بەوێنە: باشترین وێنە رۆژنامەوانییەكانی 2017

Draw Media

2018-04-13 21:32:18



رۆژی پێنج شەممە لە شاری ئەمیستردامی هۆڵەندا ناوی براوەكانی خەڵاتی (وێنەی رۆژنامەوانی جیهانیی) راگەیەندرا.
خەڵاتی یەكەم و باشترین وێنەی رۆژنامەوانی 2017 بەخشرایە (رۆناڵدۆ شمیدت) فۆتۆگرافەری ئاژانسی (فرانس پرێس).
ئەو وێنەیەی كە خەڵاتی یەكەمی پێدرا، مانگی ئایاری رابردوو لە كاتی بەڕێوەچونی شەپۆلی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی ڤەنزوێلا دژی سەرۆكی وڵاتەكەیان لە كاراكاسی پایتەخت گیراوە، لە وێنەكەدا خۆپیشاندەرێك دەردەكەوێت كە ئاگری گرتووە.
لەبارەی وێنەكەوە، لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی (یۆرۆنیوز)، فۆتۆگرافەر (رۆناڵدۆ شمیدت) رایگەیاند، شەڕ لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی ڤەنزوێلا رویدا، بۆمبی مۆلۆتۆڤ بەكارهێنرا، بۆمبەكە بەر ماتۆڕسكیلی پۆلیسێك كەوت و تەقییەوە، بەهۆیەوە ئەو خۆپیشاندەرە ئاگری گرت.
(رۆناڵدۆ شمیدت) وتی: سەركەوتنی وێنەكەی من بەسەر وێنە رۆژنامەوانییەكانی تردا شتێكی ئەرێنییە، چونكە وێنەكەی من سەرنجی جیهان بەلای ئەو ناڕەزایەتیانەدا رادەكێشێت كە لە ڤەنزوێلا هەن، هەرچەند خۆپیشاندانەكان بەو قورساییە نین كە پێشتر هەبوون، بەڵام هێشتا كێشەكان بەردەوامن.

خەڵاتی دووەم بەخشرایە وێنەیەك كە فۆتۆگرافەر (ریان كیلی) لە رۆژی 12ی ئاب لە شاری (شارلوت فیل) لە ویلایەتی ڤێرجینا لە ئەمریكا گرتویەتی، لە وێنەكەدا ئۆتۆمبیلێك خۆی كردووە بەناو ژمارەیەك خۆپیشاندەری نازییە توندڕەوە نوێیەكان و رەگەزپەرەستە سپی پێستەكان سازیانكردووە.

خەڵاتی سێیەم بەخشرایە وێنەیەكی فۆتۆگرافەر (ماسفیكور ئەكتار سوهان)، كە وێنەی ژمارەیەك موسوڵمانی رۆهینگیای گرتووە كە لە كەمپی (لیدا)وە لەسەر گردێكی بەرزەوە لەسەر سنور، تەماشای سوتانی ماڵەكانیان دەكەن لە میانمار، وێنەكە لە رۆژی 9ی ئەیلولی 2017 گیراوە.

خەڵاتی چوارەمیش بۆ وێنەیەك بوو كە فۆتۆگرافەر (ریچارد تسۆنگ تاتارجی) لە رۆژی 18ی حوزەیرانی 2017 گرتویەتی، وێنەكە پیاوێك نیشان دەدات بە ناوی (جۆن تۆمسۆن) كە لە یادی كوژرانی (فیلاندۆ كاستێل)ی هاوڕێی وتارێك دەخوێنێتەوە، لە دۆسیەی كوژرانی ئەو پیاوەدا پۆلیسێك تۆمەتباركرا بە ناوی (جیرۆمینۆ یانیس)، بەڵام دواتر هەموو ئەو تۆمەتانەی لەسەر ئەو پۆلیسە هەڵگیرا كە ئاڕاستەی كرابوون.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand