بڕیار لەسەر پڕكردنەوەی شوێنەكەی حەلبوسی دەدرێت

Draw Media

2023-11-14 15:59:52



(درەو):
بۆ تاوتوێكردنی پرسی دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان  لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، سبەینێ لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت وەكو پێكهنەری حكومەت دوو  كۆبونەوەی بەپەلە دەكەن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پڕدەكرێتەوە ؟ حەلبوسی دەكشێتەوە لە پەرلەمان‌و حكومەت ؟
عەباس عامری ئەمینداری گشتی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاشكرایكرد، سبەینێ چوارچێوەی هەماهەنگیی كۆبونەوەیەكی بەپەلە دەكات. 
بەپێی قسەی عامری، دوای كۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی، هەر سبەینێ ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت لە كۆشكی حكومەت كۆدەبێتەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگیی كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراقە كە سەرۆك وەزیرانی داناوە، ئەم هاوپەیمانێتییە پێكدێت لە (نوری مالیكی+ هادی عامری+ قەیس خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەیدەر عەبادی+ عەممار حەكیم).
ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتیش هاوپەیمانێتی ئەو لایەنانەیە كە پێكەوە كابینەی حكومەتیان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی دروستكردووە‌و پێكهاتوون لە هەریەكە لە (لایەنەكانی چوارچێوە+ هاوپەیمانی سیادەی حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەر+ بابلیۆنی مەسحییەكان+ عەزمی سوننەكان+ پارتی‌و یەكێتیی لە كورد)، چوارچێوەی هەماهەنگیی زۆرینەی لەناو ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا هەیە.
كۆبونەوەكانی سبەینێی چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و ئیدارەی دەوڵەت بۆ تاوتوێكردنی دۆخی پەرلەمانە دوای دورخستنەوە محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە. 
ئەگەری كشانەوەی حزبی تەقەدوم كە حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات لە پەرلەمان‌و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەگەرێكی كراوەیە، ئەگەر خەمیس خەنجەر لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ حەلبوسی بمێنێتەوە‌و لە پەرلەمان بكشێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت زۆرینەی سوننەكان لە پەرلەمان كشاونەتەوە. 
بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ لادانی حەلبوسی بڕیاری كۆتاییە، چونكە بەپێی دەستور بڕیارەكانی ئەم دادگایە تانەی لێنادرێت، بۆیە دەبێت لایەنەكانی چوارچێوەو ئیدارەی دەوڵەتیش رێوشوێن بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بگرنەبەر. 
بەگوێرەی لەحاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا، پەرلەمان بەزۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان سەرۆكێكی نوێ هەڵدەبژێردرێت. 
پارتی هاوپەیمانێكی بەهێزی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدومە، بارزانی یەكێك لەوانە بوو كە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021 رۆڵی بینی لە لێكنزیككردنەوەی حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەر، دواجاریش رێكخستنەوەی ماڵی سوننەكان، بۆیە دەبێت لە كۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری دادگا بۆ دورخستنەوەی حەلبوسی یەكلابكاتەوە. 
حەلبوسی لەگەڵ بارزانیدا هاوپەیمانێتییان لەگەڵ موقتەدا سەدر كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت لەدوای هەڵبژاردنەوە، دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، حەلبوسی‌و بارزانی پێكەوە چوونە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوە بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتەی كە ئێستا لەسەر كارە. 

بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی حه‌لبوسی له‌ په‌رله‌مان گومانی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ 18یی كانونی یه‌كه‌م و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 25ی شوبات دروستكردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا بڕیاره‌كه‌ ده‌رچوو كه‌ ئه‌مڕۆ حه‌لبوسی سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنی په‌رله‌مانی ده‌كرد بۆ درێژكردنه‌وه‌ی كاری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ رۆژی 7ی كانونی دووه‌م واده‌ یاساییه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت، سه‌رباری ئه‌مه‌ كشانه‌وه‌ی حه‌لبوسی و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت گرفت بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دروستده‌كات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand