حوکمی دادگایی

Draw Media

2024-03-08 10:28:56



سه‌ردار عه‌زیز

مەبەستمان لە حوکمی دادگایی، پێچەوانەی حوکمی دیموکراسییە. لەکاتێکدا لە دیموکراسیدا خەڵک دەبێت حوکم بکەن، دیارە لە میانەی پرۆسەی نوێنەرایەتیدا، بەڵام دادگا، دادوەر، لە سەر بنەمای یاسا، هێز، لە گەڵ دەستور حوکم دەکەن، بەم پێیە دادوەرو دادگا دانراو و دەستنیشانکراون، نەک هەڵبژێردراو یان بڕوا پێبەخشراو.

لەم ماوەی دواییەدا دادگای باڵای فیدراڵی بووە بە جێگای پیادەکردنی حوکم لە عێراقدا. ئەم دیاردەیە نوێیە، بەو پێیە دادگاکە هەرچەندە سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ بەڵام زۆربەی تەمەنی لە کارخراوبوو. وەک فایەق زەیدان دەڵێت، لە دایکبوونێکی سەختی هەبوو. لە هەمانکاتدا دەرئەنجامی خواستێکی هەنوکەیی سیاسییە، لەپێناو فەراهەمکردنی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١. ئەم (ولادة عسيرة) وەک فایەق زەیدان دەڵێت، بۆ هەمیشە مایەی گومان و لاوازیی و سیاسیبوونی دەزگاکە دەبێت، بۆیە دەبێت چارەسەریی بکات. کارابوونی دەزگا، ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی ناوەندو دەزگاکانی تر. ئەوەی جێگای سەرنجە، دادگای فیدڕالی لە ئەمڕۆی عێراقدا بە غرورێکی زۆرەوە ڕوبەڕووی هەموو دەزگاکانی تری وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە دادگاکە کێشەی دەستوری و شەرعی و تێگەیشتنی ڕۆڵ کرداری زۆرە. بەڵام لەئێستادا بە ئەمری واقیع، کاراترین و کاریگەرترین دەزگای حوکمداریی وڵاتە.

سەرەتای پاشخانێکی فیکریی بۆ دەزگاکە دەخەمەڕوو، پاشان سەرنج دەخەمە سەر ئەم بڕیارانەی دوایی. بیرۆکەو پلانی دادگای فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بۆ پۆل برێمەر. برێمەر پلانڕێژی بە لیبراڵکردنی عێراق بوو. دەستوری عێراقی کە لیبراڵترین دەستوری ناوچەکەیە دەرئەنجامی ئەمەیە. بۆیە پاشخانی ئەمریکایی بوونی دەزگاکە گرنگە.

خەسڵەتی دەسەڵاتی لیبراڵ وەهایە؛ هەوڵدەدات کە دەسەڵات بەگشتی و بە زۆری لای هیچ کەس و ناوەندێک کۆنەبێتەوە، چونکە کۆبونەوەی دەسەڵات، دەبێتە مایەی خراپبوونی یان خراپ بەکارهێنانی. بۆیە جیاکاریی دەسەڵاتەکان، بە خەسڵەتی سەرەکی لیبراڵ دەناسرێتەوە. بیری جیاکاری لیبراڵ لە جۆن لۆکەوە دەستپێدەکات، مۆنتسکیو دادگەریی بۆ زیاد دەکات و پاشان لە سەردەستی باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا بەرجەستە دەبێت.

لە هەمانکاتدا فیدڕاڵ خۆی وەک بونیادێک و شێوازێک لە دابەشکردنی دەسەڵات، لە هەناو کەلتوری دەسەڵاتی لیبراڵەوە هاتووە. ئەگەر جیاکاریی دەسەڵاتەکان جیاکارییەکی ئاسۆیی بێت، ئەوا فیدڕاڵ و هەموو شێوەکانی لامەرکەزی جیکاریی ستونییە. بەڵام نەبوونی تێگەیشتن و لاوازیی کەلتوری لیبراڵ لە هەناو کەلتوری سیاسی و ئاگایی گشتی عێراقدا، فیدراڵی کردوەتە مەترسی و مۆتەکە، بەجۆرێک ناوهێنانی وەک تابویەک و بڤەیەکی لێهاتوە. بۆ نمونە، وەک جۆرێک لە پەراوێزخستن و شاردنەوە، وشەی اتحادی عەرەبی کە لەبری فیدراڵ بەکاردێت، بە هیچ جۆرێک مانای فیدراڵ نادات، بەڵکو مانای یونیەن دەدات، کە لەو پاشخانەوە هاتوە، کە اتحاد، بەپێچەوانەی فیدراڵ، جەخت لە یەکبون دەکاتەوە نەک جودایی. بەڵام مەبەستی سەرەکی لە نەوتنی وشەکە نکوڵیکردنیەتی.

دادگای فیدڕاڵی لە ئەمریکاش خۆی مایەی مشتومڕە. یەکێک لە باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا کە ئەلکسەندەر هاملتنە، وەها باسی دەکات کە دەزگایەکە نە گیرفانی هەیە، نە شمشێر، بە زمانی ئەوکاتەی ئەمریکا یانی نە سەرچاوەی پارەو دارایی هەیە، نە چەک و هێز. نەبوونی ئەم دوانەش وەها بینراوە کە مایەی لاوازی بێت. وەها دیارە ئەو سەردەمەی ئەمریکا وەک ئەمڕۆی عێراق وەهابووە کە چەک و دراو بنەمای دەسەڵات بوون.

ئەم دەزگا یاساییە، وەک ڕۆبەرت دال ناوی دەبات، مایەی مشتومڕ بووە لە ئەمریکا. ڕەنگە توێژینەوە کورتەکەی بیرمەندی سیاسی گەورە ڕۆبەرت دال کە لە ساڵی ١٩٥٧ نوسراوە، یەکێک بێت لە هەرە توێژینەوە دیارەکان دەربارەی ئەم دەزگایە.

لە ئاستی ئایدیالدا، دادگا بۆ ئەوە دامەزراوە، هەتا نا سیاسیانە، مشتومڕی نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لە وڵاتدا یەکلایی بکاتەوە. چونکە وەک دەزانرێت هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن حیزبەکانەوە دیاری دەکرێن و هەمیشە دەبنە مایەی سیاسیی بوون لەناو کایەی دیموکراسیدا. ئەم ڕۆڵی ناسیاسی بوونە لەگەڵ، کۆتابوون و نەبونی توانای تانە لێداندا دەردەکەوێت، چونکە دادوەریی وەها دەبینرێت کە دەبێت یەکلاکەرەوەو کۆتایی پێهێنەربێت.

بەڵام لەبەر نەبوونی گیرفان و شمشێر، دەسەڵاتی دادگای باڵا هەمیشە بە دەست جێبەجێکردنی ناتەواو و پشتگۆخستنەوە دەناڵێنێت. دیارە ڕایگشتیش ڕۆڵ دەبینێت، بەگشتی کاتێک بڕیاری دادگا لەلایەن خەڵکەوە پشتگیریی بکرێت ئەوا چانسی جێبەجێکردنی زیاترە، لەوەی لەلایەن خەڵکەوە نەیارێتی بکرێت.

دادگای فیدڕاڵی عێراقی کۆمەڵێک کێشەی زۆری هەیە. یەکەم، بێلایەنی لە عێراقدا، بەمانای ئەوە دێت کە هەموان تیایدا بەشدارن، بەتایبەتی هەموو حیزبەکان، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بێلایەنی نیەو نابێتە مایەی بێلایەنی. دیارە ئەمە تەنها لە دادگا نیە بەڵکو لە هەموو دەزگاکانی تردا بوونی هەیە. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە بێلایەنی دژ بە سروشتی بێلایەنیە. وەک کۆمیدیاکاری ناسراو ئەحمەد البشیر ئاماژەی پێدەدا، هەمیشە لەگەڵ ناوهێنانی بێلانی لە عێراق، دەبێت زیاتر پێبکەنین.

دووەم، کێشە زاڵبوونی کەسی سەرۆکە بەسەر دادگاکەدا. وەک لە زۆر ناوەندی تردا دەبینرێت. ئەم دادوەرەش لە هێزێکی سیاسی تایبەتەوە نزیکە کە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش کوڕەکەیان بۆ پارێزگاری دیالە هەڵبژارد بەڵام لەبەر بچوکی تەمەن ڕێگریی لێکرا.

سێیەم، نەبوونی کەلتورو تێگەیشتنی فیدڕاڵ لەهەناو کەلتوری یاسایی و خوێندنی عێراقدا، هەروەها لاوازبوون یان نەبوونی کەلتوری لیبرال یان تەنانەت دژایەتیکردنی زۆری لەلایەن نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی عێراق و کوردستانەوە. دیارە ئەم کێشانە تەنها کێشەی دادگای فیدڕاڵی نین، بەڵکو هەموو دادگاکان بە دادگاکانی کوردستانیشەوە، بە دەست ئەم کێشانەوە دەناڵێنن. پاش ئەم پاشخانە کورتە: دەمەوێت بە کورتی باس لە دواین بڕیاری دادگا بکەم دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بڕیاری پێدانی موچە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، دەکرێت خوێندنەوەی باش و هەروەها نێگەتیفیشی بۆ بکرێت. ئەگەر حکومەتی ناوەند بەبێ هیچ ڕێگرییەک موچەی خەڵکی کوردستان بدات، ئەوا نەک تەنها بە سودی ئابوری، بەڵکو بە سودی زۆری دیموکراسی کوردستان دەشکێتەوە، چونکە ڕەنگە بۆ یەکەمجار ببێتە مایەی دروستبوونی چینی ناوەند لە وڵاتدا. چینی ناوەند ئەو چینەیە کە ئەگەر داهاتی مسۆگەر بکرێت ڕەنگە بایەخ بە جۆری خوێندن و ئازادی و ماف بدات.

هەرچەندە توێژی فەرمانبەرانی کوردستان و عێراق کە دێتە سەر کەلتورو ڕۆشنبیریی و ماف و ئاگایی مایەی گریانن. چونکە ئەوان لە هەناو کەلتوری کرێخۆریدا بوون بە بەشێک لە سیستەمەکە، کە لەئەنجامدا عەقڵەیەتی کرێخۆرێتی دروستکردوە. بیرمەندی میسری حازم ببلاوی کاری باشی لەسەر ڕەهەندی عەقڵی ئەم بوارە کردوە. لە ساڵانی ڕابوردودا کە موچە کێشەی نەبوو، بە پلان و بە خواست، هەموو بوارەکانی وەک ماف و ئازادی و دەزگاو چۆنێتی دەسەڵاتەکان پشتگوێخران. ئەوەی موچەخۆران دەبێت بیزانن ئەوەیە کە بۆ مسۆگەرکردنی موچە دەبێت شەر بۆ زیاتر لە موچە بکەیت. لەهەناو سیستەمێکدا کە ماف و ئازادی و دیموکراسی هەبێت موچەش مسۆگەرە، بەڵام پێچەوانەکەی وەهانیە.

دادگای فیدڕاڵی لەسەرووی هەموویەوە ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی نوێ لە ڕێکخستنی هێز لە عێراق و ناوچەکە. کورد، پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، لە سی ساڵی ڕابوردودا بە ئاستێکی وەها لە ناوەو دەرەوە دۆخەکەیان خراپ کردوە، کە باشکردنی مەحاڵە. هەرێم چیدی بواری هەڵەو سەرکێشی نیە، چونکە ئێستا وەک کەلەبچەکراوێک وەهایە هەتا زیاتر بجوڵێت کەلەبچەکەی توندتر دەبێت لە مەچەکیدا.

هەرێم نەک نەیتوانی سیستەمەکی وەها تۆکمە دروستبکات کە بەرگەی ئەم فشارانە بگرێت، بەڵکو هێندە لاوازی هەیە، بە هەبوونی هەر هێزێک و نیەتێک لە بەغداوە دژی بە ئاسانی لاواز دەبێت. کۆی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم لەسەر پارە بونیادنراوبوو، لەبەرامبەر پەکخستنی دەزگاکان، کە بە پەکخستنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ئێستا کە پارە لە دەستی هەرێمدا نەمێنێت، کۆی سیستەمەکە لەبەر مەترسی نەماندایە. مەترسییە گەورەکەش ئەوەیە، ئەوەی خۆی بە نەیارو جیاواز دادەنێت زۆر زیاتر پولەکییە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆی.

دادگا ئەگەر سەربەخۆ و بێلان بێت لە هەموو دەزگایەک زیاتر پێویستە بۆ حوکمرانی، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر زیان بەخشە. بەڵام کوردستان ئەگەر بیەوێت ڕەخنە لە دادگای ناوەند بگرێت دەبێت بە نمونە بوون ڕەخنەی لێبگرێت، بەو مانایە سەرەتا دادگای خۆت بێلان و سەربەخۆ بکە، پاشان ڕەخنە بگرە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand