پێش 25ی ئەم مانگە خانەو رێكخەر هەڵدەبژێردرێن

Draw Media

2023-12-11 11:22:54



درەو:
بڕیارە سبەینێ بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن بكاتەوە، بڕیاردراوە پێش25ی ئەم مانگە رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێن، عومەر سەید عەلی خۆی كاندید ناكاتەوە، (مستەفای سەید قادر، ئاوات شێخ جەناب، جەلال جەوهەر، دانا ئەحمەد مەجید، شەماڵ عەبدولوەفا) قسەیان لەگەڵ كراوە بۆ رێكخەری گشتی.
بە پێی زانیارییەكانی(درەو) لە كۆبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی (باژێروان و رێكخەری ژوورەكانی بزووتنەوەی گۆڕان) كە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بەڕێوەچوو، بڕیاریانداوە ئەندامانی خانەی راپەڕأندن و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تا 25ی ئەم مانگە  هەڵبژێرن.
سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند بڕیارە سبەینێ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێتەوە.
(درەو) زانیویەتی تا ئێستا عومەری سەید عەلی بڕیاریداوە خۆی كاندید نەكاتەوەو رایگەیاندووە پۆستی رێكخەری رادەستی دەستێكی ئەمین دەكات.
هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو) قسە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵادا كراوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كاندیدی بكەن لەوانە:
•    ئاوات شێخ جەناب
•    دانا ئەحمەد مەجید
•    مستەفا سەید قارد
•    جەلال جەوهەر
•     جەمال محەمەد
•    شەماڵ عەبدولوەفا

بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خۆیان بۆ پۆستی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كاندید ناكەن.
هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانیش هەڵدەبژێردرێت.
بە پێی مادەی (12) لە دەستوری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە.
خانەی راپەڕاندن پێكدێت لە ( رێكخەری گشتی، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆنەكان، ژوورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی)، تەنیا سەرۆكی جڤات لە جڤاتی گشتی هەڵدەبژێرێت ئەوانی دیكە بە رێكخەرەوە لە جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن.
هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێك دەبێت و رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنیا بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەن.
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 بەرێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بەشداربوو، بەڵام هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، بۆیە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی دەستیان لەكاركێشایەوە، لە مانگی نیسانی 2022دا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران، بەڵام عومەر سەید عەلی ئامادەنەبوو هەڵبژێدرێتەوە، بۆیە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە.
خانەی راپەڕاندن
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێكخەری گشتیەوە لە (7) ئەندام پێكدێت ئەوانیش:
•    رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    سكرتێری كاروباری خەڵك
•    سەرۆكی جڤاتی گشتی
جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتی كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەو راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتیەوە پێشتر هەڵدەبژێردرێت، هەموو ئەندامانی تری خانە بە رێكخەری گشتیەوە لەناو جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن.
بەشێك لە ئەندامانی ئێستای خانەی راپەڕاندن بەهۆی نەخۆشیەوە خۆیان كاندید ناكەنەوە، بۆیە ناوی چەند كارەكتەر و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی دێت كە خۆیان بۆ ئەندامی خانەی راپەڕاندن كاندید دەكەن لەوانە: (كاردۆ محەمەد، گوڵستان سەعید، بەختیار ئەولی، كاوە عەبدوڵا، ئەحمەد یوسف سندی، شاخەوان رەئوف بەگ، لیوا جەلال،  نزار محەمەد، هۆشیار عومەر، هێمن شیخانی، دڵخواز كاكە رەش، ........)

هەڵبژاردنەكانی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن

دوای دوو مانگ لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25/7/2017 رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی یەكەم:
•     عومەری سەید عەلی  رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    محەمەد تۆفیق ڕەحیم، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    عوسمانی حاجی مەحمود، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    جەمال محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    شۆڕش حاجی، سكرتێری كاروباری خەڵك
•    رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی

رۆژی 14/9/2017 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی دووەم:
•     عومەری سەید عەلی  رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    دەرباز محەمەد، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    شەماڵ عەبدولوەفا، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    برزۆ مەجید، سكرتێری كاروباری خەڵك
•    جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی (لەناو جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا)

بەهۆی شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەدەستنەهێنانی هیچ كورسیەكیان، رۆژی 13/10/2021 رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە.
بەڵام رۆژی 17/4/2022 لە جڤاتی نیشتمانی بەشێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی سێیەم:
* عومەر سەید عەلی رازی نەبوو هەڵبژێردرێتەوە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە.
* جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕان
* سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕان
* شێخ كامیل پێنجوێنی ئەندامی خانەی راپەڕان
* ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕان
هەریەك لە برزۆ مەجید و دەرباز محەمەد رازینەبوون هەڵبژێدرێنەوە.
 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand