هەڵبژاردنی هۆڵەندا و هەڵبژاردن لای خۆمان
2025-11-02 17:02:38
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
رۆژی ٤ شەمەی رابردوو، رێکەوتی ٢٩-١٠، هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بۆ پەرلەمان لە هۆڵەندادا، بەڕێوەچوو. ئەو حکومەتەی بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێش ئەم هەڵبژاردنە پێکهێنرابوو، تەنها دوو ساڵ حوکمی کرد و بەهۆی ناکۆکیی ناوەکییەوە، هەڵوەشانەوە. ئەم هەڵبژاردنە تازەیە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حکومەتە هات.
لە هەڵبژاردنەکانی دووساڵ لەمەوپێشدا هێزەکەی خێرت ڤیڵدەرز، پارتی PVV، هەڵبژاردنەکەی بردەوە و بوو بە گەورەترین هێزی سیاسیی وڵاتەکە. ئەم هێزە بوو بە خاوەنی ٣٧ کورسی پەرلەمان لە کۆی ژمارەی کورسییەکان کە ١٥٠ کورسییە. ئەم هێزە هێزێکی ڕاسترەوی پەڕگیرە و هەڵگری گوتارێکی راستیستی ترسناکە. خاڵی هەرەسەرەکیی لە گوتاری هەڵبژاردنەکانیدا دژایەتیکردنی کۆچبەران و هێرشکردنە سەر ئیسلامە. سەرجەمی کێشە گەورەکانی وڵاتەکەش دەخاتە ئەستۆی کۆچبەران و ئیسلامیش وەک هەڕەشەیەکی ترسناک بۆسەر وڵاتەکە، نمایشدەکات. (ژمارەی موسڵمانەکان لە هۆڵەندا، ئەوانەی تەمەنیان لە سەروی ١٥ ساڵەوەیە، تەنها ٦%، شەش لە سەدی ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندایە).
ئەو حکومەتەی دوو ساڵ لەمەوبەر دروستکرا نەیتوانی ٤ ساڵ تەواوبکات، چونکە هێزەکەی خێرت ڤیلدەرز لە حکومەتەکە کشایەوە بە تەماحی ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا کورسیییەکانی زۆر زیاتر بکات لەو ٣٧ کورسییەی کە هەیبوو. هەموو راپرسییەکان هێمایان بۆ ئەوەدەکرد کە ئەم هێزە کورسییەکانی زۆر زیاتر دەکات و بە ئاسانی دەبێتەوە گەورەترین هێزی سیاسیی هۆلەندا. خێرت ڤیڵدەرز دەیوسیت زۆرینەی دەنگەکان بهێنێت و بتوانێت بە تەنها حوکمڕانی بکات و خۆیشی ببێت بە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە.
لەبەرئەمەبوو رۆژی ٤ شەمەی رابردوو هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجامدرا. بەڵام ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە شەپازلەیەکی گەورەبوو لە روخساری خێرت ڤیڵدەرز و هێزەکەی. لەم هەڵبژاردنەدا ئەو هێزە ژمارەی کورسییەکانی لە ٣٧ کورسییەوە بۆ ٢٦ کورسی دابەزی. هاوکات پارتی دیموکراتە لیبرالەکان، پارتی D66، ژمارەی کورسییەکانی لە ٩ کورسییەوە بەرزبووەوە بۆ ٢٦ کورسیی و بوو بە براوەی هەڵبژاردنەکە و گەورەترین پارتی سیاسیی لە هۆڵەندادا.
لە رووی سیاسییەوە هۆڵەندا وڵاتێکە بەسەر سێ بەرەدا دابەشە: بەرەی چەپی پێشکەوتنخواز، بەرەی ناوەڕاست و بەرەی ڕاستڕەوی پەڕگیر. پارتی D66 سەر بە بەرەی ناوەڕاستە. پارتی D66، بە تایبەتی سەرۆکەکەی، لیبرالێکی سۆشیالە، واتە هەم لیبرالە بە مانا سیاسییەکەی و هەم دژ بە رووە تاریکەکانی جیاوازیی چینایەتیی و کۆمەڵایەتیی، واتە دژ بە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتییە. D66 بەرگریکەرە لەو بییرۆکەیەی کە پێویستە هەموو دانیشتوانی وڵاتەکە، بەبێ گوێندانە پاشخانی دینیی و ئەتنیی و کۆمەڵایەتییان، هەمان ئەگەری یەکسانیان لەبەردەمدا بێت. هاوکات سەرکردەی ئەم پارتە پێی وایە بەبێ بوونی ئایدیالی گەورە و بەبێ وێناکردنی سیاسەت وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاریی، لیبرالیزمی سۆشیال، ناتوانێت بژیی و کاربکات. زۆرێک لە دیدگایانەی D66 دیدگایەکی چەپگەرانەیە و لە گوتاری سۆشیال دیموکراتەکان نزیکە.

هۆڵەندا خاوەنی چینێکی ناوەندی گەورەیە کە بڕیاردەری سەرەکیی هەڵبژاردنەکانە، ئەم چینە زۆربەیجار لە ناوەندی کایەی سیاسیدا نیشتەجێیە، واتە نە خوازیاری دروستبوونی هەزێکی راسترەوی پەرگیریی راسیستییە، نە سەر بە دیدگای هێزە چەپەکانە کە بەرگریکەری ژمارە یەکی بەشە نەدار و هەژار و کەم دەرامەتەکانی ئەم وڵاتەیە.
دیموکراتەکانی ٦٦، D66، بە تایبەت ئەم سەرۆکەی ئێستایان، باوەڕیان بە دوو شتە. لەسەرێکەوە یەکێتیی میلەتی هۆلەندا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. لەسەرێکی دیکەوە، باوەڕبوون بەوەی ئەم یەکێتییە مانای هاوشێوەبوون و لەیەکتریچوونی هەمووان لە هەمووان نییە، بەڵکو مانای داننان بە پلورال بوون و جیاوازبوون و لێکنەچوونە. بۆیە نابێت کەمایەتییە دینیی و ئەتنییە جیاوازەکان لەسەر دین و ئەتنیەتیان پەلاماربدرێن، کارێک کە هێزەکەی خێرت ڤیلدەرس نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەنجامیئەدات. هێزەکەی ڤیڵدەرس کۆمەڵگاکە بە شێوەیەکی شاقوڵیی دابەشدەکات بۆ هۆڵەندیی پاکژ و ئەسڵى، بەرامبەر بەوانەی بە بێگانە و ناپەسەند، ناونوسیان دەکات.
لەم هەڵبژاردنەدا بەشی هەرەزۆری هێزە سیاسییەکانی هۆڵەندا هێزەکەی خێرت ڤیڵدەرزیان بەوە تاوانبارکرد کە بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنان و گەشەدانە بە «سیاسەتی رق» و «پارچەپارچەکردنی وڵاتەکە»، «ترسناندن و توڕەکردنی بەردەوامی خەڵک»، «گەورەکردنی بەدگومانیی بەرامبەر بە دەوڵەت و دەزگا دیموکراسییە سەرەکییەکان»، «پێشێلکردنی مافە دەستورییەکان و پرنسیپە سەرەکییەکانی سیستمی دیموکراسیی»، «جنێودان و پەلاماردانی نەشیاوی کەسانی تر»، «دژایەتیکردنی ئەوروپای یەکگرتوو» هتد..
وەک زۆربەی جار لە هۆڵەندادا رووئەدات، لەم هەڵبژاردنەشدا هیچ هێزێک زیاتر لە ٢٠% دەنگەکانی نەهێناوە، بۆیە دروستکردنی حکومەت پێویستی بە بەشدارکردنی زیاد لە هێزێکە بۆئەوەی بتوانن زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بکەن. خاڵی هەرە گەشیی ئەم هەڵبژاردنە کۆتایهێنانە بە دەسەڵاتی راسترەوە پەرگیر و راسیسییەکان. ئێستا هۆلەندا لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان ئەگەری دروستکردنی حکومەتێکی ناوەندگری روو لە چەپ، یان حکومەتێکی ناوەندگری روو لە ڕاست. لە هەردوو دۆخەکەدا ئەوەی رووئەدات کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی راسترەوە پەرگیرە راسیستەکان. ئەم هێزە ئەگەرچی ٢٦ کورسی پەرلەمانی هێناوە، بەڵام هیچ هێز و پارتێکی سیاسیی هۆلەندا، نایانەوێت لەگەڵ ئەو پارە راسیستەدا حوکمڕانبن. واتە هەموویان بایکۆتی سیاسیی ئەو هێزەیان کردوە.

هۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتە دیموکراسییە پێشکەوتوەکانی جیهان، تەمەنی دیموکراسیەت لەم وڵاتەدا نزیکەی دوو سەدەیە و چەندان هێزی جیاواز لە ململانێدان بۆ بردنەوەی باوەڕی خەڵک و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا. بەڵام وەک هەر کۆمەڵگایەکی دیکە رووبەڕووی چەندان کێشەی هەمەجۆر بووەتەوە. لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا ئەم کێشانە کێشە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکە بوون.
یەکەم، قەیرانی شوێن و کێشەی نیشتەجێبوون. هۆڵەندا پێویستی بە نزیکەی یەک ملیۆن خانوی تازە هەیە، بۆ جێکردنەوەی خەڵکەکەی، بە تایبەتی بۆ ئەوە نەوە گەنجانەی ناچارن لە ماڵی باوک و دایکیاندا بمێننەوە و نەتوانن شوێنێکی گونجاو بۆ ژیانێکی سەربەخۆ بدۆزنەوە.
دووهەم، کێشەی داهاتی تاکەکەس و مەسەلەی بەرزکردنەوەی لانی هەرەکەمی کرێی کارکردن، لە هەلومەرجێکدا نرخی کاڵاکان لە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامدان. ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی کەسانێکی هەژار کە توانای دابینکردنی تێچونەکانیان نییە.
سێهەم: کێشەی کۆچبەران و سیاسەتی وەرگرتنی پەناهەندە لە وڵاتەکەدا. لە راستیدا ئەم کێشەیە یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەکانی پێشوتریش بوو، بە تایبەتی لە لایەن هێزە راسترەوە پەڕگیرەکانەوە. لەسەر ئەم مەسەلەیە ناکۆکییەکی بەرچاو لە نێوان پارتە سیاسییە جیاوازەکاندا هەیە و هەبووە. بۆ نموونە، ناکۆکی لەسەر ژمارەی کۆچبەران، لەسەر سیاسەتی گەڕاندەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان، لەسەر چۆنیەتی دابەشکردن و بڵاوکردنەوەیان لە وڵاتەکەدا، لەسەر سیاسەتی وەرنەگرتن و داخستنی سنوورەکان.
چوارهەم: مەسەلەی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و کەمی کارمەندان لەم بوارەدا. هەروەها رێگرتن لە بەرزبوونی نرخی دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە و دەستنەگەیشتنی بەشێکی کۆمەڵگاکە، پێیان. جیاکردنەوەی دابینکردنی ئەم خزمەتگوزاریانە لە لۆژیکی بازار و قازانج و زیانکردن.
پێنجەم: مەسەلەی ژینگە و کەشوهەوا و کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و پاراستنی سروشت.
شەشەم: سیاسەتی باج و کەشوهەوای بازرگانیی و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئابووریی و سەقامگیریی بازاڕی خانووبەرە.
هەر پارتێکی سیاسیی دیدگا و سیاسەتی تایبەتی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کێشانە هەیە. ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە نیشانیداین، دووشتە. یەکەم پشتکردنە چارەسەری هێزە چەپەکان بۆ ئەو مەسەلانە. دووهەم پشتکردنە چارەسەری هێزە راسترەوە پەرگیر و راسیستییەکانیش.
لە کۆتاییدا دەمەوێت شەش سەرنج لەسەر ئەم هەڵبژاردنە، بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردن لای خۆمان، بخەمەڕوو.
یەکەم، دەنگدان لەم وڵاتەدا دەنگدان نییە بەم یان بەو پارتی سیاسیی، بەڵکو دەنگدانە بە بەرنامە و ئەو کێشانەی ئەو پارتە بە کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگاکەیان دەزانێت و بە پلان و شێوازی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. شتێک لە هەڵبژاردنەکانی لای ئێمەدا وونە و بوونی نییە.
دووهەم، دەستگۆڕکێی دەسەڵات و تاپۆنەکردنی حوکمرانیی لەسەر هیچ هێز و گروپێک.
سێهەم، نەبوونی تەزویر و فشار و ترس و تۆقاندن و هەڕەشە لە دەنگدەران. نەبوونی دیزاینی پێشوەختە.
چوارەم: ڕێژەی گەورەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکەدا، کە لە ٨٠ لە سەد نزیکدەبێتەوە.
پێنجەم، وازهێنانی سەرۆکی سۆشیال دیموکراتەکان و جێهێشتنی پێگەکەی بۆ کەسێکی دیکەی ناو پارەتەکە. دوای کۆتایی هەڵبژاردنەکان و ژماردنی سەرەتایی دەنگەکان ئەم سیاسییە هاتە قسە و ووتی من نەمتوانی پارتەکەمان بکەم بە گەورەترین پارتی هۆڵەندا و دەنگی دەنگداران رابکێشم، لەو کارەدا سەرنەکەوتم، بۆیە واز لە سەرکردایەتی دەهێنم و تەسلیمی نەوەی دوای خۆمی دەکەم.
شەشەم، نزیکەی چل هەزار کەس کارتی دەنگدانەکانیان بە سپێتیی خستۆتە ناو سندوقەکانەوە، واتە دەنگیان بە هێز و لایەنێک نەداوە. واتە ئەمانە بەشداربوون لە دەنگدانەکەدا بەڵام دەنگیان بەکەس نەداوە. واتە بایکۆتیان نەکردوە.
