پارەی هەرێمى كوردستان لە "لۆبی" ئەمریكیدا

Draw Media

2023-12-01 16:22:37



راپۆرت: درەو
لە ساڵی 2003وە تاوەكو 2023 پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەرێگەی حكومەتی هەرێم یاخود بەشێوەی سەربەخۆ دەیان ملیۆن دۆلاریان لە دروستكردنی "لۆبی"دا لە ئەمریكا خەرجكردووە، بەڵام كە بڕیاریاندا ریفراندۆم بكەن بۆ سەربەخۆیی، ئەمریكا پشتیوانی لێ نەكردن، حەلبوسی لەسەر گرێبەستێك كە لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی كردویەتی، كەوتوەتە بەردەم ئەگەری ئەوەی حزبەكەی دابخرێت‌و خۆشی دادگایی بكرێت، بۆیە سەری خۆی ناوە بە سەری هەموو ئەو حزب‌و  كەسایەتییانەوە كە لەدوای كەوتنی سەددامەوە هەوڵی دروستكردنی "لۆبی"یان داوە لە ئەمریكا، لیستی ناوی هەموویانی بڵاوكردەوە، حكومەتی هەرێم پشكی گەورەی خەرجكردنی پارەی لە "لۆبی ئەمریكی"یدا بەركەوتووە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە، ئەو كۆمپانیایەی حەلبوسی لەسەر دادگایی دەكرێت، بەر لە حەلبوسی، پارتی گرێبەستی لەگەڵدا كردووە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

حەلبوسی دادگا دەخاتە ناو گومانەوە !
كردنەوەی دۆسیە لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆكی لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی داخستنی حزبەكەی (تەقەدوم)، بەتۆمەتی ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی كردووە بەبێ ئاگاداركردنەوەی فەرمانگەی حزبەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەرگای لەسەر ئاشكرابوونی گرێبەستی حزب‌و لایەنە حكومی‌و كەسایەتییە عێراقییەكان‌و حكومەت‌و حزبەكانی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئاوەڵا كرد. 
حەلبوسی لیستی ئەو لایەن‌و كەسایەتییە عێراقییانەی ئاشكراكرد، كە لە ساڵی 2003‌و دوای كەوتنی سەددامەوە تاوەكو ئەمساڵ (2023) لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان گرێبەستیان كردوە بەمەبەستی وەرگرتنی شارەزایی‌و بەدەستهێنانی پشتیوانی دامەزراوە دەوڵەتییەكانی ئەمریكا لەرێگەی گروپەكانی فشار "لۆبی"یەوە، لەرێگەی بڵاوكردنەوەی ئەم لیستەوە حەلبوسی دەیەوێت لە دادگای عێراق بڵێت ئەوە هەر من نیم گرێبەستم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان هەیە‌و ئەگەر رێوشوێنی بگیرێتەبەر، هەموان لەم بوارەدا تێوەگلاون، چونكە بەپێی لیستە، لەدوای روخانی سەددامەوە ئەم كەسایەتی‌و لایەنە عێراقییانەش كاریان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردووە:
•    ئەیاد عەلاوی ‌و عەدنان پاچەچی‌و ئەحمەد چەلەبی‌و باقر جەبر سۆلاغ‌و تاریق هاشمی‌و ساڵح موتڵەگ‌و ئەسیل نوجێفی
•    حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارتی‌و یەكێتیی
•    حكومەتی عێراق‌و وەزارەتەكانی دارایی‌و نەوت‌و دەرەوەو باڵیۆزخانەكان‌و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و دەزگای هەواڵگری عێراق.
•    حەشدی شەعبی‌و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی‌و چەندین حزب‌و كەسایەتی سیاسی تری عێراق. 
دوای ئەوەی فەرمانگەی حزبەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سكاڵایەكی لەبارەی داخستنی حزبی تەقەدوم بەرزكردەوە بۆ دەستەی دادوەریی كۆمسیۆن، دوێنێ حەلبوسی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد‌و رایگەیاند" 286 دامەزراوەی عێراقی گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردووە، ئەو كۆمپانیایەی ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ كردووە (كۆمپانیای BGR) 100% كۆمپانیایەكی ئەمریكییە، ئەمە وەكو وەڵامێك بۆ باسم خەشانی پەرلەمانتار كە سكاڵای كردووەو دەڵێ ئەو كۆمپانیایە ئیسرائیلییە.

كورد لەناو لیستەكەدا !
حەلبوسی لیستی ناوی ئەو كەسایەتی‌و لایەنە حزبی‌و حكومیانەی عێراق دزە پێكرد كە 2003وە گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردووەو ناویان لە وەزارەتی دادی ئەمریكا تۆماركراوە. 

یەكەم لۆبی دوای كەوتنی سەددام
دوای كەوتنی رژێمی سەددام حسێن، بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 2003دا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكیدا كراوە بە ناوی (Nijyar H. Shemdin)، لەم گرێبەستەدا حكومەتی هەرێم (ئیدارەی پارتی) بڕی (47 هەزارو 650) دۆلاری بە كۆمپانیا ئەمریكییەكە داوە‌و دیار نییە گرێبەستەكە بۆ چ مەبەستێك كراوە. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەو ناوەی لە لیستەكەدا وەكو كۆمپانیا تۆماركراوە، كۆمپانیا نییە، بەڵكو پیاوێكە بەناوی (Nijyar H. Shemdin) كە لەدوای كەوتنی سەددامەوە، لە ئەمریكا‌و كەنەداو نەتەوە یەكگرتووەكان كاری بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كردووەو لۆبی بۆ كردوون. 

نیجیار ئێچ شه‌مدن له‌ ئۆفێسه‌كه‌ی خۆی له‌ ئه‌مریكا وێنه‌ی نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵواسیوه‌

بەرزبوونەوەی خەرجی لۆبیكردن !

ساڵێك دواترو لە 2004دا، پارتی دیموكراتی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تری ئەمریكی بەناوی (Barbour Griffith & Rogers LLC)، ئەمەش كۆمپانیایەكی بواری لۆبیكردنە لە ئەمریكا‌و كورتكراوەكەی (BGR)ە، لەو ساڵەدا پارتی بڕی (214 هەزارو 206) دۆلاری بەم كۆمپانیایە داوە.
هەر لە ساڵی 2004دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان (ئیدارەی پارتی) جارێكی ترو بە دوو بڕی جیاواز پارەی بۆ (Nijyar H. Shemdin) خەرجكردووە، بڕی یەكەمی پارەكە (147 هەزارو 450) دۆلار بووە، بڕی دووەم (47 هەزارو 200) دۆلار بووە. 
تەنیا بە كۆكردنەوەی ئەو پارانەی كە تۆماركراون، دەردەكەوێت لە 2004 پارتی نزیكەی (نیو ملیۆن) دۆلاری لە دروستكردنی لۆبیدالە ئەمریكا خەرجكردووە. 

زیادبوونی گروپی لۆبی 
لە ساڵی 2005دا حكومەتەكەی پارتی بەردەوام بووە لەسەر گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای (BGR)‌و بە دوو بڕی جیاواز پارەی بە كۆمپانیاكە داوە، بڕی یەكەم بریتی بووە لە  (273 هەزارو 209) دۆلار‌و بڕی دووەمیش بریتی بووە لە (303 هەزارو 389) دۆلار. 
بەهەمان شێوە لە 2005دا پارتی بەردەوام بووە لەناردنی پارە بۆ پیاوە لۆبیكەرە ئەمریكییەكە (Nijyar H. Shemdin)، جارێكی ترو بە دوو بڕی جیاواز پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەكەم (217 هەزارو 920) دۆلار بووە، بڕی دووەم (107  هەزارو 189) دۆلار بووە. 
لەم ساڵەدا حكومەتی هەرێم خەرجی دروستكردنی لۆبی زیاتر كردووەو گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی تردا كردووە بەناوی (Russo Marsh & Rogers)، ئەمەش كۆمپانیایەكی بواری لۆبیكردنەو سەربە پارتی كۆمارییەكانە، لەو ساڵەدا كەمپەینێكی دروستكردنی پشتیوانی بۆ حكومەتی هەرێم ئەنجامداوە، لەبەرامبەر ئەم كارەدا حكومەتی هەرێم بڕی (242 هەزارو 500) دۆلاری پێداوە. 
پارەی خەرجكراوی كوردستان بۆ دروستكردنی لۆبی، لەم ساڵەدا بۆ زیاتر لە (یەك ملیۆن) دۆلار بەرزبووەتەوە. 

2 ملیۆن‌و 500 هەزار دۆلار بۆ نوێنەرایەتی هەرێم 
ساڵی 2006 پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام بووە لە گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای (BGR)، بەدوو بڕ پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەكەم (547 هەزارو  480) دۆلار بووە، بڕی دووەم (321 هەزارو 853) دۆلار بووە. 
هاوكات حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی تردا  كردووە بەناوی (Herald Group LLC)، ئەم كۆمپانیایە لەبواری راوێژكاریی پەیوەندییە گشتییەكان‌و خزمەتگوزاری لەبواری پەیوەندییە ستراتیژییەكان‌و بەڕێوەبردنی هەڵمەتە جەماوەرییەكان‌و كەمپەینی میدیایی‌و توێژینەوەی ستراتیژیدا كاردەكات، لەو ساڵەدا حكومەتی هەرێم بڕی (16 هەزار) دۆلاری بۆ ناردووە. 
ئەمساڵیش (2006) حكومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە ناردنی پارە بۆ كۆمپانیای (Russo Marsh & Rogers)، بەڵام بڕی پارەكە لە لیستەكەدا تۆمارنەكراوە. 
سەرباری ئەمانە، حكومەتی پارتی بەردەوام بووە لە ناردنی پارە بۆ پیاوە لۆبیكارەكە (Nijyar H. Shemdin)، ئەمجارەش بە دوو بڕی جیاواز پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەكەم (123 هەزار) دۆلار بووە، بڕی دووەم (81 هەزارو 750) دۆلار بووە. 
هەر لە 2006دا بڕە پارەیەكەی زۆر تۆماركراوە كە حكومەتی هەرێم بۆ نوسینگەكەی خۆی لە ئەمریكا رەوانە كردووە بڕەكەی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلارە، لەم ساڵەدا قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان پۆستی بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی لە واشنتۆن گرتەدەست، ئەو سەردەمە سەرەتای بڵاوبوونەوەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان بوو لەبارەی خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بۆ دروستكردنی لۆبی كورد لە ئەمریكا.
حكومەتی هەرێم ئەمساڵیش (2006)، كاری لەگەڵ كۆمپانیایەكی تری ئەمریكی كردووە بەناوی (Slocum & Boddi PC)، بڕی ئەو پارەی كە پێیداوە، تۆمارنەكراوە. 
ئەمساڵ پارەی رەوانەكراوی حكومەتی هەرێم بۆ ئەمریكا بۆ زیاتر لە (3 ملیۆن) دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمە تەنیا ئەو بڕە پارانەیە كە تۆماركراون. 

لۆبی كورد لە 2007دا
ساڵی 2007 جارێكی تر حكومەتی هەرێم پشكی گەورەی لە پارەدا بە كۆمپانیاكانی بواری لۆبیكردن لە ئەمریكا بەركەوتووە، لەم ساڵەدا، حكومەتی هەرێم بڕی (110 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ كۆمپانیایەك بەناوی (American Business Development group)، ئەم كۆمپانیایە لەبواری بازرگانی سەربازی كاردەكات. 
گرێبەستەكەی حكومەتی هەرێم لە 2007دا لەگەڵ كۆمپانیای (Russo Marsh & Rogers)دا بەردەوام بووە كە كەمپەینی پشتیوانیكردنی لە حكومەتی هەرێم بەڕێوەبردووە، ئەمساڵیش بڕێكی پارەی تری بۆ نێردراوە، بەڵام بڕەكە تۆمارنەكراوە، لەپاڵ ئەمەدا پارەشی بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە واشنتۆن ناردووە، بەڵام بڕەكەی تۆمار نەكراوە. 
هەر لەم ساڵەدا، ئەم كۆمپانیایانە پارەیان لەحكومەتی هەرێم وەرگرتووە: 
•    حكومەتی هەرێم بڕی (7 هەزارو 318) دۆلاری ناردووە بۆ كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC)ی ئەمریكی. 
•    ئەمساڵ ناوی كۆمپانیایەكی تریش زیادبووە كە حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ كردووە، كۆمپانیاكە ناوی (Greenberg Traurig LLP)یە، حكومەتی هەرێم بڕی (40 هەزار) دۆلاری بۆ ناردووە. 
•    پارتی لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە بەردەوامە لە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا گوماناوییەكە (BGR)، بە دوو وەجبە پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەكەمی پارەكە (381 هەزارو 487) دۆلار بووە، بڕی دووەم (478 هەزارو 669) هەزار دۆلار بووە. 

نەهرۆ كەسنەزانی بەدوای لۆبیدا گەڕاوە !
بەپێی بەڵگەنامەكە، لە ساڵی 2008دا، (نەهرۆ كەسنەزانی) رێبەری ئێستای تەریقەدی قادریی، بڕی (60 هەزار) دۆلاری داوە بە لایەنێكی ئەمریكی بەناوی (Bitat, Janet M).
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2019، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی راپۆرتێكی لەبارەی شێخ نەهرۆ بڵاوكردەوە، لە راپۆرتەكەدا باسی لەوە كردبووە، شێخ لەگەڵ براكەیدا، بەر لە روخانی رژێم لە 2003دا لەگەڵ ئەمریكییەكان كاریان كردووە، لەناو تۆڕە سۆفییەكەیاندا دەیان كەسیان كردووە بە هەواڵدەر كە لەناو دەزگا سەربازی‌و هەواڵگرییەكانی سەددامدا كاریان كردووە، بەپێی كتێبێك كە (بۆب وودوارد) نوسیویەتی، ئەو زانیارییانەی كە دوو برا كەسنەزانییەكە‌و تۆڕەكەیان بە هەواڵگری ئەمریكایان داوە "زانیاری زۆر دەگمەن‌و سەرەنجڕاكێش" بوون، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا ژمارەی نهێنی "ROCKSTARS" بۆ داناون.
هەر لە راپۆرتەكەی (واشنتۆن پۆست)دا ئاماژە بەوە كراوە، شێخ نەهرۆ یەكێك لەو كەسانەیە كە لە ئەمریكا بەدوای لۆبیدا دەگەڕێت.

پارتی پێش حەلبوسی گرێبەستی كردووە !
لە 2008دا حكومەتی هەرێم بە دووجار، دوو بڕ پارەی زۆری بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە ئەمریكا ناردووە، بڕی یەكەمی پارەكە (ملیۆنێك‌و 243 هەزارو 282) دۆلار بووە، بڕی دووەمیش (ملیۆنێك‌و 198 هەزارو 611) دۆلار بووە.
سەرباری ئەو پارانەی بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی ناردووە، حكومەتی هەرێم ئەمساڵیش پارەی بۆ ژمارەیەك كۆمپانیای ئەمریكی رەوانە كردووە كە ئەمانەن:  
•    بە دوو بڕی جیاواز، بڕی یەكەم (84 هەزار) دۆلارو بڕی دووەمیش (70 هەزار) دۆلار پارەی بۆ كۆمپانیای (American Business Development group) ناردووە. 
•    ناردنی گوژمە پارەیەكی تر بۆ كۆمپانیای (BGR)، بڕەكە بە دووجار نێردراوە، جاری یەكەم (412 هەزارو  76) دۆلار، جاری دووەمیش (478 هەزارو 669) دۆلار.
لەم ساڵەدا ناوی كۆمپانیایەكی نوێ دەردەكەوێت كە پارتی لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە كاری لەگەڵدا كردووەو پارەی پێداوە، كۆمپانیاكە ناوی (BGR Governmemt affairs)ە، بڕی (412 هەزارو 67) دۆلاری لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەمە هەمان ئەو كۆمپانیایەیە كە حەلبوسی گرێبەستی لەگەڵدا كردووەو ئێستا لەسەر ئەم گرێبەستە دۆسیەی بۆ كراوەتەوە بۆ ئەوەی حزبەكەی دابخرێت، شیعەكان دەڵێن ئەم كۆمپانیایە لە بنەڕەتەوە كۆمپانیایەكی ئیسرائیلییە‌و سەرۆكی وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل دروستیكردووە. 
•    كۆمپانیای (Broydrick & Associates Inc) كە بڕی (18 هەزارو 938) دۆلاری وەرگرتووە، ئەمەش كۆمپانیایەكی بواری لۆبیكردنە.
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP)، بە دووجار دوو بڕ پارەی لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، بڕی یەكەم (240  هەزار) دۆلارو بڕی دووەمیش (248 هەزارو 288) دۆلار بووە، ئەم كۆمپانیایە لەبواری پارێزەرایەتیدا كاردەكات.
•    حكومەتی هەرێم بڕە پارەیەكی تری بۆ كۆمپانیای (Russo Marsh & Rogers) ناردووە، بەڵام بڕەكە لە بەڵگەنامەكەدا تۆمارنەكراوە. 
•    حكومەتی هەرێم بڕی (7 هەزارو 948) دۆلاری بۆ كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) ناردووە. 
 
2009 كورد زۆرترین پارەی ناردووە
ساڵی 2009 حكومەتی هەرێم بەبەراورد بە لایەنە عێراقییەكانی تر، زۆرترین پارەی بۆ نوێنەرایەتی خۆی‌و كۆمپانیا ئەمریكییەكانی بواری لۆبیكردن ناردووە. 
لەم ساڵەدا تەنیا بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە واشنتۆن دوو بڕە پارەی زۆر رەوانە كراوە، بڕی یەكەم (2 ملیۆن‌و 603 هەزارو 663) دۆلار، بڕی دووەمیش (2 ملیۆن‌و 996 هەزارو 844) دۆلار. 
ئەمساڵیش شێخ (نەهرۆ كەسنەزانی) بۆ هەمان لایەنی پێشتر، واتا (Bitat, Janet M) بڕی (21 هەزار) دۆلاری ناردووە. 
ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانەی بواری لۆبیكردن كە 2009 حكومەتی هەرێم پارەی بۆ ناردوون ئەمانەن: 
•    كۆمپانیای (American Business Development group) بە دوو بڕی جیاواز پارەی وەرگرتووە، تێكڕای هەردوو بڕەكە (120 هەزار) دۆلار بووە. 
•    كۆمپانیای (BGR Governmemt affairs) بە دوو بڕ پارەی وەرگرتووە، بڕی یەكەم (438 هەزارو 541) دۆلار، بڕی دووەم (344 هەزارو 428) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Broydrick & Associates Inc)، بەهەمان شێوە بە دوو بڕ پارەی وەرگرتووە، بڕی یەكەم (48 هەزارو 304) دۆلار، بڕی دووەم (33 هەزارو 61) دۆلار. 
•    ئەمساڵیش كۆمپانیایەكی نوێ دەركەوتووە كە حكومەتی هەرێم پارەی بۆ ناردووە، كۆمپانیاكە ناوی (Cassidy and Associates)ە كە لەبواری پەیوەندی نێوان حكومەتەكاندا كاردەكات، ئەم كۆمپانیایە (50 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە. 
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بە دووجار پارەی وەرگرتووە، بڕی یەكەم (306 هەزارو 645) دۆلار‌و بڕی دووەم (250 هەزارو 219) دۆلار. 
•    ئەمساڵیش كۆمپانیایەكی نوێی ئەمریكی هاتوەتە ناوەوە بەناوی (Qrvis Communications LLC)، ئەم كۆمپانیایە بڕی (150 هەزارو 513) دۆلاری وەرگرتووە. 
•    كۆمپانیای (Russo Marsh & Rogers) بڕێك پارەی بۆ نێردراوە، لە راپۆرتەكەدا تۆمارنەكراوە.
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بە دوو بڕ پارەی بۆ نێردراوە، بڕی یەكەم (203 هەزارو 19) دۆلار، بڕی دووەم (35 هەزارو 517) دۆلار. 
•    كۆمپانیایەكی نوێ لەم ساڵەدا هاتوەتە ناو بوارەكە، ناوی (TS Navigations LLC)، ئەم كۆمپانیایە بڕی (48 هەزار) دۆلاری لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە. 

لۆبی 2010
لەم ساڵەدا حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە (ملیۆنێك‌و 242 هەزار) دۆلاری تەنیا بۆ نوسینگەی خۆی لە واشنتۆن ناردووە. 
ئەمساڵ شێخ (نەهرۆ كەسنەزانی) لایەنێكی تری بۆ ناردنی پارە هەڵبژاردووە كە ناوی (Akbar, mir)ە، بڕی ئەو پارەی كە ناردویەتی لە راپۆرتەكەدا تۆمار نەكراوە. 
حكومەتی هەرێمیش لەمساڵدا پارەی بۆ ئەم كۆمپانیایانە ناردووە. 
•    كۆمپانیای (American Business Development group) بڕی (120 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی زیاتر لە (850 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە. 
•    كۆمپانیای (Broydrick & Associates Inc) بڕی زیاتر لە (26 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە. 
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی زیاتر لە (544 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە. 
•     كۆمپانیای (Qrvis Communications LLC) بڕی زیاتر لە (500 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (25  هەزار) دۆلاری وەرگرتووە. 
•    كۆمپانیای (TS Navigations LLC) بڕی (96 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە. 

پارەی لۆبی لە 2011دا
ئەمساڵ بۆ هەمان ناونیشانی (Akbar, mir)، شێخ نەهرۆ كەسنەزانی بڕە پارەیەكی ناردووە، بڕەكە لە راپۆرتەكەدا تۆمار نەكراوە. 
حكومەتی هەرێمیش ئەمساڵ ئەم بڕە پارەی بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ناردووە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (789 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (130 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی (4 هەزارو 920) دۆلاری وەرگرتووە.  
•    كۆمپانیای (TS Navigations LLC) بڕی (33 هەزار) دۆلار.

لۆبی لە 2012دا
ئەمساڵیش نەهرۆ كەسنەزانی لەسەر ناونیشانەكەی پێشوو ماوە كە (Akbar, mir)ە، بەڵام بڕە پارەكەی دیار نییە.
ئەمساڵ ئەم كۆمپانیایانە پارەیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (213 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (20 هەزار) دۆلار. 
•    حكومەتی هەرێم پارەی بۆ چەند كۆمپانیایەكی تریش ناردووە، بەڵام بڕی پارەكان تۆمارنەكراوە. 

لۆبی لە 2013دا 
نەهرۆ كەسنەزانی بۆ هەمان ناونیشانی (Akbar, mir) پارەی ناردووە.
حكومەتی هەرێمیش بۆ ئەم كۆمپانیایانە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی زیاتر لە (36 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Qrvis Communications LLC) بڕی زیاتر لە  (130 هەزار) دۆلار. 

پارەی لۆبی لە 2014دا
•    كۆمپانیای (MSL GROUP Americas, Inc) بڕی زیاتر لە (50 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی زیاتر لە (168 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی زیاتر لە (710 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Squire patton Boggs, LLP) بڕی زیاتر لە (67 هەزار) دۆلار.

لۆبی 2015
ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بۆ نوسینگەكەی لە  واشنتۆن بڕی زیاتر لە (889 هەزار) دۆلاری ناردووە، سەرباری ئەمە پارەی بۆ ئەم كۆمپانیایانە خەرجكردووە:
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی (10 هەزار) دۆلار
•    كۆمپانیای (MSL GROUP Americas, Inc) بڕی (67 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (65 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی زیاتر لە (244 هەزار) دۆلار. 

پارەی لۆبی لە 2016دا
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (3 هەزار) دۆلار.  
•    كۆمپانیای (MSL GROUP Americas, Inc) بڕی (10 هەزار) دۆلار. 
•    بۆ (Dentons US LLP) بڕی (25 هەزار) دۆلار.
•    لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تر كە بڕی پارەكەیان تۆمارنەكراوە.
 
لۆبی لە 2017دا
ساڵی 2017 كە هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كردو ویلایە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی لێ نەكرد، پرۆسەی لۆبیكردن لەرێگەی كۆمپانیاكانەوە بەردەوام بووە‌و حكومەتی هەرێم  پارەی بەم كۆمپانیایانە داوە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (270 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (242 هەزار) دۆلار.
•    لەگەڵ ناردنی پارە بۆ چەند كۆمپانیایەكی تر كە بڕەكانیان تۆمار نەكراوە. 

لۆبی لە 2018دا
حكومەتی هەرێم ئەمساڵ  سەریاری ئەوەی بڕی (732 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ نوێنەرایەتی خۆی لە واشنتۆن، پارەی بۆ ئەم كۆمپانیا ئەمریكییانە ناردووە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (120 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (270 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (PASS LLC) بڕی زیاتر لە (437 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی نزیكەی (6 هەزار) دۆلار.
هەر لەم ساڵەدا، بەپێی بەڵگەنامەكە، لقی 7ی پارتی لە ئەمریكاو كەنەدا بڕی زیاتر لە (311 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ كۆمپانیای (Digenova & Toensing LLP).

پارەی لۆبی لە 2019دا
ئەمساڵ پارەی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم كۆمپانیایانە رۆیشتووە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (120 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (30 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (30 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (PASS LLC) بڕی (120 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (OPC Strategies LLC) بڕی (8 هەزارو 900) دۆلار.
•    كۆمپانیای (PASS LLC) بڕی زیاتر لە (520 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (36 هەزار) دۆلار.

پارەی لۆبی لە 2020دا 
ئەمساڵ پارەی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم كۆمپانیایانە بووە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (120 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (181 هەزار) دۆلار.
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (200 هەزار) دۆلار. 
•    لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تر كە بڕی پارەكەیان تۆمارنەكراوە.

پارەی لۆبی لە 2021دا 
ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە (972 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە واشنتۆن، لەپاڵ ئەمەشدا ئەم پارانەی بۆ كۆمپانیاكانی لۆبی ئەمریكا خەرجكردووە: 
•    كۆمپانیای (BGR) بڕی (120 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (120 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (327 هەزار) دۆلار. 
•    كۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (25 هەزار) دۆلار.
•    لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تر كە بڕی پارەكەیان دیاری نەكراوە. 

یەكێتیش گرێبەستی كردووە
داتای پارەی رەوانەكراوی كوردستان بۆ دروستكردنی لۆبی لە 2022و 2023دا لە بەڵگەنامەكەدا نەخراوەتەڕوو، بەڵام لەم دوو ساڵەدا حكومەتی هەرێم بەهەمان شێوەی ساڵانی پێشتر پارەی بۆ نوێنەرایەتی خۆی‌و چەند كۆمپانیایەك ناردووە، بەڵام بڕی پارەكان تۆمارنەكراوە.
لە  ساڵی 2023دا یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە بەناوی (AF International, LLC)ی كردووە.   

لێره‌ كلیك بكه‌ بۆ بینینی- ده‌قی راپۆرتی لۆبی عێراق له‌ ئه‌مریكا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand