كارەبا لە بامەڕنییەوە بۆ مەسرور بارزانی

Draw Media

2023-11-29 16:03:35



راپۆرت: درەو
31 ساڵ لەمەبەر پەرلەمانتارێكی كورد لە هەولێرەوە نامەیەكی بۆ هاوسەرەكەی لە فەڕەنسا نوسیوە، دەڵێ" ئێستا لە كوردستان كارەبا 2 بۆ 3 سەعات هەیە"، دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا دۆخەكە زۆر نەگۆڕاوە، ئەمڕۆژانە كارەبا لە شارێكی وەكو هەولێر بۆ 4 كاتژمێر كەمبوەتەوە، ئەمە یەكێكە لە چیرۆكەكانی شكستی حوكمڕانی. كابینەی نۆیەم بە بەڵێنی زیادكردنی كارەبا‌و كەمكردنەوەی نرخەكەی دەستبەكاربوو، بە كەمبونەوەی كارەبا‌و زیادبوونی نرخەكەی ماڵئاوایی دەكات. كارەبا لە كوردستان چۆن بەرهەمدەهێنرێت؟ چۆن دابەشدەكرێت؟ تێچووی چەندە؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  

كارەبا لە بامەڕنییەوە بۆ مەسرور بارزانی 
لەگەڵ هاتنی یەكەم شەپۆلی سەرمادا، جارێكی تر حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی قەیرانی كارەبا بووەوە، قەیرانێك كە لە ساڵی 1992‌و دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی بەعس، لەكوردستان بەردەوامە‌و چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە. 
رۆژی 15ی كانونی یەكەمی ساڵی 1992، ئەحمەد بامەڕنێ پەرلەمانتاری خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، نامەیەكی بۆ هاوسەرەكەی لە فەڕەنسا نوسیوە، لە نامەكەدا دەڵێ:" ئێستا دۆخی كوردستان زۆر خراپە، كارەبا تەنیا (2-3) كاتژمێر هەیە.
31 ساڵ دوای نامەكەی بامەڕنێ، دۆخی كارەبای كوردستان باشتر نەبووە، ئەم رۆژانە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان زۆر كەمبوەتەوە، ئەمە ئەركی مۆلیدە ئەهلییەكانی قورستر كردووە.
ئێستا رۆژانە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە: 
•    هەولێر: تەنیا 4 كاتژمێر
•    سلێمانی: تەنیا 7 كاتژمێر
•    دهۆك: تەنیا 8 كاتژمێر
•    هەڵەبجە 6 كاتژمێر
 
كارەبا بۆچی كەمبوەتەوە ؟
چوار رۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان كە وەزیرەكەی (كەمال محەمەد)‌و هاوكات بە وەكالەتیش وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڕێوەدەبات، رونكردنەوەیەكی لەبارەی كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی بڵاوكردەوە. 
لە رونكردنەوەكەدا وەزارەتی كارەبا دەڵێ:" بەهۆی پرۆسەی چاكسازی لە هەردوو یەكەی وێستگەی خەبات 300 مێگاوات، كارەبا لە رۆژی (15)ی ئەم مانگەوە كەمبووەتەوە". بەپێی قسەی وەزارەت، تا كۆتایی مانگ واتا سبەینێ، پرۆسەكە تەواو دەبێت‌و وێستگەكە دەكەوێتە كارو ماوەكانی پێدانی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی كارەبا كۆبونەوەیەك كراوە سەبارەت بە كەمبونەوەی كارەبای نیشتمانی، لە كۆبونەوەكەدا باسلەوە كراوە، بارگرانیی لەسەر كارەبا دروستبووە، بەجۆرێك خواست لەسەر كارەبا (6 هەزار) مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە كاتێكدا بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان تەنیا (3 هەزار) مێگاواتە، واتا هاتنی وەرزی سەرما بەرێژەی 50% خواستی لەسەر بەكارهێنانی كارەبا لە كوردستان زیادكردووە.
بەو دۆخە داراییە قورسەی كە حكومەتی هەرێم لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتەوە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە تێیكەوتووە، وەزارەتی كارەبا ناتوانێت هیچ بەڵێنێك بدات بۆ چاككردنی دۆخی كارەبا، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی دیوانی وەزارەتدا ئاماژە بەوە كراوە" زیادكردنی بەرهەم پێویستی بە سوتەمەنی‌و بودجە هەیە".
رۆژی 6ی ئەم مانگە كاتێك وەزارەتی نەوتی عێراق هەواڵی تەواوكردنی بۆری راكێشانی غازی كێڵگەی (كۆرمۆر)ی بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك راگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی دایەوە‌و لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند" تائێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوەو، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز، بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێم گاز لە كێڵگەكانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێكی دیكە بگوازرێتەوە".
بەڵام كۆمپانیای (هیلال)ی ئیماراتی كە لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز) لەكێڵگەی كۆرمۆر بە هاوبەشی كاردەكات، بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پشكی غازی خۆی لە كێڵگەكە فرۆشتووە بە وەزارەتی نەوتی عێراق‌و وەزارەتیش غازەكە دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك. 

ناعەدالەتی كارەبا !
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما‌و كەمبونەوەی كارەبای نیشتمانی، مشتومڕ لەبارەی ناعەدالەتی لەبواری كارەبا دەستپێدەكاتەوە. لە كۆبونەوەی دیوانی وەزارەتی كارەبادا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەشداربووە، داوایكردووە رەچاوی پشكی پارێزگای هەولێر لە پێدانی كارەبا بكرێت‌و جەختی لە تێستی وەرزی بۆ پشكی كارەبای پارێزگاكان كردەوە. 
شەش رۆژ لەمەوپێش، ئومێد خۆشناو قسەی كردو وتی:" هەولێر لە كارەبادا مەغدورە. هەست بەوە دەكەین نادادپەروەریی هەیە، كارەبای هەولێر لە شارەكانی تر جیاوازە، كارەبای نیشتمانی لە هەولێر كەمترە، تێستی ساڵانەی كارەبا بكرێت بە وەرزیی، بۆ ئەوەی بڕی كارەبای نیشتمانی دیاری بكرێت".
ئایا بانگەشەكانی پارێزگاری هەولێر لەبارەی نادادپەروەرییەوە لە دابەشكردنی كارەبا دروستن ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە تەماشاكردنی داتاكانی دابەشكاری پشكی كارەبا هەیە بەسەر پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان، كە بەمشێوەیە دابەشبووە: 
•    پارێزگای هەولێر: 42,6%ی تێكڕای كارەبای هەرێمی كوردستان
•    پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە: 33,1%ی تێكڕای كارەبای هەرێم
•    پارێزگای دهۆك: 24,3%ی تێكڕای كارەبای هەرێم
بەراوردكردنی ژمارەی دانیشتوان لە پارێزگان لەگەڵ داتاكانی دابەشكردنی كارەبا، هەندێك نادادپەروەریی نیشان دەدات، بەڵام نادادپەروەرییەكە لەبەرژەوەندی پارێزگای هەولێر شكاوەتەوە. 
دانیشتوان لە هەرێم بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بەمشێوەیە دابەشبووە: 
•    پارێزگای هەولێر: 2 ملیۆن‌و 55 هەزارو 448 كەس (رێژەی 35%ی كۆی دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنێت)
•    پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە: 2 ملیۆن‌و 396 هەزارو 206 كەس (رێژەی 41%ی كۆی دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنێت)
•    پارێزگای دهۆك: 1 ملیۆن‌و 432 هەزارو 396 كەس (رێژەی 24%ی كۆی دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنێت)

كارەبا لە هەرێمی كوردستان
هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابەشبوون بەسەر جۆرەكان (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، كشتوكاڵ‌و میری)، وەزارەتی كارەبا هاوبەشانی كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون (ستییەكان)ی لە ماڵان جیاكردووەتەوە لەڕووی پێدان‌و نرخی فرۆشتنی كارەبا پێیان.
پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021)ی وەزارەتی كارەبا، كە لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان ژمارە (274) لە (24/11/2021) بڵاوكراوەتەوە. هاوبەشانی پۆلێنكردووە بۆ؛ (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، كشتوكاڵ‌و میری). هاوكات بە ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2023)ی وەزارەتی كارەبا، كە لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان ژمارە (306) لە (14/6/2023) هەمواری یەكەمی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021) تایبەت بە ڕێنمایی‌و مەرجەكانی پێدانی وزەی كارەبا بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە بڕیارماندا بە؛ "زیادكردنی بڕگەیەك بۆ خشتەی ژمارە (5) تایبەت بە نرخەكانی كارەبا لە رێنمایی و مەرجەكانی پێدانی وزەی كارەبا ژمارە (2)ی ساڵی 2021، بەم شێوەیە دەبێت: 
* نرخی كارەبای كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە (156) دینار بۆ یەك كاتژمێر، بەمدواییە بەهۆی ناڕەزایەتی دانیشتوانی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون، وەزارەتی كارەبا بڕیاریدا نرخی یەكەی كارەبا لەم كۆمەڵگایانە بۆ (100) دینار كەمبكاتەوە، بەڵام لەوكاتەوە بڕیارەكە لە ئەنجومەنی وەزیرانە‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت رەزامەندی لەسەر نەداوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ وەزارەتی كارەبادا جەخت لەسەر بڕیارەكە كراوەتەوە.
بەپێی ڕێنماییەكانیش نرخی كارەبا بۆ هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت؛
1.    هاوبەشی ماڵان
هاوبەشانی ماڵان لە هەرێمی كوردستان كە بەشی گەورەی هاوبەشانی كارەبا پێكدەهێنن، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی كارەبا، ئەگەر هاوبەشێك لە ماوەی مانگێكدا (1 بۆ 450) كیلۆ واتی بەكارهێنا، ئەوا هەر كیلۆ واتێك لێكدانی (18) دینار دەكرێت‌و بەرامبەر (8 هەزارو 100) دینار دەبێت بۆ مانگێك، خۆ ئەگەر بەشداربووەكە زیاتر لە (450) كیلۆ وات تا (900) كیلۆ واتی بەكاربرد، ئەوا (450) كیلۆ واتی دووەمیان لێكدانی (24) دینار دەكرێت‌و لەگەڵ بڕی بەكاربراوی پێشتردا كۆی نرخەكە دەگاتە (18 هەزارو 900) دینار، ئەگەر هاوبەشێكی ماڵان لە (900) كیلۆ واتە زیاتری بەكارهێناو تا ئاستی (1500) كیلۆ وات، ئەوا دوای لێدەركردنی (900) كیلۆ واتی پێشتر (600) كیلۆ واتەكە نرخی هەر یەكەكی بەرزدەبێتەوە (تصاعد) دەكات بۆ (42) دینارو بەم پێیەش بڕی (25 هەزارو 200) دیناری دیكە دەچێتە سەر ئەو (18 هەزارو 900) دینارەی ترو كۆی پارەی (هەزارو 500) كلیۆ واتەكە دەگاتە (44 هەزارو 100) دینار.
پرۆسەكە بەشێوەی (تصاعد)ی بەردەوام دەبێت تا بەكاربردنی كارەبا لەلایەن هاوبەشەكەوە دەگاتە سەروو (5 هەزار) كیلۆ وات، لەم حاڵەتەدا نرخی هەر یەكەكی بەركاربراوی كارەبا دەگاتە (180) دینار. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).

2.    كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون
وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا هەمواری یەكەمی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021) وەزارەتی كارەبا تایبەت بە ڕێنمایی و مەرجەكانی پێدانی وزەی كارەبا، تێیدا هاتووە بڕیارماندا بە؛ "نرخی كارەبای كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە (156) دینار بۆ یەك كاتژمێر".
بەم ڕێنماییەش بێت نرخی یەكەی كارەبا بۆ كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان جێگیر دەكرێت لە (1) كیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێك بێت، ئەوا بۆ هەر كیلۆ واتێك (156) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەكەدا هاوبەشێكی هەر كۆمەڵگایەك (هەزار و 500) یەكە بەكار بەرێت، ئەوا دەبێت بڕی (234 هەزار) دینار بدات. لەكاتێكدا هەمان ئەو بڕە كارەبایە بۆ هاوبەشی (ماڵان) بریتیە لە (44 هەزارو 100) دینار- وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا_ واتە هەمان ئەو برە كارەبایە كە لە ستییەكاندا بەكاربراوە نرخەكەی (431%) زیاترە لەوەی لە ماڵان بەكاردەبرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
3.    هاوبەشانی بازرگانی
هاوبەشانی كارەبا بۆ مەبەستی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان جێگیرە، لە (1) كیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێك بێت، ئەوا بۆ هەر كیلۆ واتێك (156) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەكەدا هاوبەشێكی بازرگانی (هەزارو 500) یەكە بەكار بەرێت، ئەوا بڕی (234 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. كە هاوتایە بەو بڕەی كە لە هاوبەشانی كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون وەردەگیرێت لە هەرێمی كوردستان (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
4.    هاوبەشانی میری
هاوبەشانی میری لە هەرێمی كوردستان، دیسان فرۆشتنی یەكەی كارەبا پێیان نرخەكەی جێگیرەو لە (1) كیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێك بێت، ئەوا بۆ هەر كیلۆ واتێك (180) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەكەدا هاوبەشێكی میری (هەزارو 500) یەكە بەكار بەرێت، ئەوا بڕی (270 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
5.    هاوبەشانی كشتوكاڵی
هاوبەشانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان، فرۆشتنی یەكەی كارەبا پێیان نرخەكەی جێگیرەو لە (1) كیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێك بێت، ئەوا بۆ هەر كیلۆ واتێك (36) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەكەدا هاوبەشێكی كشتوكاڵی (هەزار و 500) یەكە بەكار بەرێت، ئەوا بڕی (54 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
6.    هاوبەشانی پیشەسازی
هاوبەشانی پیشەسازی تایبەتمەندی جیاوازیان پێدراوەو بە جۆرێك بەرزی (ڤۆڵتیە) دەكرێت بە پێوەر بۆ فرۆشتنی وزەی كارەبا پێیان، بە جۆرێك نرخی یەكەكان بریتی دەبن (144 دینارو 120 دینار) بۆ بەكاربردنی (1) كیلۆ واتەوە بڕی هەرچەندێك بێت. ئەگەر لە مانگەكەدا هاوبەشێكی پیشەسازی (هەزار و 500) یەكە بەكار بەرێت، ئەوا بۆ ڤۆڵتییەی بەرز بڕی (216 هەزار) دینار و بۆ ڤۆڵتییەی نزم (180 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).

كارەبا لە كابینەی مەسرور بارزانیدا
ئۆكتۆبەری 2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە چاكسازیی‌و رێكخستنەوەی كەرتی كارەبا لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا رایگەیاند" هەمواركردنەوەی گرێبەستەكان لەپەرلەمانی كوردستان وتی:" لەئەنجامی هەمواركردنەوەی گرێبەستەكان‌و رێكخستنەوەی كەرتی كارەبا ساڵانە 300 ملیۆن دۆلارمان گەڕاندوەتەوە بۆ حكومەت. لەڕێگەی چارەسەركردنی یەكەكانی كارەباو زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی‌و بەگەڕخستنی وێستگەی هەڵمی خەبات، بڕی 843 مێگاوات كارەبامان زیاد كردووە".
هەر لەو وتارەدا سەرۆكی حكومەت باسی لەوەكرد، بۆ یەكەمینجار ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 3700 مێگاوات كارەباو ماوەكانی پێدانی كارەبامان زیاد كردووە، بەڵام دوای سێ ساڵ لەم قسانە، ئێستا بەگوێرەی وەزارەتی كارەبا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 3 هەزار مێگاوات دابەزیوەو ئاستی پێدانی كارەبای نیشتمانیش كەمبوەتەوە.
هەر لەو وتارەدا بوو كە سەرۆكی حكومەت بانگەشەی ئەوەی كرد "نرخی كڕینی كاتژمێرەكانی كارەبا كەمكراوەتەوە"، بەڵام بەمدواییە حكومەت لەچوارچێوەی پلانێكدا نرخی ئەمپێری كارەبای لەسەر هاوڵاتیان بەرزكردەوە، بەرزكردنەوەیەك كە ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە‌و لەبەرامبەردا نەیتوانیوە كێشەی كەمی كارەبا چارەسەر بكات.  

داهات‌و خەرجی كارەبا
لە هەرێمی كوردستان داهاتێكی زۆر لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەجۆرێك ئێستا مانگانە زیاتر لە (100 ) ملیار دینار بۆ ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكرێت كە كارەبا بەرهەمدەهێنن. بەپێی راگەیەندراوێك كە وەزارەتی كارەبا لە 2ی تەموزی 2021دا بڵاویكردوەتەوە، رێژەی 65%ی خەرجی كارەبا لەسەر حكومەتەو 35%ی لەسەر شانی خەڵكە.
لەپاڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبادا، كۆی خەرجی مانگانەی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە، ئەمە سەرەڕای ئەو پارەیەی هاوڵاتیان مانگانە خەرجی دەكەن بۆ كڕینی كارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان.
لە هەرێمی كوردستان ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ (ملیۆنێك‌و 776 هەزارو 963) هاوبەش زیادیكردووە، ئەگەر بە تێكڕا (4) ئەمپێر بۆ هەر خێزانێك لە كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان ئەژمار بكرێت‌و نرخی هەر ئەمپێرێكیش بە (10 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، ئەوا هەر خێزانێك مانگانە بەتێكڕا (40) هەزار دینار پارە لە كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكاندا خەرج دەكات، تێكڕای خەرجی هاوڵاتیان بۆ كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە دەگاتە (71 ملیار) دینار، ئەمەش هەموو پارەیە كە لە كوردستان لە كەرتی كارەبادا بەخەرج دەدرێت.

ژێرخانی كارەبا لە هەرێم
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی كارەبا كە بەبۆنەی دوو ساڵی یەكەمی تەمەنی كابینەی نۆیەمەوە بڵاویكردوەتەوە: 
•    رێژەی (84%)ی كارەبای هەرێم لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەرهەم دەهێنرێت‌و رێژەی (16%)ی لەلایەن كەرتی گشتییەوە بەرهەم دێت.
•    توانای ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان (6902) مێگاواتە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی‌و زۆربوونی تێچوونەكەی (3400 بۆ 3500) مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت.
•    لە (دوكان) توانای بەرهەمهینانی (400) مێگاوت كارەبا هەیە، بەڵام لەم رەوشە سەختەدا تەنیا (43) مێگاوات بەرهەم دێت.
•    لە (دەربەندیخان) توانای بەرهەمهێنانی (249) مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام (15) مێگاوات بەرهەم دێت.
•    لە دهۆك توانای بەرهەمهێنانی (1000) مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنیی دیزل‌و زیادبوونی تێچوونەكەی بەكارنەخراون، چونكە دابینكردنی موچەی موچەخۆران لە كارە پێشینەكانی حكومەتە.
•    سێ یەكەی (29) مێگاواتی كەرتی گشتی لە دهۆك، هەولێرو سلێمانی (6-5) ساڵە لەكاركەوتوون.
•    لە ماوەی دوو ساڵی یەكەمی كابینەی نۆیەمدا (615) مێگاوات كارەبا زیاد كراوە.
وەزارەتی كارەبا ده‌ڵێ داهاتی ساڵی 2021ی كارەبا بڕی (825 ملیار) دینار بووە، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ داهاتی كارەبا لە 2018دا بڕی (289 ملیار) دینار بووە، بەو پێیەش (536 ملیار) داهاتی كارەبا زیادبووە، بەڵام وەزارەتی كارەبای هەرێم به‌م زیادبوونه‌ نەك نەیتوانیوە كارەبای (24) كاتژمێری دابین بكات بەڵكو لە هەندێك لە وەرزەكانی ساڵدا تەنیا (4) كاتژمێر كارەبا دراوە بە هاوڵاتیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand