ئەگەر وەک ئەم چوار ساڵەی کابینەی نۆ کار بکرایە!

Draw Media

2024-01-09 09:35:19



رێبوار کەریم وەلی

مەجموعەیەک ڤیدیۆچیی پڕۆفێشناڵ، بەو ناونیشانەی سەرەوە لە سۆشیال میدیا زنجیرە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردۆتەوە. هەندێک ئامارو داتای کەرتە جیاجیاکانی ژیانی کوردستانیان داناوە کە پێدەچێ هی کابینەی نۆیەمی حکومەتی سەنگافور یان هی کۆریای باشور بن نەک هی هەرێمی کوردستان!

*

یەکێک لە ڤیدیۆکانی باسی دروستکردنی رێگاوبان لە کوردستان دەکات کە گوایە لە سەردەمی کابینەی 9، بەدیاریکراوی، 48000 کیلۆمەتر رێگا دروست کراوەو قیرتاو کراوە! ئەمە نەک هەر درۆیە، بگرە شاخداریشە! روبەری تێکڕای هەرێمی کوردستان، نزیکەی 78736 کیلۆمەتری دوجایە! ئەو 48000 کیلۆمەترە لە کوێوە بۆ کوێ دروست کراوە؟ خۆشتر لەوەش ئەو پرۆژانەی پێی هەڵادادەدەن، هەمووی بێ ئیستیسنا لەسەردەمی کابینەکانی پێشوو، یان بەردی بناغەیان داندراوە، یانیش ئیفتیتاحەکانیان کەوتۆتە سەردەمی کابینەی نۆ.

*

بەراوردێکی دیکەش دەکەین. ئەردۆغان و حزبەکەی هەمیشە شانازی بە دروستکردنی رێگاوبان دەکەن لە سەردەمی خۆیاندا. ئەردۆغان دەڵێ لە ماوەی 20 ساڵی حوکمی ئەودا، 28550 کیلۆمەتر رێگاوبانیان دروست کردووە! کەواتا ئەوەی کابینەی نۆ بێ ئەوەی باسی سککەی قیتارەکەش بکەن، شاکارە!

*

ئینجا لە بەشەکانی دیکەدا، هەر بەگۆترە وەک ئەو نمونەیەی پێشوو پێیانداداوەو حەیای کابینەی نۆیان بردووە، تەنانەت پێوەری زیرەکی کارەبا کە لە 2010 لە کوردستان کاری پێدەکرێ کراوەتە دەستکەوتی کابینەی نۆ! ئینجا ئاستی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیان گەیاندۆتە ئاستی سویسراو مەکدۆناڵدیش لە سرەدایە بۆ کڕینی پەتاتەی کوردی!

*

بەڵام ئەو ڤیدیۆ چییانە لە بیر یان چووە ئەو پرسیارانە بکەن:

ئەگەر ئەو سی ساڵە ئەم کابینە پۆلیسییە حوکمی هەموو کوردستانی کردبایە ئێستا چ دەبوو؟

1- دەبوایە شەو و رۆژ دانیشین سەیری ڤیدیۆکانی ئەو ڤیدیۆچییانە بکەین و ئەشهەدوبیللایان بۆ بکەین.

2- مەعلوم نەبوو تا نوسینی ئەم وتارە زیندوو دەبووین یان بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دەدراین.

3- شتێک بەناوی میدیا نەدەبوو، دەزگایەکی پروپاگەندەی گۆبلز ئاسا شەو و رۆژ خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆو دەلەسە دەبوو.

4- شتێک بەناوی ئینتەرنێتی ئازاد نەدەبوو، مەجراکانی سۆشیال میدیا هەمووی فیلتەر دەکران و دەبوایە خەڵک بە ڤی پی ئێن داخیلیان بێ.

5- برا بەسەر براوە دەبووە جاسوس و هاووڵاتیان شەو و رۆژ خەریکی تەقیرنووسین بوون لەبارەی یەکترییەوە.

6- بچووکترین ناڕەزایەتیی بە توندترین شێوە سزا دەدرا. دادگاکانی شۆڕش بەرپا دەکراو نیوەی وڵات بۆ تۆمەتی خیانەت لە زینداندا دەبوون.

7- گەورەترین دەستکەوتەکانی حکومەت بریتی بوو لە دروستکردنی سەدان زیندانی مۆدێرن!

8- ئازوقەو خواردن بە کۆبۆن بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکراو هەموو کەرتەکانی ژیان دەخرایە ژێر دەستی حکومەت.

9- لە وڵات یەک حزب دەبوو، بۆنە رەسمییەکان و جەژنە نیشتمانییەکان بریتی دەبوون لە یادی لەدایکبوونی سەرۆکە هەتاهەتاییەکان و تەنها لەو رۆژانەدا هاووڵاتیان دەیانتوانی بۆ چەپڵە لێدان گردبوونەوە ئەنجام بدەن…

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand