بەمزووانە هێزەكانی ئەمریكا سوریا جێدەهێڵن ؟

Draw Media

2018-04-08 11:30:47



باربارا بلیت ئاشەر- پەیامنێری بی بی سی، واشنتۆن
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت

ویلایەتە یەكگرتوەكان تەنیا یاریزانێكی سەرەكی نییە لە گۆڕەپانەكانە شلۆقەكەی شەڕدا لە سوریا، بەڵكو یاریزانێكە كە بایەخێكی گەورەشی هەیە.
هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانە لۆكاڵییەكانی كۆنترۆڵی ناوچەیەكی بەرفراوان و گرنگی ستراتیژییان لە بەشی خۆرهەڵاتی سوریا بەدەستەوەیە، ئەگەر بەشێوەیەكی رێژەییش بێت نەك تەواوەتی، شكستیان بەو رێكخراوە هێنا كە لەوێ پێی دەوترێت رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی.
ئەمدواییانە، كۆشكی سپی رایگەیاند هێزەكانی ئەمریكا ئەركەكانیان بۆ لەناوبردنی یاخیبوەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تەواو دەكەن، بەڵام نابێت ئەوە كاتێكی دورودرێژ بخایەنێت. 
ئەوەی تائێستا هەیە ئەمەیە، لەوكاتەوەی كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەستیكردووە بە داڕشتنەوەی سیاسەتی وڵاتەكەی سەبارەت بە سوریا بەشێوەیەكی خێرا، ئەمەش لە رێگەی راگەیاندنی ئەوەی وڵاتەكەی لەوێ دەكشێتەوە " لە زوترین كاتی گونجاودا".
سەرباری سەركەوتی هەڵمەتی سەربازی ئەمریكا لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لەناوبردنی بەشێوەیەكی تەواوەتی وەكو ئەوەی ترەمپ دەخوازێت، خێرا نابێت، بەتایبەتیش كە چەكدارانی رێكخراوەكە بەهێزی خۆیان سەلماندووە.
هاوپەیمانە لۆكاڵییەكەی ئەمریكا كە كوردە، لە شەڕی دژ بە رێكخراوی داعش كشایەوە تاوەكو یارمەتی براكانیان بدەن لە باكوری وڵات، كە روبەڕوی هێرشی هاوپەیمانێكی تری ئەمریكا بونەوە كە توركیایە.
بۆیە لەگەڵ هەڵپەساردنی ئۆپراسیۆنە زەمینییەكان لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە مانگی رابردوودا، كارەكە بەتەواوەتی پڕبووە لە گرێ و گۆڵ.
بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەو ساتەش بێتەپێشەوە كە پێی دەوترێت "سەركەوتن"، وەزارەتی بەگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" دەترسێت كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا بۆشاییەكی مەترسیدار درروستبكات.
رەنگە لە واقیعدا سازشكردن لەو ناوچانەی كە ئەمریكا كۆنترۆڵیكردون بۆ رژێمەكەی بەشار ئەسەدو و هاوپەیمانە روسەكانی وەكو ناپاكییەك بێت لە هاوپەیمانەكانی واشنتۆن لە سوریا، هەروەك ئەوە هەوڵەكانی واشنتۆن نائومێد دەكات بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر رژێمدا دوای جەنگ، كە بەرژەوەندنی واشنتۆن و هاوپەیمانە هەرێمایەتییەكانی بە هەند وەردەگرێت.
لەگەڵ ئەمەشدا ستراتیژیەتی ئەمریكا پەكدەخات بۆ پاڵپشتیكردن لە سەقامگیری ناوچە وێرانبوەكانی شەڕ بە ئامانجی رێگرتن لە گەڕانەوەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمە لەرێگەی فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان كە وا لە ئاوارەكان دەكات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان.
هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئەم بابەتە هاوڕان.
هاوكات كشانەوە رێگە بۆ ئێران خۆش دەكات هەژمونی گەورەی خۆی لە سوریا و ناوچەكە بەگشتی فراوانتر بكات، هەروەها ئاسانكاری دەكات بۆ هەوڵەكانی تاران بۆ دروستكردنی رێگایەكی كۆمەكی وشكانی كە بە عێراقدا دەچێتە سوریا تا دەگاتە هاوپەیمانەكەی لە بەیروت كە حزبوڵایە.
بەڵام ئەمە سەرچاوەی دودڵییەكی مەترسیدارە بۆ ئیسرائیل كە لە بونی سەربازیی ئێران لەسەر سنورەكەی دەترسێت، هەروەها بۆ سعودیەش كە ركابەری گەورەی هەرێمیی ئێرانە.
محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بونی هێزەكانی ئەمریكای لە سوریا بە بەربەستی كۆتایی دژی فراوانخوازی ئێران لە ناوچەكە ناوبرد.
هەڵۆكانی سیاسەتی دەرەوە لە واشنتۆن كە ئاماژەیان بۆ هێرشی ترەمپ كرد بۆسەر رێككەوتنە ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لەخۆڕا قسەیان نەكرد، مارك دوبویتز سەرۆكی جێبەجێكاری دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی وۆل ستریت ژۆرناڵ وتی" ترەمپ ناتوانێ ببێت بە خاوەتی ستراتیژیەتێكی جددی بەرامبەر بە ئێران ئەگەر رێگەی بە ئێرانییەكاندا لە سوریا سەركەون".
پێدەچێت لای ترەمپ هۆكاری قایلكەر هەبن لە پشت ئارەزوەكەی بۆ كشانەوە لە جەنگی ئاڵۆزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە ئەو بەڵێنی ئەوەی داوە.
ئاماژە هەیە بۆ بونی پابەندبونێك سەبارەت بە ئەفغانستان كە كۆتایی نایەت، باوەڕی ئەو سەبارەت بەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان یەدەگی ترلیۆن دۆلاری نییە بۆ دابینكردنی خەرجییەكەی.
ترەمپ وتی ئەو بە سعودییەكانی وتووە كە" ئەگەر دەتانەوێت بمێنینەوە، دەبێت خەرجییەكەی بدەن".
لەڕاستیدا ئەم قسە وەكو ئەوە وایە رێبازی ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا كورتبكرێتەوە بۆ ئەوەی: گرێبەستی بازرگانی كورت مەودا لەسەر ئەوە وەستاوە كە دەكرێت لە كاتی ئێستادا بەدی بهێنرێت، نەك لەسەر بنەمای ستراتیژیەتێكی گشتگیر كە كاریگەر بێت بە بارودۆخی نەرێنی مێژویی و پڕ گرێ و گۆڵ.
بەپێچەوانەی ئەمەشەوە، ریكس تیلەرسۆن وەزیری پێشووی دەرەوە لەڕوی تێڕوانینی دورمەوداوە لێهاتوو بوو.
چەند مانگێك بەر لەوەی ترەمپ دوریبخاتەوە، تیلەرسۆن هۆكارەكانی رونكردەوە كە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكاتە كارێكی پێویست بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا تەنانەت دوای شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیش.
بەڵام تیلەرسۆن ئەم ململانێیەی دۆڕاند، تائێستاش روون نییە ئایا سەركردە سەربازییەكانی تری ئیدارەكەی ترەمپ دەتوانن بیبەنەوە یاخود نا؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand