جێگری سه‌رۆكی گشتی پارتی (DEVA) له‌ توركیا

Draw Media

2023-12-26 10:56:15




گفتوگۆی رۆژنامەوانی: هێمن خۆشناو
سیاسه‌تمه‌داری  به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك كورد (محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌كمه‌ن)، له‌ شاری باتمان له‌ باكووری كوردستان له‌ دایك بووه‌. هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دیكتۆرایه‌ له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا. له‌ناو رێزه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) ده‌ست به‌كاری سیاسی ده‌كات. له‌ خولی بیست و سێیه‌مینی په‌رله‌مانی توركیا ده‌بێته‌ په‌رله‌مانتاری ئه‌م پارته‌. دوای ئه‌وه‌ی رێزه‌كانی (AKP) به‌جێدێڵێت، له‌گه‌ڵ (عه‌لی باباجان) ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌ران و دواتریش جێگری سه‌رۆكی گشتی پارتی دیموكراتی و پێشكه‌وتن (DEVA)، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایاری 2023 به‌ په‌رله‌مانتاری شاری مێرسین هه‌ڵده‌بژێدرێت.
له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی شاره‌وانیه‌كانی (خۆجێی) كه‌ بڕیاره‌ له‌ 31 ئاداری 2024 ئه‌نجام بدرێت، له‌گه‌ڵ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ی ناو توركیادا ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ كرد.
پ: له‌ توركیادا چ جیاوازیه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ڵبژاردنی خۆجێی و هه‌ڵبژاردنی گشتی؟
وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر له‌ رووی ته‌كنیكیه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌، یه‌كه‌مینیان بۆ دیاركردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لۆكاڵیه‌ له‌ ئاستی پارێزگا و ناوچه‌كاندا. دووه‌مینیشیان بۆ دیاركردنی ئۆرگانه‌كانی یاسادان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوه‌ندیه‌. په‌یوه‌ست به‌مه‌وه‌ له‌ یه‌كێكیاندا سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندی خۆجێیانه‌ به‌ بنه‌ما ده‌گیرێت، له‌وه‌ی دیكه‌شیاندا سیسه‌تی گشتی و به‌رنامه‌ی پارته‌ سیاسیه‌كان رۆڵ ده‌بینێت. له‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێیدا ئه‌و پارته‌ سیاسیانه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوه‌ندی رۆڵ و پێگه‌یان هه‌یه‌، شه‌نسی سه‌ركه‌وتنیان زیاتره‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێیدا  كاندید و پڕۆفیلی كاندیده‌كان رۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت له‌ دوورخستنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر له‌و لایه‌نه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیدا ده‌نگی بۆ داوه‌.
پ: له‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێی له‌ ساڵی 2019 پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا له‌ ئیستانبۆڵ، ئه‌نقه‌ره‌ و چه‌ندین شاری دیكه‌ی گرنگ تووشی شكست هات. له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا (31 ئاداری 2024) چاوه‌ڕێی چ ئه‌نجامێك ده‌كه‌ن؟
وه‌ڵام: ده‌سه‌ڵات ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی خۆجێی له‌ ده‌ستنه‌دا، به‌ڵكو له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی و سه‌رۆكایه‌تی كۆماریشدا به‌ جیاوازیه‌كی زۆر كه‌م سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا‌. هه‌رچه‌ند ئۆپۆزسیۆن تووشی جۆرێك له‌ بێ باوه‌ڕیش هاتبێت و مشتومڕ و كێشه‌ هه‌بێت له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا، به‌ڵام جارێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن له‌ ئارادایه‌ به‌و مه‌رجه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ یه‌كتر راوێژ بكه‌ن و به‌ لۆژیكێكی بیركاریانه‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێی تاوتوێ بكه‌ن.
پ: له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار و هه‌ڵبژاردنی گشتیدا دۆخه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هات. جارێكی دیكه‌ (هاوپه‌یمانی كۆمار) سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێیدا هه‌مان ئه‌نجام دووباره‌ بێته‌وه‌، واته‌ دۆخێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات بێته‌ ئاراوه‌، ئێوه‌ وه‌كو پارتێكی سیاسی چی ده‌كه‌ن؟
وه‌ڵام: له‌ بنه‌مادا ده‌سه‌ڵات و هاوبه‌شه‌كانی رێژه‌یه‌كی به‌رچاوی ده‌نگیان ( 9٪) له‌ده‌ستدا. له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار كه‌وته‌ گه‌ڕی دووه‌مین و به‌ جیاوازیه‌كی كه‌م یه‌كلایی كرایه‌وه‌. ئێمه‌ وه‌كو پارتی دیموكراسی و ێشكه‌وتن (DEVA) متمانه‌مان به‌خۆمان هه‌یه‌. بیرمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ كاندیده‌كانمان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ین و متمانه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان به‌ده‌ست بێنین. ئه‌نجامه‌كان هه‌رچیه‌ك بن سیاسه‌ت پڕۆسه‌یه‌ی دوور و درێژ و ململانێی به‌رده‌وامه‌. نیازی پاشه‌شكه‌كردن و وازهێنانمان نیه‌.
پ: پێشتر سه‌ركۆمار ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاندووه‌، به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئیستانبۆڵ به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر خۆی ئاماده‌ ده‌كات. له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێـت:"بێگومان له‌ ئیستانبۆڵ سه‌رده‌كه‌وین". بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ ئیستانبۆڵ ده‌سه‌ڵات چ رێگا و شێوازێك ده‌گرێته‌به‌ر؟ بۆ ئاسته‌نگكردنی ده‌سه‌ڵات ئاماده‌كاریتان كردووه‌؟
وه‌ڵام: له‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێی رابردوودا ده‌سه‌ڵات نه‌وه‌كو جارێك به‌ڵكو دوو جار له‌ ئیستانبۆڵ تووشی شكه‌ست بوو، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیشدا ئۆپۆزسیۆن له‌ ئیستانبۆڵ و ئه‌نقه‌ره‌ به‌ (4٪) ده‌نگه‌كان له‌ پێش بوو. ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ هێزێكی زۆر هێڕش ده‌كات. پارته‌ سیاسیه‌كان جگه‌ له‌ كه‌مپینێكی باش و خاوه‌نداریه‌تی كردن له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان شتێكی دیكه‌ نیه‌ تا بیكه‌ن. هه‌ماهه‌نگی، كه‌مپینێكی باش و خاوه‌نداریه‌تی كردن له‌ سندوقه‌كان به‌شی سه‌ركه‌وتن ده‌كات.
پ: وه‌كو ده‌زانرێت ده‌سه‌ڵات له‌ ته‌واوی توركیا و به‌ تایبه‌تی له‌ ئیستانبۆڵ له‌ چه‌ندین كاتی جیاوازدا به‌ شێوازی جۆراوجۆر راپرسی ئه‌نجامداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی ده‌نگه‌كان و سه‌نگی خۆی بزانێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌گووترێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بزانێ ریسكی شكستهێنانی له‌ ئاستێكی به‌رز دایه‌، ئه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی كورد له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراسی و یه‌كسانی گه‌لان (DEM)  به‌دوای زه‌مینه‌ گفتوگۆ كردن ده‌گه‌ڕێـت. ئێوه‌ ئه‌مه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ روونه‌دات چ رێگا و رێبازێك ده‌گرنه‌به‌ر؟
وه‌ڵام: ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت، ناچاربوو له‌گه‌ڵ شه‌ش پارتی سیاسی له‌ هوداپاره‌وه‌ بگره‌ تا مه‌هه‌په‌، له‌ پارتی ره‌فای نوێ بگره‌ تا پارتی چه‌پی دیموكرات رێككه‌وتن واژو بكات. له‌ به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌موو كه‌س زۆر شه‌كه‌ت بووه‌. كۆمه‌ڵگا به‌ شێوه‌یه‌كی دیار تووشی بێ متمانه‌یی بووه‌، به‌دوای ده‌موچاوی نوێدا ده‌گه‌ڕێت. یه‌كه‌مین ئاماژه‌ی ئه‌م راستیه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌دیاركه‌وت. بۆ هه‌ڵبژاردنی خۆجێی هێشتا كاندیده‌كانیان ئاشكرا نه‌كردووه‌. بۆ هه‌ڵبژاردنی خۆجێی داوا هیچ كۆمێنتێكم نیه‌، به‌ڵام به‌ پێویستی ده‌زانم پارتی دیموكراسی و یه‌كسانی گه‌لان (DEM) و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و كێشه‌كانی دیكه‌ له‌ توركیادا رووبه‌ڕوو گفتوگۆ بكه‌ن. (AKP) بۆ پێنج ساڵ ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌، ئه‌م پارته‌ موخاته‌بی ره‌خنه‌ و داواكاریه‌كانمانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ خۆی له‌ گفتوگۆ نه‌دزێته‌وه‌. به‌ ره‌هایی گفتوگۆ به‌ واتای گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگی نایێت. هه‌ستیاری سیاسی جه‌ماوه‌ری (DEM) له‌به‌ر چاوانه‌. ناكرێت چاوه‌ڕێ بین له‌م گفتوگۆیانه‌دا هه‌موو شتێك بگاته‌ كۆتایی.
پ: هه‌ردوو پارتی سه‌عاده‌ت و دواڕۆژ له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا یه‌كیان گرت و فڕاكسیۆنیان دروست كرد. نه‌چوونه‌ ناو فراكسیۆنی ئه‌م دوو پارتیه‌ كه‌ نزیكن له‌ ئێوه‌. ده‌رباره‌ی كار و چاڵاكیه‌كانتان له‌ په‌رله‌مانی توركیا له‌ داهاتوودا چ شێوازێك ده‌گرنه‌به‌ر؟
وه‌ڵام: به‌ راستی نازاین پارتیه‌كی سیاسی كه‌ تازه‌ دروست كرابێ، بچێت له‌ ژێر ناو و ئالای پارتێكی دیكه‌دا كار بكات. له‌به‌ر ئه‌مه‌ نه‌چووینه‌ پاڵ ئه‌م دوو پارته‌. ئه‌گه‌ر هه‌ڵومه‌رج له‌بار بوو هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌كو پارتی (DEVA) ده‌خوازین فڕاكسیۆن دروست بكه‌ین. هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌مه‌ ده‌چین. سیاسه‌تی توركیا هه‌موو كاتێك ده‌رفه‌تی نوێ ده‌ڕه‌خسێنێت، به‌و مه‌رجه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پڕه‌نسیپ و به‌رنامه‌كه‌مان بگونجێت ده‌رگامان بۆ هه‌موو كه‌س كراوه‌یه‌.
پ: ئایا پارتی (DEVA) به‌ناوی خۆی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێیه‌كان ده‌كات؟ له‌ كام پارێزگاكان ده‌چنه‌ ناو پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردن؟ ئایا له‌گه‌ڵ پارته‌كانی دیكه‌ بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانی گفتوگۆتان هه‌یه‌؟
وه‌ڵام: هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ناو و لۆگۆی خۆمان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین. تا ئێستا 51 كاندیدمان دیاری كردووه‌. هه‌فته‌ی داهاتوو مه‌ڕاسیمی ناساندنی كاندیده‌كانمان ساز ده‌كه‌ین. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ناچینه‌ ناو هیچ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك، به‌ڵام له‌ ئاستی ویلایه‌ته‌كاندا له‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ناوی كاندیدێكی هاوبه‌ش سازش بكه‌ین.
پ: ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت، له‌ جوگرافیای كوردنشیندا (باكووری كوردستان) به‌ ساڵانه‌ كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیفێك بۆ پارتی (DEM) بكه‌ن. له‌مباره‌یه‌وه‌ هوداپار (HÜDAPAR)  كاندیده‌ تا ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیفی (DEM)، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌لایه‌ن پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پشتگیری له‌ هوداپار ده‌كرێت و هانده‌درێت.‌ پشتگیری كردنی هوداپار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ چۆن ده‌خوێنه‌وه‌؟  
وه‌ڵام: ناوبه‌ناو گوێمان له‌م بانگه‌شانه‌ ده‌بێت، به‌ڵام تۆمه‌تباركردنی پارتێكی سیاسی له‌لایه‌ن به‌رپرسی پارتێكی دیكه‌ی سیاسی به‌ راست نازانم. هوداپار به‌ گوێره‌ی یاساكانی توركیا دامه‌زراوه‌، پارتێكی سیاسیه‌ شتێكی پێچه‌وانه‌ و مه‌ترسیداری له‌گه‌ڵ ده‌ستووری توركیا نه‌كردووه‌. ئه‌ندامانی ئه‌م پارته‌ سیاسیه‌ له‌ رابردوودا هه‌ر چۆنێك ناسرابن، بۆ ئه‌مڕۆ موكڕن له‌ زه‌مینه‌یه‌كی ره‌وادا سیاسه‌ت بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌شیان زۆر گرنگه‌.
پ: له‌ داهاتوودا هوداپار ده‌بێته‌ ئه‌لته‌رناتیفی پارتی (DEM)؟ په‌یوه‌ست به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كرێت هه‌ندێك زانیار و بۆچوونی خۆت بخه‌یته‌ڕوو؟
وه‌ڵام: بیر له‌ ئه‌گه‌رێكی به‌م شێوه‌یه‌ ناكه‌مه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م دوو پارته‌ چه‌قی كاری سیاسیان له‌ یه‌ك ناوچه‌ی جوگرافیه‌‌، به‌ڵام دونیای بینی جیاوازیان هه‌یه‌. له‌ رووی هه‌بوون و واقیعدا له‌یه‌كتر جیاوازن.
پ: بانگه‌شه‌ ده‌كرێت به‌ تایبه‌تی له‌ناوچه‌ كوردیه‌كاندا هوداپار ده‌خزێندرێته‌ ناو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش سازشی له‌گه‌ڵ ده‌كات. له‌مباره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟
وه‌ڵام: زانیاری تایبه‌تیم نیه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی بارودۆخی توركیا شاگه‌شكه‌ نابم به‌م بانگه‌شه‌یه‌. چونكه‌ پارتیه‌ سیاسیه‌كانی ناو هاوپه‌یمانیه‌تی كۆمار له‌ناو دامه‌زراوه‌ بیرۆكراتیه‌كانی ده‌وڵه‌تدا ده‌رفه‌تیان بۆ ره‌خساوه‌ و به‌دوای ده‌ستكه‌وت ده‌گه‌ڕێن. لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن رووبه‌ڕووی گوشار لێكردن ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات و هاوپه‌یمانانی یان ئه‌وانه‌ی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵیاندا كراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
پ: په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێی له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و هوداپار گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌گووترێت بۆ ئه‌وه‌ی هوداپار چه‌ند شاره‌وانیه‌ك له‌ناوچه‌ كوردیه‌كان به‌ده‌ست بخات پشتگیری له‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌رده‌گرێت. راستی ئه‌م بانگه‌شانه‌ هه‌یه‌؟
وه‌ڵام: به‌ دڵنیایی له‌ نێوانیاندا رێككه‌وتن یان هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌ ئارادایه‌. له‌باره‌ی له‌ چه‌ند ویلایه‌ت، شارۆچكه‌ و شاره‌دێ رێككه‌وتوون ده‌نگۆی به‌هێز هه‌یه‌. چۆن له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی چوار كوورسی په‌رله‌مانیان بۆ مسۆگه‌ر كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێیش هه‌مان شت دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
پ: وه‌كو پارتی (DEVA) له‌ناوچه‌ كوردیه‌كاندا چۆن به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن. له‌ چه‌ند شاره‌وانی له‌ خۆتان راده‌بینن و ئامانجتان سه‌ركه‌وتنه‌؟
وه‌ڵام: ئێمه‌ نه‌وه‌كو ته‌نیا له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵكو له‌و ساته‌ی ده‌ستم به‌كاری سیاسی كردووه‌، وه‌كو هاووڵاتیه‌كی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستم بێت بۆ هاوشاری و هاوناوچه‌یه‌كانم ده‌كه‌م. له‌و كاته‌ی هه‌موو كاندیدانمان دیاری ده‌كه‌ین ده‌كرێت له‌باره‌ی ئامانجه‌كانمان و ئه‌و شاره‌وانیانه‌ی چاومان له‌سه‌ریانه‌ قسه‌ ده‌كه‌م.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand