هەرێم دوا گوژمەی 700 ملیار دینارییەكە وەردەگرێت

Draw Media

2023-11-21 13:59:19



(درەو):
حكومەتی عێراق دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی 11 دەكات، حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 9 چاوەڕێی گەیشتنی (700 ملیار) دینارە قەرزەكەی بەغداد دەكات، ئەمە دوا مانگە بەغداد قەرز بۆ هەرێم بنێرێت، چارەنوسی سێ موچەی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر داواكارییەكی نوێی مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی قەرز لە بەغداد راوەستاوە. 
فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دەستیكرد بە دابینكردنی خەرجی موچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگە (تشرینی دووەم). حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانە لەچوارچێوەی ئەو قەرزەی حكومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ بۆی دابینكردووە، (700 ملیار) دینارەكە بگات، بۆ ئەوەی لیستی دابەشكردنی موچە رابگەیەنێت. 
پرۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی 8 لە هەرێمی كوردستان رۆژی 9/11 كۆتایی هات، ئەو (700 ملیار) دینارەی ئەم مانگە حكومەتی فیدراڵ بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەنێرێت، دواین گوژمەی قەرزە سێ مانگییەكەیە، قەرزێك كە حكومەتی عێراق بۆ مانگەكانی (ئەیلول، تشرینی یەكەم، تشرینی دووەم) دابینی كردووە بەوهیوایەی تا سەرەتای ساڵی داهاتوو هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر ناكۆكییەكانیان لەبارەی یاسای بودجە بەلادا بخەن. 
ئەوەی تائێستا زانراوە، هەردوو حكومەت هاوڕان لەسەر ئەوەی یاسای بودجە هەموار بكەنەوە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری بەو ئاڕاستەیەدا نابینرێت، بۆیە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوایەكی تری ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ پێدانی سێ مانگ قەرزی تر بە هەرێم بەمەبەستی دابینكردنی موچەی مانگەكانی (10-11-12)ی ئەمساڵ، تائێستا حكومەتی عێراق بڕیاری نەداوە لە ناردنی قەرزی تر بۆ هەرێم، بەوهۆیەوە چارەنوسی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی كوردستان بەنادیاری ماوەتەوە. 
كۆتایی مانگی رابردوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئاستەنگی بۆ ناردنی (700 ملیار) دینار قەرزەكەی هەرێم دروستكرد، بەر لە ناردنی پارەكە وەزارەتی دارایی هەرێمی ناچار كرد تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعە)ی هەرسێ مانگی (7-8-9)ی هەرێمی كوردستان رەوانەی بەغداد بكات، ئەمە بەو واتایە دێت ئەگەر حكومەتی عێراق رەزامەندی بدات لەسەر ناردنی (700 ملیار) دیناری تری قەرزی مانگانە بۆ سێ مانگی تر وەكو ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوایكردووە، ئەوا دەبێت وەزارەتی دارایی بەهەمان شێوەی تەرازووی پێداچوونەوەی خەرج‌و داهاتی خۆی بۆ ئەو سێ مانگەش رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بكات. 
ئەمە لەكاتێكدا بوو، وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی رۆژی 18ی ئۆكتۆبەر چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق‌و بەئامادەبوونی خاتوو تەیف سامی، داهات‌و خەرجی هەرێمی بۆ شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ خستەڕوو. 
رۆژی 17ی ئەیلولی ئەمساڵ، دوای سەردانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا تا ئەوكاتەی ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەبارەی یاسای بودجە یەكلادەبێتەوە، بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینار بە قەرز بۆ هەرێم بنێرێت بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی موچەی فەرمانبەران، ئەم پارەیە بە سێ مانگ بۆ هەرێم خەرج دەكرێت‌و هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار، قەرزەكە بۆ مانگەكانی (ئەیلول‌و تشرینی یەكەم‌و تشرینی دووەم)، بەڵام حكومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی لە دابەشكردنی موچە دواكەوتبوو، لە وەرگرتنی یەكەم بڕە پارەدا، موچەی مانگی (تەموز)ی پێ دابەشكرد‌و لە گوژمەی دووەمیشدا موچەی مانگی ئابی دابەشكرد، ئێستا دەیەوێت بە گوژمەی سێیەمی قەرزەكە موچەی ئابی فەرمانبەران خەرج بكات. 
ئەم (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینارەی كە بەغداد بە قەرز بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەپێی بڕیارەكەی لە شایستە داراییەكانی هەرێم بۆ ساڵی 2023 دەبڕدرێت، ئەگەر شایستەكانی هەرێم لەم ساڵەدا بەشی پێدانەوەی قەرزەكەی نەكرد، ئەوە لە شایستەكانی 2024 دەبڕدرێت، واتا حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە، شایستەی ساڵی دارایی داهاتووی خۆشی خستوەتە رەهنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand