حكومەتی خۆجێی كەركوك چۆن دروستدەكرێت ؟

Draw Media

2024-07-10 08:41:14



راپۆرت: درەو
دوای نزیكەی حەوت مانگ لە هەڵبژاردن، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بكات، ئەم كۆبوونەوەیە سەرەتای گۆڕانكاری دەبێت لەو هاوكێشە سیاسییەی كە دەرەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2005 لە كەركوك جێگیری كردووە، كۆبونەوەی سبەینێ زیاتر بۆ دەستبەكاربوونی ئەندامانی نوێیە، بەڵام فشار لەسەر لایەنە براوەكان دروست دەكات بەشێوەیەكی خێرا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان بگەنە رێككەوتن، چونكە بەپێی یاسای بەركار دەبێت لە یەكەم كۆبوونەوەدا سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردرێت. لەڕووی یاساییەوە ئیدارەی خۆجێی كەركوك چۆن دروست دەكرێت ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. 

سودانی بڕیاریدا
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سبەینێی وەكو وادەی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكرد. ماوەی نزیكەی حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق تەواو بووە، بەڵام كەركوك هێشتا ناكۆكی تێیدایەو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی رێكنەكەوتوون، ئەمە لەكاتێكدایە لەدوای هەڵبژاردنەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق چوارجار لایەنەكانی لە بەغداد كۆكردوەتەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن. 
لەكاتێكدا سبەینێ بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگا یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بكات، هێشتا هیچ ئاماژەیەك بۆ رێككەوتنی نێوان لایەنە براوەكان لەبەردەستدا نییە، بۆیە پێدەچێت كۆبوونەوەی سبەینێ تەنیا وەكو دەستبەكاربوونی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی پارێزگا بێت. 
لەماوەی رابردوودا، ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردی تەنیا ئەوە بوو بتوانێت لەلایەنە براوەكانی لەناو ئیتئیلافێكدا كۆبكاتەوە بەناوی ئیئتیلافی (ئیدارەی كەركوك)، كە ئەمەش لە ناوی ئیئتیلافی (ئیدارەی دەوڵەت)ەوە وەرگیراوە كە لایەنە بەشدارەكانی كابینەی حكومەتی سودانی لەخۆدەگرێت.
ئەوەی تائێستا هەیەو هەڵوێستی فەرمییە، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن داوای وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار دەكات، كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە لەدەستیداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجی هەیەو دەڵێ: پارێزگار دەبێت كورد بێت، بەڵام كوردێكی (بێلایەن). لایەنە عەرەبی و توركمانییەكانیش بە هەندێك جیاوازییەوە داوای ئەوە دەكەن پۆستی پارێزگار بە (نۆرە) بێت، هەر ماوەیەك و لای یەكێك لە پێكهاتەكان بێت. 

نه‌خشه‌ی سیاسی كه‌ركوك دوای هه‌ڵبژاردن
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كە 18ی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو، كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی (15 كورسی گشتیی+ 1 كورسی كۆتای مه‌سیحی) به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شكرد به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا: 
•    یەكێتیی: 5 كورسی
•    هاوپەیمانی عەرەبی: 3 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ (راكان جبوری) پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، هەریەكە لە پرۆژەی عەرەبی خەمیس خەنجەرو كەرامە‌و یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان لەخۆدەگرێت‌)
•    بەرەی توركمانی: 2 كورسی
•    پارتی: 2 كورسی
•    قیادە: 2  كورسی (ئه‌مه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكات‌و هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی ‌و (سیادە)ی خه‌میس خه‌نجه‌ر لەخۆدەگرێت)‌
•    عروبە: 1 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ وه‌سفی عاسی سه‌رۆك هۆزی عوبێد سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و هاوپه‌یمانی عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕائی و به‌ره‌ی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی له‌خۆده‌گرێت)
•    بابلیۆن: 1 كوسی "كۆتا"ی مه‌سیحی (ره‌یان كلدانی له‌چوارچێوه‌ی ریككه‌وتنێكداو به‌ پشتیوانی یه‌كێتیی ئه‌م كورسییه‌ی برده‌وه‌)
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ئه‌نجامه‌و به‌گوێره‌ی رێوشوێنه‌كانی یاسای ژمارەی (10)ی ساڵی 2018ی هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو جێگره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارێزگارو دوو جێگره‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێن.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن چۆن هه‌ڵده‌بژێردرێت ؟
یاسای ژمارەی (10)ی ساڵی 2018ی هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم، لە ماددەی  (7)دا، رێوشوێنی هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە: 
•    یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكە بەڕێوەدەچێت، لەم كۆبونەوەیەدا سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێت، مەبەست لە زۆرینەی رەها دەنگی (50+1)ی تێكڕای ئەندامانی ئەنجومەنەكەیە. واتا ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێت به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ده‌بێت له‌كۆی (16) ئه‌ندام (9) ئه‌ندام ده‌نگی پێبده‌ن.  
به‌ته‌مه‌نترین كاندیدی سه‌ركه‌وتوو بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێی پارێزگای كه‌ركوك (راكان جبوری) پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی ئێستای كه‌ركوكه‌، جبوری هێشتا لەبەردەم دادگا وەكو ئەندامی نوێی ئەنجومەن سوێندی نەخواردووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ سوێند بخوات، خۆئەگەر سوێندی نەخوارد له‌دوای ئه‌و به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن بریتییه‌ له‌ (په‌روین فه‌تاح) له‌ لیستی یه‌كێتیی نیشتمانی. 

پارێزگار چۆن هه‌ڵده‌بژێردرێت ؟
بەپێی یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكانی لەچوارچێوەی هەرێمدا، پارێزگارو دوو جێگرەكەی بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێن، ئەمە لە ماوەیەكدا كە (30) رۆژ تێپەڕ نەبووبێت بەسەر رێكەوتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا، واتا هاوشێوه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، پارێزگاریش ده‌بێت له‌كۆی (16) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن، (9) ئه‌ندام ده‌نگی پێبده‌ن .
به‌ڵام ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستی پارێزگار دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی بەدەست نەهێنا، لەهەمان دانیشتنی ئەنجومەندا دەنگدانێكی تر رێكدەخرێت، لە دەنگدانی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، دەبێت بە پارێزگار. 
ئەوەی لە یاسای (پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم) تێبینی دەكرێت ئەوەیە مەرجی دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار یان جێگرانی پارێزگار كاندید دەكات دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، واتا كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا مافی خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆسته‌كه‌ هه‌یه‌.
یاساكە لەم بوارەدا ناڕوونی تێدایە، هەندێك لەو شارەزا یاساییانەی كە (درەو) لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ كردوون، پێشبینی دەكەن دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەكان، ئەم یاسایە روبەڕووی شەپۆلێك تانەی یاسایی ببێتەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی.

كورتەیەكی مێژوویی
له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی دوای كه‌وتنی رژێمی پێشووی عێراقدا كه‌ ساڵی 2005 به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ (41) كورسی پێكهاتبوو، كورسییه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا دابه‌شبوو بوو: 
•    پێكهاته‌ی كورد: 26 كورسی (كورد ئه‌وكات به‌ لیستی برایه‌تی كه‌ركوك به‌شدار بوو كه‌ زۆرینه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كانی له‌خۆگرتبوو، له‌م هه‌ڵبژادنه‌دا كورد رێژه‌ی 63%ی تێكڕای كورسی پارێزگای وه‌رگرتبوو). 
•    پێكهاته‌ی توركمان: 9 كورسی (به‌ره‌ی توركمانی و هاوپه‌یمانی ئیسلامی توركمانی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م كورسیانه‌یان ده‌كرد).
•    پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی: 6 كورسی (گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و گردبوونه‌وه‌ی نیشتمانی عێراق نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م كورسیانه‌یان ده‌كرد)
ساڵی 2005 له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوكدا كورد پۆستی پارێزگاری برد (عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت، وه‌كو سه‌ربه‌خۆیه‌ك و به‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی كورد)و  دواتر جێگری پارێزگاری كەركوك درایە (راكان جبوری)
له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا، پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پێكهاتەی توركمان وەری نەگرت (رزگار عەلی ) بووە سەرۆكی ئەنجومەن و (رێبوار تاڵەبانی) بە جێگری دانرا.
ئەمە یەكەم هەڵبژاردنی خۆجێی بوو لە كەركوك كە تائێستاش كار بە ئەنجامەكانی دەكرێت سەرباری ئەوەی سەرباری ئەوەی 19 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە.
كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگا سەرەتایەك دەبێت بۆ كۆتایهێنان بە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی ساڵی 2005ی كەركوك.
كەركوك جارێكی تر بەگوێرەی یاسا، دۆخێكی تایبەتی پێدراوە، بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی (13)ی یاسای ژماره‌ی (4)ی ساڵی 2023 (هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان) ده‌ڵێ:" ده‌سه‌ڵات به‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شده‌كرێت، به‌جۆریك زامنی به‌شداری هه‌موو پێكهاته‌كان پارێزگای كه‌ركوك بكرێت، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن)، له‌ به‌ر رۆشنایی ئه‌م بڕگه‌ یاساییه‌دا، ده‌بێت له‌ هه‌موو سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوكدا، به‌شداری سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ (كورد+ عه‌ره‌ب+ توركمان) له‌به‌رچاو بگیرێت. 
ئێستا كە ئیتر بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگا دراوە، سه‌ره‌تای دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك له‌سه‌ر دابه‌شكردنی (5) پۆستی سه‌ره‌كی ده‌بێت كه‌ ئه‌مانه‌ن: 
•    پۆستی پارێزگار
•    پۆستی جێگری یه‌كه‌می پارێزگار
•    پۆستی جێگری دووه‌می پارێزگار
•    پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا
•    پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand