Draw Media

پەرلەمان سوێند دەخوات

پەرلەمان سوێند دەخوات

2024-12-01 14:12:35



(درەو):
(بەخودای گەورە سوێنددەخۆم، كە بەرژەوەندی گەلی كوردستان و یەكێتی گەل و شكۆو ماف و ئازادییەكانی هاوڵاتیان و سامانی گشتیی بپارێزم و ئەركی ئەندامیەتیی بەڕاستیی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بكەم) سبەینێ كاندیدە هەڵبژێردراوەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەیان (100) كەسە، ئەم سوێندە دەخۆن و ئیتر لەدوای سوێندەكەوە دەبن بە ئەندامی پەرلەمان و هەموو ئەرك و مافێكی ئەندامێتییان دەكەوێتەسەر هەر پەرلەمانتارێك (8) ملیۆن و (3) پاسەوان و خانوو یان شوقەیەك وەردەگرێت.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەگەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو (بەبێ پاساوی رەوا) لەماوەی دانیشتنی یەكەمەوە تاوەكو 30 رۆژ ئەم سوێندە نەخوات، ئەوا ئیتر مافی سوێندخواردنی نامێنێت، واتا نابێت بە پەرلەمانتار.

مافەكانی پەرلەمنتاری كوردستان
•    دوای تەواوبوونی خۆی پەرلەمان بۆی هەیە بگەڕێتەوە بۆ وەزیفەو سەرپشكە لەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمان یاخود موچەكەی تری وەربگرێت، بەپێی یاسای چاكسازی دەتوانێت موچەی خانەنشینی پەرلەمان رەتبكاتەوەو وەرینەگرێت.
•    ماوەی ئەندامێتییەكەی (4 ساڵی پەرلەمانتاربوون) بۆ مەبەستی سەرەموچەو پلەبەرزكردنەوە (ترقیە)و خانەنشینیی هەژمار دەكرێت.
•    لە هەر وەرزێكی یاساداناندا مافی 15 رۆژ مۆڵەتی هەیە، بەسەریەكەوە بێت یاخود پچڕ پچڕ.
•    پەرلەمانتار دەتوانێت مۆڵەتی نەخۆشیی بەپێی رێكارەكان وەربگرێت.
•    پەرلەمانتار ئەگەر لەكاتی پەرلەمانتاریدا كۆچی دوایی بكات، موچەی خانەنشینیی بۆ میراتگرەكانی تەرخان دەكرێت.
•    فراكسیۆن یاخود ئەندام ئەگەر لەبەر هەڵوێستێكك بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان بكات، بەئامادەنەبوو هەژمار ناكرێن.
•    هەریەكە لە دەستەی سەرۆكایەتیی و ئەندامانی پەرلەمان موچەو دەرماڵەی مانگانە وەردەگرن.


موچەی دەستەی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانتاران
•    (100) پەرلەمانتار لە سبەینێوە موچە وەردەگرن.
•    موچەی پەرلەمانتارێك (8 ملیۆن و 83 هەزار ) دینارە
•    موچەی (100) پەرلەمانتار دەكاتە (808 ملیۆن) دیناری مانگانە.
•    هەر پەرلەمانتارێك شوقەیەك لە پاك سیتی یان خانوویەك لە گوندی ئیتالی یەك وەردەگرێت بۆ چوار ساڵی پەرلەمانتاری.
•    هەرپەرلەمانتارێك سایەقێك و دوو پاسەوانی بۆ دابین دەكرێت.


ئەركەكانی پەرلەمانتار
•    ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئەگەر بەبێ هۆیەكی رەوا ئامادەی دانیشتنەكان نەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بە نوسین سەرەنجی رادەكێشێ، ئەگەر ئامادەنەبوونی دووبارەبووەوە 5%ی موچەكەی لە هەر دانیشتنێك كە ئامادە نەبێ دەبڕێت، سەرباری پارە بڕین ئەگەر سێ دانیشتنی یەك لەدوای یەك یاخود 5 دانیشتنی پچڕ پچڕ ئامادە نەبێت، ئامادەنەبوونەكەی لە سایتی پەرلەمان بۆ بڵاودەكرێتەوە، خۆ ئەگەر ئامادەنەبوون هەر بەردەوام بێ، سەرۆكی پەرلەمان بابەتەكە بخاتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمان متمانە لەو ئەندامە وەربگرێتەوە.
•    لە رۆژی سوێندخواردنەوە وەكو پەرلەمانتار، ئەندام بە دەستلەكاركێشاوە لە كارەكەی پێشووی دادەنرێت و پێویستە پەیوەندی بە كاری پێشووی خۆیەوە ببڕێت و خۆی بۆ پەرلەمانتاری تەرخان بكات.
•    پەرلەمانتار لەماوەی كارەكەیدا نابێت خۆی یان لەرێگەی كەسانی ترەوە گرێبەست لەگەڵ پەرلەمان یاخود حكومەت بكات، نابێ سیفەتی ئەندامێتیی پەرلەمان بقۆزێتەوە بۆ كاری بازرگانیی و دارایی.
•    نابێت پەرلەمانتار دەست لە كاروبارەكانی هەریەك لە دەسەڵاتەكانی (دادوەریی) و (جێبەجێكردن) وەربدات، تەنها لە چوارچێوەی پسپۆڕیەتی یاسادانان و چاودێریی نەبێت.
•    نابێت پەرلەمانتار كۆكردنەوە بكات لەنێوان ئەندامێتیی پەرلەمان و ئەندامێتیی ئەنجومەنێكی دیكە لە ئەنجومەنی هەڵبژێردراوەكان.
•    ئەگەر پەرلەمانتار پۆستی وزاری وەرگرت، بە دەستلەكاركێشاوە لە ئەندامێتیی پەرلەمان هەژمار دەكرێت.

پەرلەمانتارو پارێزبەندیی
جگە لەو مافانەی كە دوای سوێندخواردن وەریدەگرێت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان (پارێزبەندیی) وەردەگرێت.
پارێزبەندیی بەمشێوەیە:
•    لەرۆژی سوێندخواردنەوە، پەرلەمانتار پارێزبەندیی پەرلەمانیی دەبێت و ناتوانێ بەبێ مۆڵەتی پەرلەمان تەنازولی لێ بكات.
•    پەرلەمانتار ئازادی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی هەیە لەكاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانیدا، بەڵام دەبێت رەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم بكات.
•    بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان، پەرلەمانتار راوەدوو (ملاحقە)و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ناكرێت، نابێ ماڵ و نوسینگەكەی پشكنینی بۆ بكرێت یاخود دەستگیر بكرێت، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت كە تاوانێكی بینراوی ئەنجام دابێت.
•    هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی دانیشتنی پەرلەمان دەبێت.

 


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand