لە توغرول بەگەوە بۆ ئەردۆغان.. كەی ئێزدییەكان دەحەسێنەوە ؟

Draw Media

2018-03-27 12:56:02



دەڵێن مێژووی ئەمشارە بۆ سەدان هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەوانەی بەرگری لەم بۆچونە دەكەن  ئەو پارچە ئێسك و پاشماوە بە بەردبووانە دەكەنە بەڵگە كە تەمەنیان زیاتر لە 60 هەزار ساڵە و لە گوندێكی نزیك شاری شەنگالی ئێستا دۆزراوەنەتەوە، ئەوەش سەلمێنراوە كە ئەم شارە بچوكە  كە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە لەم شوێنەی ئێستادا بوونی هەبوو لە سەردەمی ئاشورییەكان و هەتا بابلیەكانیشدا.

باوەڕدارانی ئاینی ئێزدیی كە زۆرینەی دانیشتوانی شەنگال پێكدەهێنن، بڕوایان وایە كە ئاینەكەیان دێرینترین ئاینە لە جیهاندا، مێژووش دەڵێت ئەم كەمایەتییە ئاینییە بەدرێژایی مێژوو روبەڕووی چەوساندنەوە و سەركوتكردن بوەتەوە..
ئێزدییەكان هیچ كات مەملەكەتێك یان ئیمپراتۆریەتێكیان دانەمەزراندووە، بە پێچەوانەوە هەمیشە شارەكەیان لەلایەن داگیركەرانەوە داگیركراوە و ئاینەكەیان كە ئاینێكی موژەدەبەر" تەبشیری " نییە وایكردووە نەتوانن زۆر گەشەبكەن و پێگەی جوگرافی شارەكە و دەوڵەمەندیی بووتە جێی تەماحی فەرمانڕەوا پاوەنخوازەكانی وەك ئاشورییەكان و رۆمانییەكان و دواتریش موسوڵمانەكان.
هەندێك لە مێژوونوسان باس لەوەدەكەن كە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی هێرشی كردوەتە سەر شەنگال كاتێك لە ژێر كۆنترۆڵی ئارامییەكاندا بووە، شەنگالییەكان بەرگری داگیركاری رۆمانییەكانیان كردووە بەڵام نەیانتوانیوە لەبەردەم سوپای بەهێزی رۆمانییەكاندا خۆیان رابگرن، چەوڕێژكردنی یەكەمین شەقامی شارەكەش بەبەرد ئێستا وەك كارێكی باشی ئەو كاتەی رۆمانییەكان باس دەكرێت. 
موسڵمانەكان دوای دەركەوتنی ئاینی ئیسلام بە بیست ساڵ بە سەرۆكایەتی ئەبو موسای ئەشعەری چونە ناو شەنگالەوە، ئەوەی جێی سەرنجە دانیشتوانی شەنگال بەرپەرچی موسڵمانەكانیان نەدایەوە لەو كاتەدا و رێگەیاندا بەئاشتی بچنە ناو شارەكەوە.
نزیكەی پێش هەزار ساڵ  سوپای سەلجوقییەكان بە فەرماندەیی توغرول بەگ هێرشیانكردە سەر عێراق، پێش ئەوەی سوپای سەلجوقییەكان بگاتە بەغدا، رێگاكەیان بە شەنگالدا تێدەپەڕی  و لە بەرگریكردن لە شارەكە نزیكەی چوار هەزار لە دانیشتوانەكەی كوژران كە بۆماوەی نزیكەی مانگێك گەمارۆدران و باسلەوەشدەكرێت كە بەهۆی ئەو بەرگرییە سەختەی روبەڕویان بوەوە لە شەنگال سەلجوقییەكان داوای هێزی پشتیوانیان كردووە، پێش ئەوەی بچنە بەغدا و لە چنگی بوەیهییەكانی دەربهێنن، بەڵام بەلای ئێزدییەكانەوە ماوەی " تاریكی " یان كاتی داگیركاری عوسمانییەكانە، كە جارێكی تر سوپای ئەو ئیمپراتۆریەتە كۆمەڵكوژی لە ناوچەكەدا كرد، دوژمنەكانی ئەمجارەی ئێزدییەكان تێكەڵەیەك بوون كە بەلای ئەوانەوە ئێزدییەكان " كافرن" و شەیتان دەپەرستن و هەروەها بنچینەشیان دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوەی كورد.
دواهەمین كارەسات كە روبەڕووی شەنگال بوەوە لە تەمموزی 2014دا روویدا كاتێك چەكدارەكانی داعش هێرشیانكردە سەر شارەكە كە لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرا، خەڵكی شارەكە بە دەنگی پاشەكشێی زنجیری زرێپۆشەكانی هێزی پێشمەرگە لە خەو بەئاگاهاتن و روبەڕووی قێزەونترین كۆمەڵكوژی بوونەوە لە مێژووی عێراقدا.
هەتا ئێستا لە كۆی 4000 ژن و كچی ئێزدی رفێنراو، چارەنووسی زیاتر لە 2000 هەزاریان نادیارە كە كرانە كۆیلە و كەنیزەكی چەكدارەكانی داعش.
زیاتر لە 2000 هەزار ئێزدی لەسەر دەستی داعش كوژران، سەدانیان لە برسێتی و تینوێتیدا مردن لە كاتی ئاوارەبونیاندا، زۆرینەیان لەسەر چیای شەنگالی نزیك لە شارەكە مردن كە بەدرێژایی مێژوویان پەنایان بۆ بردووە.
دوای رزگاركردنی شەنگال بەشێكی زۆری شارەكە وێران بوو، هێزەكانی حەشدی شەعبیی و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان لە ئێزدییەكانی و هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان لە ئێزدییەكان كۆنترۆڵی شارەكەیان كەوتەدەست، جارێكی تر ئێستا شەنگال رووبەڕووی هێرشی توركیا دەبێتەوە، ئەمجارە لەبەر بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان وەك چۆن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا باسی لێوەدەكات.
 ئەگەر سەرۆكی توركیا ئەو هەڕەشانەی جێبەجێ بكات، كە وادەردەكەوێت لێی پاشگەزبوبێتەوە، هێزەكانی دەیان كیلۆمەتر دێنە ناو خاكی عێراقەوە و لەوانەشە جارێكی تر ئێزدییەكان بیرلەوەبكەنەوە پەنا بۆ چیای شەنگال بەرنەوە.
وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ
سەرچاوە: رادیۆ سەوا

.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand