كه‌ركوك له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی و توركیادا

Draw Media

2023-11-28 14:18:10



(درەو): 
باڵیۆزی توركیا لە هەولێر دوو بەرپرسی یەكێتیی بینیوە، كەركوك تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان بووە‌و باسی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی نەكراوە (به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كان)، توركمانه‌كان نیگه‌رانی خۆیان له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی له‌ دادگای فیدراڵی به‌ باڵیۆزه‌كه‌ گه‌یاندووه‌، به‌ڵام هێشتا توركیا له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی رانه‌گه‌یاندووه‌، دوو رۆژه‌ باڵیۆز له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبونه‌وه‌ ده‌كات، باسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتیش ته‌وه‌رێكی گفتوگۆكانه‌. 

باسی كەركوك
چەند رۆژێكە عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی توركیا لە هەولێرە، ئەمڕۆ هەریەكە لە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆك وەزیران‌و (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی بینیوە. 
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە دیدارەكەدا لەگەڵ باڵیۆزی توركیا باسی" هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەتایبەتیش هەڵبژاردنەكان لە كەركوك كراوە".
دۆخی كەركوك بەهۆی پێكهاتەی توركمانەوە بەلای دەسەڵاتدارانی توركیاوە گرنگە، هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە كە كورد لە كەركوك كشایەوە، توركیا رۆڵی هەبووە لەوەی یەكێتیی پۆستی پارێزگاری كەركوك وەرنەگرێتەوە.
"لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەكرێت لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوك، چارەسەر ئەوەیە لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، شێوازی بەڕێوەبردنی شارەكە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەكانی سەرۆك مام جەلال، بۆ ئەوەی كەركوك ببێتە شارێكی نمونەیی بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە‌و هیچ لایەنێك هەست بە ستەم‌و نادادپەروەری‌و پەراوێزخراوی نەكات" قوباد تاڵەبانی وای بە باڵیۆزی توركیا وتووە.
پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم‌و كێشەی بەشە بودجەی هەرێم تەوەرێكی تری قسەوباسەكان بووە، ئەمڕۆ باڵیۆزی توركیا بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم وتووە توركیا ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، قوباد تاڵەبانیش لەبارەی ئەم بابەتە بە باڵیۆزی رایگەیاندووە:" پێویستە لەنێوان هەرێم‌و بەغدا رێككەوتنێكی گشتگیرو درێژخایەن بكرێت‌و كێشەی بودجەی هەرێم بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت". 

چارەنوسی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی
هیچ یەكێك لە قوباد تاڵەبانی‌و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە دیدارەكەیاندا لەگەڵ باڵیۆزی توركیا باسیان لە دۆخی فڕۆكەخانەی سلێمانی نەكردووە (بەپێی ئەوەی لە راگەیەندراوەكاندا هاتووە)، كە لە رۆژی 3ی نیسانی ئەمساڵەوە توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بەڕوودا داخستووەو ئەم داخستنە تا رۆژی 3ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەگەر جارێكی تریش درێژنەكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەدوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی دووجار سەردانی توركیای كردووە، بەڵام گفتوگۆكان بێسود بوون، توركیا سورە لەسەر تۆمەتباركردنی یەكێتیی بە پشتیوانیكردن لە پارتی كرێكارانی كوردستان‌و ئەمەش بەهانەی سەرەكی ئەنكەرەیە بۆ راگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی.

توركمانەكان‌و یەكێتیی
سكاڵاكان لەدژی یەكێتیی تەنیا پەیوەندیدار نین بە پرسی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، وا دەردەكەوێت لەسەردانی باڵیۆزدا بۆ هەولێر، لایەنە توركمانەكان گلەییان لە یەكێتیی كردبێت، بەتایبەتیش لە بابەتی سكاڵاكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا، سكاڵایەك كە یەكێتیی دەیەوێت لەرێگەیەوە (5) كورسی "كۆتا"ی توركمانەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە. 
باڵیۆزی توركیا دوێنێ لە هەولێر (مونا قەهوەچی) جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمانی بینیوە، قەهوەچی لەبارەی دیدارەكەی بەگەڵ باڵیۆزی توركیا دەڵێ:" ‌تیشك خرایەسەر گرنگی پاراستنی مافی پێكهاتەكان، لەمڕوەشەوە جەختمان لەسەر پێویستیی رەچاوكردنی ئیرادەو بەرژەوەندیی خودی پێكهاتەكان كردەوە".
مونا قەهوەچی كە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا سكرتێری پەرلەمان بوو، یەكێك لەوانەیە بەتوندی دژی سكاڵای یەكێتیی نیشتمانی لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان وەستاوەتەوە.
توركیا هێشتا بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتیی‌و هەڵوەشاندنەوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان رانەگەیاندووە.
لەسەر ئاستی عێراق، توركیا پشتیوانی لە (بەرەی توركمانی عێراق) دەكات، سەركردەكانی ئەم حزبە زیاتر بەشداری لە كۆڕو كۆبونەوەكانی توركیادا دەكەن، ئەم حزبە توركمانییە لە سنوری پارێزگای كەركوك كارایە. 
لەناو پێكهاتەی توركمان راوبۆچونی جیاواز لەبارەی كورسی "كۆتا"ی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، هەندێكیان لەگەڵ مانەوەی "كۆتا"ن وەكو زەمانەت بۆ پارێزگاری لە بەشداری ئەم پێكهاتەیە لە بڕیاری هەرێمی كوردستان، هەندێكیان دژن‌و دەڵێ توركمان پێكهاتەیەكی سەرەكییە‌و لە عێراق "كۆتا"ی بۆ دانەنراوە، ژماری خەڵكی ئەم پێكهاتەیە لە كوردستان زیاترە لە 5 كورسی "كۆتا".
بەم ساڵانەی دوایی لەناو حزبە سیاسییەكانی هەرێم مشتومڕ لەسەر كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دروستبووە، هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی نوێنەری پێكهاتەكان لەبەژرەوەندی خۆی بەكاردەهێنێت، بەتایبەتیش لە پرسە هەستیارەكاندا لەناو پەرلەمان.

پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتیی 
سەرەتای تێكچوونی پەیوەندیی یەكێتیی‌و توركیا لەم ساڵانەی دوایدا بۆ رۆژی 24ی حوزەیرانی 2017 دەگەڕێتەوە، لەم رۆژەدا توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتیی لە ئەنكەرە دەركردو بینای نوێنەرایەتییەكەی داخست، ئەمەش وەكو كاردانەوەیەك لەبەرامبەر دەستگیركردنی دوو گەورە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" لە ئۆپراسیۆنێكدا لەلایەن هێزەكانی پارتی كرێكارانەوە لە شارۆچكەی دوكان. 
ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، توركیا گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرت، هەر لەو ساڵەدا بوو كە مەلود چاوەش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی توركیا یەكێتیی‌و بزوتنەوەی گۆڕانی بە هاوكاریكردنی پارتی كرێكاران تۆمەتباركردو وتی:" لەلایەن وەزیرێكی یەكێتییەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداركراوین لەوەی پارتی كرێكاران بە تەواوەتی هەژمونی بەسەر ناوەندی بڕیاری یەكێتیدا كردووە"، ئەمە تۆمەتباركردنێكە كە یەكێتیی بەردەوام رەتیدەكاتەوە، بەڵام ئەنكەرەی پێ قایل ناكرێت. 
ئەم ساڵانەی دوایی توركیا بەشێوەیەكی بێ پێشینە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لە سنوری سلێمانی چڕكردوەتەوە، بەردەوام فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان‌و هەندێكجاریش فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە ئاسمانی سنوری سلێمانیدا دەسوڕێنەوە، ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی كۆنسەی سەرۆكایەتی پارتی كرێكاران لە سنوری سلێمانی لە هێرشی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكاندا كوژراون، سەرباری ئەمەش ماوە لەدوای ماوە، توركیا لەسەر زەمین‌و لەناو شارەكانیش، ئەندام‌و بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكاتە ئامانج‌و تیرۆریان دەكات.   
تواندنەوەی بەستەڵەكی پەیوەندی نێوان یەكێتیی‌و توركیا سەرەتاكەی بۆ ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە، كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی یەكەم سكرتێری یەكێتیی لەو ساڵەدا پەیوەندیی لەگەڵ تورگۆت ئۆزال سەرۆكی ئەوكاتی توركیا دروستكرد، ئەم پەیوەندییە لەوكاتەوە تائێستا چەندین هەڵبەزو دابەزی بەخۆوە بینیوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand