ئەمریکاو چاوترساندنی ئێران؟

Draw Media

2024-02-08 11:33:51



سه‌ردار عه‌زیز

پاش کوشتنی سێ سەربازی و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆرتر، ئەمریکا پاش پێنج ڕۆژ، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر هێرشی کردەسەر بنکەو بارەگاکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق و سوریا. ئەمریکا ئامانجی سەرەکی لەم هێرشە ئەوەبوو کە وەها لە میلیشیاکان و ئێران بکات جارێکی تر هێرش نەکەنەسەر ئەمریکا. ئایا ئەمریکا لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو بوو؟

ئەم پرۆسەیە بە ڕەدع، دیتێرەنس یان چاوترساندن ناسراوە. ئەم ستراتیژیە بەشێک بوو لە سیاسەتی بەرگریی ئەمریکا لە جەنگی سارددا، بەتایبەتی پاش گەشەی چەکی ئەتۆمی. هەبوونی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە، وەهای لە ئەوانیتر کرد کە بیر لەوە نەکەنەوە هێرش بکەنەسەری. پاشان کە سۆڤیەت بوو بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ترسی وێرانبوونی هەردوولا هاتە ئاراوە. بەمجۆرە جەنگی سارد بوو بە مۆدێلی باوی شەڕ.

ڕەدع یان چاوترساندن لەسەر کۆمەڵێک بنەما بونیادنراوە، کە ترس و گەیاندنی پەیام و نمایش و چۆنێتی تێگەیشتنی ئەویتر لە مەترسییەکەو توانای ڕێگریی و بەرپەرچدانەوە وەستاوە. بە ڕای من لە ئێستادا کۆمەڵێک بنەما هاتونەتە ئاراوە کە وەها دەکات پرسی دروستکردنی ڕەدعی ئەمریکی سەخت بکات. لە سەرووی هەموویانەوە، هەبوونی سیستەمێکی ڕەدعی ئێرانی ئاڵۆزو بەهێز، کە خۆی لە میلیشیا دۆستەکانیدا دەبینێتەوە، لەهەناو کۆمەڵێک وڵاتی لاوازدا لە ناوچەکە. ئەم سیستەمی میلیشیایە لەسەر سیستەمی هاوتەریب بەڕێوەدەچێت کە یەکمجار موستەفا چەمران دایهێنا. ئێران لە ڕێگای میلیشیاکانەوە، چەند بنەمایەکی ڕەدع دادەڕێژێت، یەکەم، دروستکردنی مەترسی لەبەرامبەر هەڕەشەی مەترسی. بەو مانایە ئێران ئەوەی لە ئاگایی هەر هێزێکدا دروستکردوە کە بیر لە هێرشکردنەسەری بکاتەوە کە دەبێت بیر لە میلیشیاکانی ناوچەکە بکاتەوە، وەک ئەوەی لە پاش شەڕی غەزە دەیبینین؛ ئێران لەپێناوی ئەوەی خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بپارێزێت، هەموو میلیشیاکانی لە ناوچەکە خستوەتەگەڕ.

خاڵێکی تر کە پێگەی ئەمریکای لاوازکردوە لە ناوچەکە، گۆڕانی دۆخی سیاسی ناوخۆی ئەمریکاو جیهانە. ئەم گۆڕانکارییانە وەهایانکردوە کە ئەمریکا بیر لە جێهێشتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە. لەم پێناوەدا ئەمریکا لە چەند ساڵی رابوردوودا، چەندینجار هەوڵی ڕۆشتنی داوەو بەردەوام باس لە بە گرنگ نەمانی ناوچەکە دەکات. ئەم دۆخە وەهای لە وڵاتان و هێزەکانی ناوچەکە کردوە کە باوەڕ بە ئەمریکا کەمتر بکەن و بە دوای هێزی تردا بگەڕێن بۆ پشتیوانی. ئەم دۆخە سەرتاپای خزمەت بە پرۆسەی دروستکردنی ڕەدع ناکات، چونکە هێزێک بیەوێت لە ناوچەیەک بڕوات، ناتوانێت بەئاسانی ڕەدع لای ئەوانیتر دروستبکات.

هۆکارێکی تر کە ڕەدعی ئەمریکی سەخت دەکات، لاوازبونی دۆستەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە. جاران تورکیاو ئیسرائیل وڵاتی ئیقلیمی بەهێزبوون لە ناوچەکەدا، بەڵام لەئێستادا، هەردوو بە دەست کێشەی زۆرەوە دەناڵێنن. تورکیا هەرچی دەکات ناتوانێت دۆخی ئابوری هەستێنێتەوە، ئیسرائیلیش لە پاش شەڕی غەزە ڕوبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە. ئەمە با ئەوە لەولاوە بوەستێت کە وڵاتانی عەرەبی کە دێتە سەر بواری سەربازی و ئاسایش و داکۆکی لەخۆکردن، لە دۆخێکی تەواو لاوازدان.

لەهەمانکاتدا شەڕی غەزە لەئێستادا دۆخێکی وەهای لە شەقامی وڵاتانی ناوچەکە دروستکردوە کە ئەو وڵاتانە بە ئاسانی نەتوانن بەشداری لە هێرشی سەربە ئێران بکەن. ئەم هۆکارەشە وەهایکردوە کە ئەمریکا بە تەنها هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکان.

لە دۆخێکی وەهادا ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجەکانی دروستکردنی رەدع بونیادبنێت. هەر سیستەمێکی ڕەدع کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، کە بەگشتی بریتین لە چڕیی و گەورەیی توانا، توانای گەیشتن و پێکانی ئامانج، هەبوونی نیەت و بوێری دەستوەشاندن، لەگەڵ گەیاندنی پەیام بە لایەنی بەرامبەر.

لێرەدا ڕامانێک لە جۆری چەک و تەقەمەنییەکان کە لە بۆمبارانەکەی میلیشیا عێراقی و سورییەکان بەکارهات جێگای سەرنجە، لەنێویاندا فڕۆکەی بی یەک. ئەم فڕۆکانە کە ڕاستەوخۆ لە تەکساسەوە فڕین، لە ئاسمان بەنزینیان کردوەو پاش ئەنجامدانی بۆمبارانەکە، گەڕاونەتەوە ئەمریکا. لەڕێگای ئەم نمایشەوە ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات کە پەیامی توانای خۆی بۆ ئێران و ئەوانیتر بنێرێت. دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە توانای دەستوەشانی پەیوەست نیە بە بوونی لە ناوچەکە، بەڵکو دەتوانێت لە سەر خاکی خۆیەوە لە ئەمریکا، لە دووری چەندین هەزار کیلۆمەترەوە، بگاتە ئامانجەکانی و بگەڕێتەوە. دیارە ئەو جێگایانەی کە بۆمبارانکرابون گرنگ نەبوون، بەڵام ئەم پەیامە گرنگ بوو.

بەڵام هەستناکرێت ئەم پەیامە بەباشی گەشتبێت یان ڕێگربێت لە ڕەدعی ئێران یان ببێت مایەی گۆڕینی ڕەفتاری. بەتایبەتی کاتێک هێرشەکان لەناو ئێراندا نین و نەبوونە هۆکاری کوشتنی هیچ بەرپرسێکی سەربازی یان سیاسی و هەروەها ئامانجیان شەڕ نەبوو.

لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ڕەهەندێکی پرۆسەی چاوترساندن بکەم، ئەویش کەلتورە. لای ئەمریکاییەکان دەرخستنی هەبوونی توانای سەربازی و تەکنەلۆجی دەبێت وەها لە نەیارەکانی بکات کە ڕەفتاریان بگۆڕن، بەڵام مەرج نیە ئەم پەیامە بە هەمانشێوە لەلایەن ئێرانییەکانەوە وەربگیرێت، بەتایبەتی کاتێک کە کەسایەتییەکانیان و خاک و ڕژێمەکەیان سەلامەتن.

لەکاتێکدا کە ئەمە دەڵێین دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، سیستەمی رەدعی ئێرانی لە دۆخێکی خراپدایەو هێرشەکانی ئەمدواییانە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ لەو بارەوە دەدەن. یەکەم، لەکاتێکدا ئەمریکا لە ئامادەکاری هێرشدا بوو ئێران ئامادەبوو بە خۆیدا بچێتەوەو وەها نیشان بدات کە جارێکی تر کاری وەها ناکات، لە ڕێگای فشاری بۆ وەستانی هێرشی میلیشیاکان، داخستنی میدیاکانیان، گەیاندنی پەیامی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کە ئەوان لە پشت کارەکەوە نەبوو. دیارە هەموو دەزانن کە ئێران لە پشت هێرشەکەی سەر ئوردون بوو، بەڵام پاشەکشێ لێی نیشانەی هەڵەو پەشیمانییە.

ئەمە لە کاتێکدا کە ئێستا ئێران خۆی خستە خانەی ئەو وڵاتانەوە کە مەترسی هەیە لەسەر ئەمریکا نەک داواکاریی. هەرچەندە شارەزایەکی ئێرانی ئەوەی دوپاتدەکردەوە کە ئێران ناتوانێت دەستبەرداری دژایەتی ئەمریکا بێت چونکە زیانی زۆر بە ریسۆن دی تای (فەلسەفەی بوونی) ڕژێمەکە دەگەیەنێت، بەڵام ئێران دەزانێت کە جگە لە توانای سەربازی توانای سایبەرو هێرشی شاراوەو زۆر ڕێگای تر لەئارادایە، کە هەتا ئێستا ئەمریکا نەیویستوە بەڵام لەمەودوا ڕەنگە ناچار بێت، بەمانایەکی تر ئەگەر هەتا ئێستا ڕێسایەک هەبووبێت بۆ شەڕەکە، ئەوا ڕەنگە ڕێساکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

لایەنێکی تری لاوازبوونی سیستەمی رەدعی ئێرانی لەوەدایە کە میلیشیاکانی دۆستی یان لاواز دەبن یان دەخوازن خۆیانی لێ بە دوور بخەنەوە. هەموو دەزانین ئەو میلیشیایانەی کە پارەو بەرژەوەندییان لەعێراقدا هەیە ناخوازن دژ بە ئەمریکا بجەنگن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات هەر کاتێک ئێران لاوازبێت میلیشیاکان هەرزوو خۆیانی لێ بە دوور دەگرن. بە مانایەکی تر پەیوەندییەکە عەقیدەیی و باوەڕیی و دینی نیە، بەڵکو زیاتر بەرژەوەندییە. بۆ نمونە کاتێک ئێران فشاری نەدەکرد، سەرکردەی میلیشیا عێراقییەکان خۆشحاڵ بوون بە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا.

لە هەمانکاتدا هێرشەکانی ئێران بۆ هەولێرو پاکستان دەرخەری ئەوەبوو کە سیستەمی ڕەدعی ئێرانی لە لاوازیدایەو پێویستی بە نمایش و هێرشە. ئێستا ئەمریکا دەیەوێت ئامرازەکانی ئێران لاواز بکات. هەندێک دەڵێن، ئەمە نابێتە مایەی لاوازی، هەندێکی تریش بە نەمانی بنەماکانی ڕەدعی ئێرانی دەبینن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand