانەی قسەیان بۆ دەكەن.
یەكێك لە بەناوبانگترین تاقیكردنەوەكانی (كیلنتر) سەبارەت بەو دیاردەیە لە نەوەدەكانی سەدەی پێشوودا ئەنجامدراوە‌و، لەسەر كۆمەڵێك خوێندكاری زانكۆ كراوە، دابەشی گروپی بچوك كراون، هەر گروپێكیان لە سێ‌ كەس پێكاهاتوون، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەسەڵات دراوە بە كەسێكیان.
دەڵێت:"پێمان ڕاگەیاندن بەپێی دەرخستەكانمان ئێوە لێهاتوویی باشی سەركردایەتیكردنتان تێدایە" ئەوە درۆیەك بوو، هەریەك لەمانە ئەركێكیان بە گروپەكەیان سپارد، دوای 30 خولەك، لێكۆڵەرەوەكان بڕێك بسكویت_یان لەبەردەم هەر گروپێك دانا.
ئەو كەسەی كە دەسەڵاتی پێدراوبوو بەشێوەیەكی سەرەنجڕاكیش زیاتر لەبەشی شایستەی خۆی بیسكویتەكەی خوارد، بەشێوەیەكی نا ئاسایی بسكویتەكەی دەخوارد‌و دەنگی دەهات‌و پارچەی لێدەكەوتەخوار.

هەستكردن بەدەسەڵاتداری خۆشە
لێكۆلێنەوەكان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كاتێك  دەسەڵات دەدەیت بە كەسانێك، وایانلێدێت كەمتر هەست بە كۆت‌و بەند بكەن.
هەروەك لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە،  منداڵانی دەوڵەمەند  زیاتر مەیلیان  بۆ دزینی شتی بچوك هەبێت لە كۆگاكان، بەبەراورد بە منداڵی هەژارەكان، یاخود تێكەڵاوبوون بە هەڵسوكەوتی سێكسی نائاسایی دوای باڵغبوون، یان خراپەكاریكردن لەگەڵ هاوڕێكانیان.
كیلتنر  دوای ئەوەی بەشێوەیەكی چڕ دیراسەی دەسەڵاتی كردووە لەژینگەی كۆمپانیاكان، دەڵێت:"ئەو كەسانەی هەژموونی زۆریان هەیە، لەسێ‌ كار كە ئەنجامی دەدەن دوانیان خەسڵەتی نا سەقامگیری تێدایە".
كیلتنر پێیوایە، خاوەن دەسەڵات تووشی جۆرێك لە ئالودەبوون دەبێت، بەبێ‌ سەپاندنی كۆت‌و بەند، كەسەكان بەدوای بەدیهێنانی بەرژوەندی‌و حەزو چێژەكانیادا دەگەڕێن.
دەشڵێت:" ئەوانەی خاوەن دەسەڵاتن هەست بەخۆشی زیاتر دەكەن، هەستدەكەن خاوەنی پێگەو ڕێزێكی زیاترن. مێشكیان ئارامترەو تەندروستیان باشترە، هەروەك  هەست بە باشبوونی دۆخیان دەكەن لەژیاندا".


ڕیاكاران
كیلتنر دەڵێت، دەسەڵاتداران مەیلیان هەیە هاوشێوەی ئەو نەخۆشانە مامەڵە بكەن كە بەشی هەڵسوكەوتی نامەدروس‌و هەڵپەكارانە لەمێشكیاندا تووشی پوكانەوە بووە، ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوەكەی سوخمایندەر زانای بواری مێشك لەم بوارەدایە.
ئەو سەرنجە بەفیعلی بووەتە هۆی هەندێك كاردانەوە كە شایەنی بایەخدانن لەلایەن كەسانێكەوە كە بەدەست كێشەی مێشكەوە دەناڵێنن.
كیلتنر دەڵێت:" یەكێك لەوانە بۆی نوسیم(توشبووی نەخۆشی مشێك)" چۆن جورئەتی ئەوە دەكەیت؟ من لەهەڵسوكەوتەكانمدا لێهاتوترم بە بەراورد بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا.
بۆیە شتێكی لۆژیكییە سەرۆكی بەهێز لەخۆبایی بێت، چونكە پێیوایە ئەو تاكە كەسە كە دەتوانێت سەركردایەتی بكات.
چیسمان دەڵێت: "شتێكی تر ئەوەیە ساڵانە كەسانێك دادەمەزرێنن كە پشتیوانیان دەكەن، ئەوانەش دوور دەخنەوە كە نەیارییان دەكەن، ڕەنگە هیچ خەمڵاندنێكیان نەبێت بۆ ئەوەی كە دەیكەن هەڵەیە".
هەروەك لەدەستدانی دەسەڵاتیش، كاریگەری دەرونیی زۆر گەورەی دەبێت، بەجۆرێك لێكۆڵینەوەكان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی كاتێك خاوەن دەسەڵاتەكان هەست بە لەدەستدانی دەسەڵات دەكەن، بەشێوەیەكی توندتیژ هەڵدەچن‌و ڕەفتاردەكەن. 

تاقیكردنەوەی مەعدەنی كەس
پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر دەسەڵات  كەسەكان گەندەڵ دەكات، بۆچی  هەموو سەركردەكان خەسڵەتی سەركوتكاری‌و لەناوبردنیان تێدانییە؟ 
ئەلكساندەر سیسلاك، مامۆستای زانستی دەرونی لە وارشۆ، ساڵی 2018 دوو لایەنی زۆر جیاوازو تەواو ناكۆك‌و ناتەبای لەلایەنەكانی دەسەڵات دەستنیشانكردووە.
دەسەڵات توانای كۆنترۆڵكردنی ژیانی كەسانی تر دەدا بە كەسی دەسەڵاتداری بەهێز، هەروەك كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری ژیانی خۆشی پێدەبەخشێت.
مەبەستی كەسەكان ئەوەیە، كاتێك دەڵێن كەسێك خاوەنی دەسەڵاتە، كاتێك كەسێك هەژموونی زیاتری دەبێت بەسەر ژیانیدا، زۆربەی كات هەڵسوكەوتێكی ئەرێنی دەگرێتەبەر.


دەسەڵات هەندێك ئاسەواری ئیجابیشی هەیە.
بەڵام لەحاڵەتی لەدەستی ئەم كۆنتڕۆڵەدا، بۆ نمونە با بڵێن ئەو دەوڵەتەی كە تۆ بەرپرسیاری لێی لەحاڵەتێكی پشێویدایە، لەوكاتەدا ڕەنگە كاریگەری گەندەڵبوونی دەسەڵات زیاتربێت لە كاریگەرییە ئەرێنییەكەی.
سیسلاك دەڵێت:" دەسەڵات باشەو دەكرێت لەپێناو بەرژوەندی گشتی بەكاربهێنرێت، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەو نرخە بیت كە ئەو دەسەڵاتە دەیسەپێنێت". 
دەشڵێت: ئەگەر سەركردەكان زانیاری ئەو دوو بارییەیان هەبێت، دەكرێت دەست بەلایەنە باشەكەیەوە بگیرێت‌و دەستبەرداری لایەنە خراپەكەی بن.
لەسەر ئەو بنەمایەش،  ئەو قسەیەی دەدرێتە پاڵ ئەبراهام لینكۆڵن سەرۆكی ئەمریكا پێدەچێت لۆژیكی بێت كە دەڵێت: "زۆرینەی پیاوان دەتوانن بەرگەی سەختییەكان بگرن، بەڵام ئەگەر ویستت مەعدەنی پیاوێك تاقیبكەیتەوە، دەسەڵاتی بدەرێ‌". 
   سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand