هەرێمی کوردستان بە رێژەی (81%)ی (15) پارێزگاکەی عێراق داهاتی نانەوتی هەبووە

Draw Media

2023-10-25 16:56:06



راپۆرتی: درەو

🔵 لەگەڵ ئەوەی سێ پارێزگاکەی هەرێم (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) رێژەی (10%)ی روبەر، (18%)ی دانیشتوان، (32%)ی دەروازە سنورییەکانی (15) پارێزگاکەی عێراق پێکدەهێنێت، بەڵام بەپێی داتاکانی هەردوو وەزارەتەکانی دارایی (عێراق و هەرێم) لە نیوەی یەکەمی (2023)دا؛
🔻 کۆی داهاتە نانەوتییەکانی (15) پارێزگاکەی عێراق (2 ترلیۆن و 563 ملیار) دینار بووە، بەڵام داهاتی نانەوتی لە (3) پارێزگاکەی هەرێم (2 ترلیۆن و 74 ملیار) دینار بووە. واتە داهاتی نانەوتی هەرێم ڕێژەکەی (81%)ی داهاتی (15) پارێزگاکەی عێراق بووە. بۆ نمونە؛
🔹 داهاتی "باجی داهات و سامان" لە (15) پارێزگاکەی عێراق (782 ملیار و 372 ملیۆن ) دینارە، لە کاتێکدا لە (3) پارێزگاکەی هەرێم بڕی (290 ملیار و 721 ملیۆن) دینار کۆکراوەتەوە کە (37%)ی قەبارەی ئەو داهاتەیە لە (15) پارێزگای عێراق کۆکراوەتەوە.
🔹 داهاتی "باجی شمەک و رەسمی وەبەرهێنان"،  لە (15) پارێزگاکەی عێراق (422 ملیار و 515 ملیۆن) دینار بووە، لە (3) پارێزگاکەی هەرێم بڕی (561 ملیار و 446 ملیۆن) دینار کۆکراوەتەوە، کە ڕێژەی (133%) قەبارەی داهاتی (15) پارێزگاکەی عێراقە.
🔹 داهاتی "رەسم"، لە (15) پارێزگاکەی عێراق (610 ملیار و 580 ملیۆن) دینار بووە، لە (3) پارێزگاکەی هەرێم بڕی (261 ملیار و 551 ملیۆن) دینار کۆکراوەتەوە، کە ڕێژەی (43%) قەبارەی داهاتی (15) پارێزگاکەی عێراقە.


یەکەم؛ بەراوردی داتا بنەڕەتییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و داهاتە نانەوتییەکان
بەشێوەیەکی گشتی بڕو قەبارەو جۆری سەرچاوەی داهاتی نانەوتی لە رووی ئابوورییەوە، بەستراوە بە چەند فاکتەرێکی وەک روبەری وڵات و ناوچەو یەکە کارگێڕییەکان، ژمارەی دانیشتوان، دەروازەی سنوری و قەبارەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ...هتد، بۆیە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر کۆمەڵێک داتاو ئامارەی فەرمی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک؛
1.    روبەری گشتی عێراق (438 هەزار و 314) کیلۆمەتر دووجایە، (15) پارێزگای لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و (3) پارێزگای (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات. (15) پارێزگاکەی عێراق (397 هەزار و 671) کیلۆمەتر دووجای بە رێژەی (91%) و سێ پارێزگاکەی هەرێم (40 هەزار و 643) کیلۆمەتر دووجای بە رێژەی (9%) روبەری گشتی عێراق پێکدەهێنن. بەڵام (3) پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان روبەرەکەیان (10%)ی روبەری (15) پارێزگاکەی عێراقە.
2.    بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی گشتی دانیشتوانی وڵاتەکە تا کۆتایی ساڵی (2022) بە (42 ملیۆن و 248 هەزار و 833) کەس دەخەمڵێنرێت. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمیش دانیشتوانی هەرێم دەگاتە (6 ملیۆن و 556 هەزار و 752) کەس. بەم پێیە دانیشتوانی (15) پارێزگاکەی عێراق (35 ملیۆن و 692 هەزار و 81) کەس بە ڕێژەی (74%) و هەرێمیش (16%)ی دانیشتوانی گشتی عێراق پێکدەهێنن. بەجۆرێکی دیکە (3) پارێزگاکەی هەرێم بەڕێژەی زیاتر لە (18%)ی دانیشتوانی (15) پارێزگاکەی عێراق دانیشتووی هەیە.
3.    پاڵپشت بە داتاکانی دەستەی گشتی گومرگی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بەتەنها خاوەنی (19) خاڵی سنوری و نێودەوڵەتی (وشکانی، ئاوی و ئاسمانی) فەرمییە. هەرێمی کوردستان خاوەنی (6) دەروازەی فەرمی (وشکانی و ئاسمانی) فەرمییە. واتە دەروازە سنورییەکانی سێ پارێزگاکەی هەرێم (32%)ی دەروازە سنورییەکانی (15) پارێزگاکەی عێراق پێکدەهێنێت.
4.      بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی نیوەی یەکەمی ساڵی (2023) لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازە داهاتی نانەوتی خۆی کۆکردووەتەوە، کۆی بڕەکەی لە (15) پارێزگاکەی عێراق بریتی بووە لە (2 ترلیۆن و 563 ملیار و 925 ملیۆن و 531 هەزار و 368) دینار. لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەی ئاشکرا کردووە کە داهاتی نانەوتی لە (3) پارێزگاکەی هەرێم لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (2 ترلیۆن و 74 ملیار و 597 ملیۆن و 603 هەزار) دینار. بەم پێیەش  ئەو داهاتەی حکومەتی هەرێم کۆیکردووەتە ڕێژەکەی دەگاتە نزیکەی (81%)ی ئەو داهاتەی حکومەتی عێراق لە (15) پارێزگادا کۆیکردووەتەوە. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر بەشێک لە نمونەی ئەو سەرچاوانەی داهات، ئەوانیش؛
•    یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی نانەوتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بریتییە لە داهاتی "باجی داهات و سامان"، هەر بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەو ژمارە گەورەیەی لە رووی (روبەر، ژمارەی دانیشتوان و خاڵی سنوری و یەکەی گومرگی و یەکەی کارگێڕی) بەراورد بە هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی یەکەمی (2023) تەنها بڕی (782 ملیار و 372 ملیۆن و 724 هەزار و 248) دیناری وەک داهاتی نانەوتی کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (3) پارێزگاکەی هەرێم بڕی (290 ملیار و 721 ملیۆن و 865 هەزار) دیناری کۆکردووەتەوە کە (37%)ی قەبارەی ئەو داهاتەیە حکومەتی عێراق لە (15) پارێزگای عێراق کۆی کردووەتەوە.
•    داهاتی "باجی شمەک و وەبەرهێنان"، هەر بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە شەش مانگی یەکەمی (2023)دا تەنها بڕی (422 ملیار و 515 ملیۆن و 551 هەزار و 896) دیناری وەک داهاتی نانەوتی لە رێگەی باجی شمەک و وەبەرهێنان کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (3) پارێزگاکەی هەرێم بڕی (561 ملیار و 446 ملیۆن و 31 هەزار) دیناری کۆکردووەتەوە، کە هێندەی ڕێژەی (133%) قەبارەی ئەو داهاتەیە حکومەتی عێراق لە (15) پارێزگای عێراق کۆی کردووەتەوە.
•    داهاتی "رەسم"، هەر بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە شەش مانگی یەکەمی (2023) تەنها بڕی (610 ملیار و 580 ملیۆن و 283 هەزار و 467) دیناری وەک داهاتی نانەوتی لە رێگەی داهاتی رەسمە جیاوازەکانەوە کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (3) پارێزگاکەی هەرێم بڕی (261 ملیار و 551 ملیۆن و 659 هەزار) دیناری کۆکردووەتەوە کە ڕێژەکەی دەگاتە (43%) قەبارەی ئەو داهاتەی حکومەتی عێراق لە (15) پارێزگای عێراق کۆی کردووەتەوە.
ئەگەر چی ئەم داتایانە، لە بەرزی ڕادەی کۆکردنەوەی داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنێکی ئەرێنی هەیە، هەندێکیش وای نیشان دەدات کە کۆنەکردنەوەی داهات لە (15) پارێزگاکانی عێراق بەشێکی پەیوەندیدارە بە پرسی گەندەڵی و خۆدزینەوە لە باج و رەسمەکان و چاوپۆشی کردنی حکومەتی عێراق لە کۆکردنەوەی داهات.
بەڵام بەپێچەوانەوە بۆ خەڵک و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و موچەخۆران بارگرانی هێناوە، چونکە هەموو پرسەکە لەوەدا کۆنابێتەوە کە حکومەتی هەرێم چاوپۆشی نەکردووە لە کۆکردنەوەی داهات، بەڵکو حکومەتی هەرێم جگە لە هەوڵی زیاتر بۆ کۆکردنەوەی داهات دەستی بردووە بۆ زیادکردنی باج و روسومات و پێبژاردنەکان... هەوڵدان بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).


دووەم؛ داهاتە نانەوتییەکانی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا
بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023)دا لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە بڕی (2 ترلیۆن و 563 ملیار و 925 ملیۆن و 531 هەزار و 368) دیناری وەک داهاتی نانەوتی کۆ کردووەتەوە، بە جۆرێک؛
1.     داهاتی "باجی داهات و سامان" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (782 ملیار و 372 ملیۆن و 724 هەزار و 248) دینار.
2.    داهاتی "باجی شمەک و رەسمی وەبەهێنان" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (422 ملیار و 515 ملیۆن و 551 هەزار و 896) دینار.
3.    داهاتی "رەسم" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (610 ملیار و 580 ملیۆن و 283 هەزار و 467) دینار.
4.    داهاتی "پشکی داهات لە قازانجی کەرتی گشتی" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (213 ملیار و 439 ملیۆن و 917 هەزار و 858) دینار.
5.    داهاتی "سەرمایەگوزاری" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (29 ملیار و 60 ملیۆن و 469 هەزار و 216) دینار.
6.    داهاتە جیاوازە نانەوتییەکانی دیکە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (505 ملیار و 956 ملیۆن و 584 هەزار و 683) دینار.
بۆ وردەکاری مانگەکانی نیوەی یەکەمی (2023)(بڕوانە خشتەی ژمارە (2))

 

 

سێیەم؛ داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم لە نیوەی یەکەمی (2023)دا
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023)دا لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە بڕی (2 ترلیۆن و 74 ملیار و 597 ملیۆن و 603 هەزار) دیناری وەک داهاتی نانەوتی کۆ کردووەتەوە، بە جۆرێک؛
1.     داهاتی "باجی داهات و سامان" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (290 ملیار و 721 ملیۆن و 865 هەزار) دینار.
2.    داهاتی "باجی شمەک و رەسمی وەبەهێنان" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (561 ملیار و 446 ملیۆن و 31 هەزار) دینار.
3.    داهاتی "رەسم" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (261 ملیار و 551 ملیۆن و 659 هەزار) دینار.
4.    داهاتی "سەرمایەگوزاری" کە بڕەکەی بریتی بووە لە (33 ملیار و 395 ملیۆن و 29 هەزار) دینار.
5.    داهاتی وەرگیراو لە حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بڕەکەی بریتی بووە لە (171 ملیار و 418 ملیۆن و 464 هەزار) دینار.
6.    داهاتە جیاوازە نانەوتییەکانی دیکە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (756 ملیار و 64 ملیۆن و 555 هەزار) دینار.
بۆ بەرچاورونی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم لە نیوەی یەکەمی (2023)(بڕوانە خشتەی ژمارە (3))

 

هاوپێچەکان

داهاتی گشتی شەش مانگی یەکەمی (2023)ی وەزارەتی دارایی عێراق


داهاتی نانەوتی شەش مانگی یەکەمی (2023)ی وەزارەتی دارایی هەرێم

 

سەرچاوەکان؛
1.    ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تایبەت بە داهاتە گشتییەکەکانی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2023 دا.
2.    ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە نیوەی یەکەمی (2023)دا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand