نەوتی کێڵگەکانی (سەرسەنگ و ئەتروش) لە چارەکی چوارەمی (2023)

Draw Media

2024-01-23 16:42:00




درەو:
🔻 کۆمپانیای شامارانی پترۆلیۆمی کەنەدی ڕاگەیاند: لە چارەکی چوارەمی ساڵ (2023)دا؛
🔹 لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (36 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، هەر بەرمیلێکی بە (42) دۆلار فرۆشراوە، ئەو نرخەش (50%)ی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان.
🔹 لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، بە تێکڕای کاری رۆژانە (9 هەزار و 6) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، هەر بەرمیلێکی بە (33) دۆلار فرۆشراوە، ئەو نرخەش (61%)ی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان.

بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی (سەرسەنگ و ئەتروش) لە چارەکی چوارەمی (2023)
کۆمپانیای شامارانی پترۆلیۆمی کەنەدی کە پشکی لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش) هەیە، ڕاگەیاند، لە چارەکی چوارەمی ساڵ (2023)دا (وەک لە خشتەکەدا هاتووە)؛
لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (36 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، (6 هەزار و 552) بەرمیلی بە ڕێژەی (18%)ی پشکی کاری کۆمپانیاکەیە، هەر بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیای ناوبراو، بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکەدا بە تێکڕا بە (42) دۆلار فرۆشراوە، ئەو نرخەش (42) دۆلاری بەرێژەی (50%)ی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە ماوەی ناوبراودا تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بریتی بووە لە (83.72) دۆلار.
هاوکات لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، بە تێکڕای کاری رۆژانە (6 هەزار و 552) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، (2 هەزار و 486) بەرمیلی بە ڕێژەی (27.6%) پشکی کاری کۆمپانیاکەیە، هەر بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیای شاماران، هەر بەرمیلێکی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکەدا بە تێکڕا فرۆشراوە بە (33) دۆلار، ئەو نرخەش (51) دۆلاری بە رێژەی (61%)ی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە وەک ئاماژەی پێدرا، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بریتی بووە لە (83.72) دۆلار لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2023.

 


 

کێڵگەی نەوتی سه‌رسه‌نگ
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەکەوێتە سنوری (پارێزگای دهۆک)‌ەوە، ڕوبەری کێڵگەکە (420) کیلۆمەتر دووجایە، دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەی نەوتی جیاوازدا کە بریتین لە ناوچەی (سوارە توکەو ڕۆژهەڵاتی سوارە توکە)، هەر یەکێک لەو دوو ناوچەیە سێ کۆگای نەوتی سەربەخۆی تێدایە.
لە ئێستادا پشكی (62%)ی کێڵگە نەوتییەکە دراوه‌ته‌ كۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی، پشكی (18%)ی درابوو بە‌ لقێکی کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی، بەڵام دواتر کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی پشکەکانی کۆمپانیا فەرەنسییەکەی کڕییوە، ئەو  و پشكی (20%)ی ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی توانای هەردوو ناوچەکەی کێڵگەکە بەم جۆرەیە؛
یەکەم؛ سوارە توکە؛ بەشی گرنگ و سەرەکی کێڵگە نەوتییەکەیە شەش بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (29 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API).
دووەم؛ رۆژهەڵاتی سوارە توکە؛ ناوچەیەکی دیکەی نەوتییە لە چوارچێوەی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و یەک بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (2 هەزار و 500) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API).

کێڵگەی نەوتی ئەتروش
کێڵگەی نەوتی ئەتروش، یەکێکە لە کێڵگە گرنگ و بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی 2011 نەوتی تێدا دۆزرایەوە و بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی 2017 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لە کێڵگەکەدا. وەک کۆمپانیا نەوتییەکانی کێڵگەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە "نەوتی کوالیتی بەرزە کە بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەیە و توانای گەشەکردنی بەرچاوی هەیە".
بلۆكی ئەتروش دەكەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، بە نزیكەی (85) كیلۆمەتر لە باكووری رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە دورە، رووبەرەكەی (269) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. پشكەکانی کێڵگە نەوتییەکە بەپێی گرێبەستەکان دابەشبوون بەسەر (47.4%)ی دراوه‌ته بە كۆمپانیای نیشتمانی ئیمارات بۆ وزه‌ ناسراو به‌ (تاقە)، بەپێی نوێترین زانیارییەکانیش کۆمپانیای تاقە بڕیاری داوە دوای (10) ساڵ لە کارکردن هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت، (27.6%)ی پشکەکانی دراوە بە شاماران پیترۆلیۆمی کەنەدی و (25%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand