زیانە ئابوریەكانی هێرشەكەی حەماس لەسەر ئابوری ئیسرائیل

Draw Media

2023-10-18 07:52:10



درەو:

راپۆرتی: محەمەد گەزۆ ماستەر لە ئابوری
دوای هێرشی كتو پڕی (كەتائبی قەسام) بۆسەر ئیسرائیل و كاردانەوە سەربازیەكانی ئەو وڵاتە، ڕۆژ بەڕۆژ دەرهاویشتە ئابوریەكانی  ئەو جەنگە لەسەر هەردوو لای بەشدار لە جەنگەكە زیاتر دەبن بەجۆرێك هەریەك لەو دوولایەنە گورزی ئابوری توند بەر سەرخان و ژێرخانی ئابوریان دەكەوێت بەتایبەت ئیسرائیل، بەجۆرێك دراوی ئیسرائیلی ( شیكل) لەسەرەتای هێرشەكەوە و لە ڕۆژی یەكەمی هێرشەكەدا 3%ی بەهاكەی  لە بەرانبەر دۆلاردا  لەدەستداو دابەزیووە بۆ نزمترین ئاست لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، ئەمەش بە پێی وتەی پارێزگاری بانكی ناوەندی ئیسرائیلی  (كارنیت فلوج) كە بە كەناڵی بلۆمبیرگی ئەلمانی ڕاگەیاندووە.
هاوكاتیش بۆرسەی تەلئەبیب بەڕێژەی 8% داكشاوە و دابەزینی تۆماركردووە، لەپاڵ ئەمەشدا كەرتی بانكی بەڕێژەی 8% زیانی بەركەوتووە،
كاریگەریەكانی ئەم جەنگە بەسەر هەموو سێكتەرەكانی ئیسرائیلەوە دیارە بەجۆرێك ئەم جەنگە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت 5 دۆلار بۆهەر بەرمیلێك، لەوبارەیەوە كۆمپانیای شیفرۆن ڕایگەیاندووە كە كێڵگەی غازی سروشتی تماری داخستووە كە سەرچاوەی گرنگی دابینكردن و هەناردەكردنی وزەی كارەبایە بۆ ئیسرائیل، لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم جەنگە و  ئەم داخستنی كێڵگەی غازی تمار دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی هەناردەكردنی غاز بۆ هەریەك لە وڵاتانی مصر و ئوردون و بەوهۆیەوە دواجاریش دەبیتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەسەر ئاستی جیهان.
یەكیكی تر لەو سێكتەرانەی كە كاریگەری جەنگەكەی  بەركەوتووە كەرتی تەكنەلۆجیایە بەجۆرێك بەهۆی بانگهێشتكردنەوەی نزیكەی 300 هەزار لە هێزی سەربازی یەدەگی ئەو وڵاتە بۆ بەشداریكردن لەو جەنگە، بۆتە هۆی دروست بوونی بۆشایی لەو دامەزراوانەكەی كە ئەو سەربازانە وەك كارمەند كاری تێدا دەكەن بەتایبەت كە زۆرینەی ئەندامانی ئەو هێزە لەكەرتی پیشەسازی و تەكنەلۆجیادا كاردەكەن، لەناو ئەو كۆمپانیا جیهانیانەی  كە بەهۆی جەنگەكەوە زیانیان بەركەوتووە لە ئیسرائیل بریتین لە نوسینگەكانی  (مایكرۆسۆفت،  گوگڵ،  ئاپڵ،  ئۆراكل) ، یەكێكی تر لەو كۆمیانایانەی تر كە زیانی گەورەی بەركەوتووە (ئینتڵ)ە  كە كاری دروستكردنی ئینتگرێتی ئەلكترۆنیە و ئەم كۆمپانیایە لە دوری 30 خولەك لە سنوری كەرتی غەزەوە كارگەی دروستكردنی ئەو چیپەی بونیادناوەو تیایدا 25 ملیار دۆلاری خەرج كردووە و لە ئێستادا لەژێر هەڕەشەی بۆردومانی كەتیبەكانی حەماسدایە.

كەرتی گەشتیاری و فرۆكەوانی
دوای هێرشەكە سەر ئیسرائیل ئەوەی كە راستەوخۆ زیانی بەركەوت كەرتی فرۆكەوانی بوو بە تایبەت لە فرۆكەخانەی بن غورین لە تەلئەبیب، بەجۆریك زۆریك لە كۆمپانیا ئەمریكی و كەنەدی و ئەوروپیەكان هۆشداریاندا لەوەستانی گەشتەكانیان بەهۆی جەنگەوە ، بەجۆرێك هەزاران گەشتیار گەشتەكانیان هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی كە  زیانی ئەو كەرتە بەهۆی هێرشەكانەوە نزیك بێتەوە لە چوار ملیار دۆلاری ئەمریكی، بەبەراورد بەوەی  لە ساڵی 2022 ژمارەی گەشتیاران بۆ ئیسرائیل نزیكەی سی ملیۆن گەشتیار بووە.

تێكرای زیانە چاوەڕوانكراوەكانی ئەم جەنگە
لە ئەگەری بەردەوام بوونی جەنگ خەرجی ئەم جەنگە لەسەر ئیسرائیل بە نزیكەی حەوت ملیار دۆلار دەكەوێت كە ئەمەش دەكاتە 1.5%ی تێكرای بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە و وەك نمونەیەك بۆ روونكردنەوەی بابەتەكە بەجۆرێك خەرجی یەك موشەكێكی ئیسرائیلی بۆ تەقاندنەوەی موشەكێكی حەماس بریتیە لە ( 40 بۆ 50 ) هەزار دۆلاری ئەمریكی و لە پاڵ ئەمەشدا حەماس بۆ یەك موشەكی نزیكەی 600 دۆلار خەرجی دەدات، لە ئەگەری درێژە كێشانی ئەم جەنگە زیانە ئابوریەكان لەسەر تەواوی سێكتەرەكانی ئابوری ئیسرائیل زۆر گەورەتردەبێت بە بەراورد بە ساڵی 2014 كە بەهۆی جەنگی 50 رۆژەوە اسرائیل نیزیكەی یەك ملیار دۆلار زیانی بەركەوت.
هەربۆیە لە واقدا بەدەر لەوەی ئیسرائیل دەیەوێت بەم جەنگەی بەشێك لەو هەیبەتە بەدەستبهێنێتەوە كە بەهۆی هێرشی حەماسەوە شكێنراو لەدەستیدا بەڵام لەبەردەوام بوونی جەنگەكە لە ڕووی ئابوریەوە زیانمەندی گەورە ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی دەبن ئەمەش وادەكات بیر لە ئاگربەست و كۆتایی هێنان لە جەنگەكە بكرێتەوە.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand