دواین دانیشتن بەر لە بڕیاردان

Draw Media

2023-12-02 09:17:47



راپۆرت: درەو
سكاڵاكەی یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان، سبەینێ دواین دانیشتنی دادبینی لەسەر دەكرێت، دادگای فیدراڵی تاوتوێی ئەوە دەكات ئەگەر هەڵبژاردنی كوردستان بكرێت بە فرەبازنە، چۆن كورسییەكای پەرلەمان دابەشدەكرێت بەسەر بازنەكاندا، بۆئەمەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكەی عێراقی بانگهێشتكردووە، كە سەرۆكەكەی دادوەرێكی سنوری پارێزگای سلێمانییە، وردەكاری لەم راپۆرتەدا. 

دواین دانیشتنی بەر لە بڕیاردان
سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق جارێكی تر لەبارەی ئەو سكاڵایە كۆدەبێتەوە كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەرێگەی (زیاد جەبار)ەوە تۆماریكردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سكاڵاكە نادات‌و بەر لە بڕیاری كۆتایی، دواین دانیشتنی دادبینی بەڕێوەدەبات. 
(درەو) زانیویەتی، بۆ دانیشتنی سبەینێ، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە سەرۆكەكەی دادوەرێكی سنوری پارێزگای سلێمانییە، بانگهێشتی دانیشتنی دادگا كراوە، لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن دادگا پرسیاری لێدەكات، بەتایبەتی لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت، ئایا كۆمسیۆن بەكام تۆماری هەڵبژاردن كورسییەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش دەكات ؟ ئایا بە تۆماری دەنگدەرانی عێراق یان تۆمارەكەی هەرێمی كوردستان ؟ 
بانگهێشتكردنی كۆمسیۆن لەسەر ئەم بابەتە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەو ماددەی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەندكردووە كە داوا دەكات شێوازی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە (یەك بازنەیی)وە بكرێت بە فرەبازنەیی، وەكو ئەوەی لە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستاندا هاتووە بەر لە هەمواركردنی. 

لەبارەی سكاڵاكەوە
دادگای فیدراڵ عێراق ماوەی (7) مانگە تاوتوێی ئەو سكاڵایە دەكات كە یەكێتیی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن تۆماریكردووە، لەم سكاڵایەدا، سكاڵاكارەكان دوو كەسن، یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (ئێستا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییە)‌، ئەوی تریان (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیە. 
دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركراون. زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوەو داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی.
كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن:
ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.
ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت‌و، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا (ئەمە ئەو ماددەیە كە سبەینێ دادگا لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دادبینی لەسەر بەڕێوەدەبات).
ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن‌و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشان‌و بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات.
ماددەی بیست‌و دوو:
1-    هەر  كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێت‌و، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن.
2-    لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون.
ماددەی سی‌و شەش:
1-    پێنج كورسی بۆ كلدان ‌و سریان‌و ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
2-    پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
3-    یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند بكات‌و هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەنا بۆ یاسای (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق) ببرێت، كە یاسای یەكەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان‌و (سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی) لە رۆژی 4ی نیسانی 1992 پەسەندی كردووە.
ئەگەر دادگا هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر ئەسڵەكەی بەر لە هەمواركردن، واتا (یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان) كە ساڵی 1992 بەرەی كوردستانی دەریكردووە، بەتایبەتی لەو ماددانەی كە یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر كردوون، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت:
ماددەی یەكەم: ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. لەگەڵ (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی مەسیحی، واتا (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی توركمان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمە بەشێك لە حزبە توركمانەكانی نیگەران كردووە.  
ماددەی نۆیەم: كوردستانی عێراق دەكرێت بە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، بەمەرجێ لە (4) ناوچە كەمتر نەبێت، یەكێتیی دەیەوێت لە رێگەی ئەم ماددەیەوە شێوازی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ فرەبازنەیی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021دا، یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە ئەوەی وایكردووە پارتی زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت، شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردنە، یەكێتیی پێشتر لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر شێوازی فرەبازنەیی دەكردەوە، پارتی بەم مەرجە قایل بووە، هەردوولا رێككەوتن كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام لەسەر دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن‌و هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیش لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە كۆتایی  بە گفتوگۆكان هێناو نەتوانرا یاسای هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە.
ماددەی پانزە: بۆ هەر ناوچەیەكی هەڵبژاردن خشە بەناوی هەڵبژێرەكان (دەنگدەر)‌و بەپێی ناوچەكانی هەڵبژاردن‌و بەپێی پیتەكانی ئەبجەدی ئامادە دەكرێت، كە پیشەو ناونیشان‌و مێژوو و شوێنی لەدایكبوونیان تێدا تۆمار دەكرێ‌و بە گەلێك دانە دەنێردرێن بۆ لیژنەی ناوچە، ئەگەر ئەمە لەتوانادا نەبوو  بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا رێگایەكی دیكەی لەبارتر دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێویستە.
ماددەی بیست و دوو:
1-    هەر حزبێك یان توێژێك یان كەمایەتییەكی نەتەوەیی وەك (توركمان، عەرەب، ئاشوری... هتد) بۆی هەیە لیستی تایبەتی بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات.
2-    لیستی پاڵیوراوەكان لەماوەی (10) رۆژ لە مێژووی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لەماددەی بیست‌و یەكەمدا هاتوون.
ماددەی سی‌و شەش:
1-    سەرجەمی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەسەر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەندا دابەش دەكرێ بۆ دەرهێنانی تێكڕای هەڵبژاردنەكە (المعدل الانتخابی).
2-    ئەو دەنگانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێنا دابەش دەكرێ بەسەر تێكڕای دەنگی هەڵبژاردنەكە، بۆ دەستنیشانكردنی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستی پەیوەندیدار بەدەستی هێناوە، لەگەڵ رەچاوكردنی ئەوەی لەم بڕگەی خوارەوەدا هاتووە.
3-    هەر لیستێك رێژەی 7%ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنابێ نوێنەرایەتی لە ئەنجومەندا ناكات‌و دەنگەكانی بەسەر لیستە سەركەوتووەكاندا دابەشدەكرێتەوە بەرێژەی سەركەوتنەكەی.
4-    ئەو كورسییە چۆڵانەی كە لە ئەنجامی وەدەستهێنانی پاشماوەیەك كە ئەگاتە تێكڕایی دەنگی هەڵبژاردن دەخرێتە سەر ئەو لیستانە بەپێی زۆرترین ئەو دەنگانەی كە هێناویانە.

چارەنوسی هەڵبژاردن !
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2022دا بەڕێوەبچێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم مەرسومی بۆ دەركردبوو، بەڵام لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەمە وایكرد پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. 
رۆژی 26ی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی مەرسومی دووەمی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دەركرد‌و رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023ی دیاریكرد، بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەم مەرسومەش پەكی كەوت. 
دوای هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، هیچ بژاردەیەكی لەبەردەمدا نەما، بەتایبەتیش كە پەرلەمان نەیتوانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كارا بكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە، ئیتر نێچیرڤان بارزانی مەرسومی سێیەمی دەركرد‌و رۆژی 25ی شوباتی 2023ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكرد، سەرپەرەشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیشی دایە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق.  
ئەگەر هەڵبژاردن لە 25ی شوباتی 2024 دوابكەوێت، كه‌ ئه‌مه‌ ئێستا ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌حاڵی دروستبوونی ناكۆكی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسی به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، دەبێت بە سێیەم جار هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە تشرینی دووەمی 2022وە وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتووەو حكومەتی هەرێم بووە بە حكومەتێكی كاربەڕێكەرو شەرعیەتی هەڵبژاردنی لەدەستداوە. 
هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا روبەڕووی مەترسی لەدەستدانی شەرعیەتی دامەزراوەكانی بووەتەوە كە لەژێر فشاری توندی حكومەتی فیدراڵیدایە‌و هێشتا پشكی خۆی لە یاسای بودجەی گشتی پێنەدراوە‌و پێویستی بە چەندین گەڕ دانوستان هەیە، ئەمە لەپاڵ دانوستان لەبارەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، یاسایەك كە چارەنوسی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بەسەر كەرتی نەوت‌و غازدا یەكلادەكاتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand