كورد لە یەك ساڵی تەمەنی كابینەی سودانیدا

Draw Media

2023-10-27 15:28:43



راپۆرت: درەو
ساڵێك بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق تێدەپەڕێت، لەماوەی ئەم ساڵەدا، هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتەكەی راوەستاوە، سەرباری تێپەڕینی یاسای بودجە، هێشتا پشكی خۆی لە بودجەكەدا نازانێت، ماددەی 140 هەر لە سەرەمەرگدایە، رێككەوتنی شەنگال جێبەجێ نەكراوە‌و بودجەی پێشمەرگەش لەگەڵ پشكی هەرێمدا لەناو گێژاودا ماوەتەوە، پارتی‌و یەكێتیی چۆن دوای هەڵبژاردن چونە ناو دانوستانە سیاسییەكان‌و بەشداری حكومەتیان كردەوە؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

خواستی كورد لە كابینەی سودانیدا
دیارترین ئەو دۆسیەیانەی كە كورد چاوی لەسەر بوو لە كابینەی سودانیدا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە ئەمانەن:
• ماددەی 140ی دەستور تایبەت بە "ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان"
• (بەشە بودجەی هەرێم).
• (دۆسیەی نەوت‌و گاز).
• بەشداری شایستەی هەرێمی كوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەكان.
• بابەتی ماف‌و شایستە دەستورییەكانی پێشمەرگە.
• بابەتەكانی دیكەی وەك پرۆژە یاساكانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی‌و نەوت‌و گاز).

كورد لە یەك ساڵەی كابینەی سودانیدا
لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا، كە محەمەد شیاع سودانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، هەرێمی كوردستان‌و حكومەتەكەی روبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بونەتەوە، لەوانە: 

راوەستانی هەناردەی نەوت
25ی ئازاری ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستا، ئەمە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵایەكی حكومەتی عێراق دژی توركیا. بە راوەستانی هەناردەی نەوت، حكومەتی هەرێم رێژەی نزیكەی 80%ی داهاتەكانی لەدەستدا.
سەرباری ئەوەی توركیا بەمدواییە ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا حكومەتی عێراق ئامادە نییە بچێتە ژێر باری هیچ مەرجێكی پێشوەختەی توركیا سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی ئەو قەرەبووەی كە بەپێی بڕیاری دادگای پاریس دەبێت توركیا بە عێراقی بدات كە بڕەكەی نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلارە، لەپاڵ ئەمەشدا، بەپێی یاسای بودجە، حكومەتی هەرێم پابەندكراوە بەوەی ئەگەر هەناردەی نەوت بۆ توركیا دەستی پێ نەكردەوە، نەوتەكەی بۆ بەكاربردنی ناوخۆیی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات‌و لەسەر ئەو بنەمایە ئێستا رۆژانە حكومەتی هەرێم (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە حكومەتی فیدراڵ دەدات.
سودانی كە دەستبەكاربوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی دژی حكومەتی هەرێم دەركردبوو (بڕیاری 15ی شوباتی 2022)، بەپێی بڕیارەكە یاسای نەوت‌و غازی هەرێم هەڵوەشێندرایەوە‌و هەرێم پابەندكرا بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە حكومەتی فیدراڵ. سودانی هەر لە سەرەتاوە نوێنەرانی كوردی ئاگادار كرد لەوەی لەتوانایدا نییە بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی هەرێم رابگرێت، چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم كێشەیە ئەوەیە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەربچێت‌و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا یەكلابكرێتەوە. سودانی لە كارنامەی حكومەتەكەیدا بەڵێنیدا لەماوەی (6) مانگ دوای دەستبەكاربوونی حكومەت، یاسای نەوت‌و غاز رەوانەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، لە شوباتی ئەمساڵەوە نوێنەرانی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ چوونە ناو زنجیرەیەك دانوستان لەبارەی یاسای نەوت‌و غاز، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە رێككەوتن، نوێنەرانی حكومەتی فیدراڵ زۆرینەی داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم لە یاسای نەوت‌و غازدا رەتدەكەنەوە، لەوانە: وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم (نەوت بفرۆشێت، هێڵی بۆری نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەبێت، یاسای نەوت‌و غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جارێكی تر زیندوو بكرێتەوە).
بەم دۆخەوە، نەك شەش مانگ، ساڵێكیش بەسەر سوێندخواردنی حكومەتی سودانیدا تێدەپەڕێت‌و هێشتا چارەنوسی یاسای نەوت‌و غاز بە نادیاری ماوەتەوە كە یەكێكە لە بەڵێنە سەرەكییەكانی سودانی بۆ كورد لەم كابینەیەدا.
سودانی خۆی لەناو لایەنەكانی چوارچێوەدا پێگەی بەهێز نییە، وەكو كاندیدی تەوافوقی دانراوە، یەكێك لە بەرپرسانی چوارچێوە وتویەتی" سودانی هەر هێندەی بەڕێوەبەرێكی گشتی دەسەڵاتی هەیە"، ئەو بەردەوام بەشداری لە كۆبونەوەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت‌و چوارچێوەی هەماهەنگیی دەكات، لەسەر بنەمای راسپاردەكانی ئەم كۆبونەوانە سیاسەتی حكومەتەكەی ئاڕاستە دەكات. 
پشكی هەرێم لە بودجەی حكومەتی سودانیدا
بۆ جاری یەكەم لە دوای روخانی سەددامەوە، لە سەردەمی كابینەی سودانیدا پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسایەكی بودجەی دەركردووە كە بۆ سێ ساڵ كاری پێدەكرێت (2023-2024-2025)، ئەم یاسایە لە رۆژی 25ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام هێشتا حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەسەر پشكی هەرێم لەناو بودجەكەدا نەگەیشتونەتە رێككەوتن.
حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا قایل بووە بەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت‌و داهاتەكەی بەتەواوەتی رادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات، بەڵام ئەو پارەی كە بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە یاساكەدا تەرخانكراوە، لەنێوان هەولێرو بەغداد كێشەی لەسەرە، سەرباری ئەمە هەردوو حكومەتەكە لەبارەی داهاتە نانەوتییەكان‌و بابەتی دیاریكردنی پشكی هەرێم لە خەرجی راستەقینەی عێراق ناكۆكن، بەهۆی ئەم دۆخەوە جارێكی تر بابەتی دواكەوتنی موچەی موچەخۆران لە هەرێم سەریهەڵداوە.
لە پرۆسەی خوێندنەوەی یاسای بودجەوە ئیتر حكومەتی هەرێم‌و بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تۆمەتبار كرد بەوەی لەرێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت‌و ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت لایانداوە، بەتایبەتیش دوای دەستكاریكردنی رێككەوتنی مەسرور بارزانی‌و محەمەد شیاع سودانی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە یاسای بودجەدا. 
ئێستا كە حكومەتی سودانی یەك ساڵی تەمەنی خۆی بەڕێدەكات، پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو بەشداری حكومەتەكە چاویان لەوەیە بەغداد بەشێوەی قەرز بڕی (700 ملیار) دیناری تر لە هەفتەی داهاتوودا بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، بۆ ئەوەی بەم پارەیە حكومەت بتوانێت لە كۆتاییەكانی مانگی 10دا دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی (8)ی موچەخۆرانی هەرێم بكات. 
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی وەكو لایەنی گەورەو بەهێزی ئیئتیلافی پێكهێنەری حكومەت ئامادە نین كێشە داراییەكانی هەرێم لە بودجەدا چارەسەر بكەن، تا ئەوكاتەی كورد قایل دەبێت بە تێپەڕاندنی یاسای نەوت‌و غاز. 

ماددەی 140
كاراكردنەوەی لیژنەی ماددەی 140ی دەستور كە لەساڵی 2014وە پەكی كەوتبوو، یەكێك لەو بڕگانە بوو كە لەسەر داوای كورد لە رێككەوتنی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا جێگیركرا.
كۆتاییەكانی تشرینی دووەمی 2022 خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە پشكی یەكێتیی ئاشكرایكرد" بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، لیژنەیەكی باڵا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور پێكدەهێنرێت، لیژنەكە لەماوەی 10 رۆژدا كۆدەبێتەوە بۆ ئامادەكردنی بودجەی تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی ئەم ماددەی دەستور دەیانگرێتەوە، دواتر بودجەكە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات بۆ ئەوەی لەناو بودجەی گشتیدا دابنرێت".
بەپێی دەستوری عێراق دەبوو ماددەی 140 تاوەكو ساڵی 2007 جێبەجێ بكرایە، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوە، كرۆكی ماددەیە ئەوەیە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان، پرۆسەیەك بە سێ قۆناغ بەڕێوەببرێت، قۆناغی یەكەم ئاسایكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، قۆناغی دووەم سەرژمێریكردن‌و قۆناغی سێیەم‌و كۆتایش ئەنجامدانی راپرسی.
عەرەب‌و توركمانەكان زۆرینەیان باوەڕیان وایە ماددەی 140 وادەی بەسەرچووە‌و چیتر زیندوو ناكرێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی 2019 دادگای فیدراڵی پشتڕاستیكردوەتەوە كە ماددەی 140 هێشتا نەمردووە. 
لەدوای پەسەندكردنی دەستوری عێراق لە ساڵی 2005، دۆسیەی سەرەكی كورد لە بەغداد پرسی جێبەجێكردنی ماددەی 140‌و گەڕانەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بوو بۆ ناو چوارچێوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەم ساڵانەی دوایی كە پرسی نەوت‌و بودجە بووە بەتەوەری سەرەكی، چیتر ماددەی 140 ئەو سەرەنجەی جارانی لەسەر نەماوە. 

یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ‌و دادگای فیدراڵی
هەمواركردنی یاسای دادگای فیدراڵی‌و دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ دوان لەو یاسایانەن كە حكومەتی محەمەد شیاع سودانی بەڵێنیداوە جێبەجێیان بكات‌و بەلای كوردەوە گرنگن. 
دادگای فیدراڵی لە سەرەتای 2022ەوە ژمارەیەك بڕیاری قورسی لەدژی هەرێمی كوردستان دەركردووە، لە دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم‌و هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بەرپرسانی هەرێم لەوكاتەوە ناو بەناو دادگاكە بە نادەستوری ناودەبەن، بەڵام پابەندیشن بە بڕیارەكانییەوە.
ئەنجومەنی فیدراڵیش كە بە ژوری دووەمی دەسەڵاتی یاسادانان دادەنرێت، تائێستا لە عێراقدا بوونی نییە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبوو دوای پەسەندكردنی دەستور لە 2005دا دروستبكرایە، بەوپێیەی بوونی ئەنجومەنێكی لەم جۆرە لە دەوڵەتە فیدراڵییەكاندا كۆڵەكەی سەرەكی سیستەمەكەیە‌و چاودێرە بەسەر ئەو یاسایانەی كە لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەكرێن. 
سەرباری بەڵێنەكانی سودانی لەبارەی دەركردنی یاسای دادگای فیدراڵی‌و ئەنجومەنی فیدراڵ، هێشتا هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆ لەمبارەیەوە بەدی ناكرێت، هەرچەندە 24ی ئەیلولی ئەمساڵ لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند" سەرۆكایەتی كۆمار ئامادەكردنی رەشنوسی یاساكانی دادگای فیدراڵی‌و ئەنجومەنی فیدراڵی تەواوكردووە".

پێشمەرگە‌و شەنگال
پشكی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق بەپێی ئەوەی لەیاسای بودجەدا هاتووە بە بڕی (19 ملیار) دینار بۆ هەر مانگێك دیاری كراوە، بەڵام ئەمیش بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەبارەی بەشە بودجەوە، چارەنوسی بە نادیاری ماوەتەوە، هەرچەندە دانانی ئەم بڕە بودجەیە بۆ پێشمەرگە لەناو یاساكەدا وەكو جۆرێك لە دانپێدانان بە پێشمەرگە ئەژماردەكرێت وەكو هێزێكی بەرگری لە عێراقدا. 
سەربارەت بە رێككەوتنی شەنگالیش كە سودانی لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا بەڵێنی جێبەجێكردنی داوە، ئەم رێككەوتنە هێشتا جێبەجێ نەكراوە.
هەرێم‌و بەغداد لە ئۆكتۆبەری 2020 رێككەوتنی شەنگالیان ئیمزا كردووە، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت دۆخی ئەو قەزایە ئاسایی بكرێتەوە‌و بەشێوەی هاوبەش هەردوولا ئیدارەی ناوچەكە بدەن. 

كورد لە گێژاوی ململانێی ناوخۆی شیعەدا؟ 
ئەمڕۆ كابینەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ساڵی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو دەكات، 27ی ئۆكتۆبەری 2022 ئەم حكومەتە متمانەی پەرلەمانی وەرگرت. 
حكومەتی سودانی دوای ساڵێك دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراق لەدایكبوو، هەڵبژاردنێك كە تێیدا سەدر زۆرینەی كوردسییەكانی بردەوە، بەڵام هاوشێوەی هەموو هەڵبژاردنەكانی عێراقی دوای روخانی رژێمی سەددام، ئەمجارەش براوەی یەكەمی هەڵبژاردن نەتوانی یان رێگەی پێنەدرا، كابینەی حكومەت دروستبكات. 
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، پێنجەم هەڵبژاردن بوو لە مێژووی عێراقی دوای سەددامدا، ئەم هەڵبژاردنە جیاواز بوو لە هەڵبژاردنەكانی پێش خۆی، بەوەی دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 ئەنجامدرا، خۆپیشاندانێك كە بۆ یەكەمجار لە عێراقی نوێدا سەرۆك وەزیرانێكی (عادل عەبدولمەهدی) ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد‌و سیستەمی هەڵبژاردنیشی لە وڵاتدا گۆڕی، لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار سیستەمی "فرە بازنەیی" لە عێراق جێبەجێ كرا.  
هەر لە سەرەتاوە، دەرنجامی هەڵبژاردنەكە ماڵی شیعەكانی دابەشكرد بەسەر دوو جەمسەری ناكۆكدا، سەدرییەكان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن (73 كورسی پەرلەمان) لەلایەك‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ عەممار حەكیم+ عەبادی+ فالح فەیاز) لەلایەكی تر، كە ناڕازیبوون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە. 
دوو هێزە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە دابەشبوون بەسەر ماڵە ناكۆكەكەی شیعەدا، پارتی كە 31 كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە، هەر زوو چووە ناو رێككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ "پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی"‌و هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی تەوافوقی دەكرد، كە لە عێراقی دوای سەددامدا بووە بە نەریت، یەكێتیش كە (18) كورسی بردەوە، خۆی بۆ پشتیوانی لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە یەكلاكردەوە كە بە "بەرە ئێرانییەكە" ناسراون.
سەدر كە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پارتی‌و زۆرینەی سوننەكانی لەخۆی كۆكردبووەوە، یەكەم هەنگاوی خۆی بە ئاڕاستەی پێكهێنانی حكومەت بەبێ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی خستە بواری جێبەجێكردن‌و لەناو پەرلەماندا بەزۆرینە، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی سوننەكان هەڵبژاردەوە، هەنگاوی دووەمی رێككەوتنی سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی بریتی بوو لە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە، پارتی لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا، بۆ یەكەمجار ویستی پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتیی وەرگرێتەوە، (هۆشیار زێباری) بۆ پۆستەكە كاندید كرد.
بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، دەرگا لەبەردەم سەدردا دەكرایەوە كابینەیەكی نوێی حكومەت دروست بكات، چونكە بەگوێرەی دەستور، سەرۆك كۆماری نوێ كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی رادەسپارد بە پێكهێنانی حكومەت، بۆیە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە دادگای فیدراڵییەوە دوو كاریان كرد بۆ رێگریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار: 
•    هەنگاوی یەكەم: لەسەر سكاڵای لایەنەكانی چوارچێوە، رۆژی 3ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی حوكمێكی دەركردو رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نیسابەكەی بە (دوو لەسەر سێ) پێكدێت، واتا لە كۆی 329 ئەندامی پەرلەمان دەبێت (220) ئەندام ئامادە بن، ئەمە بە زیانی هاوپەیمانی سیقۆڵی سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی كۆتایی هات، بەتایبەتیش كە هاوپەیمانێتییەكە ئەم ژمارەی پێ كۆنەدەكرایەوە‌و بارزانی دەیویست بە زۆرینەی سادە سەرۆك كۆمار لە یەكێتیی وەربگرێتەوە، (دوو لەسەر سێ)كەی دادگای فیدراڵی دواتر ناوی لێنرا (دوو لەسەر سێی پەكخەر)، چونكە وایكرد هیچ هاوپەیمانێتییەك بەبێ ئەوەی تر نەتوانێت هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تەواو بكات، واتا جارێكی تر دەرگای كردەوە بۆ ئەوەی حكومەتی تەوافوقی لە عێراق دروست بكرێت، نەك وەكو ئەوەی سەدر بانگەشەی بۆ دەكرد كە "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی" بوو.  
•    هەنگاوی دووەم: هەر لەسەر بنەمای سكاڵایەكی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، رۆژی 6ی شوباتی 2022، دادگای فیدراڵی رێوشوێنەكانی كاندیدبوونی (هۆشیار زێباری) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگرت، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی لەبارەی "گەندەڵی" ئاڕاستەی كرابوون، ئەمەش گورزێكی تر بوو بەر بارزانی كەوت، رۆژی 13ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی داو كاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رەتكردەوە، ئەمە هاوكات گورزێكیش بوو كە هاوپەیمانێتییەكەی سەدر.  
ئەم دوو هەنگاوەی دادگای فیدراڵی بەتەواوەتی سەدری بێئومێد كرد، رۆژی 12ی حوزەیرانی 2022 لەسەر داوای موقتەدا سەدر، پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر كە ژمارەیان (73) پەرلەمانتار بوو، بەكۆمەڵ دەستیان لە ئەندامێتی پەرلەمان كێشایەوە‌و بەمە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە. 
رۆژی 23ی حوزەیرانی 2022، پەرلەمانی عێراق میراتییەكەی سەدری بەسەر لایەنە براوەكانی هەڵبژاردندا دابەشكرد كە (73) كورسی بوو، بەمە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون بە كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان‌و ژمارەی كورسییەكانیان بۆ زیاتر لە (120) كورسی بەرزبووەوە. 

تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی شیعه‌كاندا

كۆتاییەكانی مانگی ئەیلولی 2022، دوای زنجیرەیەك گفتوگۆ، ئیئتیلافی "ئیدارەی دەوڵەت" لەدایكبوو، ئەم ئیئتیلافە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هاوپەیمانەكانی (واتا یەكێتی‌و هاوپەیمانی عەزمی سوننەكان) لەگەڵ هاوپەیمانەكانی پێشووی سەدر (واتا بارزانی‌و حەلبوسی) لە خۆگرت. 
پارتی كە لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر بە دەستی بەتاڵ هاتە دەرەوە، دواجار ناچار بوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بچێتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، پارتییەكان لە سەرەتاوە گەشبین بوون بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ سەدر، لەمەشدا زیاتر چاویان لەسەر ئەوە بوو كە رەوتی سەدر وەكو پارتی حزبێكی مەركەزییە‌و راوبۆچوونی جیاوازی تێدا نییە، بۆیە رێككەوتنەكە دەبێت بە رێككەوتنی نێوان بارزانی‌و سەدرو ئەگەری پابەندبوون پێیەوە بەهێزترە، پارتی بۆ ئەمە هەموو رەهەندە سیاسییەكانی تری سەدری پشتگوێ خست، بەتایبەتیش لەوەدا كە سەدر خەونی بە مەرجەعبوونی هەیە‌و لە كاری سیاسیدا زۆر پشوو درێژ نییە.
یەكێتیش كە لەسەرەتاوەی خۆی بۆ لایەنەكانی چوارچێوە واتا بەرەكەی نزیك لە ئێران یەكلاكردەوە، دوای كشانەوەی سەدر ئیتر دەرفەتی بۆ خۆش بوو، پێگەی خۆی لە عێراقی نوێدا بەهێزبكاتەوە.
رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری 2022، لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا، لەتیف رەشید وەكو سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، پارتی تاكە دەستكەوتێك كە لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی چنییەوە ئەوە بوو رێگری كرد بۆ جاری دووەم بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری هەڵبژێردرێتەوە، بەمە تۆڵەی مێژووی خۆی كردەوە، یەكێتیش كە بەفەرمی پشتیوانی كاندیدبوونی لەتیف رەشیدی نەدەكرد‌و پەرلەمانتارەكانیشی دەنگیان پێنەدا، دواجار بە هەڵبژاردنی لەتیف رەشید وەكو كاندیدی خۆی قایل كراو خاڵی پۆستی سەرۆك كۆماریش لە وەرگرتنی پۆستە وزارییەكاندا، لە یەكێتی بڕدرا.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، رۆژی 27ی ئۆكتۆبەری 2022، ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت لە پەرلەمانەوە متمانەی بە كابینەی نوێی حكومەت بەخشی، لەم كابینەیەدا كورد (4) پۆستی وزارەتی بەركەوت، كە یەكێكیان پۆستی باڵایە‌و لەبری پۆستی سەرۆك كۆمار دراوە بە پارتی:
• فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دەرەوە (پارتی)
• خالید شوانی وەزیری داد (یەكێتیی)
• بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە (پارتی)
• نزار ئامێدی وەزیری ژینگە (یەكێتیی)
سەرباری ئەمە، پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمجارەش هەر لای پارتی مایەوە‌و ئێستا (شاخەوان عەبدوڵا) لە پۆستەكەدایە. 
لە كابینەی سودانیدا، كورد دوو پۆستی بریكاری وەزیری وەرگرتەوە، كە یەكێكیان لای پارتی‌و ئەوی تر لای یەكێتییە: 
•    مەسعود حەیدەر بریكاری وەزیری دارایی
•    عزەت سابیر بریكاری وەزارەتی نەوت
سەرباری ئەوەی پێكەوە بەشدارن لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت‌و پۆستەكانی حكومەتیان لەنێوان خۆیاندا دابەش كردبوو، بەڵام پارتی‌و یەكێتیی دوو دوو نەیاری سیاسی یەكتر چوونە ناو گفتوگۆكانی یاسای بودجەوە، ئەمە وایكرد لایەنە عێراقییەكان بتوانن بۆچونەكانی خۆیان لەناو یاساكەدا بچەسێنن.
پارتی‌و یەكێتیی پشكی هەموو كوردیان لە ناو كابینەی حكومەت بردووە، كورد لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا خاوەنی (63) پەرلەمانتارە، لەم ژمارەیە پارتی‌و یەكێتیی پێكەوە (49) كورسییان هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە (9) كورسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و (4) كورسی یەكگرتووی ئیسلامی‌و كورسییەكی كۆمەڵی دادگەریی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand