لە (18) ساڵی رابردوودا ئاستی بەشداری لە (95%)ەوە بۆ (35%) كەمیكردووە

Draw Media

2023-11-22 19:02:03



 

راپۆرتی: درەو
🔻 ئاست و ڕێژەی بەشداری و بایکۆت لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا؛
🔹 لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە لە (19/5/1992) بۆ خولی پێنجەم لە (30/9/2018)، ڕێژەی بەشداری لە (87%)ەوە بۆ (60%) دابەزیوە، ڕێژەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە (13%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (40%).
🔹 لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق "لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم" لە (30/1/2005)ەوە بۆ دواین خول کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری لە (95%)ەوە بۆ (36%) دابەزیوە، ڕێژەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە (5%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (64%).
🔹 لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران"لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکەی عێراق" لە ساڵی (30/1/2005)ەوە بۆ دواین خول کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری لە (80%)ەوە بۆ (43.5%) دابەزیوە، ڕێژەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە (20%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (56.5%).
🔹 لە دواین هەڵبژاردن و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018)، بۆ دواین خولی هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم" لە کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری لە (60%)ەوە بۆ (36%) دابەزیوە، ڕێژەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە (40%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (64%).

تەوەری یەکەم؛ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
لەدوای دروستبوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە لە 32 ساڵی ڕابردوودا هاوڵاتیانی هەرێم دەیانجار بەشداری هەڵبژاردنی گشتیان کردوو ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد، بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانی خۆیان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و پرسە چارەنوسسازەکانی وەکو دەستور و ریفراندۆمی سەربەخۆیی، لەوانەش؛

یەکەم: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان
1.    خولی یەکەم لە 19ی 5ی 1992
2.    خولی دووەم لە 30ی 1ی 2005
3.    خولی سێهەم لە 25ی7ی 2009
4.    خولی چوارەم لە 21ی 9ی 2013
5.    خولی پێنجه‌م لە 30ی 9ی 2018
دووەم: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
1.    رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە 19ی 5ی 1992
2.    خولی دووەمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە 25ی7ی 2009
سێیەم: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان هەرێمی کوردستان
1.    خولی یەکەم لە 30ی 1ی 2005
2.    خولی دووەم لە 30ی 4ی 2014
چوارەم: ڕیفراندۆمی گشتی
1.    دەستوری هەمیشەیی عێراق لە 30ی 1ی 2005
2.    سەربەخۆیی کوردستان لە 25ی 9ی 2017

پێنجەم: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.    خولی یەکەم لە 30ی 1ی 2005
2.    خولی دووەم لە 7ی 3ی 2010
3.    خولی سێهەم لە 30ی4ی 2014
4.    خولی چوارەم لە 12ی 5ی 2018
5.    خولی پێنجه‌م لە 10ی 10ی 2021

تەوەری دووەم؛ بەشداری بایکۆت لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا
بەشێوەیەکی گشتی مەبەست لە "بەشداری هەڵبژاردن"؛ پرۆسەیەكە تێیدا دەنگدەر دەچێتە ناو ناوەندەكانی دەنگدان‌و كارتی دەنگدانی خۆی بەكاردێنێت.
بەڵام "بایكۆت" واتا دەنگدەر بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ناو ناوەندەكانی دەنگدان‌و كارتی دەنگدان‌و مافی دەنگدان ممارەسە ناكات.
یەکەم: دابەزینی ئاستی بەشداری و بەرزبوونەوەی رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان
جار لەدوای جار متمانەی هاوڵاتیان و ئاستی بەشدارییان ڕووی لە دابەزینە، ئەگەر ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نمونە وەربگرین وەک لە (چارتی ژمارە (١)) دا دیارە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە (19/5/1992) بەڕێوەچوو، (ملیۆنێک و 112 هەزار) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (971 هەزار و 953) کەس بە ڕێژەی (87%) بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد، تەنها (13%) خەڵکی هەرێمی کوردستان بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد.
بەڵام لە پێنجەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (30/9/2018) بەڕێوەچوو لە کۆی (3 ملیۆن و 85 هەزار و 461) کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو (40%)یان بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد و تەنها (ملیۆنێک و 845 هەزار و 979) کەس بە رێژەی (60%) بەشداری پرۆسەکەیان کرد. (بڕوانە گرافیکی ژمارە (1)) تایبەت بە بەشداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خولی پێنجەمی (30/9/2018).
بەم پێیەش لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992)ەوە بۆ دواین خول کە لە ساڵی (2018) بەڕێوەچوو، ڕێژەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە (13%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (40%).
چارتی ژمارە (1)

گرافیکی ژمارە (1)


بەشداری هاوڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خولی پێنجەمی (30/9/2018)
تەوەری سێیەم؛ دابەزینی ئاستی بەشداری و بەرزبوونەوەی رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان)
وەک چۆن ئاست و رێژەی بەشداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان رووی لە پاشەکەشە کردووە، بە هەمان شێوە ئەو پاشکشەیە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی عێراقیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ڕاستە، هەڵبژاردن لە داوای هەڵبژاردن متمانەی هاوڵاتیان و ئاستی بەشدارییان ڕووی لە دابەزینە، ئەگەر ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە نمونە وەربگرین وەک لە (چارتی ژمارە (2)) دا دیارە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە (30/1/2005) بەڕێوەچوو، (2 ملیۆن و 290 هەزار و 736) کەس لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەش (2 ملیۆن و 176 هەزار) کەس بە ڕێژەی (95%) بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد، تەنها (5%) خەڵکی هەرێمی کوردستان بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد.
بەڵام لە پێنجەم خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو لە کۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو (64%)یان بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد و تەنها (ملیۆنێک و 233 هەزار و 450) کەس بە رێژەی (36%) بەشداری پرۆسەکەیان کرد. (بڕوانە گرافیکی ژمارە (2)) تایبەت بە بەشداری هاوڵاتیانی (سێ پارێزگا)کەی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی پێنجەمی (30/9/2018).
بەم پێیەش لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی (2005)ەوە بۆ دواین خول کە لە ساڵی (2021) بەڕێوەچوو، ڕێژەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە (5%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (64%).
چارتی ژمارە (2)

گرافیکی ژمارە (2)


بەشداری هاوڵاتیانی (سێ پارێزگا)کەی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی پێنجەمی (30/9/2018)

وەک ئەوەی لە تەوەری دووەم و سێیەمدا رونکرایەوە،  پێنجەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (30/9/2018) بەڕێوەچوو لە کۆی (3 ملیۆن و 85 هەزار و 461) کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو (40%)یان بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد و تەنها (ملیۆنێک و 845 هەزار و 979) کەس بە رێژەی (60%) بەشداری پرۆسەکەیان کرد.
بەڵام لە پێنجەم خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو لە کۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو (64%)یان بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد و تەنها (ملیۆنێک و 233 هەزار و 450) کەس بە رێژەی (36%) بەشداری پرۆسەکەیان کرد. ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە، کە لەدوای پێنجەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (2018) بۆ بۆ پێنجەم خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە سێ ساڵ دوای ئەو هەڵبژاردنەوە لە ساڵی (2021) بەڕێوەچووە، جارێکی دیکە ڕێژەی بایکۆت لە سەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم لە (%40)ەوە بەرز بووەتەوە بۆ (64%)، گرافیکی ژمارە (3) وێنەکە ڕونتر دەکاتەوە.

 
بایکۆت و بەشداری لە دواین خولەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

 

تەوەری چوارەم؛ دابەزینی ئاستی بەشداری و بەرزبوونەوەی رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (لەسەر ئاستی گشتی عێراق)
دابەزینی ئاستی رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا تەنها بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست نییە، ئەم پاشەکشەیە بۆ عێراقیش ڕاستە، بۆ نمونە؛
1.    خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (30ی 1ی 2005) بەڕێوەچوو، نزیکەی (80%)ی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەکەیان کردو (20%) بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە.
2.    خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7ی 3ی 2010) بەڕێوەچوو، (60%)ی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەکەیان کردو (40%) بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە.
3.    خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (30ی 4ی 2014) بەڕێوەچوو، زیاتر لە (62%)ی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەکەیان کردو نزیکەی (38%) بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە.
4.    خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (12ی 5ی 2018) بەڕێوەچوو، لەسەر ئاستی گشتی عێراق (44.5%)ی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەکەیان کردو (55.5%) بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە.
5.    خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10ی 10ی 2021) بەڕێوەچوو، لەسەر ئاستی گشتی عێراق (43.5%)ی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەکەیان کردو (56.5%) بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە.
تایبەت بە ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکە ، بڕوانە (چارتی ژمارە (3))

 


تەوەری پێنجەم؛ هۆکار و سەرچاوەکانی بێ ئومێدبوون لە هەڵبژاردن
ئەگەر چی ئەو ئامارانەی سەرەوە ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە پاشەکشەی گەورە هەیە، لە بەشداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام هێشتا ئەو ڕێژانەش جێگەی گومانن، بە چەندین هەوڵی نادیموکراتییانە ڕێژەکان بەرزکراونەتەوەو بوون بە بەشێک لە سەرچاوە نائومێدی لە دەنگدان و بەشداریکردن تێیدا، ئەوانیش؛
یەکەم: ساختەکاری لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشێکی گەورەی ئەو ڕێژانەی پێکهێناوە، بەردەوام بەشێک بووە لە مۆتەکەی هەڵبژاردن کە بە چەندین ڕێگە ئەنجام دراون، لەوانە؛
1.    زیادکردنی ڕێژەی بەشداری بە شێوەی ڕاستەوخۆو یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
2.    بەشێک لە کادری پارتە سیاسییەکان چەندە بۆیان لوابێت لە دەنگێک زیاتر و هەندێک جار بە لێشاو دەنگیان داوە.
3.    بەکارهێنانی فشار و هەڕەشەی جۆراو جۆر بۆ گۆڕینی ئاراستەی دەنگی دەنگدەر.
4.    بەکارهێنانی سزای سیاسی دەنگدەر.
5.    کڕینی دەنگ لە ڕێگەی بەخشینی پارەو چەک و پۆست و پایە.
6.    بەکارهێنانی کەل و پەل و موڵک و ماڵ و پۆست و دامەزراوە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
7.    بەکارهێنانی هێزی چەکداری هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبی.
دووەم: چەقبەستوویی سیستمی سیاسی و ئاڵوگۆڕی کارتۆنیانەی دەسەڵاتی سیاسی.
سێیەم: بێ بەڵێنی و خۆدزینەوە لە بەرنامەو دروشمی کاندید و پارتە سیاسییەکان، دەوڵەمەندبوونی پارت و کاندیدە هەڵبژێردراوەکانیان لەسەر بودجەی گشتی.
چوارەم: بەکارتۆنی کردنی دامەزراوەو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکانی هەرێمی کوردستان، زاڵبوونی دەسەڵاتی قوڵی حیزب بنەماڵە و کەسایەتییەکان بەسەر دامەزراوە فەرمییەکان.
پێنجەم: لە باربردنی خەمی گشتی و ئەولەویەتدانی پارتە سیاسییەکان بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان و کادرەکانیان.
شەشەم: دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک (موچە، ئاو، کارەبا، ڕێگەوبان، تەندروستی و پەروەردە ...)
حەوتەم: بەرتەسکبوونەوەی ماف و ئازادییە گشتییەکان و پێشێل کردنی سەروەری یاسا.
هەشتەم: بەردەوامی گەورەبوونی قەبارەی گەندەڵی و ناشەفافییەت لە داهات وخەرجی لە هەرێمی کوردستان.
نۆیەم: درێژەدان بە قەیرانە بەردەوامەکان، بەجێهێشتنیان لە کەبینەیەکەوە بۆ کابینەیەکی تر و لە بۆ حکومەتێکی تر و خۆ دزینەوە لە چارەسەر و یەکتر تۆمەتبارکردن بە کەمتەرخەمی.
دەیەم: ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا، هەر بۆ نمونە لە ماوەی 32 ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان تەنها دوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام دراوە، لە ساڵی (1992-2005) تەنها یەک هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە، بەشێکشیان لە کاتی خۆی ئەنجام نەدراوە، هەر لەو 32 ساڵەدا هەرێمی کوردستان تەنها دوو سەرۆکی هەبووە، بەردەوامیش سەرۆکایەتییەکانی حکومەت لای یەکێتی و پارتی بووە، تەنها (٢) ساڵ نەبێت سەرۆکی پەرلەمان لەدەرەوەی ئەو دوو هێزە نەبووە، ئەویش بە زەبری هێز پەکخرا.
یانزەیەم: نادادپەروەری لە زۆربەی کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی و کارگێڕی و پەروەردەیی و وەزشی و هونەری و سەربازی شوڕبوونەوەی بۆ سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگاو دروستبوونی بۆشایی گەورە لە نێوان بەرپرسانی سیاسی و منداڵەکانیان بەراورد بە خەڵک ئاسایی و منداڵەکانیان، سەرچاوەیەکی گەورەی نا ئومێدییە لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی هەرێمدا
دوانزەیەم: چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە بوارەکانی (وزە، پێشمەرگە، دەستور، ماددەی ١٤٠...) دابەزینی ئاستی ململانێکان بۆ دەستکەوتی بچوک و کاتی وەک وەرگرتنی پشک و پۆستی حیزبی و پارەو بودجەو ...

سەرچاوەکان
1.    کتێبی (کلیلی هەڵبژاردن)، ئامادەکردنی دامەزراوەی میدیایی درەو، ساڵی 2023.
2.    درەو میدیا، تۆماری بایۆمەتری و ئاماژەکانی پاشەکشەی بەشداری دەنگدەران، 15/4/2021؛
https://bitly.ws/32Vyz
3.    درەو میدیا، هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان.. هۆكارەكانی دابەزینی ئاستی بەشداریی، 19/4/2021؛
https://bitly.ws/32VyL
    

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand