هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و ئاڵنگارییەکانی

Draw Media

2023-10-24 08:08:44




راپۆرتی: درەو

بڕیار وایە رۆژی (18ی کانونی یەکەمی 2023) لە (15) پارێزگای عێراق بە بەشداری زیاتر لە (6 هەزار) کاندیدی سەربەخۆ و حزبی و کاندیدی هاوپەیمانی سیاسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوە بچێت. بۆ ئەم هەڵبژاردنە (66) کاندیدی سەربەخۆ و (39) هاوپەیمانی سیاسی و (29) پارتی سیاسی کێبڕکێ لەسەر (275) کورسی دەکەن، جگە لە (10) کورسی کۆتای پێکهاتەکان. بەڵام هێشتا هەڵبژاردنەکە لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری کارگێڕی، تەکنیکی، سیاسی و ئەمنیدایە... لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کێبڕکێی کاندیدەکان و رێوشوێن و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەڵبژاردنەکە...

سەرەتا
لە دانیشتی ژمارە شانزەی رۆژی (27/3/2023) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەئامادەیی (288) ئەندامی سەر بە لایەن و پارت و هێزە جیاواز و تەنانەت سەربەخۆ و نوێنەرانی جوڵانەوە ناڕازییەکانی عێراق، کە بەشێکیان پێیان وابوو هەمواری یاسای هەڵبژاردن خزمەت بە هێزە سیاسییە کلاسیک و تەقلیدییەکان دەکات. بەڵام هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە (12)ی ساڵی (2018) بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.
بەپێی هەمواری نوێی یاساکە، هەر پارێزگاکایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت، لە بری ئەوەی هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەک دابەشبکرێت، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) پەیڕەوی لێکرا، کە تێیدا (18) پارێزگاکەی عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو.
ئەم هەموارکردنە نوێیەی یاساکەش گەڕانەوە بوو بۆ ئەو یاساییەی کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی (12/5/2018)ی پێ بەڕێوەچوو.
لە (20ی حوزەیرانی 2023) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (18ی کانونی یەکەمی 2023)ی وەکو وادەی ئەنجامدانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستنیشانکرد، وەک پابەندبوون بەو بەرنامە وزارییەی حکومەتی عێراق پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردبوو، کە دوای تێپەڕینی (10) ساڵ بەسەر دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە کۆتایی مانگی نیسانی (2013) بەڕێوەچوبوو.
ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کۆی (18) پارێزگا تەنها (15) پارێزگاکەی عێراق دەگرێتەوەو لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) هەڵبژاردن بەڕێوە ناچێت. سەرباری ئەوەی دادگای باڵای ئیتحادی بڕیاری دا بە نادەستوری بوونی ماددەی (2) لە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2019) یاسای هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (3)ی ساڵی (2009)، پەیوەست بە درێژکردنەوەی تەمەنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە پێچەوانەی حوکمی مادەکانی (2/یەکەم/ب و ج) و (6)ی دەستوری کۆماری عێراقی ساڵی (2005)ە، بەپێی بڕیاری ژمارە (124/ئیتحادی/2023) لە (24/9/2023) ئەم فەرمانە دەرچووە.
بەپێی زانیارییەکان (6 هەزار و 414) کەس داواکاری خۆ پاڵاوتنیان پێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بۆ کێبڕکێ کردن لەسەر (275) کورسی لە (15) پارێزگاکەی عێراق، جگە لە (10) کورسی بۆ پێکهاتەکان بەجۆرێک؛ (4) کورسی بۆ مەسیحییەکان، (2) کورسی بۆ کوردانی فەیلی، (2) بۆ سابیئەی مەندائی، بۆ هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی ئێزیدی و شەبەک (1) کورسی.
تا ئێستا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق (3) جار "پرۆسەی ئەزمونی" ئەنجام داوە کە دواهەمینیان لە 10/10/2023 بووە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی و کارپێکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، وەک ئامادەکارییەک بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە ئامانجی چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانەدا کە لەوانەیە لە ڕۆژی دەنگداندا ڕوبدات و دڵنیابێت لە خێرایی و وردی ئامێرەکانی هەڵبژاردن.

هەڵوێستەیەک دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق
لەئەنجامی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی (2019) کە خواستی سەرەکیان چاکسازی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بوو لە بەغدای پایتەخت و پارێزگارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لە وەڵامی داواکاری خۆپیشاندەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵپەساردنی کاری ئەنجومەنەکان نەک هەڵوەشاندنەوەیان، بەهۆی نادەستوریبوونی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنیان دوای کۆتایی هاتنی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان.
هەر لەو بارەیەوە دادگای باڵای فیدراڵی ڕایگەیاند، هەڵپەساردنی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەپێی دەستورە و بە مانای هەڵوەشاندنەوەی بوونی ئەو ئەنجومەنانە نییە وەک دەستەیەکی خۆجێیی دەستوری، لەوبارەیەوە دادگا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕاگرتنی بەردەوامی کارەکانی لەبەرچاوگرت لە بەیاننامەکەی دادگادا هاتووە: "بەردەوامی کاری ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان، جا چ ئەنجومەنی نوێنەران بن یان دەستە خۆجێییەکان دوای کۆتایی هاتنی خولی هەڵبژاردنەکانیان، پێشێلکردنی مافی خەڵک دەکەن بۆ دەنگدان، هەڵبژاردن، کاندیدکردن و پێشێلکردنی ئیرادەی دەنگدەر".
هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە "ئەوەی لە بڕگەی (سێیەم - 1)ی یاسای ژمارە (27)ی ساڵی (2019)ی هەمواری دووەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە (12)ی ساڵی (2018)دا هاتووە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکان وەک دەستەیەکی خۆجێیی دەستوری نایەت، بەڵکو وەستاندنی بەردەوامی کارکردنی ئەو ئەنجومەنانەیە لە تێپەڕاندنی ماوەی دیاریکراوی خۆیان، ئەمەش گەڕانەوەی ئیرادەی خەڵک دەستەبەر دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی".

مێژووی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق
یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی لە عێراق لە ساڵی (2005) هاوتا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کە لە بارودۆخێکی ئەمنی سەختدا ئەنجامدرا، رێژەیەکی بەرزی بایکۆتی هێز و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی تێدا تۆمار کرا. لەکاتێکدا هەڵبژاردنی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی (2009) بەڕێوەچوو ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لەو هەڵبژاردنەدا گەیشتە (51%) هەڵبژاردنەکەش تەنها لە (14) پارێزگاو بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بەڕێوەچوو. سەبارەت بە هەڵبژاردنی سێیەم و کۆتاجار بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە بەشداری (50%)ی دەنگدەران لە ساڵی (2013) بەڕیوەچوو، ئەم هەڵبژاردنەش تەنها لە (12) پارێزگای عێراق ئەنجامدرا، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی (کەرکوک، نەینەوا و ئەنبار)یش بە بیانوی گرژی سیاسی و ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ئەمنی لەو کاتەدا هەڵبژاردنیان تێدا دواخرا.
دوای تێپەڕبوونی (10) ساڵ لە بەڕێوەچوونی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان لە عێراق، ئێستا بە ڕادەیەکی زۆر نەخشەی سیاسی و گۆڕانکاری گەورە بەسەر گۆڕەپانەکەدا هاتووە، هاوپەیمانی سیاسی نوێ دەرکەوتووەو هێزی سیاسی نوێ سەریان هەڵداوە، کە پێشتر بەشداری سیاسی و کاریگەری ئەوتۆیان نەبوو، چونکە بەدرێژای (10)ساڵی رابردوو عێراق بە قەیرانێکی ئەمنی گەورەدا تێپەڕی بەتایبەت سەرهەڵدانی داعش و دەستگرتنی بەسەر بەشێکی زۆری خاکی عێراقدا لە مانگی (حوزەیرانی 2014)ە بەدواوە، کاریگەری گەورەی بەسەر دیمەنە سیاسییە گشتییەکەی عێراقدا هێناوە.
لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2013) هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق لە (7) پارێزگادا لە پێشەنگی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بوو، دواتر هاوپەیمانی هاوڵاتی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم لە پلەی دووەم، پاشانیش هاوپەیمانی ئەحرار بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر پلەی سێیەمی هێنابوو.


بایەخی ئەنجومەنی پارێزگاکان
ئەنجومەنی پارێزگاکان زۆر ئەرک ئەنجام دەدەن، لەوانە چاودێریکردنی کارەکانی پارێزگار و فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیە حکومییەکان لە پارێزگاکەدا، بۆیە نەبوونی ئەوان دەبێتە هۆی نەبوونی رەگەزێکی جەوهەری لە چاودێریکردنی ئەدای پارێزگار و دۆخی ئیداری و تەکنیکی و دارایی … نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ماوەی (2019 - 2023) بووە بە هۆی نەبوونی سەقامگیری ئیداری لە هەندێک بواردا لە پارێزگاکاندا، جگە لە گۆڕانکاری زۆری پارێزگارەکان لە هەندێک لەو پارێزگایانە لە ئەنجامی ئیقالەکردن و دەستلەکارکێشانەوە و بەخشین لە پلە و پۆستەکانیان، لەکاتێکدا لە کاتی بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکان دۆخی ئیداری سەقامگیرتر بووە، پارێزگارەکان توانیویانە خولی کاری خۆیان تەواو بکەن کە (4) ساڵە، ئەمەش رۆڵ و گرنگی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ دامەزراوەکان نیشان دەدات. خشتەی ژمارە (1) ئەو گۆڕانکاریانە نیشان دەدات کە لە هەندێک پارێزگا دوای بڕیاری هەڵپەساردنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پۆستی پارێزگار ڕوویانداوە.
 

سەرباری ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان نوێنەرایەتی پێویستییەکی دەستووری و کردەیی دەکەن، بەو پێیەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005 لامەرکەزی ئیداریی تەبەنی کردووە، بە ئاشکرا و بە دەقی ڕاشکاو بۆ بەرجەستەکردنی لامەرکەزی ئیداری، ئاماژەی بە دروستکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کردووە، وەک بنکەی نوێنەرایەتی خەڵکی پارێزگاکان و پیادەکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ئەو مەبەستە.  

دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان
ئەنجومەنی پارێزگاکان مومارەسەی کاری یاسادانان و چاودێریکردن دەکەن، لە مادەی (2)ی یاسای پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێمێکدا ژمارە (21)ی ساڵی (2008)دا هاتووە کە ئەنجومەنی پارێزگاکان "دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنی هەیە لە پارێزگاکەدا و مافی ئەوەی هەیە کە یاسای خۆجێی دەربکات بۆ ئەوەی بتوانێت کاروباری خۆی بەپێی بنەمای لامەرکەزی کارگێڕی بەڕێوەببات، بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستوور و یاسا فیدراڵیەکان کە دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی دەسەڵاتە فیدراڵیەکانەوە" ئەو دەقەی سەرەوە دەسەڵاتی فراوانی بە ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سنووری کارگێڕی پارێزگاکاندا داوە، بە تایبەت ڕۆڵی یاسادانان، نەک تەنها ڕۆڵی چاودێری.
وەک  لە مادەکەی سەرەوەدا هاتووە کە هیچ ناکۆکییەک لەگەڵ پسپۆڕی و دەسەڵاتە فیدراڵیەکاندا نەبێت، بۆ نمونە مەبەست لەو ناکۆکییە ئەوەیە لە بواری پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەنجومەنی پارێزگاکان مافی ئەوەیان نییە ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدەن، هەروەها مافی ئەوەیان نییە نێردەی دیپلۆماسی بنێرن و بە جیا لە دەوڵەت.
هەروەها لە مادەی (7)ی یاسای پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێمدا ژمارە (21)ی ساڵی (2008)، دەسەڵات و ئەرکەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی خستووەتەڕوو، لەوانە هەڵبژاردن و دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی و پارێزگار و جێگرەکانی، دەرکردنی یاسا و ڕێسا و ڕێنمایی خۆجێی بۆ ڕێکخستنی کاروباری کارگێڕی و دارایی، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی بەپێی بنەمای لامەرکەزی کارگێڕی بەمەرجێ دژ بە دەستورو یاسا ئیتحادییەکان نەبێت، هەروەها یاسا ئەرکی داڕشتنی سیاسەتی گشتی پارێزگا و دیاریکردنی ئەولەویەتەکانی لە هەموو بوارەکاندا پێدەدات، بە هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ئەگەری ناکۆکی، ئەولەویەت دەدرێت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئامادەکردنی بودجەی ئەنجومەن و پەسەندکردنی بودجەی پارێزگا، جگە لە چاودێریکردنی هەموو چالاکییەکانی وەزارەتەکانی دەوڵەت لە پارێزگادا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی کارەکانیان بەشێوەیەکی دروست.

کێبڕکێی هەڵبژاردن
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان (6 هەزار و 414) کاندید کێبڕکێ دەکەن، لەو ژمارەیەش تەنها (66) کاندید بەشێوەیەکی سەربەخۆ وەک کاندیدی تاک کاندید کراون، ئەوانی دیکەش لەناو حزب و هاوپەیمانی سیاسیدان. بۆ ئەم هەڵبژاردنە (39) هاوپەیمانی سیاسی و (29) پارتی سیاسی کێبڕکێ لەسەر (275) کورسی لە (15) پارێزگاری عێراق دەکەن، جگە لە (10) کورسی بۆ پێکهاتەکان بە جۆرێک؛ (4) کورسی بۆ مەسیحییەکان، (2) کورسی بۆ کوردە فەیلیەکان، (2) کورسی پێکهاتەی سابیئەی مەندائی، و (1) کورسی بۆ هەریەک لە ئێزیدی و شەبەکەکان. ئەو کورسیانەی کە کێبڕکێیان لەسەر دەکرێت لەلایەن هاوپەیمانی و حزب و کاندیدەکانەوە دابەشبوونە بەسەر پارێزگان، وەک لە چارتی ژمارە (1) رونکراوەتەوە.
 


زۆرترین ژمارەی کورسی بۆ پارێزگای بەغدا تەرخان کراوە بەرێژەی (22%) کۆی کورسییەکان کە ژمارەکەی (62) کورسیییە، لە دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە (33) کورسی و نزیکەی (12%)ی کورسییەکان، پاشان بەسرە بە (28) کورسی و بە نزیکەی (10%)ی کورسییەکان، دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکان لە هەر پارێزگایەکدا لەسەر بنەمای ئەو میکانزمەیە کە هەر پارێزگاکەک ئەنجومەنەکەی لە (12) ئەندام پێکدێت، ئەگەر ژمارە دانیشتوانەکەی لە (ملیۆنێک) زیاتر بوو ئەوا بۆ هەر (200 هەزار) کەسێک لە سەروی ئەو ژمارەیەوە کورسییەکی بۆ زیاد دەرکرێت.

ئەو هەڵبژاردنانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجام دراوە
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە سەرەتای دامەزراندنی لە ساڵی (2005)ەوە تا (10/10/2021) توانیوەیەتی سەرپەرشتی دەیان هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، تواناکانی کۆمسیۆن پەرەسەندنی زۆری بەخوە بینیوە بەتایبەت لە رووی بە ئەلیکترۆنی کردنی پرۆسەکەو گۆڕانکاری لە ژماردنی دەستییەوە بۆ ژماردنی ئەلیکترۆنی و ڕیزکردن و پەسەندکردنی کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدەر لەبری کارتە سادەو کاغەزییەکان کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی کۆمیسیۆندا بەکارهدەێنران، بەڵام هەمیشە مەترسی ئەنجامدانی ساختەکاری مۆتەکەی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بووەو تا ئێستا نەتوانراوە ئەو مەترسییە لای پارت و لایەنە سیاسییەکان بڕەوێتەوە. بەڵام دوای ئەو ئەزمونە درێژەی کەڵەکەبووە، کۆمسیۆن لە ژێر ئەم ئیدارەیەی ئێستای خۆیدا توانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021)دا سەرەڕای پێشکەشکردنی تانەو تەشەرەکان تا ڕادەیەک سەرکەوتووانە ئەنجام بدات. خشتەی ژمارە (2) پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە ئەنجام دراوە نیشان دەدات.
 

ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن
1. ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا: بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک دوای ئەوەی لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە ساڵی (2005) ئەنجامدرا رێژەی بەشداری گەیشتە (79.36%)، لە هەڵبژاردنی خولی دواتری ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی (2010) دابەزی بۆ (62.4%)، دواتریش دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی بۆ خوار ئاستی چاوەڕوانکراو، تا لە دواین هەڵبژاردندا ئاستەکە گەیشتە ڕێژەی بەشداریکردنی (43.54%) دەنگدەر، سەرەڕای ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو لە خواست و داخوازی و وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگای عێراقییەوە سەرچاوەی گرتبوو، جگە لە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن بۆ سیستەمی تاک دەنگی نەگوازراوەو دەرفەتدان بە کاندیدی سەربەخۆ، دابەشکردنی پارێزگاکان بۆ چەندین بازنەی هەڵبژاردن، پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردن، ئەمەش گەورەترین ئاڵنگارییە کە ڕوبەڕووی هەڵبژاردنەکان دەبێتەوە.
2. تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان: هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 دەرخەری ئەوە بوو، سەرەڕای بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکان و رێوشوێنی جدی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، بوونی چاودێری چڕی نێودەوڵەتی لەسەر هەڵبژاردنەکان، بەڵام تانەدان لە هەڵبژاردنەکەو ئەنجامەکەی ئێجگار زۆر بوو.
3. بەشدارینەکردنی هێزە کاریگەرەکان: بەشدارینەکردنی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا ئاڵنگاری بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنەکان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دروست دەکات، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە زۆرینەی لایەنگرانی ڕەوتی سەدری تێدایە، ئەمەش ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان هەبێت.
4. ئەگەری گەڕانەوە بۆ ژماردنی دەستی: لە دوایین هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەوە پەسەند کرا کە پێویستە ژماردنی دەستی لەگەڵ ئەنجامی ژماردنی ئەلیکترۆنی لە (5%) کەمتر بێت، بۆیە لە حاڵەتی ژماردنەوەی دەنگەکان ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی دروست ببێت.
5. پێشێلکاری هەڵبژاردن: هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق بەتایبەت پارێزگاکانی (کەرکوک، دیالە)، ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبنەوە لە ڕووی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، کە ڕەنگە لە کاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، لە ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان پێشێلکاری زۆر دروست بکات، بە تایبەتی لە پارێزگای کەرکوک کە لە ساڵی (2005)ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تێدا ئەنجام نەدراوە.
6. ئاڵنگارییە لۆجستییەکان: کۆمسیۆن ڕوبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری لۆجستی دەبێتەوە، گرنگترینیان ئاڵنگاری دابینکردنی کامێرای چاودێرییە کە لە یاساکەدا هاتووەو لەلایەن کۆمسیۆنەوە ئامادەکراوە لە قەزاو ناحیەکان، ئەمە لە کاتێدا  لەهەندێ ناوچە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان تێدا نییە. لە لایەکی دیکەوە، ڕادەی پشتبەستن بە تۆمارەکانی کامێرا لە چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان و ئەگەری هەژمارکردنیان وەک سکاڵای سوور لەبەردەم دادوەرانی کۆمسیۆندا.


سەرچاوەکان
-    مرکز المنصة للتنمیة المستدامة، انتخابات مجالس المحافظات في العراق، تشرین الاول 2023، علی الموقع؛
https://bitly.ws/XXiQ
-    درەو میدیا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، 22/6/202، لینکی بابەت؛
https://bitly.ws/XXj9
-    درەو میدیا، بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 26/7/202، لینکی بابەت؛
https://bitly.ws/XZIC

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand