وەزیری دارایی هەرێم وەڵامی لیژنەی دارایی دەداتەوە

Draw Media

2023-10-17 14:43:01



(درەو): 
حكومەتی عێراق دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی 10 دەكات، حكومەتی هەرێم چاوەڕێی گەیشتنی 700 ملیار دیناری تر دەكاتە لە بەغدادەوە بۆ دابینكردنی خەرجی موچەی مانگی (8)، سبەینێ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم دەچێتە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی داتای تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان‌و پلەو ناونیشانی فەرمانبەرێتی مەدەنی‌و سەربازیی‌و ژمارەی خانەنشینان پرسیاری لێدەكرێت‌و وەڵامەكانی دەكرێت بە راپۆرتێك‌و بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرزدەكرێتەوە. 
فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق دەستیكرد بە رێوشوێنەكانی دابینكردنی پارە بۆ موچەی مانگی 10ی فەرمانبەران. حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی حكومەتی عێراق بڕی (700 ملیار) دینار قەرزی تری بۆ بنێرێت بۆ دابینكردنی خەرجی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئاب. 
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانە لە هەفتەی داهاتووەوە گوژمەی یەكەمی (700 ملیار) دینارەكە رەوانەی هەرێم بكرێت، كە بەپێی بڕیاری حكومەتی فیدراڵی عێراق ئەم پارە لەلایەن هەرسێ بانكی (رەشید- رافیدەن- TBI)ی دابین دەكرێت. 
مانگی رابردوو، یەكەم گوژمەی (700 ملیار) دینارەكە لە رۆژی 24ی ئەیلولدا خرایە سەر حسابی حكومەتی هەرێم، رۆژی 25ی ئەیلول دەست بە دابەشكردنی موچە كراو تاوەكو رۆژی 8ی ئەم مانگە پرۆسەی دابەشكردنی موچە بەردەوام بوو. 
رۆژی 17ی ئەیلول حكومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ (مانگەكانی 9، 10، 11) بە قەرز بڕی (700 ملیار) دینار بۆ هەر مانگێك بۆ دابینكردنی موچە بە حكومەتی هەرێم بدات، تا ئەوكاتەی هەردوو حكومەت لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەگەنە رێككەوتن، ئەوكاتەی ئەم بڕیارە درا حكومەتی هەرێم هێشتا موچەی مانگی تەموزی فەرمانبەرانی دابەش نەكردبوو، بۆیە بڕیاریدا پارەكە بۆ مانگەكانی (7، 8، 9) تەرخان بكات. 
ئێستا تا مانگی (9) گرەنتی موچەی فەرمانبەرانی كردووە، بەڵام چارەنوسی سێ موچەی مانگەكانی كۆتایی ئەمساڵ (واتە مانگەكانی 10، 11، 12)ی یەكلانەكردوەتەوە‌و چارەنوسی سێ موچە بە نادیاری ماوەتەوە.  
تێكڕای ئەو پارەیە كە حكومەتی هەرێم بە قەرز لە بەغداد بۆ ماوەی ئەو سێ مانگە وەریدەگرێت بڕەكەی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینارە، ئەم پارەیە لە بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراق دەبڕدرێت، ئەگەر پشكی هەرێم لە 2023 بەشی پێدانەوەی قەرزەكەی نەكرد، ئەوا لە بەشە بودجەی هەرێم لە ساڵی 2024 دەبڕدرێت، واتا بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە حكومەتی هەرێم پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی 2024 خستوەتە رەهنەوە، ئەمە بەو ئومێدەی تا سەرەتای 2024 بتوانێت لەسەر پشكی خۆی لە یاسای بودجە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە رێككەوتن. 
هاوكات لەگەڵ دابەشكردنی موچەی ئەم مانگەی عێراقدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوەیەكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
وەزیری دارایی هەرێم سبەینێ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە، بەپێی قسەی نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی داهاتی نانەوتیی‌و دەروازە سنورەییە نافەرمییەكان‌و بڕی ئەو نەوتەی كە هەرێم لەم مانگانەی دوایدا رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە، پرسیار لە وەزیری دارایی هەرێم دەكرێت. 
سەرباری ئەمانە، لیژنەی داراپی لەبارەی بودجەی عێراق‌و تایبەتكردنی كۆدێكی فەرمانبەریی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق‌و داتای تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان‌و پلەو ناونیشانی فەرمانبەرێتی مەدەنی یان سەربازیی‌و ژمارەی خانەنشینان لە وەزیری دارایی گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێم دەكات‌و وەڵامەكانی بە راپۆرتێك بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەرزدەكاتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand