دەنگی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی (2018 ، 2021)دا

Draw Media

2024-09-13 20:12:58



راپۆرتی: درەو
 

🔻 دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە دواین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان (2018)ەو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان و هەورامان)؛
🔹 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی (2018) یەکێتی زۆرترین ژمارەی دەنگەکانی بازنەکەی بردووەو (8 هەزار و 839) دەنگی بەڕێژەی (24.46%) بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) سەرەڕای گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، پلەی دووەمی هەبووەو دەنگەکانی دابەزیوە بۆ (5 هەزار و 228) بەڕێژەی (21.79%).
🔹 یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (2018)دا (7 هەزار و 545)ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (20.88%) لە دوای یەکێتییەوە هاتبوو، بەڵام لە ساڵی (2021)دا پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (29.28%).

پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە لە دوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
1.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (2018) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە
بەگوێرەی داتاکانی بەردەست لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی یەکەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان پلەی یەکەمی گرتووە و (8 هەزار و 839) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (24.46%).
-    (یەکگرتوو و بزوتنەوە)ی ئیسلامی پلەی دوومیان گرتووە و (7 هەزار و 545) دەنگیان بەدەستهێناوە، ، بە ڕێژەی (20.58%).
-    کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری) لە پلەی سێیەمدا بووەو (6 هەزار و 422) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (17.77%).
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (5 هەزار و 214) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.43%).
-    بزوتنەوەی گۆڕان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (5 هەزار و 75) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.04%).
-    نەوەی نوێ پلەی شەشەمی گرتووە و (3 هەزار و 36) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (8.04%).
 


2.    ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2021) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە
بەگوێرەی داتاکانی بەردەست لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی دووەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
-    یەکگرتووی ئیسلامی پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە، ، بە ڕێژەی (29.28%).
-    هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) _تەنها یەکێتی کاندیدی هەبووە_، پلەی دووەمیان گرتووە و (5 هەزار و 228) دەنگیان بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (21.79%).
-    کۆمەڵی دادگەری لە پلەی سێیەمدا بووەو (4 هەزار و 858) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (20.25%).
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (3 هەزار و 477) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.49%).
-    نەوەی نوێ پلەی پێنجەمی گرتووە و (3 هەزار و 396) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.16%).

 


 
پارێزگای هەڵەبجە لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، و دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (136) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (62 هەزار و 584) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 5) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (3 هەزار و 579) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand