پەیمانی کۆمەڵایەتیی یان پەیمانی ئەمنیی؟

Draw Media

2023-11-05 16:20:53



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ساڵانێکی درێژ لەم ناوچەیەدا تێزێکی فیکریی هەبوو بەرگریی لەوەدەکرد کە لەم بەشەی جیهاندا «دەوڵەت» دەزگایەکە لەپێش کۆمەڵگاکەوەیە، لە کۆمەڵگاکە هۆشیارترو پێشکەوتوترو خەمخۆرترە. نەک هەر ئەمە، بەڵکو رۆڵێکی دروستکەرانە دەبینێت لە تازەکردنەوەو پێشخستنی کۆمەڵگادا. تێزەکە پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە کۆمەڵگاکان دابەشبوونی دینیی و کۆمەڵایەتیی و خێڵەکیی، ئینجا بەرزیی رادەی نەخوێندەواریی و گەمژەیی هەمەشێوە، کوشتونی. دەوڵەت ئەو دەزگا مۆدێرنەیە کە خەریکی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە دواکەوتوە ترسناکەی کۆمەڵگاکەیەو لە خەمی پێشخستنیدایە. نموونەش بە دەوڵەتی ئەتاتورک و ناسرو بۆرقێبەو تەنانەت بەعسیش دەهێنرانەوە. تێزەکە دەڵێت راستە ئەم دەوڵەتانە دەوڵەتی ستەمگەرو دیکتاتۆریی بوون، بەڵام لە چەندان سەرەوە خەریکی تازەکردنەوەی ئەو کۆمەڵگا دواکەوتووە بوون کە حوکمڕانیان دەکردن. لە ئاستی تیوریشدا بۆ ئەو تێزەی فەیلەسوفی ئیتالی ئانتۆنیۆ گرامشی دەگەڕانەوە کە ناوی «شۆڕشی پایسڤ»ی لێنراوە، شۆڕشێک کۆمەڵگا خۆی بەرپای ناکات، بەڵکو دەوڵەت بەرپای دەکات و لەناو دەوڵەتەوە بۆناو کۆمەڵگا دایدەبەزێنێت.
ئیتر باس لە بەرپاکردنی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دەکرێت کە ئەو دەوڵەتە شۆڕشگێڕانە پێی هەڵدەستن: لەوانە، کردنەوەی دەرگای خوێندەواریی بەڕووی هەردوو رەگەزەکەدا، دروستکردنی زانکۆو پەیماناگاکان، دروستکردنی ڕێکخراوی مەدەنیی هەمەجۆر، تازەکردنەوەی ئابوریی، تازەکردنەوەی شارەکان، بەرەوپێشبردنی تواناکانی گوستنەوەو هاتوچۆکردن، باشترکردنی رێگاوبان، باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی، دروستکردنی دادگای تازەو دەرکردنی یاسای نوێ، تەنانەت دروستکردنی هێزی کۆمەڵایەتیی تازەش، لەوانە، بۆ نموونە، دروستکردنی چینێکی ناوەڕاستی خوێندەوار، هتد...  
بە بۆچونی من بەشێکی ئەم تێزە لە بیست تا سی ساڵی یەکەمی قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمدا شتێک لە ڕاستیی تێدایە، واتە تا ساڵانی هەفتای سەدەی بیستەم بەشێک لە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە لەبەردەم ئەزمونێکی دەوڵەتیی لەم شێوەیەدا بوون، بەڵام لەوەبەدوا دۆخەکە لەم ناوچەیەدا دەگۆڕێت و ئەم تێزە لەم ناوچەیەدا وێنەیەکی تەواو هەڵەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگامان نیشانئەدات. ئەوەشی دۆخەکە دەگۆڕێت دوو شتە. یەکەمیان گۆڕانکارییە لە سیستمی ئابوریدا، کە تیایدا ئابوریی «ئابوریی دەوڵەتیی» بە هەموو کەرتە گشتییەکانییەوە، دەگۆڕێت بۆ ئابورییەکی نیو لیبرال، کە پرۆسەیەکی پەڕگیریی مافیایی بەتایبەتیکردن بەڕێوەی دەبات. ئەم بەتایبەتیکردنە لەسەرێکەوە هەژاریی زیاترو فرەجۆرتر بەرهەمدەهێنێت، لە سەرێکی دیکەوە نوخبەیەکی بچوکی ملیۆنێری تازەو دەوڵەمەند، کە زۆرجار هەم دەسەڵاتی سیاسیی و هەم دەسەڵاتی ئابوریی، لە دەستی خۆیاندا کۆدەکەنەوە. لە دەرەنجامیشدا نەک تەنها سەرجەمی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پەکیاندەکەوێت، بەڵکو بنەمایەکی مافیایی و نیمجەمافیاییش بەشێوازو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئابوریی لەم ناوچەیەدا دەبەخشێت.


دووهەمیان، بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئیسلامی سیاسیی، لە مۆدێلە خومەینییە ئێرانیەکەی و لە مۆدێلە سونییە جیهادیی و ئیخوانیەکەیدا، بەناوچەکەدا. ئەمه‌ش نەک تەنها بیرۆکەی دەوڵەت بەتەواوی دەشێوێنێت و دەوڵەت لە دەوڵەتی کۆمەڵگاوە دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی دین، بەڵکو خوازیاری دەسکاریکردنێکی ریشەیی هۆشیاریی مرۆڤەکانیشەو لەزۆرجاردا بردنەوەی ئەم هۆشیارییەیە بۆناو فەتواو فیقی ئەم یان ئەو فەقیهی دینیی بەر لە هەزاران ساڵ لەمەوبەر. ئەم دۆخە وادەکات لە ساڵانی هەشتا بەدواوە ئەم ناوچەیە لەبەردەم سێ تەحەدای گەورەدابێت. یەکەمیان، تەحەدای لە دەوڵەتخستنی خودی دەوڵەت. دووهەمیان، بە مافیاییبوونی ئابوریی، سێهەمیش، شێواندنێکی سیستماتیکی هۆشیاریی مرۆڤەکان. لەم مێژووە بەدوا دەزگاکانی دەوڵەت دەکەونە ژێر دەسەڵاتی نوخبەیەکی نوێ، کە بە زۆر مانا، لە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە نەخوێندەوارترو نەزانترو تاریکبیرترن. بە زۆر مانا، حوکمڕانانی ناوچەکە، زۆر لە دوای بەشێکی گەورەی خودی کۆمەڵگاکەوەن. عەقڵیەتێکی دینیی، خێزانیی، بنەماڵەیی، نوخبەیی، مەزهەبیی، دەوڵەت و حوکمڕانیی دەگرێتە دەست و لەسەرەوەڕا و لە ڕێگای بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەتەوە، خەریکی خراپکردنێکی بەردەوامی خودی کۆمەڵگاکان خۆیانن. لێرەدا «شۆڕشێکی پاسیڤ»ی تر دێتەکایەوە کە قۆرخکردنی دەسەڵات و پەکخستنی هۆشیاریی کۆمەڵگاکە ئاڕاستەی دەکات.
خاڵی هەرەسەرەکیی لە هەر پرۆسەیەکی تازەبوونەوەدا بریتییە لە دابینکردنی هەرچی زیاتری سوودو قازانجی گشتیی، لە کۆمەڵگادا، ئەوەی لە فەلسەفەدا پێیدەگوترێت «نەفەعیەت»، واتە «سودمەندگەرایی»، بەڵام «سودمەندیی» بۆ کێ؟ بێگومان بۆ ئەم یان ئەو تاکەکەسی تایبەت، ئەم یان ئەو خێزان و گروپ و حیزبی سیاسیی تایبەت نا، بەڵکو «سوودمەندیی گشتیی»، مەسڵەحەت و قازانجی هەمووان، هی هەموو کۆمەڵگا وەک گشتێک. یەکەم شتێک ئەم جۆرە دیدگایە بۆ تازەکردنەوەی حوکمڕانیی داوای بکات ئەوەیە کە دەوڵەت خۆی، وەک ژێرخانی سەرەکیی حوکمڕانیی، پێویستە نوێنەری دەسەڵاتی پێکەوەیی و گشتیی کۆمەڵگاکە بێت، پیادەکەری ئەو دەسەڵاتە گشتییەش بێت، نەک موڵکی ئەم یان ئەو دین و ئایدیۆلۆژیاو خێزان و بنەماڵەو پارتی سیاسیی. دەسەڵاتی دەوڵەت هەمیشە دەسەڵاتێکە سەرچاوەکەی لەناو کۆمەڵگادایە، دەوڵەت دەسەڵات لە هیچ کەسێکەوە وەرناگرێت، لە کۆمەڵگا خۆی نەبێت، کۆمەڵگا وەک گشتێک کە جۆرێک لە «پەیمان»و «گرێبەستی کۆمەڵایەتیی»، کۆیکردونەتەوە. دەوڵەت خۆیشی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی، بەو شێوەیە بەکاریدەهێنێت کە قازانجی هەموو کۆمەڵگاکەی، لێبکەوێتەوە. ئەوەی لە مێژووی ئێستای ئەم ناوچەیەدا غائیبە ئەم چەمکی «گشت»ەیە، نە دەوڵەت و نە حوکمڕانیی موڵکی «گشت»و هەمووان نین، بەڵکو گۆڕاون بۆ ئامرازیی دەستی خێزان و بنەماڵەو مەزهەب و گروپ و تاقمی بچووک و داخراو.
کۆمەڵگا خۆیشی چەمکێکە بە توندیی بە چەمکی «گرێبەستی کۆمەڵایەتیی»ەوە گرێدراوە. کۆمەڵگا ئەو گشتەیە کە دەتوانێت گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی پێکەوەیی دروستبکات و لە دەوری ئەو گرێبەستە، کۆببێتەوە. لەناو ئەم گرێبەستەدا «قازانجی گشتیی» مانای سەرکەوتن بەسەر کۆی ئەو قازانجە تایبەت و سنوردارانەدا کە ڕێ لە دروستبوونی کۆگیریی کۆمەڵایەتیی دەگرن و دۆخی پارچەپارچەبوون و دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی، سەروەردەکەن.


دیسانەوە ئەوەی لەئێستادا لەبەشێکی گەورەی ناوچەکەدا دەیبینین، ئەو راستییە سادەیە، کە دەوڵەت خۆی رێگرە لەبەردەم دروستبوونی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیی و ئەو سودمەندبوونە گشتییەدا کە هەموو کۆمەڵگایەک پێویستییەکی گەورەی پێیەتیی، بۆئەوەی بتوانێت وەک کۆمەڵگا بمێنێتەوە. دەوڵەت لەم ناوچەیەدا لە دەزگای بەرجەستەکردنی ئەو گرێبەست و رێکەوتنە کۆمەڵایەتییەوە، گۆڕاوە بۆ ئامرازی تێکدان و لەناوبردن و رێگرتن لە دروستبوونی، ئەو گرێبەستە.  
 لێرەوە ئەوەی لە کوردستاندا لەنێوان حوکمڕانان و کۆمەڵگادا ھەیە، ئەوەی لە عێراق خۆیشیدا وەک دەوڵەت هەیەو کاردەکات، پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نییە کاری ئەوەبێت بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە دەوری یەکتری کۆبکاتەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە پەیمانێکی ئەمنییە کە بەڵێنی دابینکردنی لانیکەمی ئاسایش دەدات. لەڕاستیدا ئەو ھێزانەی لە هەرێم و لە عێراقدا حوکمڕانان ناتوانن پەیمانی کۆمەڵایەتیی ببەستن. ئەوان، لە باشترین دۆخدا جگە لە پەیمانێکی ئەمنیی، توانای پیادەکردنی ھیچ پەیمانێکی دیکەیان نییە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand