ئاڵنگاریی و ناروونی موچەی فەرمانبەران لە پرۆژەی “هەژماری من”

Draw Media

2023-10-21 20:51:35




ئامادەكردنی: د. بەرهەم خالید  مامۆستای زانكۆ

ئەگەرچی بە هۆی نەبوونی موچەوە پرۆسەی خوێندن پەکی کەوتووە و خزمەتگوازارییەکانیش تا رادەی وەستان سستبوون، بەڵام ماوەیەکە هەڵمەتێکی میدیایی و پروپاگەندە بۆ پرۆژەی "هەژماری من" لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوە ئەبرێت و بانگەشە بۆ پرۆژەکە ئەکەن و وەک خۆیان ئاماژەی پێئەکەن "بریتییە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێت بە ناوەندێک کە تیایدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی مووچەدان بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن سودمەندانی کەرتی گشتی... ئامانج لەم دەستپێشخەرییە ڕێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی داراییە بۆ سودمەندان لەوانەش هەژماری پاشەکەوتکردن." واتە پرۆژەکە بریتییە لە پرۆسەی بە دیجیتاڵکردن و بە بانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی کەرتی گشتی هەرێم کە ئەمە ئەگەر لە دۆخێکی ئاسایی بکرێت هەنگاوێکی باشە بەڵام گواستنەوەی موچە بۆ بانکە بەناو ئەهلییەکان، کە تا ئێستا بەغدا رازی نییە، وەک دەسکەوتێکی گەورە بانگەشەی بۆ ئەکەن کە گوایە کێشەی موچەخۆران چارەسەر ئەکات و گرفتی هاتنی موچە نامێنێت تەمومژاوی و ئاڵۆزە و رەنگە گرفتەکان زیاتر بکات. دەمەوێت بە سادەیی چەند سەرنج و ئاڵنگارییەک ئەخەمەڕوو کە لەبەردەم ئەم سیستمەدایە:

یەکەم: لە سادەترین پێناسەیدا پرۆسەکە بریتییە لە گۆڕینی پارەی کاش بە ژمارە و حساب و رەقەمێک لەسەر کارتێکی بانکی واتە موچەخۆران لەبری پارەوەرگرتن لەمەودوا لە باشترین حاڵەتدا لەبری موچە بە دەستی وەربگرن، ژمارەیەک هاوشێوەی وەحدەی مۆبایل ئەچێتە سەر حساب بانکییەکەیان لەو سیستمە ئەمە تائێرە رەنگە لە رووی رووکەشەوە باش بێت بەڵام ئایا ئەو ژمارەیەی ئەخرێتە سەر حسابی بانکەکە و موچەخۆران تا چەند رەسیدی هەیە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە پارە؟ ئایا لەم سیستمە هەموو موچەخۆرانی وەزارەتەکان و خانەنیشینان لە یەک رۆژدا موچەکانیان بۆ دائەبەزێت وەک ئەوروپا یاخود دیسان لەبری لیستی موچە، لیستی پارەخستنەسەر حساب بانکی وەزارەتەکان رائەگەیەنن. بۆ نمونە پەروەردە ٢٠ی مانگ پارە ئەچێتە سەر ئەژماریان، تەندروستی ٢٥ی مانگ و خانەنشین ٣٠ی مانگ و هەتا دوایی؟

دووەم: بەم رێگایە هاوکێشەی موچە کە ئێستا دوو پێکهێنەرەکەی بریتین لە حکومەت و موچەخۆر نێوەندگیرێک دێتە نێوانی و کێشەکە دەبێتە نێوانی موچەخۆران و بانکە ئەهلییەکان، بە واتایەکی تر حکومەت لە هاوکێشەکە دەچێتە دەرەوە و کێشەی موچەخۆر لەگەڵ بانکەکان ئەبێت وەک چۆن ئێستا حکومەت بەشێک نییە لە کێشەی نێوان هاوڵاتی و کۆمپانیاکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت و خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوون و قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکان ئەم بابەتەش بە کەرتی بەناو ئەهلی ئەسپێرێت. بۆ نمونە موچە نەبێت ئەڵێت من پارەم کردوەتە سەر حسابەکەت بەڵام بانک ئەڵێت پارەم نییە رایکێشیت. ئەوکات بۆ نەبوونی موچە، موچەخۆران ئەبێت ئەبێت خۆپیشاندان دژ بە بانکەکان بکات، چونکە پێشتریش هەندێک لە بانکەکان بە بیانوی نەبوونی رەسید چەند جارێک موچەیان دواخستووە بۆیە پرۆژەکە لە بەرژەوەندی خۆیان و زیانی موچەخۆرانە.

سێیەم: لە غیابی سیستمی بانکی پێشکەوتوو و نەبوونی متمانەی خەڵک بە بانک و و کەمی بانکەکان و لقی بانکەکان و نەبوونی ئامێری پارەراکێشانی پێویست ATM، کاتێک موچە دادەبەزێت، خەڵک راستەوخۆ دەیەوێت پارەکانی و کۆی بڕی موچەکەی بە کاش رابکێشێت ئەمەش ئەستەم ئەبێت، چونکە بانکەکان و لقەکانیان دەرەقەتی ژمارەی موچەخۆران نایەن و ناتوانن هەموو پارەکانیان لە چەند رۆژێک پێبدەن. ئەوە سەرەڕای کێشەی موچەخۆرانی دەرەوەی شارە گەورەکان کە لقی بانکەکانی لێ نییە. لەم حاڵەتە رەنگە بانک بڕی پارەی راکێشراو سنوردار بکات بۆ نمونە ئەگەر ملیۆنێک موچەت بێت رەنگە بڵێت بۆت هەیە هەفتەی ١٥٠ هەزار دینار رابکێشیت واتە کۆنترۆڵی خەرجی و گیرفان دەچێتە دەست بانکەکان نەک خەڵک و موچەخۆران.

چوارەم: هێشتا زۆرینەی دوکان و مارکێت و بازاڕەکان ئامێری POS ی تایبەت بە فرۆشتنیان نییە لە رێگەی کارتی بانکییەوە و رەنگە زۆرێکیش هەر باوەڕیان پێی نەبێت کە بە کارت پارە وەربگرن ئەگەر دڵنیا نەکرێن ئەو ژمارە ئەلکترۆنیانە ئەبنەوە بە پارە هەتا بتوانن کاڵای پێ بكڕن نەک وەک چەکی بێ رەسید وابێت و تەنها ژمارە بێت. ئەوە سەرەڕای ئەوەی هێشتا زۆرێک لە خەڵک لە بازاڕە گشتی و میللیەکان و لاکۆڵانەکان پێداویستییەکانی رۆژانەیان ئەکڕن و بەشێکی زۆر لە کڕیار و فرۆشیار و موچەخۆران شارەزاییان لە بەکارهێنانی کارتی بانکی و پارەدان و پارەوەرگرتن بە دیجیتاڵی نییە یان متمانەیان پێی نییە.

پێنجەم: ئەم سیستمە بە دڵنیایی بێبەرامبەر نابێت، چونکە لەماوەی رابردوودا دەرکەوتووە حکومەت کەسابەت لەگەڵ خەڵک ئەکات و هەر هاوکێشەو مامەڵەیەک پارەی تێدابێت بە دڵنیایی بەلای خۆیدا شکاندویەتیەوە و لە مافی خۆی خۆش نەبووە هەر لە موچەبڕین و دابەشکردنی نەوت و زیادکردنی باج و نرخی هەموو خزمەتگوزاری و سزاکان. لە کاتێکدا نزیکەی ١٠ ساڵە پلەبەرزکردنەوە راگیراوە ئەوەی ماوەی سەرموچەیە کە ساڵانە چەند هەزار دینارێک موچەی موچەخۆران زیاد ئەکات. بۆ نمونە ئەگەر لە ئەژماری من تەنها ١٪ ی موچەکە ببڕدرێت بۆ بانکەکان ئەوا ئەو سەرموچەیەش دەبێتە قوربانی بانکەکان و سیستمی هەژماری من و مانگانە لە موچەخۆران ئەبڕدرێت. ئەوە جگە لەوەی شوێنە بازرگانییەکانیش رەنگە دەرفەتەکە بقۆزنەوە و رسوماتێک ئەگەرچی کەمیش بێت لەسەر پارەدان بە کارت دابنێن کە ئەمیش ئەبێتە بارقورسی زیاتر بۆ سەرشانی موچەخۆران.

شەشەم: بە دڵنیایی هاوشێوەی هەندێک لە وڵاتان چاوەڕوان ئەکرێت بازرگان و بزنسە گەورەو مام ناوەند و رەنگە بچوکەکانیش نەچنە ژێرباری بەکارهێنانی سیستمی بانکی دیجیتاڵی تەواو بەو پێیەی زۆربەی ئاڵوگۆڕەکانیان بۆ حکومەت دیار ئەبێت و ئەوەش باجێکی زۆریان ئەخاتەسەر بۆیە هەوڵ ئەدەن مامەڵەکانیان بە کاش بێت و بەردەوام بێت ئەگەر بە داشکاندن و ئۆفەری تایبەتیشەوە بێت بۆ کڕیاران. لە ئەمریکا و و بەریتانیا و ئیتاڵیا و تورکیا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە ماوەیەکە هەڵمەتێکی چڕ بەڕێوەئەجێت دژ بە هەوڵی نەهێشتی کاش کە بە Cashless Society ناسراوە کە خۆی پاشەکشەی زۆری کردووە لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا کە بڕیاربوو بەکارهێنانی پارەی کاش نەمێنێت. هەر بۆیە لە هەندێک لە چێشتخانە و شوێنە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتانە ریکلام ئەکەن و ئەڵێن ئەگەر بە کاش پارەکەت بدەیت ئەوا رێژەیەک داشکاندنت بۆ ئەکەین بۆ نمونە ١٠٪ یان ٢٠٪.

حەوتەم: لە رووی سایبەر سیکویریتی و ئاسایشی ئەلکترۆنییەوە پشت بەستن بە سیستمی بانکی و دیجیتاڵی لە وڵاتانی پێشکەوتووش بێ خەوش و کەموکوڕی نییە و بەدەر نییە لە هەوڵی هاککردن و فێڵکردن و بردن و راکێشانی پارەی خەڵک و بازرگانی قەدەغە و فێڵی تر. چ گرەنتییەک هەیە لە هەرێم کە سیستمەکەی هێندە تۆکمە نییە دوای ئەم سیستمە دزین و بڕینی ئەژماری ئەلکترۆنی موچەخۆران و تەنانەت بانکەکانیش روونەدات و ئەوکات لە بازاڕە ئۆنلاین و ئاساییەکانیش دزی لە خەڵک ئەکرێت و هیچ کەسیش نازانێت چۆن مافەکەی بۆ بگەڕێنرێتەوە.

بۆیە پێش کارکردن بە سیستمەکە دەبێت ئامادەکاری تەواو هەبێت خولی راهێنان و هۆشیاری هەبێت و متمانە بۆ خەڵک بگەڕێنرێتەوە، چونکە زۆرێک لە خەڵک و موچەخۆران شارەزانین لە داخڵکردنی کارتێکی قسەکردن چ جای موچەو شتکڕینی رۆژانەی لە رێگەی کارتەوە بێت و لەمەودوا لە بری سەرەی ناو فەرمانگەکان، چیرۆکە تراژیدی و کۆمیدییەکانی سەرەی بەردەم ئامێرەکانی پارە راکێشان و بانکەکان و کێشەکانیان دەبێتە باسی میدیاکان و سۆشیاڵ میدیا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand