چی غائیبە؟

Draw Media

2024-09-15 13:00:21



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

سەرجەمی میدیاکاران و کادرە دڵسۆزەکانی حیزب، ھەم حیزبە حوکمڕانەکان و ھەم ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، خۆیان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەم جارە ئامادەدەکەن. ئەم سوپا تایبەتەی حیزب خەریکە دێتەوە قسەکردن، لە میدیاکاندا دەردەکەوێت، لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی حیزبدا دەنووسێت، لەسەر لاپەرەکانی سۆشیال میدیا و دونیای دیگیتاڵیدا خۆی و حیزبەکەی نمایشدەکات. زۆرینەشیان کۆمەڵێک قسە بە گوێی کۆمەڵگاکەدا ئەدەن مرۆڤ گومان لەوە دەکات تەنانەت خودی ئەو میدیاکار و کادرە حیزبیانە خۆیشیان، باوەریان پێیبێت.  
 پێموایە زۆرینەی ھەرە زۆری ئەوانەی لەم شانۆگەرییە خراپەی بانگێشەکردنەوە ئاڵاون، ئەو راستییە سادەیە دەزانن کە کۆی ھێزەکانی ناو ئەم حوکمڕانییە، بە تایبەتی پارتە خێزانییە دەسەڵاتدارەکان، ھێزی  بێدونیابینیی و بێبەرنامە و بێخواستی ریفۆرم  و بێھیچ پەیوەستبوونێکی یاسایی و ئەخلاقین بە خەمی گشتیی کۆمەڵگاکەوە. ئەوەی حوکمڕانان دەجوڵێنێت خەمی تەسکی نوخبەویی و خێزانیی و بنەماڵەییە، کە تەوریسی دەسەڵات و تەوریسی پارە و تەوریسی گەندەڵیی و تەوریسی دەستگرتن بەسەر ھەموو وڵاتەکەدا، کرۆکەکەیەتی.

ئەوەی لەم سەرەتای بانگێشکردنانەدا تێبینی دەکرێت ھێرشبردنی ھەمەلایەنەی ھەموو ئەو ھێزانەیە بۆسەر یەکتری، بە زمانێک پڕ لە سوکایەتیی و تەشھیری سیاسیی و ئەخلاقیی کە خاڵی سەرەکی تیایدا تاوانبارکردن بە خیانەت و شکاندنی ئەم ھێزە بۆ ئەویتریانە، بە زمانێکی بازاڕیی. نووسەرێکی سەر بە پارتی بەم زمانە لە قسەکردنیدا لەسەر یەکێتی و پارتی دەڵێت ”یەکێتی مریشک“ و ”پارتی ھەڵۆ“یە، و ھەڵۆ ئەتوانێت وەک ”مریشک نزم بفڕێت“ بەڵام مریشک ناتوانێت وەک ”ھەڵۆ بەرز بفڕێت“. نووسەرەکانی سەر بە یەکێتیش بە ھەمان زمان وەڵامی ئەمجۆرە قسانەی نووسەرەکانی پارتی، بە قسەی خراپتر و سووکتر، دەدەنەوە و بە یەکیشەوە و بەھاوبەشیی زمانێک دروستدەکەن کە سوکایەتپێکردن و گاڵتەجاڕی ژێرخانە ئەخلاقییەکەی دەستنیشاندەکات.
بێگومان ئەم زمانە ناشیرینە مێژووی ھەیە، بەشێکە لەو گوتارە سیاسییە دوژمنکارانەی کە ئەم ھێزانە لە مێژووی خۆیاندا، بەرھەمیانھێناوە. ئەوەی لە ئێستادا گۆڕاوە خەستکردنەوەی زیاتر و زیاتری ئەم زمانە و بوونی پێگە و ئامرازی زیاتری بڵاوبوونەوەیەتی بەناو کۆمەڵگاکەدا.

 بە دیوی ئەودیویشدا زمانی ئیسلامییەکان لە ئارادایە، بە باڵ و مەزھەب و فیرقە جیاوازەکانیانەوە. ئەوەی بەشی ھەرەزۆری ئیسلامییەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە ئەو ھێرشە بەردەوام و بێناوەرۆکە پڕ لە ھەڵەی فیکریی و مەنھەجییەیە، کە دەیکەنە سەر عەلمانیەت. ”بڕوخێ عەلمانیەت“ دروشمی یەکێک لە بکەرە دینییە ناسراوەکانیانە. لەم ھێرشەدا ئیسلامییەکان ئەو ھەستە لای دەنگدەری کوردستان دروستدەکەن کە خراپی سیستمە حوکمڕانییەکەی کوردستان و خراپییەکانی پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی حوکمڕان، پەیوەندی بەوەوە ھەیە ئەوان دوو ھێزی عەلمانین. خرپەکارییەکانیان لە عەلمانیبوونیانەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەگەر ئەوان عەلمانی نەبوونایە و وەک ھێزە ئیسلامییەکان ئیسلامیی بوونایە، ئەوا کوردستانیان دەکرد بە بەھەشت. بێگومان ئەم دیدگایە نەک تەنھا دیدگایەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەڵە و ھەڵخەڵەتێنەرە، نەک تەنھا فۆرشتنی حیکایەتێکی ھەڵە و بێناوەرۆکە بە کۆمەڵگاکە، بەڵکو ھەڵەیەکی ئەخلاقیی گەورەشە بەو مانایەی درۆی سیاسیی و دینییی و لێکدانەوەی ھەڵە و ناڕاستی دۆخەکە، بەناوی ڕەخنەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە، بە کۆمەڵگاکە دەفرۆشن. بەمەش ڕێ لە کەمترین ئەگەری دەسکاریکردن و گۆڕانی ڕاستەقینەی دۆخەکە دەگرن و ھەموو ھەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی دۆخێکی جیاوازتر، لەگۆڕ دەنێن.
ئیسلامییەکان پەنا بۆ تاکتیکێکی دینیی دیکەش دەبەن کە بەھۆیەوە دەیانەوێت و ھەست و نەستی بەشە دیندارەکەی کۆمەڵگاکە بە جۆرێک بجوڵێنن، بتوانن بەلای خۆیاندا ڕایبکێشن. ئەمەش لەسەر بنەمای نیشاندانی بەرنامە و ستراتیژ و پلانێکی سیاسیی تۆکمە نا کە بتوانێت قەناعەت بە خەڵک بکات ئەو پلانە دۆخی حوکمڕانیەکە دەگۆڕێت، بەڵکو لەسەر گرێدانی پێگە سیاسییەکانی خۆیانەوە بە خودا و پێغەمبەر و کەلەپوری دێرینی ئیسلامەوە وەک دین. ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی وای نیشانئەدەن کە ئەوان درێژکراوە و بەرجەستەکەری ئیرادەی خودا و پێغەمبەرکەی ئیسلامن. بۆیە دەنگدان بەوان تەنھا دەنگدانێکی سیاسیی نییە، بەڵکو واجبێکی دینیشە. دەنگنەدان بەوانیش، دیسانەوە ھەڵوێست و کردەیەکی سیاسیی نییە، بەڵکو دەچێتە قاڵبی کوفر و گومڕایی و بێدینییەوە، کە لە دەنگەدەرەکان لە دوای مردن و لە قیامەتدا تووشی لێپرسینەوەی خودا و پێغەمبەرەکەیان، دەکات.
بەشێوەیەکی گشتیی دین لەم ھەڵبژاردنەدا گۆڕاوە بۆ یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ھەڵبژاردنەکە.
کردنی قسەی سۆزداری دینیی و خۆنمایشکردنی ھێزەکان و کەسەکان وەک ھێز و کەسایەتیی دینیی، ھێرشی توندو ھەمەلایەنیش بۆسەر ھەر دیدگایەک دینیی نەبێت، بەشێکی بەرچاوی دۆخەکەیە. وێناکردنی ڕكابەرەكان وەک کەسانی دوور لە دینەوە ستراتیژێکی سەرەکیی بانگەکەشەکەیە، بۆیە ھەمووان لە ھەوڵی ئەوەدا خۆیان وەک موسڵمان و دینداریی عەیار ٢٤ نیشانبدەن. مەسەلەکە تا ئەو شوێنە ڕۆیشتوە نێچیرەوان بارزانی ڤیدیۆی دەیان ساڵ لەمەوبەری خۆی بڵاوبکاتەوە کە تیایدا وادەردەکەوێت گۆرانی بۆ مەولودی پێغەمبەر دەڵێت. وەک ئەوەی ئەو گۆرانییە رێگایەک بێت نەک تەنھا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ خۆی و بۆ حیزبەکەی، بەڵکو ئەستۆپاکییەکی دینیشی پێببەخشێت کە رزگاریبکات لە بەرپرسیارکردنی بەرامبەر بە دۆخی خراپی حوکمڕانیی لە ھەرێمەکەدا. ئینجا سەردان لە بنکە دینییەکان و بەشداریكردن لە بۆنە دینییە تایبەتەكاندا، رێکخستنی ڤێستیڤاڵ و کۆبوونەوەی دینیی، ھەموویان بەشێکن لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ئەمجارە، بە شێوەیەک زۆر زیاتر و گەورەتر لە ھەڵبژاردنەکانی پێشو.  


بە مانایەک لە ماناکان ئەم ھەڵبژاردنە دۆخێکی دروستیکردووە ھەمووان ببن بە دیندار و دینداریەکەشیان لە فۆرمێکی شانۆییدا بە ھەمووان نیشانبدەن. ھەمووان دەیانەوێت وەک موسڵمانی مولتەزیم ببینرێن، بەڕادەیەک سەریان بچێت نوێژ و ڕۆژوویان ناچێت. ھەریەکێکیشیان چەندەھا جار عەمرە و حەجیان یان کردوە یان دەیکەن. بۆیە لەیەککاتدا ھەم حاجین و ھەم ئەندام پەرلەمان، ھەم حاجین و ھەم سیاسیی، ھەم حاجین و ھەم سەرۆک و حوکمڕان.
ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا ھیچ کۆمەڵگایەکی عەقڵانی ئەم شتانەی لە حوکمڕانەکانی ناوێت. گرنگ نییە حوکمڕان دینیی ھەیە یان نیەتی، کام دینی ھەیە یان کامیانی نییە. ئەمانە مەسەلەی شەخسی حوکمڕانەکە خۆیەتی. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئایا ئەو حوکمڕانییە حوکمڕانییەکی دادپەروەر و بەرپرسیارە یان نا؟ ئایا لەباتی ئەوەی حوکمڕان وەک شەخس، یاسا سەروەرە و حوکمدەکات؟ کام یاساش سەروەرە، یاسایەک مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت وێنا و مامەڵەبکات، یان وەک ڕەعیەتێکی سیاسیی و دینیی ترساو؟ ئایا کایەی سیاسەت و حوکمڕانیی کراوەیە بەڕووی ھەموو منداڵان و لاوان و گەنجان و بەتەمەنانی کۆمەڵگاکەدا، یان تاپۆکراوە لەسەر ئەم یان ئەو خێزان و بنەماڵەی سیاسیی و لەسەر منداڵ و منداڵی منداڵەکانیان؟
گرنگ نییە حوکمڕان نوێژ و ڕۆژو دەکات یان نایکات، ئەمانە وەک وترا مەسەلەی شەخسیی و تایبەتی ئەون، ئەوەی گرنگە ئەنجامدانی ئەرکە سەرەکییەکانیەتی حوکمڕانییە وەک حوکمڕانییەکی باش، کە بریتین لە دەستەبەرکردنی دادپەروەریی و ئاسایش و گەشەکردنی کۆمەڵایەتیی، دەستەبەرکردنی ماف و بەپرسیارێتی یەکسان بۆ ھەمووان. مامەڵەکردنی کۆی دانیشتوانی کۆمەڵگاکەیە، بە دیندار و بێدینییەوە، وەک ھاوڵاتی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی و خاوەن کەرامەتی، یەکسان.  
بە کورتییەکەی، ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەدا لەناو عەقڵیەتە سیاسیی و دینییە باڵادەستەکەی ئێستادا غائیبە ئەو عەقڵانیەتە سیاسییە یەکسانخوازەیە، کە باسیدەکەم. نەبوونی ھێزێکە روانینی بۆ دەوڵەت روانینێکی ھاوچەرخ و زانستیانەبێت، ڕوانینی بۆ سیاسەت بەھەمان نەزم ڕوانینێکی ئەمڕۆیی و عەقڵانی بێت، ڕوانینی بۆ حوکمڕانییش ڕوانینێک بێت لەباتی رەعیەتی سیاسیی و دینیی ملکەچ، خەریکی دروستکردن و بەرھەمھێنانی ھاوڵاتی یەکسانی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت و خاوە را و ئیرادەی سەربەخۆ بێت.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand