"مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی گەیاندیانە مریشكە ڕەشە"

Draw Media

2023-11-07 19:23:58



درەو:
یەكێتی و پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە دانیشتنە چوارقۆڵیەكەدا گەیاندیانە مریشكە رەشە، نێچیرڤان بارزانی دۆخەكەی هێوركردەوە، مەسرور بارزانی وتی ئێوە دژایەتی حكومەت دەكەن، بافڵ تاڵەبانی وتی، حكومەت جیاوازی دەكات هیچ دەسەڵاتێكت بۆ وەزیرەكانی یەكێتی نەهێشتووەتەوە، مەسرور بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی وتووە، مادام پەیوەندییەكانتان هێندە باشە بۆچی موچەی موچەخۆرانی سلێمانی دابین ناكەیت تا مامۆستاكان بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن....
ووردەكاری دانیشتنە چوار قۆڵیەكە ...

ئەتوانین پێكەوە كاربكەین؟
ئەمڕۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام بووە شوێنی گفتوگۆی گەرمی نێوان كوڕانی تاڵەبانی و بارزانی، گفتوگۆیەك هێندەی نەمابوو بگاتە مریشكە رەشە، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی دۆخەكەی هێور نەكردایەتەوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەگەیتە لێكترازانی یەكجارەكی، وەك سەرچاوەكانی (درەو) ئاماژەیان پێكرد.
بۆ دەستكەوتنی ووردەكاری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی باڵای پارتی و یەكێتی، بەتایبەتیش كۆبوونەوە چوار قۆڵیەكە، (درەو) لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی و یەكێتی قسەیكردووە كە بەشداربوون و لە نزیكەوە ئاگاداری ووردەكاری كۆبوونەوەكەبوون.
 سەرەتا وەفدی یەكێتی درەنگ گەیشتنە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی ئەوەی بڕیاربووە بافڵ تاڵەبانی بە هێلی كۆپتەر بچێتە پیرمام بەڵام رێگە نەدراوە، بۆیە وەفدەكەی یەكێتی درەنگتر گەیشتوونەتە پیرمام.
سەرەتا نێچیرڤان بارزانی بەخێرهاتنی وەفدی میوانی كردووەو بە پرسیارێك دەستیپێكردووەو " ئایا ئێمە دەتوانین پێكەوە كار بكەین یان نا؟"
بافڵ تاڵەبانی ئێمە لەگەڵ رێككەوتنین بەڵام دەبێت پێشتر كێشەكان چارەسەر بكەین، ئێنجا قەڵەم بخەینە سەر كاغەز و رێككەوتنێكی نوێ بكەین ئەوەشی ووتووە پارتی پەلەیەتی لە رێككەوتنی نێوانمان لە كاتێكدا دەبێت كێشەكان یەكلایی بكەینەوە ئینجا رێككەوتن بكەین، لایەنی پارتی رایانگەیاندووە ئێمە پەلەی چیمانە وادەزانن ئەگەر رێكنەكەوین ئێمە رووبەرووی كێشەو گرفت دەبینەوە، هەر با رێكنەكەوین بزانین چی روودەدات، لە كۆبوونەوەكەدا یەكێتی زۆر بێمەنەت بووە زۆر بە بێمنەتی قسەیان كردووەو وتوویانە ئێوە پەلەتانە لە رێككەوتن، ئەزانین كێشە هەیەو  حكومەت رووبەرووی كێشە بووەتەوە.
كۆبوونەوەكەو گفتوگۆكان ئاسایی بوون و هەردولا گلەیی و موچەجامەلەی یەكدیان كردووە، دواتر بافڵ تاڵەبانی داوای كۆبوونەوەی چوار قۆڵی كردووە لە نێوان ( نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی).

كۆبوونەوەی چوار قۆڵی
كۆبوونەوەكەی نێوان وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەی بەرپرسان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیەوە گۆڕا بۆ كۆبوونەوەی كۆڕانی تاڵەبانی و بارزانی ( نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی)، ئەم چوار كەسە چوونە ژوورە تایبەتەكەی ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی،  لەوێدا قسەی تووندوو رووبەرووبونەوە لە نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی روویداوە، بەتایبەت دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی رازی نەبووە لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا بنوسرێت پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین.
•    مەسرور بارزانی بەو هەڵوێستەی بافڵ تاڵەبانی زۆر توڕەو نیگەران بووەو تویەتی ئێوە دژایەتی حكومەت دەكەن  لەكاتێكدا بەشدارن لە حكومەتدا.
•    بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: ئەو حكومەتە حكومەتی تۆیە، بە فیعلی یەكێتی بەشدارنیە، هیچ دەسەڵاتێكت بۆ وەزیرەكان نەهێشتووەتەوە.
•    قوباد تاڵەبانی وتوویەتی: تەنیا بە وەرقە دەسەڵاتدراوە بە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر ئەرزی واقیع جێگری سەرۆكی حكومەت هیچ دەسەڵاتێكی نیە.
•    بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: ئەم كابینەیە جیاوازی دەكات لە نێوان ناوچەكانداو رێگری لە پرۆژەكانی سلێمانی دەكات.
•    مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: ئێمە ئەزانین ئێوە چیتان كردووەو چۆن لە بەغدادەوە رێگریتان درووستكردووە بۆ حكومەت، لە هەموو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم ئێوە بەشداربون، ئاگادار بوون.
•    مەسرور بارزانی وتویەتی: ئێوە لە یاسای بودجەدا جێگیرتان كردووە كە ئەتوانن موچەی سلێمانی لە بەغدادەوە دابین بكەن، من مەمنونتان دەبم كاك بافڵ مادام پەیوەندییەكانت لەگەڵ بەغداد باشە موچە لەبەغداد دابین بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی سلێمانی بێ موچە نەبن و مامۆستایان بتوانن بچن وانە بە قوتابیان بڵێنەوە، بۆچی نایكەیت؟
•    مەسرور بارزانی وتوویەتی ئێوە غازەكەتان رادەستی بەغداد كردووەو ئەو ئەو پرسە بەبێ رێككەوتنی ئێوە نەكراوە، لەكاتێكدا ئەوە ئیشی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
•    بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: بەڵێنت پێدەدەم رێگە نەدەم غازی كۆرمۆر بەبێ رەزامەندی حكومەتی هەرێم رەوانەی كەركوك بكرێت.
یەكێك لە بەرپرسە باڵاكان بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكدا قسەی توندو رووبەروبوونەوە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانیدا روویدا، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی لەوێ بەشدارنەبوایەو دۆخەكەی هێورنەكردایەتەوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەگەیشتە ئاشتی دابڕانی یەكجارەكی.
ماوەیەكی زۆر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و وەفدی هەردوولا چاوەڕێی دانیشتنە چوار قۆڵیەكە بوون،  ئەندامانی تری وەفدەكە بەتایبەت ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەران بوون لەو شێوازە كۆبوونەوەیە، لە كاتی دانیشتنە چوار قۆڵیەكەدا داوای چوونە ژوورەوەی عیماد ئەحمەد لە یەكێتی و مەحمود محەمەد لە پارتی كراوە بچنە دانیشتنە چوارقۆڵیەكەوە بۆ نوسینی راگەیەندراوی هاوبەش، كۆبوونەكە كۆتاییهات و بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە بەغداد.
 
راگەیەندراو
راگەیەندراوێكی هاوبەشی نێوان هەردوولا بڵاوكرایەوە یەك بڕیاری تێدا دراوە ئەویش رێككەوتوون كە "كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بێت".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە" هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزكردنی خاڵە هاوبەشەكان و چارەسەركردنی گیر و گرفتەكان بە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی كورستان"
تاكە بڕیاری ناو راگەیەندراوە هاوبەشەكەیان، بەردەوامی كۆبوونەوەكانە" بڕیاردرا كۆبوونەوەكان بەردەوامیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئالیەتێكی گونجاو دیاریكرا،  شایەنی ئاماژەیە كۆبوونەوەكە لە كەشێكی ئارام و ئیجابیدا بەڕێوەچوو".

بارزانی نایەوێت لەگەڵیان كۆبێتەوە
یەكێتی بە سەرۆك و پارتی بە جێگرانی سەرۆك بەشداربوو لە كۆبوونەوەدا، هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەكەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە پیرمام، مەسعود بارزانی لەگەڵ د. سامان بەرزنجی وەزیری تەنروستی كۆبووەتەوە.
بارەگای بارزانی كەمتر لە یەك كیلۆمەتر لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتیەوە دوورە كە كۆبوونەوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج كاتژمێر بەردەوام بوو تیایدا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەمانكاتدا پێشوازی كردووە لە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و باسی دۆخی تەندروستیان كردووە، ئەم پێشوازیەی بارزانی كە هاوكاتە لەگەڵ كۆوبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی دەرخەری ئەوەیە كە مەسعود بارزانی نایەوێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی كۆببێتەوە بەتایبەت سەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی، پێشتریش كۆبوونەوەی نێوان وەفدی پارتی و یەكێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، وەفدی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی بوو، بەڵام بارزانی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، لە هەمان كاتی كۆبوونەوەكە بارزانی پێشوازی لە د. عادل باخەوان نوسەرو مامۆستای زانكۆكردبوو.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand