ئێران پێشنیازی زیندوكردنەوەی هاوپەیمانی شیعەی كردووە

Draw Media

2020-03-11 18:46:59



درەو:
لەگەڵ بەردەوامیی ناكۆكی هێزە شیعییەكان لەسەر كاندیدكردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی نوێ، (بەرهەم ساڵح) سەرۆكی كۆماری عێراق ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو وەك دواین مۆڵەت دەستنیشان دەكات بۆ پێشكەشكردنی كاندیدەكەیان، ئەگەر لەو ماوەیەدا هێزە شیعییەكان نەتوانن كاندیدەیان پێشكەش بكەن،  سەرۆك كۆمار بەبێ‌ گەڕانەوە بۆیان كەسێك بۆ ئەو پۆستە ڕادەسپێرێت.

كۆبونەوەی حەوت قۆڵی
ئەم پێشهاتە نوێیە لەكاتێكدایە، بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان هێزە شیعییەكان كە لیژنەیەكی حەوت قۆڵیان پێكهێناوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ‌ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بڕیارە ئێوارەی سبەینێ‌ پێنج شەممە یەكەم كۆبونەوەی  تایبەت بەو پرسە ڕێكبخات.
سەركردەیەكی باڵا لەدەوڵەتی یاسا كە لەلایەن (نوری مالیكی)وە سەرۆكایەتی دەكرێت ئاشكرایكردووە: سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی ڕەوانەی هێزە شیعییەكان كردووەو، تێیدا تەئكیدی لەپێویستی دەستنیشانكردنی كاندیدێك كردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران‌و، ڕۆژی دوو شەمەی داهاتووشی وەك دوا وادە دیاریكردووە.

پشتیوانی كازمیی دەكات
بەگوێرەی سەرچاوەكە كە بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" قسەی كردووە: سەرۆك كۆماری عێراق ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی لەبەردەستدایە تاوەكو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدیان بكات، بەڵام ئەو پشتیوانی (مستەفا كازمیی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق دەكات، كە ناوەكەی لە كۆبونەوەی هێزە شیعییەكاندا بەچڕی باسدەكرێت، ئەگەر هێزە شیعییەكان تا ئەوكاتە كاندیدێك پێشكەش نەكەن، ڕەنگە (بەرهەم ساڵح) بەفەرمی (كازمیی) بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێرێت.
 سەركردەكەی دەوڵەتی قانون جەختی كردووە، (عەلی شەمخانی) كە لەدوو ڕۆژی ڕابردودا سەردانی بەغدادی كرد، پێشنیازی سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی شییعەكانی كردووە كە حەوت هێزی سەرەكی لەخۆ دەگرێت( ڕەوتی سەدر، دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتج، ڕەوتی حیكمە، ئیئتیلافی نەسر، حزبی فەزیلە،  بزوتنەوەی عەتا لەگەڵ ئەنجومەنی باڵاو كوتلەی سادقون).

فشارە یان هەڕەشە؟
ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ئەو مۆڵەتە دەستورییە نوێیە تەواو دەبێت كەتایبەتە بە ڕاسپاردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ناكۆكییەكانیش لەبارەی شرۆڤەكردنی مادەی 81 دەستوری عێراق بەڕوونی دەركەوتوون سەبارەت بە گرتنە دەستی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، گەر كاتەكە تەواوبێت‌و كەسێك بۆ ئەو پۆستە ڕانەسپێردرێت.
لای خۆیەوە، (عەقیل ئەلردینی) سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر دەڵێت: پەیامەكەی سەرۆك كۆمار بۆ هێزە شیعییەكان، فشاركردنە لەپێناو پەلەكردن لە دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی نوێی عێراق، بەجۆرێك كە لەلایەن هێزە سونی‌و كوردییەكانیشەوە پەسەندبكرێت، نەك بەتەنها هێزە شیعییەكان.
بەوتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی نەسر كە بۆ هەمان سەرچاوە دواوە، هێزە شیعییەكان ئەو دۆسییە یەكلادەكەنەوە، پێش كۆتایهاتنی ئەو مۆڵەتی سەرۆك كۆمار دیاریكردووە، ئاماژەی بەوەشكردووە، گفتوگۆكان جدین‌و ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەكە ڕابگەیەنرێت.
هەر لەوچوارچێوەیەدا (موختار موسەوی) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە: ئەو مۆڵەتەی سەرۆك كۆمار بۆ هێزە شیعییەكانی دیاریكردووە تا ڕۆژی دووشەممە بۆ دیاریكردنی كاندیدەكەیان كافی نییەو، هەموان پێویسیتان بەكاتە.
دەشڵێت: سەرۆك كۆمار پەلەی كردووە لە دیاریكردنی مۆڵەتی كۆتایی بۆ هێزە شیعییەكان‌و، ئەو ناتوانێت كاندیدی سەرۆك وەزیران  پێشكەشبكات بەبێ‌ ڕێككەوتن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان‌و، پەیامەكەشی بریتیە لەهەڕەشەكردن، كە هیچ سودێكی نییە.


مافێكە ناتوانێت پیادەی بكات

بە بۆچوونی شارەزایانی بواری یاسا، سەرۆك كۆمار لەڕووی دەستورییەوە دەتوانێت كەسێك ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییەكان، دوای دووجار شكستهێنانی كوتلە پەیوەستەكان لە دیاریكردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت. 
لەگەڵ ئەوەی هیچ ڕێگرییەكی دەستوری نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، بەڵام لەڕووە سیاسییەكەوە سەرۆك كۆمار باش دەزانێت ڕاسپاردنی كەسێك بەبێ‌ سازانی هێزە شیعییەكان مانای وایە كاندیدەكە تێناپەڕێت‌و، چارەنوسیشی لەچارەنوسی محمەد تۆفیق عەلاوی باشتر نابێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand