كێ دەبێتە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان؟

Draw Media

2023-11-19 18:50:33





درەو:
بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بزووتنەوەی گۆڕان رێكخەر و ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت، ژمارەیەك ئەندامی جڤات و كارەكتەری ناو بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان بۆ ئەندامی خانەی راپەڕاندن كاندید دەكەن، رێكخەری گشتی لە نێوان عومەر سەید عەلی و مستەفا سەید قادر یەكلا دەكرێتەوە.

هەڵبژاردنی خانە
رۆژی 15/11/2023 جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوەو بڕیاریدا بەپێی رێكارە دەستورییەكان خانەی راپەڕاندنی گۆڕان هەڵبژێردرێت.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێرێت.
بە پێی مادەی (12) لە دەستوری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە.
خانەی راپەڕاندن پێكدێت لە ( رێكخەری گشتی، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆنەكان، ژوورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی)، تەنیا سەرۆكی جڤات لە جڤاتی گشتی هەڵدەبژێرێت ئەوانی دیكە بە رێكخەرەوە لە جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن.
هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێك دەبێت و رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنیا بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەن.
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 بەرێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بەشداربوو، بەڵام هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، بۆیە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی دەستیان لەكاركێشایەوە، لە مانگی نیسانی 2022دا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران، بەڵام عومەر سەید عەلی ئامادەنەبوو هەڵبژێدرێتەوە، بۆیە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە.

كێ دەبێتە رێكخەری گشتی
بەپێی دەستوری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان رێكخەری گشتی بزوتنەوەی لەناو جڤاتی گشتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێت، ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و كەسایەتییە ناسراوەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانن خۆیان كاندید بكەن بۆ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ بە زۆرینەی سادە رێكخەری گشتی هەڵدەبژێردێت.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا باس لە دوو كەس دەكرێت بۆ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوانیش (عومەر سەید عەلی و مستەفا سەید قادر)ە.
 عومەری سەید عەلی ماوەی (6) ساڵە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانە، كە دەكاتە سێ خول رێكخەرە، كە بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان رێكخەرو ئەندامانی خانە تەنیا بۆیان هەیە سێ خول خۆیان كاندید بكەن، بەڵام عومەر سەید عەلی تا ئێستا دوو جار خۆی هەڵبژاردووەو ئەم دوو ساڵەی كۆتایی وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە ماوەتەوە، واتا بە پێی دەستور دەتوانێت بۆ خولێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە.
كەسە نزیكەكانی عومەر سەید عەلی باس لە دوو بۆچوون دەكەن.
•    بۆچوونی یەكەم ئەوەیە عومەر سەید عەلی داوای كردووە كەسێكی دیكە خۆی كاندید بكات بۆ رێكخەری گشتی و دەیەوێت دەستاودەستی لەگەڵدا بكات و جارێكی دیكە خۆی كاندید ناكاتەوە.
•    بۆچوونی دووەم پێی وایە عومەر سەید عەلی دەستبەرداری پۆستی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نابێت و خولێكی دیكەش بۆ رێكخەری گشتی هەڵدەبژێرێتەوە.
لەبەرامبەردا بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان لەگەڵ ئەوەن (مستەفا سەید قادر) كە لە ئێستادا باڵاترین پۆستی گۆڕانی بەدەستەوەیە لەناو دامەزراوەكاندا و جێگری سەرۆكی هەرێمە، بكرێتە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، مستەفا سەید قادر لەلایەن كوڕانی نەوشیروان مستەفاوە پشتیوانی دەكرێت، ئێستا مستەفا سەید قادر هەژموونی بەسەر بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیەو دارایی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن ئەوەوە پەیدا دەكرێت، پێشتر رۆڤان سەروەت ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڵاویكردەوە كە سەرۆكی تیمی حكومەت (مستەفا سەید قادر) هەژموونی بەسەر بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەیە لەرووی سیاسی و داراییەوە و رێگری بەردەم پرۆسەی ئاشتەوایی و گەڕانەوەی ناڕازییەكانە .
بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر عومەر سەید عەلی دەستبەرداری پۆستەكە ببێت ئەوا چانسی مستەفا سەید قادر لەهەموو كارەكتەرەكانی تری ئێستای ناو بزووتنەوەی گۆڕان زیاترە، چونكە ئەگەری گەڕانەوەی سەركردە ناڕازییەكان بۆناو بزووتنەوەی گۆڕان دوورە.
(درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لەسەركردەكانی گۆڕانكرد، ئەوان پێیان وابوو كەسە نزیكەكانی عومەر سەید عەلی دەیانەوێت عومەر سەید عەلی خۆی هەڵبژێرێتەوەو بۆ خولێكی تر بكرێتەوە بە رێكخەری گشتی، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بۆ خولی داهاتووش عومەر سەید عەلی ببێتەوە بە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.

 خانەی راپەڕاندن
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێكخەری گشتیەوە لە (7) ئەندام پێكدێت ئەوانیش:
•    رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    سكرتێری كاروباری خەڵك
•    سەرۆكی جڤاتی گشتی
جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتی كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەو راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتیەوە پێشتر هەڵدەبژێردرێت، هەموو ئەندامانی تری خانە بە رێكخەری گشتیەوە لەناو جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن.
بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرین، بەشێك لە ئەندامانی ئێستای خانەی راپەڕاندن بەهۆی نەخۆشیەوە خۆیان كاندید ناكەنەوە، بۆیە ناوی چەند كارەكتەر و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی دێت كە خۆیان بۆ ئەندامی خانەی راپەڕاندن كاندید دەكەن لەوانە: ( نزار محەمەد، چۆمان محەمەد ، هۆشیار عومەر، هێمن شیخانی، دڵخواز كاكە رەش، كاردۆ محەمەد، گوڵستان سەعید، بەختیار ئەولی، كاوە عەبدوڵا........)

هەڵبژاردنەكانی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن

دوای دوو مانگ لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25/7/2017 رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی یەكەم:
•     عومەری سەید عەلی  رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    محەمەد تۆفیق ڕەحیم، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    عوسمانی حاجی مەحمود، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    جەمال محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    شۆڕش حاجی، سكرتێری كاروباری خەڵك
•    رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی

رۆژی 14/9/2017 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی دووەم:
•     عومەری سەید عەلی  رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    دەرباز محەمەد، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    شەماڵ عەبدولوەفا، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    برزۆ مەجید، سكرتێری كاروباری خەڵك
•    جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی (لەناو جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا)

بەهۆی شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەدەستنەهێنانی هیچ كورسیەكیان، رۆژی 13/10/2021 رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە.
بەڵام رۆژی 17/4/2022 لە جڤاتی نیشتمانی بەشێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی سێیەم:
* عومەر سەید عەلی رازی نەبوو هەڵبژێردرێتەوە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە.
* جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕان
* سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕان
* شێخ كامیل پێنجوێنی ئەندامی خانەی راپەڕان
* ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕان
هەریەك لە برزۆ مەجید و دەرباز محەمەد رازینەبوون هەڵبژێدرێنەوە.
 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand