جەنگ لە غەززەو جموجۆڵ لە بەغدا؛ سیناریۆكانی پەرەسەندن‌و لێكەوتەكانی

Draw Media

2023-10-19 07:04:31



یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین‌و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق

بەرەبەیانی 7ی ئۆكتۆبەری 2023، بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی كە هاوپەیمانی "كۆماری ئیسلامی ئێرانە"و بەشێكە لە "بەرەی موقاوەمە"، هەڵمەتێكی سەربازیی بۆ سەر قوڵایی ئۆردوگاكانی ئیسرائیل ئەنجامدا لە ڕێگەی وشكانی‌و دەریاو ئاسمانی‌و، ناوی نا "تۆفانی ئەقسا"؛ لەدوای ئەوەیش ئیسرائیل جەنگێكی بێوادەی بۆ تۆڵەكردنەوە دەستپێكردووە كە جگە لە ئەمریكا، بریتانیاو زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی هەموو پاڵپشتییەكی لێ دەكەن. لێكەوتەكانی ئەم گرژی‌و پێكدادانە خوێناوییە تەنیا لەسەر كەناری دەریای ناوەڕاستدا نەوەستاوەو جیهان‌و ناوچەكەی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووەو هاوكێشەیەكی نوێی لە زۆر وڵات دروستكردووە، كە یەكێك لەوانە عێراقە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵدەدات تیشك بخاتەسەر كاریگەرییەكانی ئەگەری پەرەسەندنی جەنگەكە لەسەر دۆخی عێراق‌و هەرێمی كوردستان.

پێگەی حەماس لە هاوكێشەی بەرەی ئاشتەوایی‌و بەرەی موقاوەمە
حەماس كە كورتكراوەی "حركە المقاومە الإسلامیە"یە، بزوتنەوەیەكی ئیسلامییە كە لە قۆزاخەی كۆمەڵی "ئیخوان موسلیمین"ی سوننە هاتووەتە دەرەوە لە 1987 لە فەڵەستین‌و، لەوێ وەك بزوتنەوەیەكی سیاسیی خاوەن باڵی چەكداری، دامەزراوە؛ لە هەمان كاتدا لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی‌و كۆمەك دەكرێت[1]. بەرژەوەندیی هاوبەشی حەماس‌و ئێران لەوەدایە بزوتنەوەكە دژی ڕێككەوتننامەكانی 1993ی نێوان ئیسرائیل‌و "بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستین"ە كە (یاسر عەرەفات) سەرۆكایەتیی دەكردو ئەمەیش وایكردووە لەگەڵ ئیسرائیل‌و وڵاتانی ڕۆژاوا ڕووبەڕوو ببێتەوەو لە گوتاری فەرمیی خۆیدا گفتی ئەوە دەدات "ئیسرائیل لەناو ببات‌و لە جێگەیدا دەوڵەتێكی ئیسلامی دروست بكات لەسەر ئەو خاكەی لە 1967، بوو بە بەشێك لە ئیسرائیل".[2]
بەم دوایییانە كە وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت ئیمارات‌و سعودیە هەنگاویان بەرەو ئیسرائیل ناوە، بەرەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوچەكە لە جموجۆڵدا بوون؛ ئەمەیش بۆ ئێران كە لەژێر گەمارۆ و هەڕەشەی ئەمریكاو ئیسرائیلدایە، پێشهاتێكی نەرێنی‌و مەترسییەكی گەورەیەو ئێستا كە حەماس لە كەڤەری غەززە جەنگی بەرپا كردووە، عەرەبستانی سعودی كە جەمسەرێكی گەورەی سوننی‌و عەرەبی ناوچەكەیە، ناچار بووە پلانەكانی بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل ڕابگرێت‌و زیاتر لەگەڵ ئێران هەماهەنگی بكات[3] كە ئەمەیش بەشێكە لە ئامانجەكانی ئێران لە پشتیوانیكردنی باڵە عەرەبی‌و سوننییە نەیارەكانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەئاشتەوایی عەرەب‌و ئیسرائیل نەكەوێتە پەراوێزو لە ناوچەكە بەتەنیا نەمێنێتەوە.

كاردانەوەی سیستانی‌و سەدر لەگەڵ پێشهاتەكانی غەززە
لە پاش هێرشە تۆڵەئامێزەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو گەرمبوونی جەنگەكە، نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعە، ئایەتوڵڵا سیستانی، بەبێ ناوبردنی حەماس زیاتر باسی لە مەرگەسات‌و خەم‌و ژانی فەڵەستین‌و خەڵكی غەززە كردووە لە سایەی هێرشەكانی ئیسرائیل؛ هەروەها بانگەوازی كرد بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل[4]، بەبێ ئەوەی بچێتە هیچ وردەكارییەك یان هاندانی بەشداریی عێراقییەكان لەو جەنگە. ئەمەیش بەشێكە لە سروشتی پارێزگارانەی مەرجەعییەتی نەجەف لە ئاست جەنگ‌و سیاسەت، هەروەها بەجێهێنانی ئەركێكی ئایینی‌و ئەخلاقیی باوی مێژوویی نەجەفە لە ئاست مەسەلەی فەڵەستین، بەبێ چوونە ناو ئاڵۆزییەكانی هاوكێشەی دۆخی فەڵەستینی‌و عەرەبی‌و هەرێمایەتی. هەر لە نەجەفی مەڵبەندی مەرجەعییەت‌و پایتەختی ئاینیی شیعە، موقتەدا سەدر لایەنگران‌و شوێنكەوتەكانی خۆی ڕاسپارد بۆ "خۆپیشاندانێكی ملیۆنی" لە بەغدا بۆ "بەرزكردنەوەی دەنگی جیهاد"؛ داوای ئەوەیشی لێ كردن ئاڵای ئیسرائیل بسووتێنن‌و ئاڵای فەڵەستین بەرز بكەنەوە[5]. لەسەر بنەمایەی ئەمەیش سەدرییەكان خۆپیشاندانێكی گەورەیان لە بەغدای پایتەخت ساز كرد[6]، كە دەگوترێت لە ئێرانیش هاوشێوەی نەبووە! بەڵام ئەم هەنگاوەی سەدر جگە لە هێرش بۆ سەر ئەمریكاو ئیسرائیل‌و پشتیوانیی فەڵەستین بە گوتار، هیچ هەنگاوێكی كردەیی ئەوتۆی لەخۆ نەگرتبوو، كە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق یان ڕەوشی ناوچەكە دروست بكات. جگە لەمەیش، زۆر دەگوترێت سەدر ئەم دەرفەتانە دەقۆزێتەوە بۆ دەركەوتنەوەو پیشاندانی هێزی جەماوەریی خۆی بەرامبەر ڕكابەرە شیعەكانی كە بەهۆی ئەوەی ئێستا لە دەسەڵاتدان، ناتوانن وەك ئەو بەئاشكرا لەسەر پشتیوانییە بێسنورەكانی بۆ ئیسرائیل، دژایەتیی ئەمریكا بكەن.

ئاڵۆزییەكانی هەڵوێستی چوارچێوەی شیعە لەبارەی فەڵەستین
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، بنكەی سیاسی‌و پەرلەمانیی كابینەی ئێستای "محەمەد شیاع سودانی"یە. لە جەنگی حەماس‌و ئیسرائیل ئەم بەرە سیاسییە كەوتووەتە ناو ئاڵۆزییەكی توندەوە؛ لە لایەك باڵە چەكدارییەكانی، بەشێكن لە بەرە ئێرانییە بەرفراوانەكەی كە ئێستا پشتیوانی حەماسەو حاڵیان حاڵی حزبوڵڵاو كۆمەڵی "ئەنساروڵڵا"ی حوسییە، لە لاكەی تر بەرژەوەندی‌و ئایندەی كابینەی سودانی، كە هی ئەوانە، مەحكومە بە كاردانەوەو هەڵوێستی ئەمریكاوە كە لە هەندێك جومگەی عێراقدا شەریك‌و بەشدارە.
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئێران، كە مەرجەعی سیاسی‌و فیقهیی هەندێك لە گروپەكانی چوارچێوەی شیعیی عێراقییە، پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەگەر هێرشەكانی ئیسرائیل بەردەوام بن، ئەوە "كەس ناتوانێت هێزەكانی موقاوەمە ڕاگرێت"[7]؛ ئەمەیش بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بەشێك لە چوارچێوەی شیعیی عێراقی دەگرێتەوە. ئەم پەرۆشییەی ئێران‌و ئەو جموجۆڵانەیشی لەڕێگەی حزبوڵڵاوە دەیكات، بەشێكی بۆ ڕێگەگرتنە لە شكست‌و تێكشكانی حەماس كە هەواڵ‌و پێشینەیەكی خراپە بۆ هاوتا شیعییەكەی، كە حزبوڵڵای لوبنانەو، لەكۆتاییشدا شكستە بۆ كۆی بەرەكە كە سنوری چالاكییەكانی لە تارانەوە تا یەمەن تا دەریای ناوەڕاستە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەیشی بەردەستن، فەرماندەی هەندێك گروپی عێراقیی شوێنكەوتەی ئێران، چوون بۆ بنكەكانیان لە سوریاو لوبنان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ گروپە شیعەكانی ترو ئامادەكاری بۆ سیناریۆی گۆڕانی جەنگەكە بۆ پێكدادانێكی هەرێمایەتی. تەنانەت زانیاریی ئەوەیش هەیە، گروپی حەشدی شەعبی چووبنە لوبنان‌و لەگەڵ حوسییەكان لە بنكەكانی حزبوڵڵا بن[8]. زانیاریی ئەوەیش هەیە، بە سەرپەرشتیی سوپای پاسداران كۆبوونەوەیەك لە بەغدا لەگەڵ گروپە شیعە وەلائییەكان كراوە كە مالیكی ئامادەی بووەو تێیدا داواكراوە لیستی خۆبەخشەكان ئامادە بكەن بۆ بەشداری لە جەنگی گریمانكراوی داهاتوو[9]. هەندێ زانیاریی تریش باس لەوە دەكەن، چەند چەكدارێكی گروپە عێراقییەكان لە پێكدادانە سنوردارەكانی نێوان حزبوڵڵاو سوپای ئیسرائیل، كە بەشێكن لە لێكەوتەكانی جەنگی غەززە، بەركەوتوون، كوژراو و برینداریان هەبووە[10]. هەندێك فەرماندەی عێراقییش ئەوەیان دركاندووە كە گروپە ئێرانییەكانی عێراق‌و سوریاو لوبنان ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ حەماس پێكهێناوە بۆ ئامادەكاریی جەنگ‌و پێشهاتەكان؛ ئەوەیشی سەرپەرشتیی ئەو ژوورە دەكات، ئەفسەرانی ئێرانین. ئەركی ژوورەكەیش ئامادەكارییە بۆ سیناریۆكانی داهاتوو لەگەڵ چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری لەشكركێشیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە[11]. هەموو ئەمانەیش لە كاتێكدایە وڵاتانی كەنداو و كۆشكی سپی‌و سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن، لە خەتن لەگەڵ حكومەتی سودانی بۆ ئەوەی هۆشداری بدەن عێراق خۆی لە تێوەگلان لە گرژییە خوێناوییەكانی غەززە بەدوور بگرێت[12]. زانیاریی ئەوەیش هەیە، بایدن لەسەر بنەمای زانیاریی پێشوەختە لەسەر هەندێك جموجۆڵ، هۆشداریی داوەتە سودانی، عێراق نەچێتە جەنگەكەوە[13].

نەخشەی باڵە ئێرانییەكانی ناو چوارچێوەی شیعی 
بەپێی ئەو لێدوان‌و جموجۆڵانەی كە تا ئێستا هەن، نەخشەی ئەو گروپە شیعانەی ئامادەكاری دەكەن بۆ جەنگ‌و پەڕینەوەی كێشمەكێشە خوێناوییەكە لە فەڵەستینەوە، بەم جۆرەی خوارەوەیە:

_ بزووتنەوەی عەسائیب بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی، (7ی ئۆكتۆبەری 2023)، ڕایگەیاند كە "تەماشاكەر نین؛ ئامادەن".[14] جگە لەوەیش قەیس خەزعەلی چالاكییەكی خۆی بڵاو كردەوە كە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ "ئیسماعیل هەنییە"ی سەركردەی حەماس‌و سەرۆكی ئیدارەی غەززە كردووە (10ی ئۆكتۆبەری 2023) و، "ئامادەكاریی تەواوی گروپەكانی موقاوەمەی دووپات كردووەتەوە بۆ هەر كارێك داوایان لێ بكرێت"؛ لە بەرامبەریشدا هەنییە "داوای نەفیر عامی كردووە"و سوپاسی هەڵوێستی عێراقی كردووە[15].
_ كەتیبەكانی “سید الشهدا‌ء”، لە زاری سەرۆكەكەیەوە (أبو الا‌ء الولائی) ڕایگەیاند، پشتیوانیی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل لە غەززە وا دەكات، بڵاوبوونەوەی هێزەكانی لە ناوچەكە بكاتە ئامانجێكی شەرعیی "بەرەی موقاوەمە"[16]؛ هەروەها لە یەكەم ڕۆژی هێرشەكەی حەماسیشەوە ئامادەییی خۆی بۆ بەشداری‌و بەدەمەوەچوون ڕاگەیاند[17].
_ كەتیبەكانی حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەكدا وێڕای پیرۆزبایی هێرشەكان لە حەماس (7ی ئۆكتۆبەری 2023)، جەخت لەوە دەكاتەوە ئەو هێرشە ڕێگە خۆش دەكات بۆ "پەرچەكرداری مۆچیارانەی ستراتیژی دژی میحوەری سەهیۆنی_ ئەمریكی"[18].
_ ئەكرەم كەعبی، سەرۆكی بزوتنەوەی نوجەبا، هەڕەشەی ئەوەی كردووە (9ی ئۆكتۆبەری 2023) كە هەر دەستبارێكی ئەمریكی بۆ ئیسرائیل، وەڵامەكەی توندو سەربازی دەبێت؛ چەكی دەستی "گروپەكانی موقاوەمەیش" درۆن‌و موشەكە"[19].
_ هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدرو كەسایەتیی دیاری چوارچێوەی شیعی، لە گردبوونەوەیەكی عەشایەریدا لە بەغدا (10ی ئۆكتۆبەری 2023) جەختی كردەوە "هەڵوێستمان ڕوونە؛ پێویستە ئەمریكییەكان بەڕوونی تێ بگەن: ئەگەر ئەوان دەستوەردان بكەن، ئێمەیش دەستوەردان دەكەین، ئەگەر ئەمریكا دەستوەردان لەم جەنگەدا بكات، ئەوا هەموو ئامانجەكانی ئەمریكا بە ڕێگەپێدراو دەزانین‌و درێغی ناكەین لە بەئامانجگرتنیان".[20]
بە سەرنجدان لە باكگراوەندی گروپە پەرۆشەكانی بەشداری لە گرژییەكانی غەززە، ئەوە دەردەكەوێت دوو لەوانە كە بزوتنەوەی عەسائیب‌و ڕێكخراوی بەدرن، بەشێكن لە پایە سەرەكییەكانی كابینەی سودانی، هەروەها هەردووكیان لەڕێگەی هاوپەیمانیی فەتحەوە بەشدارن لە پەرلەمانی عێراق (31 كورسی)؛ كەتیبەكانی حزبوڵڵاش نوێنەرێكی هەیە لە پەرلەمان (حركە الحقوق). كەتیبەكانی "سید الشهدا‌و"ش لیوایەكی هەیە لە دەستەی حەشدی شەعبی (لیوای 14)و بارەگای لە سوریا هەیە؛ لە پەرلەمانیش "فالح خەزعەلی” نوێنەرایەتیی دەكات، بەڵام بزوتنەوەی "نوجەبا" بەشێك نییە لە هاوكێشەی حوكمڕانی لە عێراق‌و، پابەند نییە بە سنورو بەندوباوەكانی پرۆسەی سیاسیی بەغداوەو، لقێكی ڕاستەوخۆیە لە سوپای پاسدارانی ئێرانی.[21]

لێكەوتەی پەرەسەندنی جەنگ لەسەر عێراق
هەرچەندە پەرەسەندنی جەنگ لە غەززەوە بۆ لوبنان و سووریا و عێراق، یەكێكە لە ئەگەرە دوورەكان، بەڵام پێشهاتێكی گریمانكراوی ڕێتێچووە ئەگەر هێرش و لەشكركێشیی زەمینی، شاری غەززە بگرێتەوە؛ هەروەها پێشهاتێكی مەحاڵیش نییەو یەكێكە لەو سیناریۆیانەی لە هەموو لایەكەوە ئاماژەی بۆ دەكرێت و ئەمریكا زۆر هەوڵ دەدات بەری پێ بگرێت. لەم نێوەیشدا وەزیری دەرەوە، ئەنتۆنی بلینكن، لەماوەی 6 ڕۆژدا 10 وێستگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر كردووەتەوە.[22] هەرچەندە لەسەر ئاستە ئابورییەكەی، عێراق پشكێك لە قازانجەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی بەردەكەوێت كە لە پاش هێرشەكەی حەماس بەردەوام لە هەڵكشانەو، قسە هەیە تا 150$ بڕوات بۆ هەر بەرمیلێك، بەڵام ئەگەر گرژییەكان بگاتە گەرووی هورمز لە كەنداو كە تەنگەبەری نێوان ئێران‌و ئیماراتە، ئەوە هەناردەی نەوتی عێراق گورزی بەردەكەوێت، چونكە زۆربەی هەرە زۆری هەناردەكەی لەڕێگەی بەسرەو كەنداوەوەیە.[23] لە ئێستایشدا هەناردەی توركیای وەستاوە.
لەسەر ئاستە سیاسییەكەیشی لە عێراق پشتیوانیی "بەرگریی فەڵەستینی" بەشێوەی ئاشكرا لەناو شیعەو لە هێزە سیاسییە سوننەكانیشەوە هەیە، بەڵام هێشتا بڕیارێكی فەرمیی یەكلاكەرەوە لەبارەی چۆنێتیی مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهاتە نییە. بەگوێرەی ئاماژەكانیش هەموولا چاوەڕێی هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی ئێرانن كە قسەی بەسەر بەرەی باشوری لوبنان‌و حوسییەكانی یەمەن‌و جۆڵانی سوریاشەوە هەیە. ئەو زانیاریانەیشی دزەیان پێ كراوە، ئاماژە بەوە دەكەن گروپە عێراقییەكان پەیامێكیان لە سەرجەم جەمەسەرەكانی هێزەوە لە ئێران پێ گەیشتووە كە بەشداریی جەنگەكە كاتێك دەبێت لە غەززەوە بپەڕێتەوە، پێكدادانەكەیش تەنیا لەنێوان ئیسرائیل‌و حەماس نەبێت. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمریكییەكان. بۆ ئەم پێشهاتەیش گروپە شیعە عێراقییەكان ئامادەكارییان كردووەو سەركردەیەكی چوارچێوەی شیعی وتوویەتی "گروپەكانی موقاوەمە چەند ئامانجێكی بیانی دەپێكن كە بەرژەوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل‌و وڵاتە یەكگرتووەكان هەیە"[24]، بەبێ ئەوەی ئەوە ڕوون بكاتەوە كە ئەو لایەنانە كێن. شتێكی ڕوونیشە لەم ناوچەیە لە پاش وڵاتانی كەنداو، هەڕەشەكە بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
هەڕەشەی پەیتا پەیتای شیعەكان لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، لە كاتێكدایە كە عێراق گیرۆدەی بەندوباوەكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكایە لەسەر وەرگرتنەوەی دۆلاری نەوتە فرۆشراوەكەی‌و، بەم هۆیەیشەوە جیاوازییەكانی نرخی فەرمی‌و نرخی بازاڕی ڕەش بەردەوام لە هەڵكشانە. ئەمەیش یەكێكە لە مەترسییەكانی سەر هەڵاوسانی نرخ‌و دروستبوونی ناڕەزاییی جەماوەری‌و درزێكیشە ئەگەری ئەوەی هەیە ڕكابەرو نەیارانی چوارچێوەی شیعە بیقۆزنەوە، لەوانەیش سەدر؛ ئەمە جگە لەوەی ئێستا بووەتە قەیرانێكی ناوخۆییی ناو لایەنەكانی چوارچێوەی شیعە بەهۆی ڕێكنەكەوتن لەسەر گۆڕین یان هێشتنەوەی عەلی عەلاقی، پارێزگاری بانكی ناوەندیی، كە یەكێك لە كادرە پێشكەوتووەكانی حزبی دەعوە[25].

پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكە
گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێم‌و هەموو ئەو وڵات‌و هێزانەی تۆمەتبار دەكرێن بە هەواداری بۆ بەرەی ئەمریكاو ئیسرائیل، باڵە ئێرانییەكانن لەچوارچێوەی "شەڕی بەوەكالەت". لەم نێوەیشدا پەرلەمانتاری ئێرانی، "حسێن جەلالی" وتوویەتی: ناكرێت ئێران ڕاستەوخۆ بەرەنگاری ئیسرائیل ببێتەوە، بەڵكە هێزەكانی موقاوەمە بەكار دەهێنێت‌و، ئەمەیش سیاسەتی ئێران بووە لە سەرەتای شۆڕشەوە (1979)".[26] هەرچەندە ئێستا كەمتر لە جاران هەرێمی كوردستان بە پشتیوانیی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكرێت، بەڵام ئەگەر پەرچەكردارەكە سەر بكێشێت بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندی‌و خاڵە ئەمریكییەكان لە سیناریۆی دوورمەودای پەرەسەندنی جەنگدا، ئەوە لە هەرێم گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكاو بنكەی سەربازیی هاوپەیمانانیش هەن‌و سیناریۆكانی موشەكهاوێشتن‌و هەناردنی درۆنیش بۆ ئاسمانی هەرێم، هاوشێوەی زستانی پار (2022)، ئەگەرێك‌و پێشهاتێكی ئامادەو ڕێتێچووە.
چوارچێوەی شیعی لە كۆبوونەوەیەكدا بە سەرۆكایەتیی سودانی (14ی ئۆكتۆبەری 2023)، داوای درێژەپێدانی خۆپیشاندان‌و چالاكییە جەماوەری‌و نیشتمانییەكانی پشتیوانیی مەسەلەی فەڵەستینیان كردووە[27]، پەرلەمانی عێراقش لە دانیشتنێكی تایبەتدا ئیدانەی ئیسرائیلی كردووەو بە "قەوارەی زایۆنی" ناوی بردووە كە مانای دانپێدانەنانە[28]. بەڵام لە هەرێمی كوردستان جگە لە جەختكردنەوەی سەرۆكی هەرێم لەسەر مافی فەڵەستینییەكان لەسەر بەدەستهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان‌و بێتاقەتی لە گەمارۆدانی غەززە[29]، حكومەتی هەرێم وەك بەغدا، پێی نەكراوە ئیدانەی ئیسرائیل بكات‌و بۆ هەڵوێست لەو پرسەیش داوای هەماهەنگی‌و كۆبوونەوەی گشتیی هێزە عێراقییەكانی كردووە بۆ گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی هاوبەش[30]. لەسەر ئاستی جەماوەرییش گردبوونەوەیەكی بەرتەسك لە نوێنەرایەتیی فەڵەستین دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بە بەشداریی چەند كەسایەتییەك بەڕێوە چووە، میدیای فەرمیی عێراقیش هەوڵی داوە گەورەی بكات[31]؛ ئەمەیش بۆ ڕێككردنەوەی باڵانس لە ئاست چالاكییە فەرمی‌و جەماوەرییەكانی بەغداو باشوری عێراق كە مەرجەعییەت‌و سەدرو باڵە ئێرانییەكان‌و تەنانەت هێزە سوننەكانی نزیك لە توركیاش بەگەرمی پشتیوانی دەكەن‌و تێیدا بەشدارن[32].
هەرچەندە بەم دوایییانەو پاش جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنیی عێراق‌و ئێران لەبارەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ڕۆژهەڵات، هەڕەشەو گوڕەشە بۆ سەر هەرێم لە ئێران‌و باڵەكانییەوە كەمی كردووە، بەڵام لەسەر ئاستی نافەرمی لە دیوی ئێرانەوە بەمەترسی پیشاندانی هەرێم هەر وەك خۆیەتی‌و ئێرانییەكان پێیانوایە قەوارەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە یاریی زایۆنیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەڵقەیەكە لە بە "بەلقان"كردنی ناوچەكەو "كورد لە عێراق بژاردەیەكی باشن بۆ گۆڕینی سنورە جیۆسیاسییەكان".[33] ئەمەیش بەو واتایە دێت لە حاڵەتی پەرەسەندنی جەنگ‌و بەرفراوانبوونی بەرەكان، ئەگەر هەیە هەرێم بەئامانج بگیرێتەوە، بەتایبەت كە گروپە شیعەو چەكدارەكان ناتوانن یان نایانەوێت بەڕاستی‌و ڕاستەوخۆ بچنە ناو جەنگەكەو بۆ سپیكردنەوەی گوتاری خۆیان، هەرێمی كوردستان بكەنە پاساو.

پوختەو پێشنیار
جەنگی حەماس‌و ئیسرائیل كە 7ی ئۆكتۆبەر هەڵگیرسا، ئاسایشی هەرێمایەتیی خستووەتە بەر مەترسی‌و سیناریۆی جۆراوجۆر كە بەهۆی باڵە ئێرانییەكانەوە، عێراق لە چەقەكەیدایە. بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مەترسییەو پێشهاتەكانیش وردی‌و دیقەتی زۆر پێویستە، چونكە هەم عێراق‌و هەم هەرێم لەسەر ئاستی فەرمی لەژێر گوشاری ئەمریكا لەلایەك‌و كارتێكەرە جۆراوجۆرەكانی ئێرانن لە لایەكی دیكەوە. ئەو دەوڵەتانەی دۆخیان دەربارەی پێشهاتەكان شڵۆقە لە ناوچەكە، تووڕەیی‌و ناڕەزایییەكان بە كۆمەڵگەی مەدەنی دەسپێرن‌و لەسەر ئاستی فەرمییش خۆپارێزیی زۆر دەكەن لە هەڵبژاردنی دەربڕین‌و دەلالەتی زاراوەو وشەكان بۆ ئەوەی دووچاری كێشە نەبنەوە.

ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ (خانه‌ی هزریی كوردستان) نوسراوه‌

[1]  https://2u.pw/GJuapMz

[2] https://2u.pw/V82j3M0

[3]  https://2u.pw/0X5nRGM

[4]  https://2u.pw/5k8PhhU

[5]  https://2u.pw/cEFttjV

[6]  https://2u.pw/6gaU0BG

[7]  https://2u.pw/kxtJPuh

[8]  https://2u.pw/ThZFS7t

[9]  https://2u.pw/dqPrQ9W

[10]  https://2u.pw/DjVeddi

[11]  https://2u.pw/g5M5Ln4

[12]  https://2u.pw/gbaKvHL

[13]  https://2u.pw/Tkx6rV3

[14]  https://2u.pw/KZVkjy1

[15]  https://2u.pw/lSH7Jrt

[16]  https://2u.pw/SPygI4h

[17]  https://2u.pw/bxFnnXV

[18]  https://2u.pw/Txmo76f

[19]  https://2u.pw/1YwxvzH

[20]  https://2u.pw/hVgaFiD

[21]  https://2u.pw/tPmOS2S

[22]  https://2u.pw/0Yfozxi

[23]  https://2u.pw/m9OKpkA

[24]  https://2u.pw/vPaRsx2

[25]  https://2u.pw/tkRKshK

[26]  https://2u.pw/SYCuEX7

[27]  https://2u.pw/LO7IRro

[28]  https://2u.pw/IUZtgyY

[29]  https://2u.pw/RjuQh63

[30]  https://2u.pw/uO0xPwp

[31]  https://alsabaah.iq/85595-.html

[32]  https://2u.pw/NaB6qXT

[33]  https://2u.pw/P3nOsPU

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand