مه‌سرور بارزانی دژی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی ده‌ستبه‌كارده‌بێت

Draw Media

2023-12-11 11:16:26



راپۆرت: درەو
دژی سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی عێراق، مەسرور بارزانی نامەی بۆ هەریەكە لە (فایەق زەیدان)‌و (پلاسخارت)‌و حاكم (عومەر ئەحمەد) ناردووە، دژی دەستكاریكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانە، دادگای فیدراڵی رۆژی 27ی ئەم مانگە بڕیاری كۆتایی خۆی لەمبارەیەوە دەردەكات، هەندێك لە لایەنە توركمان‌و مەسیحییەكان هەڕەشەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن‌و دواكەوتنی هەڵبژاردنی شوباتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو ئەگەرێكی بەهێزە، وردەكاری لەم راپۆرتەدا. 

نامەكەی مەسرور بارزانی
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ نامەیەكی بۆ هەریەكە لە (فایەق زێدان) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق‌و (جینین پلاسخارت) نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق‌و (عومەر ئەحمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ناردووە. 
بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، لەم نامەیەدا، مەسرور بارزانی پشتیوانی تەواوی حكومەتی هەرێمی بۆ مافی پێكهاتەكانی كوردستان راگەیاندووە‌و نیگەرانی‌و ناڕەزایی نیشانداوە لەبەرانبەر هەوڵەكانی گۆڕین‌و دەستكاریكردنی كورسی‌و مافی پێكهاتەكانی كوردستان. 
مەسرور بارزانی داوایكردووە، ڕێگری لەم هەوڵانە بكرێت‌و مافەكانی پێكهاتەكان دەستكاری نەكرێن و پارێزراو بن.
نامەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەرپرسانی عێراق‌و نەتەوە یەكگرتووەكان دوای ئەوە دێت، سەرەتای ئەم هەفتەیە ژمارەیەك لە لایەنە توركمان‌و مەسیحییەكان لە هەولێر كۆبونەوە‌و هەڕەشەی ئەوەیان كرد بایكۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكەن، ئەگەر بێتو هەڵبژاردن فرەبازنە بێت‌و (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشبكرێت، ئەم لایەنانە كۆنگرەی رۆژنامەوانییان كرد، هاواریان لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كرد بەدەم خواستەكانیانەوە بچێت، دوێنێ مەسعود بارزانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا رایگەیاند" پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت".

نیگەرانییەكانی پارتی‌و سكاڵاكەی یەكێتیی
هەموو ئەم نیگەرانییانە سەرچاوەكەی بۆ سكاڵایەك دەگەڕێتەوە كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر (5) ماددەی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماریكردووە، سكاڵایەكە كە بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەوە دەربكات. 
رۆژی 3ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی دواین دانیشتنی دادبینی لەسەر سكاڵاكەی یەكێتیی بەڕێوەبرد، لەم دانیشتنەدا دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد، بۆچونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو، كورسییەكانی پەرلەمان چۆن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشدەبن؟ 
كۆمسیۆن كە سەرۆكەكەی دادوەرێكی سنوری پارێزگای سلێمانییە، وەڵامی داوەتەوە‌و دەڵێ: لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارەی (12)ی ساڵی 2018ی هەمواركراو، هەرێمی كوردستان دەكرێت بە سێ ناوچەی هەڵبژاردن‌و (111) كورسییەكەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەش دەبێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا:  
•    پارێزگای هەولێر: (38) كورسی بەردەكەوێت
•    پارێزگای سلێمانی (45) كورسی
•    پارێزگای دهۆك (28) كورسی 
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیشی بەمشێوەیە دابەشكردووە بەسەر بازنەكاندا:
•     پارێزگای سلێمانی: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی
•    پارێزگای هەولێر: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی
•    پارێزگای دهۆك: (3) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەردەكەوێت، (1) كورسی توركمان‌و (1) كورسی ئەرمەن‌و (1) كورسی مەسیحی
پرسیاری دادگای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشبوونی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، پێشوەختە ئاماژەی ئەوەی بە لایەنە توركان‌و مەسیحییەكان دا كە دادگای فیدراڵی تانەكەی یەكێتیی لەبارەی گۆڕینی  شێوازی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی پەسەند كردووە، بۆیە ئەو لایەنانە هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ گۆڕینی بڕیارەكە بەر لە راگەیاندنی لەلایەن دادگاوە.
مشتومڕەكان لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، پێشبینی ئەوە لێدەكرێت بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە (25ی شوباتی) داهاتوو بەڕێوەبچێت، لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت‌و بكەوێتە مانگی 5ی ساڵی داهاتوو. 

یەكێتیی‌و كورسی پێكهاتەكان !
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2022دا بەڕێوەبچێت، بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم، ئەم هەڵبژاردنە لەوادەی خۆیدا نەكرا.
دواكەواتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ناچاركرد، بۆ جاری دووەم مەرسوم دەربكات‌و وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكات، كۆتاییەكانی ئازاری ئەمساڵ سەرۆكی هەرێم مەرسومی دووەمی دەركردو رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكرد، لەماوەی مانگی ئازار بۆ تشرینی یەكەم، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، بەتایبەتیش پارتی‌و یەكێتیی. 
لە پرسی دواكەوتنی هەڵبژاردندا، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی ناكۆكی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، ئەم ناكۆكییە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە‌و رەنگە دواجار سەربكێشێت بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت، كە بڕیارە 25ی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت.
"كۆتا" بەواتای تەرخانكردنی رێژە یان ژمارەیەك كورسی دێت بۆ پێكهاتەیەكی رەگەزیی یان نەتەوەیی‌و ئاینیی لە پەرلەمان‌و ئەنجومەنە لۆكاڵییەكان، رێوشوێنێكی كاتییە‌و ئامانج لێی ئەوەیە گرەنتی بەشداری پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتیی بكرێت لە بەشداریكردن لە بڕیاردا لەناوچەیەكی جوگرافی دیاریكراو.
لە سەرەتای گفتوگۆكانەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی داوای دەكرد هەڵبژاردنی كوردستان هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 2021 بەڕێوەچوو، بكرێت بەشێوازی "فرە بازنەیی"، چونكە یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە شێوازی (یەك بازنەیی) ئەوەی بۆ پارتی فەراهەمكردووە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت‌و لەشێوازی (فرە بازنەیی)دا دەنگەكان دابەشدەبن‌و پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بە قەبارەی پێشتر دروستبكات، ئەوكات لە گفتوگۆكاندا پارتی لەسەر ئەم داواكارییە قایل بوو، بەڵام هاوكات لەگەڵ فرە بازنەییدا، یەكێتیی داوای دەكرد كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێت، بۆ ئەمە یەكێتیی داوای دەكرد (2 بۆ 4) كورسی لە كۆی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بخرێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردن دواكەوت.
نیسانی ئەمساڵ كاتێك دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چڕبووەوە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا (ئەوكات پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرێم بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن)، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە، نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری لە دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتیدا دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی ئەوەی كرد كورسییەكی پێكهاتەی توركمان بدرێت بە پارێزگای سلێمانی (كفری)، بەڵام نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان ئەم پێشنیازەیان رەتكردەوە.
ئێستا ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی‌و وەڵامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەند بكات، سنوری پارێزگای سلێمانی كە یەكێتیی تێیدا باڵادەستە، لەبری (2) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان (4) كورسی بەردەكەوێت، بۆ یەكێتیی ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە، چونكە لەرابردوودا پێیوا بووە (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان كاندیدەكانی لەلایەن پارتییەوە دیاریكراوە‌و بەردەوام پێكهاتەكانی لە خزمەتی پرۆژە سیاسییەكانی خۆی لە پەرلەمان بەكارهێناوە.

توركمان‌و مەسیحی لە كوردستان
بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی توركمان، ژمارەی ئەم پێكهاتەیە لە هەرێمی كوردستان (350 بۆ 400 هەزار) كەسە، لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان دەگاتە (3 ملیۆن) كەس. 
ئەگەر ئەم ژمارانە دروست بن، وەكو بەرپرسانی توركمانی دەڵێن، مافی پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە (5) كورسی "كۆتا"، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە هەندێك كە كارەكتەرە سیاسییەكانی پێكهاتەی توركمان خۆشیان دژی كورسی "كۆتا"ن‌و پێیانوایە ئەگەر لە دەرەوەی "كۆتا" بەشداری هەڵبژاردن بكەن‌و ریزەكانی خۆیان یەكبخەن، ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەبێت‌و سەرباری ئەمەش لەژێر هەژموونی حزبە دەسەڵاتدارەكان دێنە دەرەوە.
ئێستا كە یەكێتیی لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەیەوێت لەكۆی (5) كورسی "كۆتا"ی توركمان، (2) كورسی بدات بە قەزای كفری كە لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 58 هەزار كەس لە قەزای كفریدا نیشتەجێن، هیچ ئامارێكی فەرمی لەبەردەستدا نییە كە ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری دەستنیشان بكات، بەڵام بەپێی ئامارێكی بەرەی توركمانی (800) خێزانی توركمان لە كفریدا هەن، سەرباری ئەمە، لەدواین هەڵبژاردندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021) كاندیدی توركمانەكان لەم قەزایە كە خاتونێك بوو بەناوی (بسن جیهاد محەمەد) لە بەرەی توركمانیی، تەنیا (334) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە هۆكارەكەیە كە لایەنە توركمانەكانی هەولێر دژی دابەشكردنی كورسی توركمانن بەسەر بازنەكاندا‌و دەڵێن زۆرینەی توركمانی هەرێمی كوردستان لەناو سەنتەری شاری هەولێردا نیشتەجێن‌و كفری ژمارەیەكی كەمتر توركمانی تێدایە.   
بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی تر كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئێستا ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری نزیكەی (2 هەزار) كەس دەبێت كە دابەشبوون بەسەر نزیكەی (450) خێزاندا.
ئەوە هەر لایەنە توركمانییەكان نین كە دژی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەندێك لە لایەنە مەسیحییەكانیش دژی ئەم دابەشكردنەن. 
رۆژی 24ی مانگی رابردوو، (جینان جەبار بۆیا) كە ئەندامی فراكسیۆنی (هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی) بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركیا كردبوو، سەرسوڕمانی خۆی لە سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی نیشاندابوو. 
ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییە ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەكو پێكهاتەی مەسیحی شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان قبوڵ نییە‌و وتی:" یەكێتیی داوایكردووە هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت، وایان دابەشكردووە پێنج كورسیی مەسیحییەكان بەشێوەیەك دابەش بكرێت كە دوو كورسی بۆ سلێمانی، دوو كورسی بۆ دهۆك‌و یەك كورسی بۆ هەولێر بێت".
"لە سلێمانی 120 خێزانی مەسیحی هەیە، رەنگە لەو ژمارەیە 60 خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیكە ئاوارەن، بەڵام لە عەنكاوە (هەولێر) چوار هەزار خێزانی كلدانی هەیە، ناكرێت بۆ 120 خێزان دوو كورسی تەرخان بكرێت‌و لەبەرامبەردا بۆ چوار هەزار خێزان تەنیا لە عەنكاوە یەك كورسی تەرخان بكرێت، جگە لە قەزاكانی شەقڵاوەو كۆیە كە ژمارەیەكی زۆر مەسیحی لەوێش هەن" پەرلەمانتارە مەسیحییەكە وا دەڵێ. 
بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێستا لە عێراق كەمتر لە (250 هەزار) مەسیحیی هەن، نزیكەی (200 هەزار) كەسیان لەناوچەكانی دەشتی نەینەواو هەرێمی كوردستاندا دەژین.
مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان جگە لە (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، پۆستێكی وزاریشیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پێدراوە كە پۆستی وەزری گواستنەوەو گەیاندنەوە (ئانۆ جەوهەر) لە پۆستەكەدا دانراوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand